هەولێر، 1976/11/8
الشرکة العامة للغزل والنسيج الصوفي في أربيل
(مەعمەل نەسیجی هەولێری)...
سەرەتا:-
بەتەنیا لە شاری هەولێرێ، پێش چل و پێنج ساڵ، ئەوەندە مەعمەل و مەحەل و بەرهەمە ناوەخۆیەی تێدابوو!
مەعمەل ئەلبانی شیر و ماست و زبدە هەبوو بە شیری فرێشی مانگای فریزۆی هۆڵەندی.
مەعمەل ڕوخام هەبوو.
مەعمەلی کاشی هەبوو، لقی سەرەکی هەموو عێراق لەهەولێرێ بوو خۆی لەشانی کاشی ئیتاڵی و تایلی ئیسپانی دەدا.
مەعمەل مافوری هەبوو لەخوارەوە بەدرێژ تر باسم کردیە.
مەعمەلی ئاردی هەبوو.
مەعمەل و سەمونخانەی ئیعاشەی هەبوو، لەدەمی ئینگلیزی ڕا هەموو سبەینەک سەمونی گەرمی ئاردی سفری پێنج فلوس باوی لەکشکی مەرکەزی ناوبازاڕی بەعەلاگە دەدا خەڵکی، تێکیان داو کردیانە دائیرەی شارەوانی!
مەعمەلی زنجیرەیەک دەواجنی لەپشت شاوێسی هەبوو، مریشک و هێلکەی لۆ هەموو عێراق دەنارد.
مەعمەل پاکێتی سۆمەر و بەغدای توتنی پشدەر و چۆمساکی باڵەییان و ئینحساری توتنی کۆیێی هەبوو، پاکەتی جغارەی نەک لۆ ناو شارەکانی دی عێراق بەڵکو دەنێردرانە دەرەوەی عێراقیش. ئەندازیار و کرێکارەکانی گەڕەکەکی تایبەتی خۆیان هەبوو ناوی خانیەکانی مەعمەل پاکێتی بوو، گرنگیەکەی لەوەدا بوو ئەو دەم ژن و پیاو پێکەوە ئیشیان دەکرد و پاسی تایبەتی گواستنەوەیان و جلی تایبەت و خواردنی تایبەت و
بنکەی تەندروستی و ئیجازەی تایبەتیان هەبوو. لۆئەوەی بەردەوام تۆز و بۆنی تیژی چاک کردنی توتن کارلە تەندروستیان نەکات!
(تەماتەی کۆڕێ پیرێژن وەرنە گۆڕێ)
ئەوە دەستەواژەی عارەبانچیەکانی شێخەڵا بوون بۆ ڕەواجی تەماتە، بە شێوەیەک نەریت بوو هیچ ماڵێک نەبوو لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە چەند سینیەک ئاوی تەماتەی مزری پڕ ئاوی کوردی لەسەر بان نەبووبێ.
لە حەفتاکان پێش کردنەوەی مەعمەل ئاوی تەماتەی هەریرێ، بەروبومی چێنراوی تەماتەی گوندی کۆڕێ بە شێوەیەک زۆر و سەرنج ڕاکێش بوو کە(معمل التعبئة کربلاء)لۆ بەقووتو خستنی ئاوی تەماتە(دۆشاوی تەماتە) گرێبەستی لە گەڵ ئیدارەی خۆجێیەتی هەولێر گرتبوو بۆ بەردەوام ناردنی تەماتەی هەولێر - کۆڕێ.
لە هەشتاکان هەموو ئەوانەی لۆری سەلاحەدین و هینۆیان هەبوو لە وەرزی بەرهەم هێنانی تەماتە ڕیزیان ئەبەستا، زۆر جاران دەیانگێڕانەوە کە کارگەکە تەحەمولی ئەو هەموو سندوقە تەماتە ناکا و لە بەرامبەر کەمێک قەرەبوو لە زێ یان دەکرد.
ماستی مەڕی سەر بەسەرتووی دەشتی هەولێرێ بەدەستی کابانی کرمانجەتی هەولێرێ(لبن اربيل) جگە لەوەی خواردنی تاک و دەگمەنی و بێ هاوتای هەموو خەڵک بوو چ لە پێخۆری بەیانیان و ماستاوی ناو پەقرەجە چینکۆ سپیە سەر بەشەحادە گەڕۆکەکانی هەولێرێ و هەر هەموو ماڵەکی و هەڵگرتنی لەناو موجەمیدە و دیسان بەکارهینانی لە چلەی زستانێ. هەر لەدووکانی خارە حەمەڕەشیدی کن بانقی هەتا بەنزینخانەی سەر ڕێی کەرکووکێ و دووکانی هەموو گەڕەکەکان بەس مەنجەڵە ماستی گەورەی سەر بەقەسەری هەولێرێ بوو.
ژنە ڕەوەندە پەرچەم کورتە لەهیندیە سوورە چووەکانی هەرکی و خەیلانی هەموو کوێستانەکانی هەولێرێ هەتا حاجی ئۆمەران پەنیر و ژاژیان دەهینا دووکانی بەقالە هەولێری و تورکمانەکانی کۆڵانی پەنیر فرۆشەکانی قەیسەری هەولێرێ.
مەولود و جەمالی پەنیرفرۆشی هەولێری ناسرا و بە(جەمال ابو جبن)بە کورتەک و شەلواری مورادخانی کوردی لە چلەکان پەنیریان لە پێستە دەکرد و بە خوێی درشتی کوێستانێ سوێریان دەکرد و دەیانخستە ناو سندوقی چا و بە پەست و لۆری دەیانگەیاندە بەغدا.
