ئارەقم کرد و نەجاتی هەر نەدام دەردی گوناح
لەرز و تاداری خەجاڵەت خۆم و ڕوو زەردی گوناح
گەییە چەرخی مەعریفەت وێڵداشیی من خاکم بە سەر
من حەمامۆکێ ئەکەم هێشتا لەسەر عەردی گوناح
مشتەتۆوێ دانەوێڵەی چاکە شک نابەم کەچی
دائیمەن هەڵگێڕ و وەرگێڕی ئەکەم وەردی گوناح
وەک کەسێ لای دا لە ڕێ حۆلی بیابان وا منیش
نەفسی بەد پێم تەی ئەکا ئەم هەرد و ئەو هەردی گوناح
چوومە ناو بێشەی چوغوردی زۆر خیلافی شەرعەوە
قەت لە شێری حەق نەترسام وا ئەبێ مەردی گوناح
هیچ کەسێ وەک من لە حەپسی شەشدەری یەئسا نەهێشت
ئاسمان وەختێ فڕێی دا بۆ زەمین نەردی گوناح
دەک فەڵەک دەستت شکێ بەر تیری قەهری حەق کەوی
هەر وەکوو شووشەی منت وا دایە بەر بەردی گوناح
ئەی خودا گەر مشتوماڵی لوتفی تۆ چاری نەکا
ئەی خوا وەک خۆرە ئاوێنەی دڵم گەردی گوناح
دێڕبەدێڕ کەشکۆڵ و دیوانی هەموو عالەم گەڕام
تیا نەبوو بێخود وەکوو من مونتەخەب فەردی گوناح[1]
#بێخود#