هاورێیەتی لە نێوان قبوڵکردن و رەتکردنەوەدا
ناونیشان: هاورێیەتی لە نێوان قبوڵکردن و رەتکردنەوەدا
نووسەر:
کنێر عەبدوڵڵاکنێر عەبدوڵڵا
پەیوەندی مرۆڤەکان لەچوارچێوەی هاورێیەتیدا پرۆسەیەکی دوولایەنەیە و تەنانەت تێگەیشتنیش لێی لەلایەن کەسانی تری دەرەوەی ئەو دوو کەسە؛ قورسە و پێویستی بە ئاستێکی رۆشنبیری باڵا هەیە، مەبەست لە دوولایەنە واتە ئەو کاتەی دوو کەسەکە بە پرۆسەیەکی تێگەیشتنی درێژخایەنی ئەزمونداریدا دەتوانن ببنە هاورێی راستەقینە؛ ئەو کات خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان لە نێوانیاندا دابەش دەبێ، لەکاتی پێویستدا بێ داواکردنی لایەک، ئەویتر جێبەجێکەر دەبێت یان هەست و درکی پێدەکات، لەکاتی بۆنە تایبەت و خۆشەکاندا بێ ووتن؛ دەبنە بەشێکی دانەبراو و هاوبەش یەکتری، لە خەم وکێشە و کاتە هەستیارەکاندا بێ ئاگادارکردنەوە درک بە ئەرکەکان دەکەن، خۆ لەکاتی ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنەکانیشدا پشوودرێژ دەبن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەکان و نەگەیشتن بە خاڵی کۆتایی، دەرفەتێک ناهێڵنەوە بۆ بێرێزی و بێمتمانەیی بەیەکتر، بۆشاییەک ناهێڵنەوە بۆ تاراتێنی ناحەزان و رەفتارە نەشیاوەکان. ساتێک ناهێڵنەوە بۆ گومانکردن و قدەی نەشیاوو سرینەوەی یەکتر، دوورکەوتنەوەیان لەیەکتری نابێتە ساتەوەختی بێدەنگی و فەرامۆشکردن و کەمتەرخەمیان لەگەڵ یەکتردا.
بێگومان دروستبونی ئەمجۆرە پەیوەندییە مرۆییە دەگمەن و پێویستە، چەند پاراستنی لەلایەن دوو کەسەکەوە گرنگە؛ هێندە خۆپاراستنیان پێویستە لە کەسانی دەوروبەر، دەوروبەرێک کە هەمیشە بەئیرەییبردنیان دەیانەوێت پەیوەندییەکە تێکبشکێنن، بە تێنەگەیشتنیان هەوڵ ئەدەن کێشە بخوڵقێنن، بە دواکەوتووییان بەردەوام خوڵقێنەری دەرفەتێکن بۆ کۆتاییهێنان بەو پەیوەندییە، بە گرێ دەرونییەکانیان لە هەوڵی ناشرینکردنی جوانییەکان و ساتە خۆشەکانن، و هەروەها بە عەقڵە بچوکەکانیان بەردەوام دەبن لەوەی کەلێن بخەنە پەیوەندییەکەو کۆتایی پێبهێنن بەهەر شێوەو جۆرێکیش بێت بۆنە خۆشەکان ناخۆش و ناخۆشەکانیش ناخۆشتر دەکەن. ئەوە گەیشتنی مرۆڤە بە لوتکەی ناهۆشیاری و کەسایەتی ئاڵۆز و نەخۆش و خاوەن گرێی دەرونیی، کە هیچ کات ساتێک ناهێڵنەوە بۆ خۆشەویستی، دەرفەتێک ناهێڵنەوە بۆ ئاشتی و هەناسەیەک ناهێڵنەوە بۆ مرۆڤایەتی و بەردەوام دەیانەوێت؛ وەک مرۆڤێکی بچووک بمێننەوە، چونکە هێندەی ئیرەیی و ناژیریی و نارۆشنبیری و هزرتەسکی زاڵە بەسەر کەسایەتیاندا، ئەوەندە لە هەوڵی تێگەیشتندا نابن بۆ تێگەیشتن لەو جۆرە پەیوەندییانە و نزیکبونەوە و دروستکردنی، چونکە لە کۆتاییدا گرفتەکە ئەوەیە پێشوەخت بریاریداوە کە پەسەندنەکراوە، و حوکمیداوە لەسەر جۆری پەیوەندییەکە یان خودی کەسەکە و ئامادە نییە بۆ پێچەوانەکەی، هەر چەند کەسەکانی بەرامبەر شایستەی ئەو حوکمە نەبن یان گۆرانکاریان بەسەرخۆیاندا هێنا بێت یاخود هەر لە بنەرەتەوە بریارو حوکمەکەیان هەڵە و پێویست نەبوو بێت. ئیدی خۆ ئەو دوو هاورێیە گەر دوو رەگەزی جیاواز بن، ئەوە ئەگەری رودان و سەرهەڵدانی ئەو تێروانین و هەوڵانە زووترو زیاتر دەبێت لەلایەن دەوروبەرەوە، کە دواجار جێی رەخنە و داخە، بەڵام دواجاریش ئەوە خودی بژاردەی مرۆڤەکانە کامیان هەڵدەبژێرێت و خۆی لە چ جۆرێکیان پۆلێن دەکات.
[1]