سەرۆکایەتیی شارەوانیی
هەولێرهەولێر دەستیکردووە بە پرۆژەی لێدانی 40 بیر لەنێو زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە پێنج کیلۆمەتری هەولێر، بڕیاربوو پرۆژەکە کۆتایی مانگی ئاب تەواوبکرێت، بەڵام هێشتا کاری تێدادەکرێت.
بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕۆژی یەکشەممە سەردانی زبڵخانەکەی کردووە و جەختی لەسەر خێرایی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی گرفتی خۆڵ و خاشاک لە ڕێی ئه و سیستمەوە کردووەتەوە.
دووەم جارە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لەنێو زبڵخانەی کانی قرژاڵە بیر لێبدات، لە ساڵی 2018دا 30 بیری لێداوە و ئێستاش بەنیازی لێدانی 40 بیری دیکەیە، بە لێدانی ئەو ژمارە بیرانە جگە لە دەرکردنی غازی میسان، چەند جۆرێک غازی دیکەش بە هەوادا بڵاودەبنەوە و دەبێتە هۆکاری دروستبوونی نەخۆشیی مەترسیدار.
17 ساڵە دانیشتووانی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە لە هەولێر بەدەست ئەو زبڵخانەیەوە هەراسان بوون، بەڵام ئەوان لێدانی بیر بۆ کەمکردنەوەی دووکەڵ و بۆنی ناخۆش بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە نازانن.
هەندرێن شێخ ڕاغب، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بەگشتیی ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان 7000 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەندێکی ڕیساکلین نییە پڕۆفێشناڵ بێت.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕوونیدەکاتەوە، کە هەندێک لەو ماددانەی لەنێو زبڵخانەکاندان ژەهراوین، بۆ نموونە لە جیهاندا 7 جۆر پلاستیک هەن، کە دوو جۆریان ژەهراوین.
لە بەشێکی وڵاتان ماددە پلاستیکییە ژەهراوییەکان قەدەخەکراون، بەڵام لە هەرێمی کوردستان قەدەخە نین و بە ئاشکرا هاوردەدەکرێن و هیچ پۆلێنێک بۆ ماددە پلاستیکییەکان نەکراوە. ماددە پلاستیکییەکانیش کە بەکاردەهێندرێن، دواتر یان دەسووتێندرێن یان فڕێدەدرێن. گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت لە هەردوو بارەکەدا زیانی بۆ ژینگە هەیە کە لە بنچینەدا دەبێت ئەو جۆرە ماددانە ڕیساکل بکرێن، نەک فڕێبدرێن کە شیبوونەوەیان لە زەویدا 300 ساڵی پێویستە.
لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا خۆڵ و خاشاکی هەولێر لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە کۆدەکرێتەوە و ژێرخاک دەخرێت، زبڵخانەکە 300 دۆنمی پڕبووەتەوە لە خۆڵ و خاشاک.
[1]