پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی موشیر دیوان،
28-03-2024
سارا سەردار
پارت و ڕێکخراوەکان
کارۆ
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
28-03-2024
سارا سەردار
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
28-03-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆشەویستی لە سەردەمی سەرمایەدارییدا
27-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
وێنە و پێناس
تیپی وەرزشی گوندی کارێز لە کفری ساڵی 1993
27-03-2024
زریان عەلی
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
27-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
وێنە و پێناس
ئەسحابەسپی-سلێمانی ساڵی 1968
27-03-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
گەڕەکی عەقاری سلێمانی ساڵی 1960
27-03-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 514,906
وێنە 104,262
پەرتووک PDF 18,882
فایلی پەیوەندیدار 94,723
ڤیدیۆ 1,232
شەهیدان
موسا عەنتەر
ژیاننامە
کەرەمێ سەیاد
ژیاننامە
سمکۆ عەزیز
شەهیدان
ژینا ئەمینی
وێنە و پێناس
جگەرخوێنی شاعیر لەناو خۆپیش...
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبراهام
بەهۆی کوردیپێدیاوە دەزانیت هەر ڕۆژێکی ڕۆژژمێرەکەمان چیی تیادا ڕوویداوە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبراهام

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبراهام
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبراهام
نووسین: #شارا تاهیر#

سەرەتا بێدەنگی بوو…
دەتوانین بڵێین ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبراهام یەکەمین ڕۆمانە کە باس لە مێژوو و ژیانی جووەکانی شاری سلێمانی دەکات. نیشتمانی سارا هەم وەک مێژوو , هەم وەک یادەوەریش گەڕانەوەیەکی ئەبەدی ئەبراهامییە بۆ ناو هەناوی نیشتمان، دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەوی تر بە خۆی، ئەو ئەویترەی کە لەسەرەتاوە تا کۆتایی نە میژوو وە نە یادەوەریش ڕازی نییە لە خۆی بکاتەوە و بە ئەوی تری بێگانە بە خۆی دابنێت.
جوانی و گرنگی ئەم ڕۆمانە لەوەدا نیە کە بە تەنیا وەک تێکستێکی ئەدەبی دانسقە باس لە بابەتێکی گرنگ دەکات، کە ئەویش ئەو مێژووە ون و دەست بۆ نەبراوەی ژیان و ژیاری جووکانی سلێمانیە بەڵکوو ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەکاتە دەقێکی تایبەت بۆ من ئەوەیە کە یەکەمین جارە بە زمانی کوردی بەرنووسینێک بکەوم لێوان لێو بێت لە چەمک و ئاماژەی دەرونشیکاری. ڕۆمانێک کە هەستدەکەیت حیکاتخوانەکانی ئەم مێژووە نەبیستراوە، یادەوەرییە تاڵانە، ئازارە و ناسۆرانە، یەکە بە یەکەیان لەسەر چرپای دەرونشیکاری ڕاکشاون و خۆیان دەگێڕنەوە. یان هەر خۆیان دەروون شێواون، هەر خۆشیان دەروونشیکاری خۆیانن. هەر گێڕانەوەیەک جیاواز لەویتر بە جۆرێک دەست لە دڵت دەدات و دنەی ڕۆحت دەدات، دوایش دەزانیت هەر هەموویان باس لەیەک شت دەکەن و عەوداڵی یەک شتن. ئەبراهام بە شیوەیەک مێژوو و یادەوەریەکانی ناو ڕۆمانەکە دەهۆنێتەوە کە بە ناچاریش بێت دەبنەوە بە بەشێک لە تۆ وەک خوێنەر، تۆش لەوان. ئەفسوونی ئەم تێکەڵبوون و ئاوێزان بوونە لەگەڵ کارەکتەرەکان (زیندووە مردووەکان-مردووە زیندووەکان)دا، گەڕانەوە بۆ تارمایی شارێک و جۆرێک لە شڵەژان و پەشۆکانی دەروونی بۆ تۆش دروست دەکات، هەم وەکو خوێنەرێک، هەم وەکو هاوبەشێکیش لەو مێژوە، ئەم شڵەژانەیش مەگەر هەر چرپای دەرونیشکاری پێی بوێرێت و یارمەتیمان بدات تا لێیان ڕزگار ببین.

سیحری ئەم ڕۆمانە لەوەدایە کاتێک لە خوێندنەوەی تەواو دەبیت و دەستی لێهەڵدەگریت، ئینجا بە ئەسپایی و هێور هێور دەست بۆ قولایی یادەوەریت دەبات، بە ناو ڕۆحتدا تێ دەپەڕێت و بە بیرت دەهێنێتەوە کە (ئەوان)یش لەوێبوون… وەک بەشێکی نەبینراو لە ئێمە، وەک بێگانەکەی ناومان و نامۆ بە ئێمە، بە هێمنی پێمان دەڵێت: هەمووتان مردنێک قەرزارن تا جارێکی تر زیندوو ببنەوە. هەمووتان نازێکی ئێمە قەرزارن تا لێتان خۆشبین.
بەر لەوەی بچمە سەر باسەکەم، لێرەدا بۆم گرنگە بە چەند دێڕێکیش بێت باس لە ئەزموونی خۆم بکەم، کە چۆن بەر ئەم ڕۆمانەی ئەبراهام کەوتم. نایشارمەوە کاتێک کە بۆ یەکەم جار ڕۆمانەکەم گرت بە دەستمەوە دەستبەجێ تەماشای قەبارە و دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەم کرد. لە بەر خۆمەوە گووتم دەبێت باسی چی بکات تا بۆ هۆنینەوەی ڕۆمانەکەی چوار سەد و چل و حەوت لاپەڕەی داگیر کردبێت؟ ئاخر هەندێ جار ئەوەی بە چوار سەد لاپەڕە دەیڵێت، دەتوانیت بە دوو سەدیش هەر بیڵێت! وەک چۆنیش خەمی ئەوەشم بوو لە دڵی خۆمدا دەمووت تۆ بڵێیت ئەم ڕۆمانە شایانی ئەو کاتە بێت کە من بۆ خوێندنەوە پێی دەبەخشم؟
دەستمکرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت سەرەتا هیچ بە لای خۆیدا ڕاینەدەکێشام. سەلیقەی گێڕانەوە و وردی ڕووداوەکان بۆ من تا ڕادەیەک تاقەت پڕوکێن بوو. هەستم دەکرد ئەم ڕۆمانە خەیاڵی تێدا نیە و خاڵییە لە فانتازیا، ئەوەی ڕۆمانەکە دەبات بەڕێوە و دەیهۆنێتەوە سیحر و زرنگەی وشە نییە، شتێکی ترە کە لەو کاتەدا زۆر نەمدەتوانی دەستبخەمە سەر کۆد و کلیلەکانی وەک زمان و وەک تەکنیکی گێرانەوەش. هەر ئەوەندە بەس بوو بزانم زمانێکی وشکە و ناتوانێت وەک خوێنەرێک بە دوای خۆیدا ڕامکێشێت و داگیرم بکات. وەلێ بە پچڕ پچڕی لە خوێندنەوەی بەردەوام بووم، تا گەیشتمە لاپەڕەی سەد و پەنجا، ئیتر لەوێشەوە نەمتوانی تا دوا لاپەڕە لە خوێندنەوەی بوەستم و دەستی لێ هەڵبگرم، لە ماوەی کەمتر لەڕۆژێک تەواوی ڕۆمانەکەم خوێندەوە. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام دنەی دام، هەم وەک خوێنەرێک وە هەمیش وەک نووسەرێک نەفەس درێژی ئەبراهام بوو لە گێڕانەوە، لە گەمەکردن بە زمان، لە هۆنێنەوەی ڕووداوەکان و وێناکردنی کاراکتەرەکان، ئەو زمانەی کە لەسەرەتاوە خاوی دەکردمەوە و جۆرێک لەوەڕسبونی بۆ دروست دەکردم، هەمان تەکنیک وایلێکردم بێوچان تا کۆتایی بڕۆم و ڕۆمانەکە تەواو بکەم. نەک هەر ئەوەش بەڵکوو بیر لە کۆد و کلیلە دەرونشیکاریەکانی بکەمەوە و لەسەری بنووسم.

