گوناهی ڕادیۆ چییە
گوناهی رادیۆ چی یە؟
لەتیف حسێنلەتیف حسێن
کە تۆ بەکارهێنەرێکی خراپی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی، گوناهی رادیۆ چییە؟
بە رادیۆ بوونی هەموو قسەو نووسینەکانمان لە تۆڕِەکۆمەڵایەتیەکاندا سوکایەتییەکی ئاشکراو روونە بە یەکێک لەکەناڵ و رێگاکانی کاری میدیایی، ئەوەی لە رابردو بە ئێستاشەوە رادیۆ لە خزمەتکردن ئەنجامیداوە، کەم کەناڵ هەیە بتوانێت هەمان کار بکاتەوە...
رادیۆ وەک کەناڵێکی گرنگی میدیا رۆڵی گرنگی لە ژیانی خەڵکدا بینیوەو هەرگیز کارە میدیاییەکانی درۆو بوختان و کارە هەڵەکان نەبووەو دواتر پەشیمان ببێتەوەو پەیامی خۆی خاڵی بکاتەوە لە بەهاو پێوەرە گرنگەکانی کۆمەڵگە...
ئەوەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا روو دەدەن، ماڵوێرانییەکی گەورەی شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی لێدەخوێنرێتەوە، بەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەبری ئەوەی ببێتە شوێنێک بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و رێگا دوورەکان کورت بکاتەوە، بەداخەوە بۆتە هۆی دوور خستنەوەی رێگە کورتەکان و نەهێشتنی ئەو کەمە پەیوەندییەشی کە لە ئێستادا لە نێوان خەڵکیدا ماوەو تەون و شیرازەی کۆمەڵگەی بە تەواوەتی بچڕاندووە..
ئێمە لە ئێستادا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵێکی زۆر خراپ بۆ خۆمان دەبینین و لەخزمەتی رەوتی سیاسی هەڵەی ئەم وڵاتەیەو بیربردنەوەی ژیانی راستەقینەی ژیانی خۆمانە بە هەموو شێوەکانییەوە، بۆتە شوێنی رشتنی رقوکینەو سیاسەتکردنی هەڵەو و تەنانەت شوێنی هەموو کارەکانی تاکە بەتاکەی کۆمەڵگەو دوورخستنەوەمان لە ئەرکە راستەقینەکەی ژیانی خۆمان و هەموومانی کردۆتە کاراکتەرێکی(هەمەکار) جۆکەر، بۆ هەموو شتێک دەشێین و لەسەر هەموو شتێک قسەمان هەیە، لەسەر هەموو شتێک قسەکردنی ئێمە هەموومانی بە لاڕێدا بردووەو کێشەو گرفتە ئەسڵیەکەمان بیردەچێتەوەو چارەسەرییەکانیشمان لێ ون بووە...
بۆتە شوێنی نمایشێکی رواڵەتیانەو خۆ فریودان، هەر هەموو ئەمانە پێکەوە وایکردووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبری ئەوەی سودو قازانجەکانی زۆرتر بن لەزیانەکانی کەچی بەهۆی مامەڵەی هەڵەی ئێمەوە قازانج سەری مایەی خواردووەو کەم کەسمان هەیە، تۆڕی کۆمەلایەتی داخی نەکردبێت و سەرئێشەی بۆ دروست نەکردبێت.
ئێمە خۆمان بە لایککردن و بڵاوکردنەوەی هەڵەی ئەوانیترو کاری نەشیاوو قسەی زبرو رەق و توند بەرامبەر بە یەکتری، هەڵەی گەورەمان کردووەو دواتردەیخەینە ملی رادیۆ(کە وشەی کەسایەتییەکی جوانی ئەمشارەیەو بەداخەوە ئێمە تا ئێستاش بە بەردەوامی وەک گاڵتەکردن بە کەسایەتی خاوەنی ئەم رستەیە هەموو کارێکی هەڵە بەرمبەر یەکتری دەکەین و رستەکەی ئەو بەکاردێنین)، هەر خۆمان بەشدارین لە کوشتنی کەسایەتییەکان، ئەوانەی تۆ بەدڵت نین تۆ رقت لێیانە، لە حزبەکەت نییە لە ئاینەکەت نییە، دەیانکەیتە بنێشتە خۆشەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شەلم کوێرم دەکەوینە پلارو ناشرینکردن و سوکایەتی پێکردن و بڵاوکردنەوەی بوختان و کوشتنی کەسایەتی بە بێ ئەوەی بایی ئەوەندە زانیاریمان لەسەر هیچ شتێک لەو روداوانە هەبێت کە لە دەورو پشتمان روودەدەن.
