پەیامی بافڵ تاڵەبانی لە یادی 31 ساڵەی راپەڕین
دەقی پەیامەکەی
بافڵ تاڵەبانیبافڵ تاڵەبانی:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
تێکۆشەران، پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
بە بۆنەی یادی پیرۆزی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کوردەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم، شانازی بە خەبات و خۆڕاگریتانەوە دەکەم و سوپاسی پشوودرێژیتان دەکەم.
راپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانەو شەرەفمەند. شەهیدەکانمان خوێنی خۆیان لەپێناو داهاتوویەکی پرشنگدارو سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان رشت. بەڵام بەداخەوە هەڵەو کەموکورتی لەنێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە رەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).. دەبێت ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارو راچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی رابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی راپەڕین بەدیبهێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین. بێباکی بەرامبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز هیوامان بۆ نەخواستووە.
دەزانین کەموکورتیمان هەبووەو هەموو داواکارییەکانی خەڵک رەوایەو لەجێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەهیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت. رەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و هەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە راپەڕینمان بۆ کرد.
هەر شاد و سەرفرازبن
دڵسۆزتان
بافڵ
جەلال تاڵەبانیجەلال تاڵەبانی
5ی ئاداری 2022
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە رێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!