خەسارناسی شانۆی کوردی
کاتێ باسی خەسارناسی ئەکەین واته بەرەوڕوی شوناسێکین. شوناس مانای بوونی شتێکه. هەر شتێ بوونی هەبێ شوناسیشی هەیە. واته شانۆی کوردیش بوونی هەیە بۆیه باسی خەسارەکانی ئەکەین. بەڵام گرفتی سەرەکی ئەمەیە داخۆ شانۆی کوردی بوونی هەیە تا خەسارەکانی پێناسه بکەین؟
لێره و لای ئێمەی کوردی دانیشتوی ئێران شانۆیێکی تایبەتمان هەیه به ناوی شانۆی کوردی. ئەمە یانی بوون. بوون وەک ناونیشان. ناونیشانێک به هۆی فستیواڵی شانۆی کوردی که له سالی 78ی هەتاویەوه دەستی پێکرد و تا چەن ڕوژیتر بریاره هەشتەم جاری ئەم فستیواڵه له سەقز بکرێتەوە. واته لای ئێمه شوناسی شانۆی کوردی بەستراوی ئەم فستیواڵەیە که بیرمان دەخاتەوه شانۆی کوردیشمان هەیه.
شانۆی کوردی چييە؟ داخۆ شانۆ هەڵگری مانای زمانی و نەتەوەيی و... هەيە؟ داخۆ پێويسته لە سەردەمی شارۆچکەی جيهانی هەوڵی پچوک بخرێته گەڕ بۆ مانا کردن و ژيانەوەی مانا پچوکەکان؟ کاتێ مانا گەورەکان يەک له دوای يەک هەرەسيان هێناوه کام ئاسۆی گەش له خوڵقاندنی ناسنامەيێکی نوێ له کۆمەڵگايێکی بێ دەسکرد بەدی دەکرێت؟ گەر بڕوا به نەمانی شانۆی تايبەت به نەتەوە دەکرێت بۆچی هەوڵی شانۆی کوردی دەدەين؟ داخۆ ئەمە لادان له نۆڕمی ئەمڕۆ و دوا کەوتن لە شانۆی سەردەم نيە؟
شانۆ وەک هونەرێکی جیهانی لای ئێمه بووه و هەیه و ئێستاش ئەمانهەوێ لقێ لەم داره جیا کەینەوه و مۆرکی تایبەتی لێدەین و شوناسێکی نوێی پێ ببەخشین. ئەم شوناسه چیه و چۆنه؟ داخۆ بەم شوناسه ئەتوانین مەلی ئاواته بەدی نەهاتوەکانمان بفڕێنین بۆ ئه و شوێنانەی هەست ئەکەین ئەبێ باڵی تێدا بگرینەوە؟
واته شانۆی کوردی شانۆیێکی جیاوازه لە شانۆی جیهانی؟ گەر وابێت ئه و جیاوازیه کامەیە، چیه و چۆنه؟
باسی جیاوازی که دەکرێت مانای ئەوەیە هەمو ئەزمونەکانی شانۆی جیهانیمان پێکاوە یان تاقیمان کردوەتەوه و هێشتا پرسیارەکانمان بێ وڵام ماونەتەوه. گەر وابێت یانی ئەبێ له ئاستی شانۆی جیهانیدا پێگەیێکمان هەبێت و شتگەلێکمان بەم جیهانه شانۆییه دابێت. ئێمه چیمان به شانۆ داوه؟ شانۆی کوردی لە سەر کام ڕست ڕواوه؟ بناغەی بە چی داڕژاوه؟ داخۆ دانوستانێک بووه له نێوان شانۆکاری کورد و شانۆی جیهانی؟ ئەگەر هەن کامانەن؟
ئەمجۆره ڕوانینه لە خۆمان و شانۆ و شانۆی کوردی فریودانه و بەس. فریو خواردیش هەر خۆمانین. وامان لێ ئەکات خۆ به شتێک بزانین که نین. ئەمە مانای ئەوە نیه ئێمه هیچ نین یان خۆ به کەم بزانین. وەک مرۆڤ جیاوازیمان نیه بەڵام وەک شانۆکار ڕەنگه زۆر جیاواز بین. له خۆمان ورد بینەوه و بزانین چۆنین. داخۆ شانۆمان نەکردوەته چێشتی مجێور و به کەیفی خۆ لێمان نەخواردووه؟ هەر نۆشیمانه و هیچمان پێنەداوه. ئەوەی کردومانه و دەیکەین لاسایی کردنەوەی ئەزمونەکانی ئەوانه. نواندنێکی ساکاری ژیانی لادێ و شارۆچکەکانی خۆمانه بەقەد ڕوانینمان له جیهان و ئاسۆی. ساکار به مانای ساکار. وەک مرۆڤی دانیشتوی ئەشکەوتەکان له سەرەتای پێکهێنانی ژیانی مرۆڤایەتی. تام و چێژی بینینی بەرهەمەکانی شانۆی کوردی بۆ ئەوانیتر بەقەد چێژێکه ئێمه له بینینی کاروباری مرۆڤی سەردەمی ئەشکەوت ئەبیستین یان ئەیخوێنینەوه. مەبەست له ئەوانیتر خاڵبەندی کردنی ڕۆژاواو ڕۆژهەڵاتی نیه بەڵکو هەمو ئه و کەسانەن شانۆ وەک پێداویستیەکی ژیان هەڵدەسەنگێنن.