هەر خۆمان با تەماشا بکەین، ئەوانەی بەم رۆژگارە سوکایەتی و قسەی توندو جنێوفرۆشی دەکەن، بزانە فرێندو کۆمێنت و لایکیان چەندە، بزانن فۆڵۆوەرزو ئەوانیتریان چەندە، ئەوانەشی بە پێچەوانەی ئەو جۆرە فیگەرانە کاردەکەن و دەنووسن وقسە دەکەن بزانن تەماشاکاریان چەندە؟
هەموو ئەمانە ئێمەی بەکارهێنەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەخەنە بەردەم بەپرسیارێتییەکی گەورەوەو هەموومان بەشدارین لەکوشتنی کەسایەتی ئەوانیترو کێشەو گرفت دروستکردن بۆ دەوروبەرمان، بە بێ ئەوەی ئاگامان لەوە بێت لە دوای هەر نووسینێک کە بڵاوی دەکەیتەوەو جنێوو سوکایەتی بە خەڵک دەکەین، لەدوای هەر کارێک کە کوشتنی کەسایەتی ئەوانیتری تێدایە، چ کارەساتێک روودەدات و دوایش هەموومان شینی بۆ دەکەین، هەموو دەکوژین و هەمووشمان شینی بۆ دەکەین، بۆیە دڵنیابن تا ئەمجۆرە مامەڵەیەی ئێمە بەردەوام بێت تا ئەمجۆرە لە ژیانکردن لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەم بیمارییەوە بەردەوام بێت، تاک بەتاکمان بەدەستی خۆمان یەکتری دەکوژین و دواتر بەخستنە ئەستۆی (وامزانی رادیۆیە) ژیانی کەس ناکڕێتەوە، ئەبێت بزانین کەسایەتی ژیانی خەڵکی بۆ ئەوە نییە هەر کەسەو بە ویستی خۆی بیەوێت بیخاتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سوکایەتی پێ بکات، دوای ماوەیەکی کەم بۆت دەردەکەوێت کە هەڵەت کردووەو رووداوەکە بەو شێوەیە نییە، ئەستۆپاکی خۆت بەوەی کە وای زانیوە رادیۆیە بەخەڵکی نیشان دەدەیت..
هەر بۆیە هەموومان، بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت ئەوە بزانین ئێمە مافی ئەوەمان نییە لەسەر هەمو شتێک قسەمان هەبێت، مەرج نییە ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە ئەسڵی بابەتەکە بێت، دڵنیا بن ئەم شێوە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژیانی کۆمەڵگە وەک چۆن ئێستا لەمەترسیدایە، خراپتر دەبێت و هەموومان زیانی لێدەکەین و لەدەرگای هەرکەسێک بدەی لەدەرگات دەدەنەوە، بۆیە ئەگەر کەسێک نوسینێک یان هەر کارێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دادەنێت و زیان لە ژیانی ئەوانیتر دەدات، ئەو چەندە تاوانبارەو تاوانی کردووە ئێمەش جەماعەتی لایک و شەیرو کۆمێنت و قسەکەرانیش لەسەری و کڕیارەکانی کە بازاڕی بۆ پەیدا دەکەین زیاتر تاوانبارین و تاوانمان کردووە...
ئێمە هەڵە بەرامبەر بەوانیترو ژیانیان دەکەین، تاوانی رادیۆ لە کوێدایە، پێویستە هەر وشەیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە بڵاویدەکەیتەوە، هەزارنجار سەرنجی بدەیت و دڵنیا بیت کە زیانی بۆ ئەوانیتر نییە، ئەنجا بڵاوی بکەیتەوە، چونکە ئەوە بزانە پەڕەی تایبەتی خۆت گوزارشت لەکەسایەتیت دەکات، لایک و کۆمێنتت گوزارشت لەکەسایەتیت دەکات...
https://rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=7414
[1]