هورتکە نان
دەبی ووردکە نان و پەلکە نان بی (نانە ڕەقە) و شتی وا نەبووە.
نانی تیری سبەینان لەهەموو ماڵەکی گوندی و شاریش دەکرا، زیاتر لە ناندینێ بوو کەرەستەکانی تەشتی فافۆن و (سێر)سێڵ و کەندووی ئاردی هەندەک جار لەتەنەکەی دروست دەکرا و فەرشە و سێ کووچوکەبەردی بن سێرێ تریان یان سەبەتە زیاتر لە داروچکەی کفری دروشت دەکرا و و تیرۆگ و ناوبرێشک و کەور و هەویر ترش و خێی درشت بوو شقارتە و بەرامپیل و کابانیش بوو.
ئاگریشی بەکای یان بە قشپل و سەرگینی بوو، ئەگەر کوو نەفتیان پێداکردبوا و کڵپەی بکردبا دەنا هەر بەفووی دەگەشایەوە و دووکەڵ ژۆرێی قان دەدا. فرمێسک و چڵمی کابانێ تێکەل دەبوون.
لە بەیانیەکی زوو هەویرەکە دەشێلدرا و هەویر ترشی تێدەکرا لۆ ئەوەی هەویرەکە زوو هەڵبێ.
نانی تیری هەبوو، هی هەورەمانی تەنکی یەک لەسەریەک و لەگەڵ خۆرەتاو کەوتنیش نانکەرەکە دەیزانی کەنگینێیە لەخەوێ هەڵدەستن و چا حازر دەکرا و خۆی دادەتەکاند.
زووتر دوو سێ ئەستووک(ئەستوورک)یشی دەخستە سەر سێرێ. جار و باریش ئەستووکە بە ڕوون و شەکریش سیرەکەی چەور و بەشەکری تاواوە دەکرد ئەودەمەی ئەستووکەکە دەق دەکرا گڤە گڤی شەکر و هەویرە گەرمەکەی بە سێرێ دا دەهاتە خوارێ.
دوایێ نانەکان لەسەریەک دەخرانە سەر تریانەکەی و لەبەر مشک و گێرکەو مێروستانی دەخرانە سەر تەنەکەکی و سەرویلکی بەسەر دادەدرا کەلە پارچە قوماشی ماڵێ یان تیلمەپەڕۆی خەیاتی بە چارگۆشەیی دەدرواو نانی ڕشاشی تێدەکرا هەتا نەرم دەبۆوە لۆ بەرچایی.
لەدوای تەواو بوونی نان خواردنی هورتکە نان لەپەلکە نانی گچکەتر بوو لەلەگەنەکی دەکرا و ئاوی تێدەکرا و ئەوەش پێخۆری مریشک و قازو مراوی بوو.
هەرمیکیش پەلکە نانی تەنکی چەور بوو لەڕوونی دەکوشرا بە وێنەی کاهی بەس شیرین نەبوو، زستانان پەلکە نانیشیان لەدۆشاوی گەرم دەکوشی وەک سەرچاوەی ووزە و تاوزە.
گەلەک جاران پەلکە نانی ڕەق خڕ دەکرایەوە و بەتەنەکەی دەفرۆشرا (مارە بە پەلکە نانی)
دواتر لە نیوەی حەفتایەکان کە بەس(پەلەمێز)پرێمزی گچکەی شیو لێنانێ هەبوو لەگەڵ تەباخی یەک چاوە و دواتریش دوو چاوەی کەشووشەی نەفتەکەی بەتەنیشتەوە بوو. پرێمزی نانی گەورە لەناو پرێمزچیەکانی قەیسەری دەفرۆشران پەیدابو و دەرزی پرێمزیش هەبوو کەپارچە تێلەکی هی دوو سانتیمی هێلەگ (هێرەگ)ی بوو بە پارچە تەنەکەیەک وەبوو لۆ ئەو دەمەی کوونی مەمەی پرێمزەکە دەگیرا دوو سێ جا لەکوونی مەمەکەیان وەردەدا و دەبۆوە و جاری وا هەبوو کڵپەی دەکرد دووکەڵێکی هەڵمی سپی لێ دەردەهات. لەوێش هەندێ جار نانەکان بۆن نەفت دەبوون کەدەستیان بەنەفت دەبوو. بەگشتی دەنگی گڕە گڕەکەی گەورە بوو ماڵێی کاس دەکرد. دوایێ هی غازیش پەیدا بوو ئەویان بێ دەنگ بوو.
کە فڕنی زۆر بوو ئاردیش هەبوو، ووردە ووردە ژنەکانیش تەمبەڵ بوون. لە هەولێرێ سەموونی ئیعاشەی فرنی ئیعاشەی هەبوو لەتەنیشت مەحەتەی قیتاری لەدەمی ئینگلیزی دروست کرابوو. کشکی شوێنی فرۆشتنی سەموونەکان هەبوو لەبەرامبەر نادی مۆزەفین بەگەرمی و هەرزانیش بوو سەموونی بە پێنج فلووسی بوو بەنۆکاوی سەرعارەبانەش دەخورا.
فڕنی نانی گچکە و دەبڵیش هەبوو بەکونجی و کولیچەش هەبوو. سەمونی حەجەری ئەو دەم هەندە بەلەزەت بوو بە نانی دەخورا! دوای ئەوەی سەموونەکە دەخرا سەر تەختەی پێش ئەوەی بخرێتە فڕنی بە شفرەیەک لەو سەر سەری سەموونەکان دوو خەتی پێدا دەهینرا، هەوکە نەمایە!؟ دوایێ بە فڵچەی بەئاوو چەوریش دەکرا.
لە هەشتایەکان فرنی سەموونی ئۆتۆماتیکیش پەیدا بوو کارەبایی بوو ئێوارانی ڕەمەزانان کولیچەی بە خورماش هەبوو لە تەندوری ماران دروست دەکرا بە دەفلوسی بوو هەشبوو بە خورما بوو.
ماڵە عارەبەکانی سەر بەستێ لە حەسارەکانی فیلکەی بەتەمای خوای هەوکە و گامێشەوانەکانی سەیداوە و سایلۆش ئەستوکە بە تەندوری عارەبان هەبوو لۆ خۆیان.
یوسف عوسمان عەزیز[1]