هێرش حەیدەر، سەرۆکی بۆردی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە #سلێمانی# ڕاگەیاند ئێستا بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو لە سلێمانی ڕۆژانە ژمارەی تووشبووان بەرزدەبێتەوە، بەڵام بارودۆخی زۆربەیان جێگیرە، نیشانەی پەتا ڤایرۆسییەکانی وەرزی پایز و زستان لەیەکدەچن، بۆ دەستنیشانکردنیشیان پێویستی بە ئامێری PCRە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەیسێک بە ڤایرۆسێکی دیاریکراو بوونی نییە.
سەبارەت بە کەمیی ئەنجامدانی پشکنین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، هێرش حەیدەر گوتی بەشێکی زۆری تووشبووان نیشانەکانیان هەیە، بەڵام دەتوانین بێ پشکنین دەستنیشانی بکەین بەشی زۆریشیان بە ئامێری تیشک دەستنیشاندەکرێن، مەرجیش نییە تەنها ئامێری PCR تاقە ئامێری پشکنینی کۆرۆنا بێت، چونکە چەند ڕێگەیەکی دیکەش هەن جگە لە ئامێری تیشک کە پێدەچێت بۆ زۆربەی نەخۆشە قورسەکان پشتی پێ ببەستین.
سەرۆکی بۆردی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی پێشبینی دەکات لە وەرزی پایز ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەرزببێتەوە و دەڵێت لە هەردوو وەرزی پایز و زستان چەند ڤایرۆسێکی دیکە بڵاودەبنەوە، بۆ پیر و پەککەوتە و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە زۆر مەترسیدارە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێستا زۆربەی تووشبووان نیشانەکانیان سوکن و تەنیا 20 25% بە قورسی تووشدەبن.
بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 39 هەزار و 341 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و هەزار و 446 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 24 هەزار و 792 چاکبوونەتەوە.