ئەگەرچی ناوی ڕۆمانەکە و کۆی ڕووداوەکان لە دەوری کارەکتەری سارا دەخولێنەوە، سارا وەک میینە، وەکو دایک و وەکو نیشتمانیش، بەڵام ئەمە نا توانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ئەبراهام بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست خودی ئەو میژووەی لە ڕووی جێندەریەوە لە ڕێی دابەشکردنی مێلانخۆلیا بۆ ژن وەک دۆخێکی پاتۆلۆژی، و تا زێباری بۆ پیاو وەک دۆخێکی کاردانەوەی نۆرم ئاسا بۆ خەمی لە دەستدان دابەشکردووە. لای من ئەم ڕۆمانە مێژووی مێلانخۆلیا و مەرگە. ئەگەرچی مەرگ و مانای مەرگ بە نەرمی دەستپێدەکات و هێواش هێواش خۆی نمایش دەکات، بە ڕادەیەک بە هێمنی بەر ڕۆحمان دەکەوێت، کە ئەستەمە جیای بکەینەوە لە ژیان، چونکە ئەبراهام هەمیشە درزێک لە نێوان مەرگ و ژیاندا دەهێڵێتەوە، دەرچەیەک بۆ ژیان و دروستبوونەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەم درزە لە ڕۆحی پیاوەکاندایە. ژیان لای پیاوەکان دەستاو دەست دەکات وەک چۆن مەرگ و مێلانخۆلیا لای ژنەکان دەستاودەست دەکات.

گرنگی چەمک و تێماکانی ئەم ڕۆمانە زۆرە بەڵام لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم لە دیدێکی دەرونشیکارییەوە لەسەر یەکێک لە هەرە گرنگترین تێماکانی ئەمڕۆمانە بوەستم، کە ئەویش چەمکی مێلانخۆلیایە یان وردتر بڵێم مێلانخۆلیای مێینەیە.
مێلانخۆلیا وەک ململانێیەکی دژوار و سەخت لە پەیوەندی نێوان مەرگ و ئیرۆس، ڕق و خۆشەویستی، خود و ئەوی تر بوون، وە پەیوەندی نێوان ئێستا و ڕابردوو.
مێلانخۆلیا و تازێباری لە دیدی دەرونشیکارییەوە
(هەموو خەیاڵێک، جا بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی، ئەوا لەسەرەتاوە خەیاڵێکی مێلانخۆلییە/ پراوست)
فرۆید لە وتارەکەیدا بە ناوی (مێلانخۆلیا و تازێباری) لە ساڵی (1917)دا، مێلانخۆلیا بەوە پێناسە دەکات کە بریتییە لە دروستبوونی ئیگۆ وەک بونیادێک، ئەم بونیادەش پەیوەستە بە دانوستان کردن و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ئەو ئاستەنگ و دژوارییانەی کە لە دەستدان و نەمانی ئەوانی تر بۆمانی دروست دەکەن. قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی لە دەستدانی ئەوانی تر وا دەکات کە سوبێکت لە ناو خودی خۆیدا ئەوانی تر بتوێنێتەوە و جارێکی تر هەڵیان بمژێت و بیانکاتەوە بە بەشێک لە شوناسی خۆی. فرۆید دەڵێت: (ئەو هاوشوناسبوونە نارسیستیەی سوبێکت لەگەڵ ئۆبێکتدا خۆی دەبێتەوە بە جۆرێک لە پەیوەندی ئیرۆتیکی، ئەنجامەکەشی ئەوەیە سەرەڕای گرفت و ناتەبایی لەگەڵ کەسی خۆشەویست، بەڵام سوبێکت ناتوانێت دەستبەرداری پەیوەندی خۆشەویستییەکە ببێت، هەر بۆیەش ئیگۆ خوازیارە ئۆبێکتەکە بکاتەوە ناو خۆی و لەگەڵیدا ببێت بە یەک، ئەو میتودەش کە ئەم کارەی پێدەکات، لەم قۆناغە دەمییە (کاتییە کانباڵیەدا)، هەرئەوەیە کە عاشقی ئۆبێکتەکە ببێت و بیپەرستێت… ئەمەش وا دەکات کە ئەوی تر لە ناو خوددا بەرجەستەبێت و بنێژرێت.) [1] ئەوی تر تەنیا کاتێک دەتوانێت لە ناو خودا بمێنێتەوە و ببێتەوە بە بەشێک لە ئیگۆ، کە وەک برینێکی کراوە خوێنی لێ بچۆڕێت.

جولیا کرێستیڤا لە کتێبی (خۆری ڕەش: خەمۆکی و مێلانخۆلیا)دا باس لەم تیزەی فرۆید بۆ مێلانخۆلیا وەک خەیاڵێکی کانیباڵی دەکات و دەڵێت: (کەسی مێلانخۆلی یان دەروونی کەسی خەمۆک بەدەر لەوەی کە خۆی هێرشێکی شاراوەیە بۆ سەر ئەوی تر، بەو مانایەی کە ئەوی تر توندوتیژە چونکە پرزەبڕ و تاقەت پڕوکینە، غەمباری و خۆ خواردنەوە ئاماژەیە بۆ خودێکی سەرەتایی، خودێکی بریندار، کەموکورت و بەتاڵ)[2] کرێستیڤا پێیوایە کە کەسی مێلانخۆلی خۆی بە هەڵە نازانێت چونکە ژیانی زادە و بەرهەمی کەموکورتیەکی ئەزەلیە کە ئەم خۆی هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر بوون و نەبوونیەوە نییە. هەر بۆیەش هیچ کات ئەو ئازارەی کە دەیچێژیت بۆ لە دەستدانی ئەوانی تر ناتوانێت ئەو هەستەی بە گوناح یان تاوان کەم بکاتەوە تاوانی ئەوەی کە ئەم بە نهێنی و پەنهانی بیری لە تۆڵە کردنەوە لە ئۆبێکتەکەی کردۆتەوە.

ئەم غەم خواردن و خەفەتباریە دەبێتەوە بە گوزارشت لەوەی کە گوزارشتی لێوە ناکرێت و سیمبۆلیزە ناکرێت، دەبێتە غەم و برینێکی قووڵی نارسیستێک کە ناتوانیت ناوی لێ بنێت و بۆ خۆشیی هیچ ناوێک هەڵناگرێت، برینێک هێندە بە بەها و قەشەنگە کە نە سوبێکتە و نە ئۆبێکتیش. ناشتوانیت ببێتەوە بە سەرچاوە بۆی. چونکە خودی ناسۆر و خەفتباریەکە خۆی ئۆبێکتە. هەڵبەت کرێستیڤا دوورتر لە فرۆید دەڕوات لە شیکاردن و ڕاڤەکردنی کەسی مێلانخۆلی و لەو خەیاڵە کانیباڵییە دەریدەهێنی و بەرزی دەکاتەوە بۆ جۆرێک لە بێ باوەڕ بوون. کرێستیڤا پێیوایە کە گرنگی مێلانخۆلیا لەوەدایە کە بەر لەهەموو شتێک خود ئاگایەکی خێرا بە نەبوونی ئینتیما و میرات لەگەڵ خۆی دەهینێت، ئەم خودئاگاییەش هاوپێچە و تێکەڵ دەبێت بە نەبوونی باوەڕ بە هیچ چاکبوونەوەیەک یان بوونی هیچ داهاتوو و ئاسۆیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی کە لەدەستچووە و نەماوە. بەم لێکدانەوەی کرێستیڤاش بێت کەسی مێلانخۆلی کەسێکی بێ باوەڕ و ئاتایستە باوەڕی بە هیچ دینێک و هیچ یاسایەکی سەر زەوی نییە بۆ ڕزگاربوون لە دەردی ئازاری لەدەستدانی ئۆبێکتی خۆشەویستی.