کە وایە باسی کام خەسار ئەکەین؟ شانۆ یان شانۆی کوردی؟ شانۆ لای ئێمه هەیه و بووه و ئەبێ لەوە بکۆڵینەوە بۆچی شانۆی کوردی بووەته حەز و خواستی شانۆکاری کورد لەم بەشەدا؟ هاوردن و جیاکردنەوەی ئەم بەشه ڕەنگه به هۆی بوونی فستیواڵی شانۆی کوردی له سەقز بێت. بەڵام لە وڵاتی ئاڵمان دو ساڵ جارێک کونفڕانسێک به ناوی شانۆکارانی کورد بەڕێوه ئەچێت. ئەمە لە خۆیدا سەرنج ڕاکێش نیه گەر نەزانی ئەوانەی ئەم کونفڕانسه دەگێڕن کوردن. بیانوی ئەم کونفڕانسه ئەتوانێت ناساندنی خۆت بێت وەک مرۆڤێکی جیاواز. هەوڵێک بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەیی لە شوێنێک که هەست ئەکەیت نامۆیت. هەست ئەکەیت وەک خۆیان چاو له تۆ ناکەن. یانی دانانی نازناوی تایبەتی نەتەوەیی ئەتوانێ بەشێک بێت لە پێداگری بۆ وەدەس هێنانی مافی مۆڤ.
ئەمانه چۆن ئەتوانێ فڕی بە سەر شانۆی کوردی و خەسارناسی شانۆی کوردیەوە ببێت نازانم. هەر ئەوەنده ئەم شانۆیه ناسنامەی جیاوازی هەیە ئەکرێ خەسارەکەشی هەر ئەمە بێت. ناسنامەی چی و کام جیاوازی؟
ئەگەر جیاوازی به مانای ناساندنەوە بێت زمان یەکەم و گرینگترین خاڵی جیاوازی مرۆڤه. زمان وەک شوناس. بەڵام زمانی هونەر جیهانیه و هەموان لێک نزیک ئەکاتەوە. کێشه ئەمەیه. جیاکردنەوەی زمانی مرۆڤ و هونەر. واته بۆ ناساندن و نواندنی زمانی جیهانی پێویستیت به زمانی زگماکیه. به و زمانه بیر ئەکەیتەوه، ئەنوسی و هونەر ئەخوڵقێنی. وەک نەتەوەکانی دیکه. واته ئەکرێ شانۆ به زمانی کوردی ببێته مانای شانۆی کوردی. واته شانۆی فەڕەنسی یانی شانۆ به و زمانه. بەڵام شانۆ تەنیا زمان نیه. شتگەلێتریش هەن. شانۆ زمانی نوسینی هەیه و زمانێکی نواندن. واته زمانی ئاخافتن و زمانی جەسته.
جەستەی کوردی يانی چی؟ وەک شانۆیکاتاکالی ئێمەش جوڵانەوەی تايبەتمان هەيە؟ دەڵێم ئەمه جياوازه. مێژووی هەيە. بەڵام شانۆی هێندستان هەر ئەمە نيە. بەشێکه له شانۆ. يانی شانۆی کورديش بەشێکه لە شانۆی...؟! بەشێ له کام شانۆ؟ ئێمه هێشتا باس لەوە دەکەين شانۆی کوردی چيه و ئەبێ چۆن بێت. کە وايە شتێک بوونی نەبێت ناتوانێت بەش بەش بێت. جموجۆڵی لەش بکەينه بناغەی شانۆی کوردی. گەر ئەمه پەسەند کەين سەرەتايێکمان بۆ مانا کردنی شانۆی کوردی دۆزيوەتەوه. پێناسه کردنی جموجۆڵەکانی لەشی کوردی. هەڵپەڕکێ، پرسه، حاڵی دەروێشان و...هتد. دەی چی لەمانه بکەين؟ ئێمه هێشتا خۆيشمان مانای زۆربەی ئەمانه ڕەنگه نەزانين چۆن ئەکرێت بەردەنگ لێمان بگات؟ ڕەنگه پێويست بێت سەرەتا مانا بکرێن. چۆن مانا بکرێن؟ کێ مانای بکات؟ شانۆکار، شانۆنامەنوس، پسپۆڕی کۆمەڵناسی، ڕۆمان نوس، شاعیر، ڕۆشنبير، ...؟ هەرکام مانای بکەن پێويسته شانۆکار بينوێنێت. يانی پێويسته بۆ نواندنی لەش لە سەر شانۆ سەرەتا بنوسرێت. نوسين! دەق!
