لەکاتێکدا کەهەرێمەکەمان بە بارودۆخێکی هەستیاردا گوزەردەکات و هاوڵاتیان نائارام و گرفتاری چەندین قەیرانن و لەبەردەم چەندین هەڕەشەو مەترسی دەرکی وناخۆیی دان. ڕاگەیاندنیش بەهۆی تێکەڵ بوونی لەگەڵ ململانێکان ڕۆژانە دەبنە بەشێک لە قوربانیەکانی ئەم بارودۆخە دژوارە. بەداخەوە ئەمڕۆ بەرواری 20-8-2020 لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەچنە سەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەشاری #هەولێر# و کارمەندەکانی دەکەنە دەرەوەو نوسینگەکە دادەخرێت. بەهەمان شێوە هەر ئەمڕۆ نوسینگەی هەمان کەناڵ لە شاری #دهۆک#یش دادەخرێت. ئێمە لەگەڵ ئەوەی هەمیشە هۆشداری دەدەینە ڕۆژنامەنوسان ودەزگاکانی ڕاگەیاندن کە پابەندی پرینسیپە پیشەیی وئیتیکیەکان بن و ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزن، لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە ڕەفتارانە بەرامبەر هەردەزگاو ڕۆژنامەنوسێک بکرێت وەک لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەنوسی ومافی ڕۆژنامەوسان سەرکۆنەی دەکەین و بە پێشێلکردنی یاسای ژمارە 35 ڕۆژنامەگەری ساڵی 2007 هەرێمی کوردستانی دادەنێین. داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەر لەم جۆرە کارانە بگرێت و بۆ پاراستنی سیمای ئازادی و دیموکراسی هەرێمەکە و کار بەیاسای ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان بکەن لەمامەڵەکردنی هێزە ئەمنیەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و دام ودەزگا کانی ڕاگەیاندن. داواکارین هەرچی زوترە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ هەردوو نوسینگەی داخراو بکەن و مافی کارکردنیان بۆ بگەڕێنەوە.
لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەنوسی ومافی ڕۆژنامەنوسان
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان
20/08/2020