هەڵبەت کاتێک قسە لەسەر مێلانخۆلیا دەکەین وەک نەخۆشیەکی دەروونی و برینێکی قووڵ ئەوا بەر چەمک و تێمای تریش دەکەوین، کە زۆر جار جیاکردنەوە یان لە یەک کارێکی ئاسان نییە. وەک لە ناونیشانی ئەم بابەتەدا دیارە مێلانخۆلیا هاوپێچە لەگەڵ تازێباری. ڕەنگە خودی چەمکەکان بەلاڕێماندا بەرن ئەگەر وریا نەبین لە دەستنیشاکردن و دیاگنۆسکردنیان، وەک دوو دۆخی جیاواز. تازێباری لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە کاردانەوەی مرۆڤ بۆ لە دەستدانی کەسانی ئازیز و خۆشەویستی، یان لە دەستدانی شتگەلێکی ئەبستراکت وەکو نیشتمان، ئازادی، فیگورە ئادیاڵەکان. تازێباری بە پێجەوانەی مێلانخۆلیا وەک نەخۆشیەکی دەروونی و زامێکی قووڵ نامێنێتەوە بەڵکوو کەسەکە دەتوانێت دوای ئەوەی خۆی لە ئازاری لەدەستدان بەتاڵدەکاتەوە، ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ژیان بۆ خۆی بدۆزێتەوە. بە مانایەکی تر، تازێباری کاردانەوەیەکی تەندروستە بۆ لە دەستدانی کەس-شتی خۆشەویست. ئەویش بە قبوڵکردنی لە دەستچوونەکە و ڕازیبوون بە قەرەبووکردنەوەی بە شێوەیەکی ڕەمزی. تازێباری کاردانەوەیەکی تەندروستە چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەوە دڵنیایین کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات خودی لە دەتسچوونەکە کاڵدەبێتەوە و دتوانین بە سەریدا زاڵبین. وەلێ مێلانخۆلیا بە پێچەوانەی تازێبارییەوە ئۆبێکتەکەی نەمردووە بەڵکوو بۆ ئەبەد وەک ئۆبێکتی خۆشەویستی لە دەستچووە و نەماوە. وەک چۆنیش ئەگەری گەڕانەوەشی یان قەرەبووکردنەوەی شتێکی مەحاڵە. کێشەی مێلانخۆلیا وەک پاتۆلۆژیا هەر بە تەنیا ئەوە نییە کە چ شتێک لە دەستچووە چونکە ئەو شتەی کەلە دەستچووە بە ڕوونی دیار نییە کە چییە، شتێکە بێ ناو و بێ شوناسە. تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە کەسی مێلانخۆلی درک بەوە دەکات یان ئەگەر بشزانێت کێی لە دەستچووە! ئەوە نازانێت چی لە ناو ئەو کەسەدا لە دەستچووە، وەیان بۆ چ شتێک لە ناو ئەودا دەگەڕێت و عەوداڵ و سەرگەردانی چییە. فرۆید هە وڵیداوە کەم تا زۆر جیاوازی نێوان تازێباری و مێلانخۆلیا بکات و دەڵێت:
لە دۆخی تازییاریدا ئەوە جیهانی دەرەوەیە کە پووچ و بەتاڵە، لە کاتێکدا لە مێلانخۆلیادا ئەوە خودی ئێگۆ خۆی دەبێتەوە بەو پووچی و بەتاڵییە کە کەسی نەخۆش/مێلانخۆلی ئێگۆی خۆی وەک شتێکی بێ بەها و نەویست دەنوێنێت و نیشانی ئێمەی دەدات. بە جۆرێک کە هیچی لەباردا نییە و هیچی پێ ناکرێت. ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵەی کەسی مێلانخۆلی بۆ ئۆبێکتەکەی دەبێتەوە بە پەیوەندی بەر خۆری، بە مانایەی کە کەسی مێلانخۆلی ئۆبێکتەکەی دەخوات و لەسەر ئەو دەژی.

فرۆید دەلێت: (هەلیژاردنی ئۆبێکت-پەیوەستبوونی لێبیدۆییانە بە کەسێک-شتێکی تایبەتەوە کە لە زەمەنێکدا بوونی هەبووە و ژیاوە، جۆرێک لە نائۆمێدی و بێهودەیی لە دڵی کەسەکەدا دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات خودی پەیوەندی سوبێکت-ئۆبێکت بشکێت و هاڕە بکات. دەرئەنجامی ئەم شکاندنەیش گەڕانەوە و لێسەندنەوەی ئەو وزە لێبیدۆییە نییە لەو ئۆبێکتەوە تا بیخەیتە ناو کەسێک-شتێکی ترەوە بە مانا سروشتییەکەی، بەڵکوو بە پێچەوانەوە شتێکی جیاوازترە، ئەم لیبیدۆ ئازادە (ڕووت) دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئیگۆ خۆی… لەگەڵ ئیگۆ پێکەوە هاوشوناسی ئۆبێکتی لێ دابڕاوەکە دەبن… هەر بۆیەش تارمایی ئۆبێکتە لە دەستچووەکە-لێدابڕاوەکە دەکەوێت بە سەر ئێگۆدا و داگیری دەکات.) [3]

ئەمەش وا دەکات کە پەیوەندی کەسی مێلانخۆلی بە ئۆبێکتی لە دەستچوەوە تەنیا پەیوەندی سۆز و نۆستاڵژیا نەبێت بۆ ڕابردوو، بۆ ئەو زەمەنەی کە ئۆبێکتەکە لە ژیاندا بووە بەڵکوو دەبێتەوە بە ناڕەزاییەکی بەردەوام. گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە ئایدیای نۆستاڵژیا و پەیوەستبوونی کەسی خەمۆک یان مێلانخۆلی بە کاتەوە زیاتر لە خودی شوێن خۆی دەگەڕیتەوە بۆ کانت. بە ڕای ئەو کەسی خەمۆک و مێلانخۆلی عەوداڵی گەڕانەوە نین بۆ مەزار و شوێنی گەنجیان بەڵکوو تامەزرۆی خودی گەنجییانن، عەوداڵی خودی کاتەکەن نەک شتەکە-شوێنەکە بۆ ئەوەی جارێکی تر بچێتەوە دۆخی جارانی.
کەسی مێلانخۆلی هەر لە بەر ئەوە پێناوتریت مێلانخۆلی چونکە کەسی ئەزیز و خۆشەویست یان شتێکی لە دەستداوە بەڵکوو لە بەر ئەوەی نووساوە بەوشتەی کە چیتر بوونی نییە، ئەم خۆ بەستنەوە و چەقبەستنەیش شتێکی کاتی نییە و تێپەڕێت بەڵکوو وەک مۆتەکەیەک دەبێت بە سەر خودی ئۆبێکتە لە دەستچووەکە وه، کە هەم زادەی خۆشەویستە وە هەمیش ڕق و کینە.
فرۆید دەڵێت: گلەیی و ناڕەزایی بەردەوامی کەسی مێلانخۆلی بە پلەی نایابە. کەسی مێلانخۆلێ باکی نییە بەوەی کە دەیکات و دەیڵێت و بە هیچ جۆرێک هەست بە شەرم ناکات خۆی کزۆڵە نیشانادات، چونکە هەر چییەک بڵێن و بکەن، ئەگەر چی خوازراویش نەبێت، ئەوا پەیوەندی بە خودی ئەمانەوە نییە، هێندەی کە پەیوەندی بە ئەوانی ترەوە هەیە. هەر بۆیە فرۆید پێیوایە کە لە بنەڕەتدا خودی ناڕەزایی و گلییەکە لە ئۆبێکتی لە دەستچووە. ئەگەر ئەم تێزەی فرۆیدمان قبوڵ بێت ئەوا دەڵ ێین بەو پێیەی کە خودی ئۆبێکتەکە هاوشوناسە لەگەڵ ئیگۆی کەسی مێڵانخۆلی و لە ناو هەناوی ئیگۆدایە، ئەوا ناڕەزایی وبێداری کەسی مێلانخۆلی نە پەیوەندی بە خودی سوبێکتەوەکە هەیە و نە بە ئۆبێکتەوە بەڵکوو لەو نێوەندەدا ون دەبێت و نامێنێت.