داخۆ ئەکرێت به بینینی شانۆیێ بزانی شانۆی کام نەتەوەیه؟ ئەز ئەگەر زمانی فەڕەنسی نەزانم و نەیناسم داخۆ به دیتن و بیستنی شانۆکەی ئەتوانم لە شوناسی شانۆکارەکە بگەم؟ وەک ئەوەی به دیتنی سروشت له تابلۆی وێنەکێشێک بکرێ پێناسەی وڵات و شوناسی دەرهێنەرەکەی بکەیت. هەر بۆیه لام وایه زمان به تەنیا ناتوانێ ببێته شوناسی شانۆی کوردی. ئەی چیه؟ شانۆی کوردی چۆنه و خەسارەکانی کامەن؟ وەک پرسیار له سینەمای کوردی، موسیقای کوردی، ... و هتد. ئەم جیا کردنووه مانای چیوو بۆ چیه؟
کێشەی ئەم پرسیاره لە پرسیارەکە دورتر ئەبڕێت. سینەمای کوردی مانای ئەوەیه هەمو شتێکی کوردیه. واته هەمو ئەوانەی ئیشی فیلمێک ئەکەن ئەبێ کورد بن. تەنانەت فیلمەکە سەبارەت به کوردیش نەبێت کێشه نیه. وەک گروپێکی موسیقای کورد. داخۆ مانای ئەمەیه شانۆی کوردیش یانی بەرهەمی شانۆکاری کورد؟ داخۆ بەرهەمی ئەم گروپه شانۆکاره کورده به زمانی فارسی دەچێته خانوی شانۆی کوردی؟ ئەگەر بچێته ناو شوناسی شانۆی کوردی کێشه ساز نابێت. واته فستیواڵێک به ناو شانۆی کوردیش یانی فت. یانی سوڕانەوە به دەوری خۆمان تا گێژ ئەبین و ئەکەوین. ئەگەریش نەچێته ناو ناسنامەی شانۆی کوردی ئەبێ پرسیار کەین بۆ چی نابێته شانۆی کوردی. ڕەنگه لەبەر زمان.
زمان ئەبێته سەرەتای کێشەی شانۆی کوردی. واته به وەرگێڕانی شانۆیێکی بیانی پێمان وابێ شانۆی کوردی خوڵقاوه. واته شانۆکاری کورد و جەستەی کورد و زمانی کوردی دڵنیامان ئەکات که شانۆی کوردی خوڵقاوه. گەر وا بێت جیاوازی شانۆی کوردی و شانۆ چیه؟ داخۆ له سەرانسەری ئەم جیهانه، فستیواڵێک هەیه نازناوێکی نەتەوەیی پێوه لکابێت؟ ئەگەر هەیه کامەیه و ئەگەر نیه هەوڵی ئێمه بۆ دامەزراندن و بەڕێوە بردنی فستیواڵی شانۆی کوردی مانای چیه؟
رەنگه خەساری شانۆی کوردی ئەمه بێت که نازانین شانۆی کوردی چیه و چۆنه. مانا کردنی شانۆی کوردی ئەرکی شانۆکاری کورده. ئه و شانۆکارەی بۆ جاری هەشتەم دێته فستیواڵی شانۆی کوردی له سەقز و هێشتا هیچ باسێکی له شانۆی کوردی نەکردوه و پێدەچێت ئەمجاریش نەیکات.
خەساری شانۆی کوردی شانۆکاری کورده. ئێمەین. خۆمانین! ئێمەش مینا شانۆی کوردی نازانین کامیانین. شانۆکارین یان شانۆکارێکی کوردین. هەرکام بین جیاوازی چیه و چۆنه و کامەیه؟
کێشەی شانۆ به گشتی و شانۆی کوردی به تایبەت له خۆمانەوه دەس پێدەکات. ئێمەی شانۆکار. ئێمەی شانۆکاری کورد. ئێمەی شانۆکاری شانۆی کوردی!
ئێمه کامیانین؟ شانۆکار، شانۆکاری کورد یان شانۆکاری شانۆی کوردی؟!!! هەرکام بین ئەرکی گشتیمان مانا کردنی شانۆی کوردیه. سەرەتاش پێویسته لە سەر بناغەی ئەم مانایە ڕێکەوین. زمان. زمانی نوسین نەک زمانی لەش. زمان وەک دەق.
