نوسینی: #هەرمن ئەحمەد#
=KTML_Bold=وشە وەک گوڵ بێت یان گوللە؟=KTML_End=
کورد کە باس لە جیاوازیی نێوان مرۆگەل دەکات، دەڵێ: ”پەنجەکانی دەست وەک یەک نین“، لە ڕووی سایکۆلۆژییشەوە هەر وایە، هەندێک مرۆڤ وەها خوڵقاون کە دیوە ئەهریمەنییەکەیان زاڵە بەسەر دیوە فریشتە مرۆڤدۆستیەکەیاندا، ئەوانە لە سۆز و میهرەبانی شۆراونەتەوە و زۆربەی کات دیوە شەڕانیەکەیان دیارە، ئەوان نەک لە ناخەوە، بەڵکوو لە ڕووکەشیش بوغز و ڕق و کینە لە زمان و نووسینی زبریانەوە دەردەکەوێت، ئەمانە وشەکانیان وەکوو گوللە بەرامبەرەکانیان بریندار دەکەن، کێشەکەش لەوەدایە کە مەخابن ئەو گوللانە بە ئاراستەی دوژمنان و داگیرکەران و نەیارانی گەل و وڵاتی خۆیان نییە، بەڵکوو بە ئاراستەی ئەندامانی کۆمەڵگەی خۆیانە بەتایبەتی مرۆڤە مەزنەکانی کۆمەڵگە.
=KTML_Bold=لەقاڵبدانی بیرکردنەوە:=KTML_End=
زۆر جار گوتوومە، هیچ مەرج نییە ئەوانەی جوان دەنووسن جوانیش بیر بکەنەوە، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا ململانێکان هاتوونەتە سۆشیال میدیاوە، بۆیە ڕەوشەکە وەها شێواوە هەر لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ دەچێت.
دۆخەکە وای لێ هاتووە ئەوانەی کۆمێنت و بابەت دەنووسن، یان موخاتەبەی خەڵک یان هاوڕێکانیان دەکەن لە سۆشیال میدیا، لەسەر بنەمایەکە کە دەبێ تۆ هەر وەک ئەو بیر بکەیتەوە، دەنا دەتداتە بەر نەشتەری جنێو و سووکایەتی. بێ گومان ئەم جنێوانە و ئەم هێرش و سووکایەتییەش، پێش ئەوەی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە، کەسی جنێودەر دەگرێتەوە، چونکە ئەوە خۆیەتی عەقڵ و مێشکی تەسکە و بیرکردنەوەی خۆی لەقاڵب داوە، ئاخر ئەگەر خۆی کەسێکی بیرفراوان بوایە، ئەڵبەت بەرگەی بیرکردنەوەی جیاوازی بەرامبەرەکەی دەگرت.
=KTML_Bold=بۆ هێندە بێ مۆراڵانە سەیری لەدەستدانی ڕۆحێک بکرێت؟!=KTML_End=
چەند ساڵێکە هەواڵی خۆش لە دنیای ئێمە زویرە، ئەم دۆخە سیاسی و ئابوورییە لە لایەک و پەتای کۆرۆناش لەلایەکی تر کە بەهۆیەوە زۆر لە ئازیزانمان لەدەست دان، هێندەی تر هەواڵە ناخۆشەکانی زیاد کردووە.
#مەهاباد# قەرەداخی یەکێکە لەو خانمە نووسەر و چالاکوانە ڕۆشنفکر و پڕ بەرهەمانەی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە خزمەت بە ئەدەب و کولتوور و پرسی جێندەری و مرۆڤسالاری، ئەو لە ڕابردووشدا بەرگریکارێکی سەرسەختی کوردایەتی بووە، لە تەمەنی زۆر گەنجییدا لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و گرتن و سووکایەتیی زۆر بووەتەوە لەلایەن بەعسەوە، بەڵام خۆڕاگرانە بەرگەی هەموو ئەوانەی گرت، نەک هەر ئەوە بەڵکوو کەوتە خزمەتی کولتوور و زمان و ئەدەبی کوردی و تا دواهەناسە بەرگریی لە مافی ژن و مرۆڤی کورد کرد.