ژن وەک دەروونێکی مێلانخۆلی
(ئازار و ناسۆری پاترۆنێکە بڕاوە و بە بەرگی عەقڵ و هۆشمدا کراوە/ ئەلێکترا، سۆفۆکلیس)
گەر کەمێک لە تیۆریزەکردنی مێلانخۆلیا گەڕێین و بچینەوە لای (نیشتمانی سارا) بزانین نووسەر بە چ شیوەیەک ئیشی لەسەر ئەم چەمکانە کردووە. ئەوسا دەڵێین نیشتمانی سارا هەم وەک مێژوو، هەم وەک یادەوەریش لێوان لێوە بە تێمای ئاڵۆز و دژ بە یەک. تێماگەلێکی وەک مەرگ/ ژیان، بێگانەبوون/ یەکبوون، ڕق/ عەشق. ئەبراهام ئەم مێژوە ئەپۆکالیۆتیە بەتەنها لە ڕێی وشە و خەیاڵ و فانتازیاوە ناگێڕێتەوە، ئەوەی ئێمە تێکەڵ بەو مێژووە دەکات وبە ئاگامان دەهێنێتەوە لە بوونی ئەوانەی کە ڕۆژانێک لەگەڵ ئێمە بوون و ژیاون زرنگەی وشە و ئەفسونی ئاماژەکان یان ڕیتمی شاراوەی ئەودیو وشەکان نییە بەڵکوو ئەو بێدەنگییە وەحشەتناکەیە کە لە پشتی کارەساتەکانەوە خۆی مەڵاس داوە، دەنگدانەوەی ترسناکی بێدەنگی: بێدەنگی وەک میکانیزم و هاوارێک بۆ بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە.

پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن ئەبراهام ئەو هەموو ڕق و توندوتیژییەی کە لە ناو ئەو مێژووەدا پەنگی خواردووەتەوە و خۆی شاردۆتەوە سیمبولیزە کردوە، چۆن جارێکی تر ڕیتمی داوەتەوە بە وشە بێ سرتەکان و بە خودی بێدەنگی خۆی؟ گرنگە بزانین لە کوێدا ئەم توندوتیژییەی هەڵگرتووە، بە چ فۆڕم و بەرگێک دەیداتەوە بە ئێمەی خوێنەر؟ بۆچی ئێمە وەک خوێنەر و وەکو ئەوی تری بێگانە بە ئەوان بەر ئەو توندوتیژییە ناکەوین یان نەرم بەری دەکەوین؟ بۆ چی ئەم ڕۆمانە سەڕەڕای ئەو ئازارە قووڵە، ئەو مێژووە تاڵە، ئەو حەقیقەتە نەگوتراوە هێشتا پیاوەکانی (حیکایەت خوانەکانی) ناو ڕۆمانەکە بە بەردەوامی خەریکی دەستوپەنجە نەرمکردنن لەگەڵ ئەو مێژووەدا و هەمیشە ئەڵتەرناتیڤێکی تریان بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان و قەرەبوکردنەوەی ئەوەی لە دەستیانداوە هەیە. لە کاتێکدا زۆربەی ژنەکانی ناو ڕۆمانەکە ژنی پرزە لێبڕاو و کەنەفت و دەروون شێواو و مەرگدۆستن، مەرگ وەک دوا ئەڵتەرناتیڤ لە بری ژیان دەبینین و هەڵیدەبژێرن؟

وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە لە دیدێکی دەرونشیکارییەوە کە ڕەنگە ڕازیمان بکات ئەوەیە کە ئەبراهام زۆر زیرەکانە کۆی ئەو توندوتیژییە مێژوویەی لەناو کارەکتەرە ژنەکانیدا شاردۆتەوە تا دواتر بەرجەستەیان بکاتەوە وەک کەسی مێلانخۆلی و دەروون شێواو بۆ قەدەری خۆیان بەجێیان بهێڵێت. نووسەر باس لە غەمێکی قووڵ، ئازارێکی ناسۆر، برینێکی کراوە، عەشقێکی بێ کۆتا بۆ ئۆبێکتێکی لەدستچوو دەکات. ئەم ئازار و ناسۆرییە کە خاڵییە لە ئیرۆتیکا و خەیاڵ هەر هەمووی دەخاتە ناو جەستەی مێینەکانەوه، بە تایبەتیش لە کارەکتەری سارادا بەرجەستەی دەکات، هەر لە ناو ناخ و دەروونی ئەویشدا جارێکی تر ئەو توندوتیژییە دووبارە دەکاتەوە.

سارا وەک مێینە، وەک دایک، وێنا و ترۆپکی دەرونێکی مێلانخۆلییە. سارا وەک کەسێکی مێلانخۆلی بریندارە، تۆ وەک خوێنەر هەست بە برینەکانی دەکەیت کە چۆن خوێنیان لێدەچۆڕێت، هەستی پێدەکەیت کە چۆن دیل و بەندی هەست و سۆزی ناوەکی خۆیەتی بەڵام ئەم هەست و سۆزە شتێک نیە ئەو بتوانێت بیداتەوە بەوانی تری دەرەوەی خۆی، بەڵکوو هەموو ئەو ڕق و کینەیە لە ناو دڵ و ڕۆحی سارادا پەنگ دەخواتەوە تا جارێکی تر بچیتەوە ناوخۆی. تاوەکو لە ناو دەروونی خۆیدا هەڵیمژێتەوە. بە مانایەکی تر، ئەو توندوتیژییە کە دەبوو بهاوێژرێتە دەرەوە جارێکی تر لە ڕێی ئەو دۆخە مێلانخۆلییە لە ناو دەروونی سارادا ون و هەپرون هەپرون دەبێت. ئەگەر چی ئەبراهام هەوڵدەدات ئازار و پەشۆکانی دەروونی سارا بشارێتەوە و بەرگێکی فریودەری مێینەی بە بەردا بکات تا سەرنجی ئێمە بۆ جەستەی ڕاکێشێت بەڵام لەڕاستیدا ئەم دۆخە لە پەشۆکان و شپرزە بوونە دەرونیە ئیرۆتیزە ناکرێت. هەر هەوڵێکیش بەم ئاراستەیە سەرکەوتوو نابیت و لە بری وروژان و ئاماژەی سێکسی بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕی و کۆمیدیا تەواو دەبێت.

هەوڵی نووسەر بۆ شاردنەوەی دەردی مەرگدۆستی سارا ناشاردرێتەوە چونکە مەرگ و سارا دوو دیوی یەک دراون و بە جۆرێک تێکەڵ و ئاوێزانی یەکن کە ناتوانین لە یەکتریان جیاکەینەوە، ئەستەمە بزانین ئەوە مەرگە سارا بۆ لای خۆی ڕادەکێشیت و پەلکێشی دەکات یان ئەوە سارا خۆیەتی ڕەدوی مەرگ دەکەوێت وەک دوا ئەڵتەرناتیڤ بۆ ژیان هەڵیدەبژێرێت. عەشق بۆ سارا واتە عەشقە بۆ کەسی مردوو، هەر بۆیەش نە سالار و نە لە دایکبوونی ئارۆنی کوڕی دڵخۆش و شادی ناکات. جەستەی ئەو تێکەڵە بە ئێسک و پروسکی ئەو کەسانەی کە لە ژێر قەبرەکاندا دەژین. سارا بە جۆرێک لەگەڵ مردوەکاندا دەژی وەکو ئەوەی بەشێک بن لە ژیانی ڕۆژانەی، شەو ڕۆژ لەگەڵ ئەواندا بژی لەگەڵ ئەواندا ژیان بە سەر بەرێت. ئەم عەشقە نیکرۆفیلییە بۆ مەرگ خۆی دەبێتەوە بە ئیرۆس لای سارا.

