ناونیشانی هۆنراوە: بۆسەی ڕۆژگار
نووسەر: هێمن موکریانی
نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێکەسی دا خەم نەبێ
چاکە ئه و لێرەش وەفای هەر ماوە، سایەی کەم نەبێ
لاپەڕەی ژینم هەموو هەڵدەیتەوە تێیدا نییە
باسی فرمێسک و هەناسە وشیوەن و ماتەم نەبێ
ڕۆژگاری سپڵە بۆ من بۆسەیەکی نایەوە
نەمدی هەر تیرێکی دەیهاوێ، بەره و سینەم نەبێ
ڕەنجی دووری دلبەرم بۆ کوشتنی من کافی یە
گەر لە دنیادا ئەمن هیچ مەینەتێکی دیکەم نەبێ
کوا دەزانێ چەند پەرێشان و پەشێوە حاڵی من ؟
ئه و کەسەی گیرۆدەیی ئەگریجە و پەرچەم نەبێ
ڕەمزی دڵداری لە زینێ فێر نەبوو یارم دەنا
کوا ئەوینداری وەفاداری وەکو من، مەم نەبێ ؟
کیژی شاریمان لەخۆی وەرگرتووە چارشێوی ڕەش
داخەکەم نەمدی لەوێ مانگێکی دەورەی تەم نەبێ
شادی جارێکی بە میوانی نەهاتۆتە دڵم
ڕەنگە خەڵوەتخانەیی خەم شوێنی نامەحرەم نەبێ
خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم
کێ لە ڕێی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ، شەم نەبێ