خوێندنەوەی رۆمانی بەردینە
بابەت: ڕاڤەی پەرتووک
ناوی بابەت: خوێندنەوەی ڕۆمانی بەردینە
نووسین: ئاکار نەجم
سەید قادر هیدایەتیسەید قادر هیدایەتی ناوێکی درەوشاوەیە لە ئەدەبی کوردیدا، ئەم نووسەرە بە سەلیقەیە خاوەنی چەند رۆمانێک و چەند لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبییە. لە رۆمانەکانیدا هەر جارە بە شێوازێکی جیاواز دەگەڕێتەوە بۆ لای خوێنەرەکانی. رۆمانی تۆقی عەزازیل و گابۆڕ و گۆڕەشار و... هەریەکەیانی بە شێوازێک نووسیوە. چ شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکی نووسین و ماکەکانی چیرۆک جیاوازن. هیچ رۆمانێکی لەوی تریان ناچێ.
لە تازەترین بەرهەمیدا کە رۆمانی بەردینەیە بەپێچەوانەی رۆمانی گۆڕەشارەوە شێوازێکی خۆشڕەوتە و زمانێکی شیرینی هەیە. خوێنەر هەر ئەوەندەی دەستی بەخوێندنەوەی کرد تا دوا لاپەڕە رۆمانەکە دانانێ. گێڕانەوە بە زمانی گودرون کە وەکو حەیرانبێژ نەرم و ناسک دەدوێت.
لە دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانی گۆڕەشار کە بە شێوازی مەنەلۆگ نووسرابوو رۆمانی بەردینە گێڕانەوەیەکی خۆش و چێژبەخشە و خۆڕەوتە و خوێنەر بە ئاسانی لەتەک رۆمانەکەدا دەڕوات. بەڵام گۆڕەشار کە ناوەڕۆکەکەی زۆر قووڵ و پڕ مانایە لێ شێوازی نووسینی سەختە و کەمتر خوێنەری ئاسایی خۆی لە قەرە دەدات. ئەگەر گۆڕەشار نیشاندانی دیوە ناشیرینەکەی ئەمڕۆی سەرمایەداری و دەسەڵاتداری بێت، ئەوە بەردینە نیشاندانی سەردەمی حوکمڕانی شا عەباسی زاڵمە.
بەردینە بە زمانێکی شیرین نووسراوە. سەید قادر هیدایەتی لەم رۆمانەدا سوودی لە زمانی بەیت وەرگرتووە، بەجۆرێک کە زمانی گێڕانەوە لە بەشی یەکەمی رۆمانەکەدا رێک دەڵێی بەیتە، لە کاتی خوێندنەوەدا خوێنەر بیری بەیتی محەمەد و سێوەی دەکەوێتەوە. کە یەکێکە لە شاکارە مەزنەکانی هونەری بەیت و حەیران. سەرەتای رۆمانەکە کە گێڕانەوە گودرون دەستپێدەکات. کاتی گێڕانەوە زەمەنی گودرون و دایکێتی، کە دایکی چیرۆکی شاڕێی بۆ دەگێڕێتەوە به و زمانە شیرینەی موکریان کە خوێنەر بەیتی محەمەد و سێوەی وەبیردێتەوە. سەرەتای رۆمانەکە چیرۆکی ئەویندارییە. پاشان گێڕانەوەکانی گودرون دەچێتە قۆناغێکی ترەوە و تێکەڵ بەدنیای دەسەڵاتداری دەبێ. لە رەوتی گێڕانەوەی بەشی یەکەمدا تەکنیکی گێڕانەوەکانی هەزار و یەک شه و بیری خوێنەر دەکەوێتەوە. کە گودرون چەند پەلەیەتی دایکی چیرۆکی شاڕێی بۆ تەواو بکات. خوێنەر بەهەمان شێوە لەگەڵ گودرون دا پەلەی ئەوەیە بزانێ ژیانی شاڕێ بە کوێ دەگات. لەبەشی دووەم بەدواوە گێڕانەوە دەگۆڕێت و دەچێتە ناو بابەتی دیکەوە. هەر لەبەشی دووەمدا زمانەکەش تا ئەندازەیەک دەگۆڕێت، لێ بەشی یەکەمی رۆمانەکە رێک زمانی بەیت و حەیران و گەلۆیە. رۆمانەکە بە چیرۆکی شاڕێ دەستپێدەکات و پاشان وردە وردە گودرون چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە قۆناغ بە قۆناغ چۆن خوێندوویەتی، لە پڕۆسەی خوێندندا چی بەسەرهاتووە، چۆن ستەمی لێ کراوە. پاشان وردە وردە رەوتی گێڕانەوە ژیانی گودرونە چۆن گەورە بووەوە و پاشان چۆن چووەتە نێو کۆشکی دەسەڵاتدارانی ئه و عەیامەوە کە سەردەمی شاعەباس و سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خانەکانی قەڵای دمدمە. لێرە بە دواوە رۆمانەکە دەچێتە نێو مێژووەوە، بەڵام مێژوویەک بارگاویی بەخەیاڵی دەقی ئەدەبی. گودرون کارەکتەری خەیاڵی ناو ئه و مێژووە دەستکردەیە، لەپاڵ کەسایەتی دروستکراوی گودرون نووسەر کەسایەتییە ناسراوەکانی مێژووی بەکارهێناوە. چیرۆکی رۆمانەکە رووداوی شەڕی قەڵای دمدمە. ئه و مێژووەی کردووە بە رۆمان. لە کۆتایی رۆمانەکەدا لەگەڵ فەرهەنگێک بۆ وشە دژوارەکان، کە ئه و وشانە بە نیسبەتی خوێنەری ئاساییەوە کەمێک ئەستمە. جگە لەوە پەراوێزی بۆ چەند کەسایەتییەک و خانەکانی ئه و سەردەمە داناوە و ناساندوونی.
بەگشتی ئەوەی ئەم جارە و لەم رۆمانەدا بەدی دەکرێت، نووسەر ویستویەتی بە شێوازێکی سادەتر و خۆشڕەوت رۆمانەکەی بنووسێ و گێڕانەوە هەم زمانێکی شیرینی هەیە و هەم رووداوەکانیش خێرا و تیژتێپەڕن. کۆی رومانەکە لە سەردەمی شاعەباسدایە، فەزا و زمانی رۆمانەکە ئه و سەردەمەیە. ئەمەش خاڵێکی گرنگە کە چۆن لە رۆمانێک لە مێژوویی رووداوێکی ئاوا چێ دەکرێت. بەردینە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی چاپەمەنی خانییە لە دووتوێی 239 لاپەڕەدا چاپ بووە.
[1]