(سارا بە درێژایی ئەو شەوە بە لاشەی ماندوو پڕ لە ئازارییەوە چاوەڕوان بوو، بێ خواستی خۆی بەردەوام چاوی فرمێسکیان لێ دەچۆرا، نەیدەتوانی شێوازی دایک و باوک و مەحموودی برای و باپیرە خایم لە خەیاڵ و پێشچاویدا بسڕێتەوە، سارا ڕازی نەبوو بەوەی ئەو وەکو دایکێک لە خاکێکیدا منداڵی ببێت، کە تاکوو ئەو ڕۆژەیش بۆ ئەوان دۆزەخێک بوو. لە و کاتەدا سارا بیری لەوە دەکردەوە، چۆن دەست بنێتە سەر دەمی کۆرپەکەی و ژیانی لێ بسەنێتەوە، پاشان بڕوات و خۆی بە دەم ئاوی شیوەکەوە بدات.) [4]

یەکێک لە تێما گرنگەکانی تری ناو ئەم ڕۆمانە تێمای دابڕانە، دابڕانێک کە ناتوانیت ڕێی لێبگریت و خۆتی لێ قووتار بکەیت. دابڕان و مەرگی ڕاستەقینەی خۆشەویست و ئازیزەکان دەبێتە شتێکی جەوهەری و قەدەری. ئەم تێمای دابڕانەش وەک برینێکی ئەزەلی لە ڕۆڵی دایکدا بەرجەستە و تێماڕێژکراوە. هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکە دالیای دایکی خایم کۆچی یەکجاری دەکات و خایمی کوڕی بۆ قەدەری خۆی بەجێ دەڵێت. دایکی حەکیم، حەکیم بە هەتیوی بەجێ دەهێڵێت، تا دەگەینە سارا کە ئەم بە پێچەوانەی دایکەکانی ترەوە هەر لە یەکەم ساتەوە ڕازی نییە ببێتە دایک.

(سارا هەستایە سەرپێ و تاوێک بە ژوورەکەدا گەڕا، چوو ئەژنۆی دادایە سەر قەراغی جێگاکەی سالار و دەستی برد پشتیەکەی خۆی بە دەستەوەگرت، بە سەر ئارۆنی کوڕیدا نووشتایەوە و توند پشتیەکەی لەسەر دەمو و چاوی کوڕەکەی دانا و هەردوو دەستی توند لەسەری ڕاگرت، چەند هەناسەیەک ئارۆنی بێدەنگ کرد، وەک ئەوەی شتێکی بیر کەوتبێتەوە، هەستایە سەر پێ و تەوراتەکەی کەتانی لە نەتیشت جێگاکەیەوە هەڵگرت، پاشان ژوورەکەی بەجێهێشت.) [5]

ئەگەرچی سارا دەبێتە دایکی کوڕ، کوڕیش زیندووبوونەوەی دایکە بە مانا دەرونشیکارییەکەی وەک چۆنیش مەرگی دایک لە ناو کوڕدا دەربازدەبێت، بێ شکۆیی و بێ ناویی برینەکانی هەر هەمووی لە ناو جەستە و بوونی کوڕدا فۆڕم و ناو وەردەگرێت. تەنانەت ئارەزووەکانیشی لە ناو کوڕدا وەک فالوس سەوز دەبێت. بەڵام لە دایک بوونی کوڕەکەی سارا ئەم برینە بۆ سارا پڕناکاتەوە بەڵکوو بە پێجەوانەوە ڕۆحی سارا بە جۆرێک لێکترازاوە کە چیتر پەیوەندی بە کات و دەوروبەری خۆیەوە نەماوە. ساتی لە دایک بوونی کوڕەکەی ئەو ساتەیە کە سارا لەگەڵ کوڕە ساواکەی دەبێتەوە بە یەک جەستە، وەک ئەوەی ئەو مناڵەی لە بەر خاتری مەرگ و بۆ مەرگ هێنابێتە دونیاوە، سارا تێکەڵ بە جەستە و ڕۆحی کوڕە ساواکەی دەبێت، یەک جەستەی دانەبڕا و لە یەک لە خودی مەرگ خۆی. ئەوەی دەبوو بمرێت مناڵەکەی بوو، بوونی مناڵەکەی جارێکی تر ئەو هەستەی دەبەخشی کە سارا وەک دایک تاوانبارە چونکە نەدەبوو ڕێبدات مناڵەکەی لە ڕەحمی بترازێت و بێتە دەرێ و چاو لە جیهان و نیشتمانێکدا هەلبهێنێت کە ڕازی نییە باوەشی بۆ بکاتەوە و لە ئامێزی بگرێت. هەر بۆیە سارا پێێوایە گەر ژیان لە کوڕەکەی بسەنێتەوە و بیکوژێت ئەوا خۆشیی کوشتووە. بۆ سارا هەموو لە دایک بوونەوەیەک واتا دوورکەوتنەوە لە خەونی گەشتن بە داهاتوو و گەڕانەوە بۆ هەناوی دایک/ نیشتمان. هەر بۆیە دایک لەم ڕۆمانەدا دایکێکی فالیکی نییە وەک چۆنیش ژیوسانس فالیکی نییە بە مانا دەرونشیکارییەکەی، بەڵکوو خودی سێکسوالیتی خۆیشیی دەبێتەوە بە مێلانخۆلی.

ئەبراهام گەمەیەک بە پەیوەندی نێوان دایک/ کوڕ دەکات. لە نیشتمانی سارادا بە پێچەوانەی ئەوەی لە چیرۆکی مەریەم و عیسادا بیستوومانە، ئەوە دایک نیە کە ئەزموونی مەرگی کوڕەکەی دەکات، بەڵکوو لێرەدا ئەوە کوڕەکەیە کە مەرگی دایکی بە چاوی خۆی دەبینێت و ئەزموونی دەکات. دایکێک کە دڵڕەقی ئەوانی تر لە خاچی دەەدات لە شوینێک لەوێندەرێ وەک تارماییاک بە جێ دەهێڵێت تا جارێکی تر زیندووی کاتەوە، هەر بۆیەش دەتوانین بڵێێن نیشتمانی سارا بەڵێنێکی ئەبراهامییە بۆ گەڕانەوەی دایکە کوژراوە لە خاچ دراوەکە.

سارا وەک مێینەیەک و دەروونێکی مێلانخۆلی وێنای خۆی دەبێتەوە بە ئاوێنە و لە دەرەوەی خۆی بە تەنیا هەر خۆی دەبینێت. وێنای خودێک کە ڕق و کینە و توندوتیژی ئەوانی تر ئەمیان سیخناخکردوە. بە جۆرێک لێوان لێوە لە ڕق و توندوتیژی و کردوویەتی بە برینێکی نارسیست، جەستەیەکی شەکەت و پرزە لێبڕاو، جەستەیەکی نامۆ کە نە لێرەیە نە لەوێش، سارا لاشەیەکی زیندووە بە سەر مردووەکاندا دەگەڕێت تا لە ئێسک و پرسکی ئەوان پارچەکانی ڕۆحی خۆی کۆبکاتەوە. لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا ئەبراهام دەیەوێت ئەم دۆخە مێلانخۆلیەی سارا لە ڕێی لاوازی و بێ دەرەتانی جەستەیەوە بەرجەستە بکات. سارا کە ڕازی نییە نان بخوات و زادێک بخاتە ناو دەمیەوە وەک ئەوەی بیەوێت بەو شێوەیە تۆڵە لە جەستەی خۆی بکاتەوە کە هێشتا زیندوە و بەسەر دونیاوە دەژی. خولانەوەی ڕووداوەکان لە دەوری سارا وەک فێمینیەکی مێلانخۆلی و دەرونشێواو، وەک کەسێک کە تۆڵەی خۆی و ئەوانی تریش لەناو دەروون و جەستەیدا شاردۆتەوە، وا دەکات کە سارا وەک یاخییەک ببینرێت کە تا دوا ساتەکانی ژیانی لە شەڕکردن بۆ ژیان ناوەستێت، لەتۆڵەکردنەوە ناوەستێت بەڵام تۆڵەیەک هێندە سارد و سڕ تێ دەپەڕیت کە ناتوانیین بەرگی شۆڕشگێڕێکی بکەین بە بەردا. بەو مانایەی ئەو یاخیبوونە هەر لەسنووری دەروونی خۆی و جەستەی خۆی تێناپەڕێت.