گەیشتبووە ئەو ڕادەی سەرۆکەکی ئەفریقی کەدەهاتە عێراق داوای پەنیری کوردی دەکرد. ئەو پەنیرەی حەسەن زیرەکی مەزن بەستەی بەسەرادا گۆتبوو(سینگت پەنیری کوردی زولفت گیا بەندوخاوە)
دەیان مەحەلی ناو کۆڵان و ماڵانی چلورە و کرێمستی و کێک و گەزۆ کەوزینە و تورشی هەبوو.
مەحەلی نەینۆک (ئاوێنە)دروستکردنی هەبوو لەگەڕەکی بیرێژیان نێزیک دەستاڕەکەی بە جیوەی گەرمی شل جامەکانیان سواغ دەدا.
دەیان مەعمەل بلۆک و شتایگەر و کەسارەی خۆماڵی بەردی چیای سپیلکی لێ بوو.
مەعمەلی دروست کردنی بۆدی گەڵابەی هەبوو، لەدوای نەجەف هی کامل حەدادی شەهیدانی سێتاقان لەهەموویان بەهەڕمێن تر بوو لەعێراق.
دەیان مەعمەلی تۆڕنەی هەبوو.
مەعمەل(مافور و نەسیجی)هەولێر
لە کاتی دەسەڵاتی حیزبی بە عس لە شوێن وەزارەتی کارەبای هەرێم لە گەڕەکی شەهیدانی سێتاقانی هەولێر، مەعمەل مافوری هەولێر، بە دەست و پەنجە نەرم و باریکەکانی کچۆڵە شەرمنەکانی شار کەوتبوە کار، کە بەیانیان بە جلی ئاڵاو واڵای کوردی و فستانی دایلۆن و نەعلە لاستیکە ڕەنگاو ڕەنگەکان سویسکە ئاسا هەریەکەی لە دوودەریەکی گەڕەکە هەژار نشینەکانی بەستەپیازە و سەیداوە و سێتاقان لە گەڵ گزنگی خۆرەتاو کەوتنا دەهاتنە دەرێ، بێ شەهادەو بێ واسیتە و بێ حیزبی بوون و بێ بەعسی بوون بەتەنیا بەدەورە کردنەوە و فێربوون وەردەگیران.
دوو دوو سێ سێ هەریەکەی لە سەر تەختێکا لە بەردەم ڕیشوە داو ڕەنگاو ڕەنگەکان وەک هونەرمەندێکی خۆڕسکی وێنەکێش دەستیان دەکرد بە تەون کردن و نمایش کردنی دیمەنە سادە و سروشتیەکانی شار.
دواتر لە ماڵە خوا پێداوەکان دەبووە تابلۆ و گەلێک جارانیش لە دانسقەی و دەگمەنیان شاره و شاری وڵاتانیان پێ دەکرا.
ئه و دەمە بوو کچە نەخوێندەوارەکانی شار فێرە ژیانی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتی دەبوون، دەبوونە خاوەن ئابووری تایبەتی خۆیان، لەماڵەوش تەون و تەدارەکیان لە قوژبنێکی ژوورە تاریکە کان ساز دەکرد، لە کارکردن زیاتر دەرفەتی تریان بۆ نەدەماوە تا بیر لە خۆکوشتن و سووتان بکەنەوە!
لە تەک هەموو ئەوانە ڕژێمی بەعس بە زۆری زۆردارەکی فێرە خوێندەواریشی دەکردن.
کارگەی ڕستن و چنینی هەولێر (مەعمەل نەسیج)
کە لە ڕۆژی 1976/11/8 لە ژێر ناوی (الشرکة العامة للغزل والنسيج الصوفی في اربيل)بە گوژمەی دە ملیۆن دیناری عیراقی لە لایەن وەزارەتی صناعە و معادنی بەعسی بڕیاری لێدرا، بۆ بەرهەم هێنانی قوماشی سەد لە سەدی سوف و پولیستەر و ڕیشالی و لە بەکارهێنانی باشترین جۆری قوماش کە بەربەرەکانی تریکۆی ئێرانی و قوماشی ڕۆمانی و ڤاشیۆنی ئینگلیزی دەکرد، سەرباری بەکارهێنانی سەدان دەستی کارکەری شار و بینینی دەیان خولی فێربوون لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق.
جگە لەوە گەڕەکێکی بەدیزاینیان لۆ ئەندازیار و کرێکارەکان لەسەر ڕێی مەخموری هەرلەبەرامبەر مەعمەلەکەی دروست کرد هەتا هەوکەش مایە بەناوی خانیەکانی نەسیجی!
کەچی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی مەکینەکانی لەکار خست و هەرسێ شەفتی ئەندازیار و کرێکارە فۆڕمەنەکانیان بێ ئیش کردو مەکینە گەورە زەبەلاحەکانی خستە پشتەوەی مەعمەلەکە ئەوەی لە ئاودیو کردن قورتار بوو، ئەوی دیشیان کردە مەعمەل بیپسی و فانتا!
سەرنج
وەسیقەی بڕیاردانی دامەزراندنی ئەو کارگە گرنگەی ڕستن و چنینی هەولێرێی حکومەتی عێراقی لەکۆمێنتی یەکەم دادەنێم.
وێنەکان، یەکیان گوندی کۆڕێی نێزیک مەسیفیە و ئەوەیدیشیان هی یەک دوو کچۆڵەی کرێکاری مەعمەل مافوری هەولێرێیە.
یوسف عوسمان عەزیز[1]