ئەزیزم بۆچی تۆراوی لە خۆڕا؟
چ قەوماوە, دڵی تۆ بۆچی گۆڕا؟
ئەتۆ وا زوو لە بیرت کردم , ئەمما
فەرامۆشت نەکەم شەرتە لە گۆڕا
لەمن ڕا خۆ خەتایەک ڕوی نەداوە
ئەدی بێمەیلی بۆچ ڕویدا لە تۆڕا
ئەسیری کەزیەتە کۆتری دڵی من
ئەبێ حاڵی چی بێ کۆتر لە تۆڕا
سەرو ماڵ وکەماڵ و بیرو هۆشم
لە نەردی ئیشقی تۆدا پاکی دۆڕا
لەچاوم دێ بەخوڕ فرمێسکی خوێنین
کەچی ئەم گۆمە خوێنە هەڵنەچۆڕا
من و لاشەی پەپولە ماینەوە و بەس
شەوی دووری شەمیش تواوە لە کۆڕا
#هێمن موکریانی#[1]