نیشتمانی سارا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دروستبوون و جەختکردنەوە لە بوونی تۆ وەک شوناس پەیوەندی بەو گەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەیە کەئەویتری گەورە (سەردەست) پێناسەی دەکات و دای دەڕێژێت. ئەم کێشەی شوناسە و لەتبوونی شوناسە لە ناو کارەکتەرێکی وەک سارا دا بەرجەستە دەبێت، سارا ڕازی نییە بە هیچ مۆدێل و شوناسێکی تر جگە لە بوونی ئەو سوبێکتە نەبێت کە خۆی ئاشنایە پێی. ئەو وەک دەروونێکی مێلانخۆلی ئاماژەیە بۆ سیمپتومە ڕەمزیەکان لەوانەیش: بیرەوەری و یادەوەرییەکانی ڕابردوو، چەقبەستن و خۆبەستنەوە بە ئەزموونە پەرتبووەکان، کەڵکەی کات، خەمۆکی، ڕەفتاری دژ بە یەک و ڕارایی لە نێوان خۆشەویستی و ڕقی بۆ دەوروبەری. سارا وەک جەستەیەکی شەکەت و کەنەفت، بێهودە ئەوەی دەیهڵێتەوە بە ژیانەوە ئەو وشانەیە کە لە دەمولێویەوە بێ ڕۆحانە دێنە دەرێ. ڕاکردنی بە ناو شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی شاردا ترۆپکی سیمپتومەکانی گرفتی سارایە وەک دەروونێکی پەشێواو مێلانخۆلی. سارا دەکەوێتە بۆشایییەکەوە لە بەتاڵی و بێمانایی، بۆشایییەک کە سنورەکانی تەنیا مەرگ دیارییدەکات. تەواو نغرۆی فەزایەک دەبێت کە تێیدا سنورەکانی ناوەوەی خۆی وەک سوبێکت تێکەڵ بە سنورەکانی دەرەوەی دەبێت چیتر ناتوانێت پەرژینێک لە نێوان ناوەوە و دەرەوەی خۆیدا دروست بکات. بە جۆرێک دەکەوێتە زۆنی سفر لە بێمانایی و پووچی ژیان کە هیچ شتێک بۆ ئەو نابێتەوە بە سەرچاوە تا لە ڕێیەوە خۆی پێ توند و قایم بکاتەوە. سارا ناتوانێت دەستبەرداری ڕابردوو بێت، قەدەرێکی چلکن دەیکاتە ژنێکی بێ چوارچێوە و وای لێ دەکات لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا، لە نێوان ژیان و مەرگدا لەت لەت بێت. هەر بۆیەش چییتر وەک تازێبارێک نالاوێتەوە. بەڵکوو خۆی ووردە وردە دەبێتە مەنزڵگە و قەبرستانێک کە مردووەکانی تیا نێژراوە. بۆ سارا چیتر سالار وەک ئۆبێکتێکی خۆشەویستی و ئیرۆتیکی جێیی ئەوەی بۆ ناگرێتەوە کە لە دەستیچووە، چونکە ئەوەی لە دەستیچوە کەسانیک نین، ئۆبێکتێک نین بەڵکوو شتگەلێکن کە ناتوانێت ناویان لێ بنێت… سارا بە سالار دەلێیت: (تۆ هۆکاری دابڕانم بوویت لە کەسوکارم، من ئێستا تەمەننای ئەوەم دەکرد بۆ مردنیش بووایە لەگەڵ ئەوندا ببوومایە، نەک لەگەڵ تۆدا، من جارێکا کاتیئەوەم نەبوو لەگەڵ تۆ بژیم و هاوسەرگیری بکەم، نەک بڕیاری ئەوەشم نەدابوو، بەڵکوو بیریشم لێنەکردبۆوە، جا باش بزانە هیوادارم زوو پێیان شاد ببمەوە، ئەگین خۆم دەزانم لە نێوان تۆ مردندا کامتان هەڵدەبژێرم.)

لێرەدا گرنگە لە مانای لە دەستدانی ئۆبێکت بگەین چونکە لەدەستدان چیتر بەو مانایە نییە کە ئۆبێکتی خۆشەویستی لە دەستچووە یان بێ مروەت و بێوەفا بووە ئەگەرچی هەر یەک لەم هۆکارانە بەشدارن بۆ لە دەستدانی ئۆبێکتی خۆشەویستی لەڕووی سایکۆلۆژییەوە. بەڵام لە ڕاستیدا لەدەستدانی ئۆبێکتی خۆشەویستی مانای ڕوودانی کارەسات و داڕمان و داڕووخانێکی ناوەکییە لە هەناوی سوبێکتدا. کە کار دەکاتە سەر پەیوەندی بە ئۆبێکتەوە. واتە هەستکردنی سوبێکت بۆ خودی خۆی نەک بۆ ئۆبێکتی لە دەستچوو. لە دۆخی مێلانخۆلیادا پەیوەندی سوبێکت بە ئۆبێکتەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و گرفت ئامێزە بەو پێیەی کە تەمومژاوییە و ئاسان نییە لە یەکترییان جوودا بکەیتەوە. وردتر بڵێین خودی سوبێکت خۆی دەبێتەوە بە گۆڕەپانی جەنگ لەنێوان خۆشەویستی و ڕق، ژیان و مەرگ.

سارا دەڵێت: (هەست دەەکەم ئیتر کێشەی دەروونیی من تەنیا دابڕانی کەسوسکارم نییە، سالار لە ناو ڕۆحی مندا شتێک تێک شکاوە، تۆ نازانیت سالار گیان، خۆم نازانم بۆ چی چاوم بە زیندووەکان هەڵنایەت و بەردەوام لەگەڵ ڕۆحانیەتی مرددوەکاندام و دەیانبینیم و تەنانەت دەتوانم بیاندوێنم.) [6]

سارا وەک دەرونێکی مێلانخۆلی و تازیبارێکی هەمیشەیی پەیوەندی بە مەرگەوە توندوتۆڵترە لە ژیان. ئەو وەک تازێبارێکی هەمیشەیی نەک ناتوانێت دان بە لە دەستدانی کەسی لە دەستچوو بنێت، بەڵکوو لە ڕێی ڕەتکردنەوەی ئەو لە دەستدانە کەڵکەڵەی مەرگی خۆشی ڕەتدەکاتەوە. ئەمە وا دەکات کە سارا خولیای مەرگ بێت و بە بەردەوامی ئاماژە بۆ مەرگ، کێلی قەبر، قەبرستان بکات، بە نەزمێکی ڕیتواڵ ئاسا بە شێوەیەک وەک ئەوەی کەسی مردوو ئامادەیییەکی بەردەوامیان هەبێت و لەگەڵیدا بژین.

(ئاگام لێتانە و هەست بە ڕۆحیانەتی ئێوە دەکەم، دەزانم گۆڕەکان و ئیسک و پرووسکتان لە ژێر ئەم شۆستە کۆنکرێت و جادە قیرەدایە، ڕۆحانیەتی ئێوە لەم شارە دوورناکەونەوە و بەردەوام لە پێش چاو و لە ناو دڵی مندان، دەتان بینم، ئا ئا من بەردەوام هەمووتان دەبینم!) [7]

لە بەر ئەوەی ڕوویداوە و لە مێژوودا دیزەبەدەرخۆنە کراوە، خودی ئەو توندوتیژییە نۆرمالیزەکراوە و لە نەست و نائاگایی ئێمە دا جا چ وەک مێژوو چ وەک یادەوەری بوونی نییە، ئەوا ئەم ڕۆمانە دەبێتە ئەگەرێک بۆ شکاندنی ئەو بەستەڵەکە لە بێدەنگی و ئەگەرێک بۆ خودی قسەکردن لەسەر بێدەنگی. دەرکردنی جووەکان و تاڵانکردن و سرێنەوەی مێژووی بوونیان لە سلێمانی… خۆی دەبێتەوە بە دەردەسەری وکەڵکەڵەی مەرگ، کارەساتێکە لەناو کارەساتێکی گەورەتردا، داگیرکردنە لە ناو داگیرکردنێکی تردا، خودی کارەساتەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە خۆشەویستی و پێکەوەژیان و برایەتی شتێکە مەحاڵە و بوونی نییە. ئەم ڕۆمانە پێماندەڵێت عەشق بەهێزتر نییە لە مەرگ. بۆ سارا عەشق واتە خۆشەویستی بۆ مردووەکان، ژیانکردن و هەستکردن بە تامی مردووەکان، کورتکردنەوەی عەشقە بۆ مەرگ. مەرگیش دەگاتە ترۆپکی خۆی کاتێک ئازار و ئەشکەنجەی سارا پەلکێشی دەکاتبەرە و دۆخێک لە دێوانەیی و بێ ئاگایی بە جۆرێک کە ئەستەمە ڕاستی ڕووداوەکان لە نێوان خەیاڵ و خەوی سارا لەگەڵ واقیعدا جیا بکەینەوە.

