بەرهەمێکی بەشی بەڵگەفیلمی #تۆڕی میدیایی ڕووداو# لەبارەی پیسیی ئاوی #تانجەرۆ# لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا بەشدارە و گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی فیستیڤاڵەکە.
وی ئاڕ وەتەر فاوندەیشن کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پرسەکانی ئاوە و لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، ساڵانە فیستیڤاڵی تایبەت لەبارەی پیسبوون و کێشەکانی ئاو ڕێکدەخات. ئەو فیلمانەی بەشدارن بە سێ قۆناخدا تێ دەپەڕن، لە قۆناخی کۆتاییدا لە پێگەی تایبەت بە فیستیڤاڵ نمایش دەکرێن و بە دەنگی بینەران باشترینیان خەڵات دەکرێت.
مایکرۆ دۆکیۆمێنتەریی (تانجەرۆ دەمرێت) کە بەرهەمێکی تۆڕی میدیایی ڕووداوە و لەلایەن #هەردی قادر#ەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، بەشداری ڤیسیڤاڵەکەیە، یەکێکە لەو 25 مایکرۆ دۆکیۆمێنتەرییەی لە کۆی سەدان بەرهەمی دیکەی هاوشێوەی خۆی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
تانجەرۆ دەمرێت، باسی پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ و پیسبوونی ژینگەی تانجەرۆ دەکات بەهۆی ئەو خۆڵ و خاشاکەی ڕۆژانە لە #سلێمانی# کۆدەکرێتەوە و لەوێ فڕێدەدرێت کە بەهۆی پیسبوونی ژینگە و ئاوی ناوچەکە خەڵکێکی زۆر ناوچەکەیان جێهێشتووە و ئەوانەشی لەوێ ماونەتەوە تووشی چەندین نەخۆشی بوون.[1]