مەکتەبی سیاسی پارتی: کار و بەرنامەی رۆژنامەی خەبات هەمیشە رەنگپێدەری خواست ...
بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)
رۆژنامەی (خەبات) وەکو یەکەمین رۆژنامەی رۆژانە، یەکەمین ژمارەی لە(4ی نیسانی 1959)دەرچوو، ئەمەش بە دەستکەوتێکی گرنگ و بایەخداری بزاڤی رۆشنبیری و سیاسی گەلەکەمان دادەنرێ، بۆیە رۆڵ و کاریگەری خۆی هەیە لە پێشکەوتنی بزووتنەوەی رۆژنامەگەری کوردی و کولتوور و رۆشنبیری رەسەنی کوردەواریدا.
رۆژنامەی (خەبات) کە زمانحاڵی
پارتی دیموکراتی کوردستانپارتی دیموکراتی کوردستانە، بە درێژایی کاروانی کارکردنی هەمیشە سەکۆیەکی کراوە و ماڵی رۆشنبیران و نووسەر و رۆژنامەنووس و ئەدیب و خوێنەرانی بووە و تا ئەمڕۆش لەو پەیامە پیرۆزەیدا بەردەوامە بۆ دەوڵەمەندکردنی گیانی دیالۆگ و داکۆکیکردن لە ئازادی رادەربڕین و خستنەڕووی کێشە و گیروگرفتەکانی خەڵک و هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی.
کار و بەرنامەی رۆژنامەی (خەبات) هەمیشە رەنگپێدەری خواست و ویستی گەلەکەمان بووە، لەو بوارەشدا رۆڵی شیاوی خۆی بینیوە لە هۆشیارکردنەوە و جۆشدانی بیروباوەڕی راستەقینەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرەو پێشبردنی ئەو پرس و کێشە چارەنووسسازانە.
(63)ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و مێژووی رۆژنامەگەری کوردی، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیەتی خۆی لە بواری رۆژنامەنووسیدا سەلماندووە وەکو رۆژنامەیەکی رەسەن و راستەقینە و بەرپرسیار لە بواری رۆژنامەوانی و راگەیاندندا.
لە(63)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات)دا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و نووسەران و خوێنەرانی ئازیزی رۆژنامەکەتان دەکەین و، دووبارە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشکەوتنی رۆژنامەکە رادەگەیەنین و ئومێدی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین..
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو رۆژنامەوانە پێشەنگ و ماندوونەناسانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو کاروانەیان بە ئەمڕۆ گەیاند..
بەرز و پیرۆزبێت(63)ساڵەی تەمەنی رۆژنامەی(خەبات)..
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
4ی نیسانی 2022
[1[