پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە یادی رۆژی جیهانی زمانی دایکدا 2022
دەقی پەیامەکەی
وەزارەتی رۆشنبیریوەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
رۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆز
زمانی دایک بەیەکێک لەبنەما و رەگەزە سەرەکییەکانی پێکهێنەری هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێدەرێت.
هەر لەبەر ئەو بایەخە مەزنەیە کە رێکخراوی یونسکۆ لەساڵی 1999وە بە بڕیارێک رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێکی بەرۆژی جیهانیی زمانی دایک ناساندووە.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15ی شوباتی 2002 بڕیاریکی تایبەتی بۆ بەرجەستەکردنی فرەزمانی دەرکردو داوای لە دەوڵەتانی ئەندام و سکرتاریەتی گشتی رێکخراوەکە کرد کە هەوڵی پارێزگاریکردن و پاراستنی هەموو زمانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بدەن.
چونکە بەبڕوای ئەو رێکخراوە داننان بە فرەزمانی راستەقینەدا یەکێتی گەلان لە رێی هەمەرەنگی و لێکتێگەیسشتنی نێودەوڵەتییەوە بەهێز دەکات.
گەلی کوردستانیش وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی هەوڵی پاراستنی زمانەکەی و بەرەسمی ناسینی داوە.
لە ساڵانی 1925 تا 1970 نەتوانرا زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی بخرێتە دوو توێی ماددە و بڕگەکانی دەستوورەکانی عێراقەوە و لەهەموو ئەو دەستورانەدا پێشتر تەنیا دان بە زمانی عەرەبیدا نرا بوو وەک تاکە زمانی رەسمی وڵات.
یاسای زمانە رەسمییەکان لە هەرێمی کوردستان رێگەی بە خوێندن لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بە زمانەکانی دایک داوە.
بەرەسمی ناسینی زمانی کوردی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق بەمانای بەرەسمی ناسینی گەلێکە کە هاوشانی گەلی عەرەبە و گەلی پلەدوو نییە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەرەسمی ناسینی زمانی کوردی بایەخی ئەوەی هەیە کە بەرپرسانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن لەکۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە رەسمییەکاندا بەزمانی کوردی قسە بکەن.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک داکۆکیکار لە زمانی کوردی بەهەموو زارەکانییەوە، ئەرکی سەرشانییەتی زمانی کوردی لە فەوتان و شێواندن بپارێزێت و ڕێز لە پێکهاتە زمانییەکان بگرێت کە دەیانەوێت لەناوچەکانی خۆیاندا بە زمانی دایکیی بخۆێنن.
زمانی دایکیی، زمانێک کە دەرخەری ئاوەزی تاک و کۆمەڵگەیە و دەبێت رێزی لێبگیرێت هەرچەن ئاخێوەرانیشی کەمبن، زانست ئەمەی سەلماندووە، کاتێک تاکێک بەزمانی دایکیی نەخوێنێت لە رووی گەشەی مێشک و باری کۆمەڵایەتییەوە تاکێکی لاواز دەبێت و ئەوەی زمانی دایکیی نەزانێت بڕوانامەکەی هەرچی بێت بە نەخوێندەوار دێتە ئەژمار.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمدا کار بۆ گەشەسەندنی سیاسەتی زمانی و گەشەی زمان و ڕەخساندنی زەمینەی خوێندن بەزمانی دایکیی بۆ تەواوی پێکهاتە زمانییەکان دەڕەخسێنێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە رێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!