وەک ئەوەی کە فرۆید دەیڵێت سەبارەت بە خەون: (خەون ئەوەت پێدەڵێت کە تۆ هەوڵدەدەیت بیشاریتەوە… بەڵام لە خەوندا بە تێکەڵی و پێکەڵی پێت دەڵێن، هەروەک پارچەی ئەو پەزڵەی کە ناگونجێت و ناچێتە شوێنی خۆی.)

جەزرەبەی ڕووداوەکان و ترۆپکی دۆخە مێلانخۆلیەکە لەو کاتەدایە، کە ئەشکەنجە و ئازاری ڕۆحی سارا لە ڕێێ فلاش باک تێکەڵ بە سیپمتومەکانی دەبێت، زیندە خەو و وڕێنەکانی خۆی نمایش دەکات کە زۆرێک ئەم دۆخە تراوماتیکیەی سارا وەک ئاکتێکی بوێرانە دەبینن، لە کاتێکدا هەموو ئەو ئاکتانە کە ڕووداوەکان پێکەوە گرێدەدەنەوە ترۆپکی سیمپتومەکانی سارایە وەک کەسێکی تراوماتیکی و مێلانخۆلی.

هەر وەک گۆبۆدۆ مادیی کێزێلا دەلێت: (کاتێک کە شکاندن و ئازاردانی هەستی مرۆڤ دەبێتە کارێکی ڕۆژانە، ئیتر یادەوەرییە کۆنەکان لەگەڵ یادەوەرییە نوێێەکاندا وەها تێکەڵ بە یەک دەبن و لە یەک جیا ناکرێنەوە. گێڕانەوەی ئازارەکان و تراوماکان لە لایەن قوربانیەکان و دەربازبووەکانەوە تەنیا پەیوەندی بە گێڕانەوەی حەقیقەتەوە نییە. بەڵکوو بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بەو ئازار و ناسۆریی بەردەوامی ژیانیانەوە هەیە، کە دەرئەنجامی خودی توندوتیژی و تراوماکەیە.) [8]

قەدەری سارا ئەوەیە کە خودی خۆی ببێتەوە بە ئۆبێکتی تازێباری بۆ خۆی. مێلانخۆلیای سارا تەقینەوەیە بە ڕووی مێژوودا کە ئەو کارەساتە وەحشتاناکەی لە هەناوی خۆیدا مەڵاس داوە. ئازار و ئەشکەنجەی سارا وەک مێینیەک و دەرونێکی مێلانخۆلی خودی ئەو کارەساتە مێژوویی و سیاسی، کۆمەڵایەتیی و ئایینییە یە، که لە ناو خۆیدا هەڵدەمژێت و لە ڕێی ئەو دۆخە دەرونیە شێواوەی (دێوانەیی)وە بە نەرمی دەیداتەوە بە ئێمەی خوێنەر. بەجۆرێک کە نایەلێت بەر وەحشیەتناکی ڕووداوەکان بکەوین. تەنانەت وستانەوە و ڕوبەڕوبونەوەکان بەرامبەر بەو ناحەقی و نادادییە لە ڕێی ساراوەیە، وەلێ سارا وەک مێینیەکی دێوانە و بێ بەرگ یان ڕوونتر بڵێین بە ژێرکراسە سپییەکەوە، کە نووسەر لێرەدا هەوڵدەدات ئیرۆتیزەی ئەو شتە بکات، کە ئیرۆتیزە ناکرێت ئەویش دۆخی دەروونی سارایە، بەو پێیەی دێوانەیی ئەو فەزایە لە ئازادی خود کە تێیدا هەموو سنورەکان دەبەزێنرێت، مرۆڤ دێوانە مرۆێکی ناسیاسی، نا کۆمەڵایەتیی، نا ئایینی و نا سێکسوێلە.

یاداشتەکانی سارا
ئێمەی مرۆڤ بە درێژایی ژیان بە دوای بە سوێترین ئازاردا دەگەڕێین، تا تەواو بمانکاتەوە بە خۆمان بەر لە مردن.
ئەگەر چی ئێمە لە ڕۆمانەکەدا لەگەڵ دەرکەوتنی سارادا هەست بە گەرموگوڕی ڕووداوەکان دەکەین. سەرەتا سارا وەک کچێکی پڕ وزە، وەک فەیلەسوفێک کە گەرەکیەتی ژیانمان بۆ نەزم بکات. وەک عاشقێک پەپوولە ئاسا نایەوێت لە فڕین بکەوێت و گۆرانیەکانی خۆشەویستی دەچڕێت.
(ئەوە سبەینێیە و ئێستا و لە کاتی نووسینی ئەم یاداشتەمدا چاوەڕوانی دڵخوازەکەم دەکەم و حەز دەکەم بە پێ تا کو سەرا، یان تاکوو بەر دەرگای ماڵی خۆیان لە گەڕەکی جوولەکان بە پیرییەوە بچم، ئیتر ئێستا چاوەڕوانم.) [9]
تا دواتر بەر سارایەک دەکەوین کە تەواو جیاواز لە وێنای یەکەمی. جەزرەبەی لە دەستچوونی کەسوکارەکەی و تەنیاکەوتەیی وێنای سارامان بۆ قڵپدەکاتەوە و دەیگۆڕێت بۆ مێینەیەکی دەروون تێکشکاوی لاواز و بێ وزە و بێ ورە. دەروونێکی مێلانخۆلی کە هەموو عەشق و خۆشەویستی و ئارەزووی بۆ ژیان و سالار دەگۆڕێت بۆ خولیا و عەوداڵبوونی بۆ مەرگ و بۆ گەڕان بە دوای ئێسک و پروسکی مردووەکاندا. سارا لە مێیینەیەکی خاوەن ئیرادەوە دەبێتە ڕۆحێکی بەساڵاچوو کە خەریکی سنگ کوتین و نزا کردنە لە زیندووەکان. ڕق و توورەیی سارا لەوانەی کە مردوون وە ئەوانەش کە هێشتا زیندوون دەبێتەوە بە مۆتەکەیەک کە ڕۆح و جەستەی خۆی پێ دەچەوسێنێتەوە.)
(ئیسقانی مردووەکان لەبەر ڕووناکی مانگەکەدا سپی دەچوونەوە، سارا بە دەستێکی قەراغی ژیرکراسەکەی گرتبوو. بە دەستەکەی تری بەردەوام ئێسقانەکانی کۆدەکردەوە و لە کۆشی دەنا، زوو زوو لە بەر خۆیەوە دەیگوت: دەی خێر لە خۆتان نەبینین، دەی خوایە زیندووتان ماڵوێران بێت و ئێسک و پروسوکی مردوویشتان بە خوراکی سەگ و گورگەکان بێت.) [10]
نووسەر بە جۆرێک ئەم دۆخە تراوماتیکیە مێلانخۆلیەی سارا تۆخ دەکاتەوە، کە بۆ ئێمەی خوێنەر ئەستەمە سارا لە خودی مەرگ جیا بکەینەوە، بەو مانایەی کە ئەم ڕۆمانە کاڵکردنەوەی ئەو تاڵە دەزووەیە کە لە نێوان ژیان، مەرگ و ڕق و خۆشەویستیدایە.