ئەمه ئەتوانێ پێشنیاری من بێت و ڕەنگه کەسێتر بناغەیێ تر دابنێ. ئەویتر ئەتوانێ باسی شانۆی ئەمڕۆ له و شوێنانه بکات وا مێژوی چەن هەزارەیان هەیه و له زمان تێپەڕیون. پێموایه ئەمه هەڵەیه و بۆ ئێمه کەوتنه خوار له و سەری بانەکەیه. ئەمەش به و مانایه نیه هەمو ئەزمونەکانی ئەوان دوپات بکەینەوه بەڵکو پێویسته ورد بینەوه بزانین چییان کردوه و چۆنیان کردوه کە له زمان تێپەڕیون. یانی پێویسته سەرەتا زمان وەک بناغه دابین کەین. پەروەردەی کەین. خۆماڵی کەین و به پێچەوانەی زۆربەمان له زمانی زگماکی خۆمان دەرباز نەبین و لەگەڵی ئاشت بینەوه و وەک زمانی پەروەرده له دووی وڵامی پرسیارەکانی زمان بگەڕین. ئەوەی تا ئێستا نەمانکردوه ناسین و بایەخدان به زمانه. ئاوڕێک له ڕابردوی خۆمان بدەینەوه.
دیسان پێویستم به گەڕانەوەیه. سەرەتای دامەزراندنی فستیواڵی شانۆی کوردی. هەمو هەوڵەکان تەرخانی ئەوه کراوه زمانی شانۆ کوردی بێت. لە بانگهێشتەکانی فستیواڵیش بانگەشەی نوسەری خۆماڵی ئەکەین. خەڵاتی باشترین دەق ئەدەینە نوسراوەی نوسەری خۆماڵی. بۆ ده ساڵ ئەچێت ئەمه بەردەوام هەیه. بەڵام کێشەی سەرەکی نەبونی دەقه! یانی چی؟ دەق هەیه و نیه. هەیه و خەڵات وەر دەگرێت و هاوکات نیشمانه. تەنانەت ناتوانی دەقێک لەوانەی خەڵاتی باشترینیان له فستیواڵ وەرگرته بدۆزیتەوه. منی نوسەری خەڵاتکراو به گرتنی ئه و خەڵاته(!) دەگەمه ئەنجام و ئیدی تەواو تا جارێتر و خەڵاتێ تر. خەسار ئەمەیه تەنانەت ناتوانی یەک شانۆنامەی چاپکراو لەم بەشەی کوردستان ببینی. کە وابێت ئه و خەڵاته بۆ چیه و ئەم بێ بایەخ بونی شانۆنامەی کوردی به چ مانایه؟ ئەگەر شایانی خەڵاته و منیش ئەڵێم شایانه، ئەی لەم قەیرانی بێ بەرهەمی چاپکراو کێ تاوانباره؟
رەنگه باس کردن له قەیرانی شانۆنامه به هەڵه مانا بکرێت. قەیران بۆ شتێک بوونی ئەبێت که به نەبوونی بکەوینه بیر سەردەمی بوونی. دیاره ئێمه که هەر نیمانه و نەیشمانبوه باس کردن له قەیران پاڵ به نەزانینی منی نوسەرەوە بدات. ئەمەش وەک خەسارەکە جێگەی باسه و بڕێجار له نەبونیش ئەکرێت قەیران و خەسار ساز بێت. هەر ئەوەنده هەست بکەیت شتێکت نیه و ئەبێ هەتبێت خۆی له خۆیدا قەیران ساز ئەکات. واته ئەکرێت خەساری شانۆی کوردی بەم قەیرانەوه گرێ بدەین. قەیرانی زمان وەک دەق. ئەمەش کاتێ دێته ئارا که نوسەرێک هەست به بوونی شانۆ بکات و بیهەوێ لە زمانی دەقەوه لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیدا ئاخافتن بکات. واته شانۆکارێک ئەبێ ببێت که هەستی نوسەرێک بجوڵێنێت.
دیسان کێشه ساز ئەبێت. بوونی شانۆ بەستراوی بوونی شانۆکاره. ئەم جوته هەن ئەی دەق کوا؟ گەر وا بێت خەساری شانۆی کوردی ئەبێته قەیرانی نوسەر! به واتایێ تر قەیرانی زمان! کە وابێت پێدەچێ هەر له سەرەتای فستیواڵی شانۆی کوردی ئەم خەسارەمان ناسیوه و هەوڵمان داوه چارەسەری بکەین. کە وابێت ئەم هەراو زەنایه بێ کەڵکه و لە خۆڕا باسی خەسار و قەیران ئەکەم.
رەنگه به هەڵەدا چوبێتم. ئەم هەمووه کراوه و من نەمدیوه؟ گەر وابێت خەساری شانۆی کوردی منم!!! من به تەنیا خۆم و ئیتر هیچ.
سەلاح محەمەدی
[1]