هەموومان ئاشنای ناوی #مەهاباد قەرەداخی# بووین، بەتایبەت لە ڕێگەی نووسینەکانیەوە، ئەو خانمێکی هاوزمان و هاونیشتمان و هاونەتەوەی ئێمەیە، چی دەبێ ئەگەر وەک نووسەرێک وەک خانمە ڕۆشنبیرێک لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی گەل و وڵاتەکەی بێت؟ خۆ #کفری# نەکردووە، ئەگەر هاوڕا یان دژی سیاسەتەکانی ئەم حزب یان ئەو حزب بێت، زۆر زۆر ئاساییە ئەگەر لە پرسێک لە پرسەکانی ژیاندا، ڕای سەربەخۆ و جیاواز لە ئێمەی هەبووبێت؟ ئیتر بۆچی وەها دڕندانە و وەحشیگەرانە لە سۆشیال میدیاوە دوای مەرگی خۆی، پەلاماری دەدەن؟ جگە لە کورد، ئەمە لەنێو چ میللەتێکدا هەیە، خانمە نووسەرێکی نیشتمانپەروەر پاش نووسینی زیاتر لە 30 کتێب و هەمیشە لە سەنگەری مرۆڤدۆست و گەلەکەی خۆیدا بووبێت، کەچی دوای ئەو هەموو خزمەتە و دوای کۆچی دوایی، ئەو هەموو جنێوەی پێ بدرێت؟
زۆرینەمان چەند بە هەواڵی مەرگی ئەو خانمە نووسەرە تاساین، دوو هێندەش بە کاردانەوەی سۆشیال میدیا شۆک بووین، لەناو کوردەواریدا وا باوە کە دەڵێن: ”لەدوای مردن ڕەحمەت باشە“، یان کە کەسێک گیان لەدەست دەدات زۆرتر باسی چاکەکانی دەکرێت، نەک سووکایەتی و جنێوپێدانی، بەڵام دیارە ئەم نەریتە جوانەی کوردەوارییش، خەریکە لەبەین دەچێت.
مەهاباد قەرەداخی یان هەر کەسێکی تر کە لەگەڵ تۆ بیروڕای جیاوازە، مانای ئەوە نییە کە مرد بەو جۆرە هێرش بکەیتە سەری و درێغی نەکەی لە جنێودان پێی، من لەو مۆدێلە نوێیەی جنێودان تێ ناگەم، سەرم لێی دەرناچێت، نازانم ئەو کولتوورە دەمپیسی و جنێوفرۆشییە لە کوێی کولتووری کوردەواریدا بوونی هەبووە، لە کوێی کتێبە پیرۆزەکاندا شتی وەها هەیە بەم جۆرە ڕێز لە مردوو بگریت!
لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە، لەناو دونیای سۆشیال میدیای کوردیدا، ناڵێم هەموویان، بەڵام بەشێک لەو کەسانەی کە لە ئەورووپا و وڵاتانی تر لێی پاڵ کەوتوون و کاریان بووەتە کردنەوەی لایڤ و پۆستکردن، زۆربەی پۆست و لایڤەکانیشیان پڕن لە توندڕەوی و هەرچی بە زمانیاندا بێت دەیڵێن، بەڵام کاتێک ڕەخنەیەکیان لێ دەگیرێت قبووڵی ناکەن و جنێوت پێدەدەن.
کارەساتی مەزن ئەوەیە، ڕۆشنفکر و نووسەرە مەزنەکانی ئێمە، لە ژیاندا نامێنن و جنێوفرۆشان جێیان دەگرنەوە، کە تاکە پسپۆڕییان تەنیا سووکایەتی بە خەڵکی نەتەوەکەی خۆیان و جنێودانە.
ئەوەی بەرانبەر بە ڕەوانشاد مەهاباد قەرەداخی کرا، گەیاندمیە ئەو دەرئەنجامەی کە کاتی هەڵمەتێکی نیشتمانی دژی جنێو و سووکایەتی هاتووە و جامی هەموان پڕ بووە، جنێوفرۆشی بووەتە ناشرینترین دیاردەی ئەم سەردەمەی کوردەواری، بۆیە پێویستە بەرەنگاری گەندەڵیی فکرییش ببینەوە هاوشانی گەندەڵیی دارایی.
ئاخر گەندەڵیی فکری لە گەندەڵیی دارایی مەترسیدارترە و بووەتە مۆتەکە و هەر ڕۆژە یەخەی بەشێک لە کۆمەڵگەکەمان دەگرێت، کاتی هەڵمەتێکی هۆشارییە تا بەهای مرۆڤایەتی و ڕەوشتبەرزی زیندوو بکەینەوە و نەوەی داهاتووی لەسەر بنیات بنێین، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە وەک زۆر لە شارەزایانی سۆسۆلژی و سایکۆلۆژی کۆکن لەسەری، کۆمەڵگە بەرەو داڕمان و ڕووتانەوە دەبات، کۆمەڵگەکەمان خلیسکاوە و لە لێواری کەوتن و داماڵیندایە لە هەرچی بەهای مرۆڤایەتی هەیە.[1]