ئەبراهام لە بەشی سێهەمی ڕۆمانەکەدا لە بەشێکی کورتدا بە ناوی (یاداشتەکانی سارا) وە دیوێکی تری سارامان پیشان دەدات، سارا وەک زمان و گێڕانەوە گوزارشت لە ئەزموون و بوونی خۆی دەکات. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم بەشە کورترین بەشی ڕۆمانەکەیە! جا ئەگەر نووسەر بە ئاگایییەوە ئەم کارەی کردبێت یان بە نائاگاییەوە، ئەوا بە ڕای من ئەبراهام ناهێڵێت ئێمە بەر ئەگەری چاکبوونەوەی سارا بکەوین. دیسان گەر سارا وەک مێلانخۆلیەک توانیبێتی گوزارشت لە ئازار و ئەندێشەکانی بکات، چیرۆکی ژیانی خۆی گێڕاییتەوە ئەوا خودی ئەو گێڕانەوەیە دەبێتەوە بە هەنگاوێک بەرەوە دەربازبوون لەتراومای لە دەستچوون و زاڵبوون بە سەر دەروونە مێلانخۆلیەکەیدا. دیارە نووسین وەک بەرکەوتن بە نەزمی ڕەمزی، نووسین وەک هەوڵێک بۆ ئاشتبوونەوە و گەشتنی مەحاڵ بە ئۆبێکتی لە دستچوو (نیشتمان-دایک). نووسین وەک مەیلێکی داهێنان، وەک پردێک لە نێوان ڕەتکردنەوەی کەسی مێلانخۆلی بۆ زمان لە لایەک و بۆ توانای دەربڕین و قسەکردن لەسەر ئازار و ئەندێشەکانی لە لایەکی ترەوە، وەک ئارەزوویەک بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی بۆ ژیانی بەر لە کارەسات. خود نووسینەوە ئەو فەزایە لە ئارامی بۆ گێڕانەوە دروست دەکات، هەر وەک ئەوەی دەرونشیکارێک لە بەرامبەرت دانیشتبێت و هێورهێور گوێ بۆ گێڕانەوەکانت بگرێت (لێرەدا کەسی دەرونشیکار هەر خودی سارا خۆیەتی، بەو پێەیی نووسینەکەی جۆرێکە لە بایۆگرافی، وەرگر و گوێگر هەر خۆیەتی.)

هەڵبەت گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە مێلانخۆلیا لە ڕووی مێژوویەوە بەستراوەتەوە بە فیکر و زهنەوە. بە تایبەت لە کاری فەلسەفە و داهێنانی هونەریدا. فەلسەفە وەک یەکەم ساتی داخڵبوونی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی قسەکەر. بەو پێە یەش مێلانخۆلیا سروشتی فەیلەسوفەکانە. گەر مێلانخۆلیا ئاماژە بێت بە جۆرێکی دیاریکراو لە مەزاج ئەوا بە ڕای کرێستیڤا مەزاج خۆی دەتوانرێت بە زمان دابنرێت، مەزاج وەک گوزارشت لە پەشێویی و هەڵبەزین و دابەزینی وزە، نەک وزەی ڕووت خۆی. بە شێوەیەک کە بەرەو ڕووی دال ئاڕاستەمان دەکەن. دڵنیامان دەکەنەوە لە دۆخی پێشمەرجی هەردوو نەزمی خەیاڵ و نەزمی ڕەمزی. بەو پێیەش کاری ئەدەبی ئەم کاریگەرییەی مەزاج دەگۆڕێت بۆ ڕیتم، ئاماژە، فوڕم کە هەم مێلانخۆلیکە وە هەمیش خودی قسە و دواندنی خۆیەتی. بە ڕای کرێستیڤا ئەدەب و کاری هونەری جۆرێکی نوێیه لە زمان، واتە زمانێکە دەکەوێتە سەروو زمانەوە. زمانێک کە نووسەر دڵنیا دەکاتەوە کە بە دەستێکی باڵا و ئەوپەڕی کەماڵبوونەوە دەگاتەوە بەو شتەی لە دەستچووە یان ڕوونتر بڵێین دەستی دەگاتەوە بە دایک وەک ئۆبێکتی لە دەستچوو.

بۆ ئەوەی لەم شیکارییە تێ بگەن پێویستە بگەڕێنەوە بۆ تێزی کرێستیڤا سەبارەت بە ئایدیای دووبارە ئیرۆتیزەکردنی نەزمی ڕەمزی. کرێستیڤا پێیوایە بە فەلسەفیکردنی زمان بە مەبەستی ئیرۆتیزکردنەوەی نەزمی ڕەمزی تێکەڵ بە (فیکری نیکرۆفیلیەوە) دەبێت. هەڵبەت تێزە زمان و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ مەرگ درێژکراوەی تیۆرەی فرۆیدییە؛ کە پێیوایە خود ئاگایی زادە و بەرهەمی ئەنگێزەی مەرگە، زمان ئەو تۆێژاڵە یە کە دروست دەبێت بۆ هێشتنەوەی دەروون وڕەوانی مرۆڤ، پاراستنی لە شاڵاوی ئەنگێزەکان. کریستێڤا پێیوایە کە زمان لە خزمەتی ئەنگێزەی مەرگدایە، بەو مانایەی لە لایەکەوە جەخت و تەئکیدی لەسەر دەکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە ئاماژەکانی دەگۆڕێت تا بتوانێت بیپارێزێت و بیهێڵێتەوە. خودی زمان کە دالەکانی ناوی ئاماژەن بۆ شتە غائبەکە (لە دەستچووەکە)، هەر خۆشیی دەبێت بە قەرەبوو و جێی دەگرێتەوە. کرێستیڤا دەڵێت: (هونەر سنورەکانی پرۆسەی دال لە ناخی مرۆڤدا دەشکێنێت و بە سەریدا تێدەپەڕێت، بە دەمامکی قۆچی قوربانییەوە، مەرگ لە ناو خۆیدا هەڵدەگرێت. سەرەڕای ئەمەش لەگەڵ خۆیدا سیمۆتیکا بە سنورەکاندا کێشدەکات تا لەوێدا وەک سمیبولیک خۆی بنەخشێنێت و ڕێ بە ئیرۆتیزەکردنەوەی بنیاتێکی مردوو بدات. گەڕانەوە لە ڕێێ ڕووداو بەسەرهاتی مردووەکانەوە، ئەوا هونەرمەند/ نووسەر سکێچێکی نوێ بۆ دووبارە له دایکبوونەوە وێنا دەکات بەمەش شەپۆلێکی تر لە ژیوسانس دەخاتە ناو زمانەوە.) [11]
سارا دەڵێت: (پەیوەندییەکان سنووردارن و لە دیواری حەوشەی ماڵەکەمان تێناپەڕن، بەردەوام لە هەمووان دەڕوانم لە پەیوەندی نوێ دەگەڕێم. سەرەتای هەموو دۆستایەتی و هاوڕێتییەکم لە منەوە دەست پێدەکات.) [12]

ئیش نەکردن لەسەر ئەم پۆتێنسیالە لێرەدا مەبەستم لە نووسینە وەک ئاوڕشێنکردنی ڕۆحی سارا بۆ زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی بۆ ژیان، سارا لە کەسێکی مێلانخۆلی ئاسایی بە مانا فەلسەفەییە دێرینەکەی دەگۆڕێت بۆ کەسێکی مێلانخۆلی بە مانا پاتۆلۆژیییەکەی. سارا وەک کەسێکی پرزە لێبڕاو کە هەست نە بە خۆی دەکات و نە بە دەور و بەرەکەشی، بە جۆرێک نغرۆی ئەو شتە بێناو و نە گوتراوە دەکەوێت کە ئیدی بەرەو سنورەکانی مەرگی دەبات، لەوێندەرێ لەگەڵ مردووەکان دەبنە هاودەم و هاوسۆزی یەکتر. بەڵام ئەبراهام وەک بڵێی ڕازی نییە سارا چاک بکاتەوە، وەک بڵێی بیەوێت لەو ئەندێشە و ئازارەی خۆیدا نووقم و نغرۆی بکات، تا ئەم خۆی وەک نووسەر بتوانێت لە نووسین بەردەوام بێت. هەر ئەم مەیلی لە دایکبوونەی نووسەر خۆی وەک زمان وا دەکات بە هەڵەداوان و بە پەلە پڕوزکێ یاداشتەکانی سارا تەواو بکات. یاداشتەکان وەک ساتی لە لەدایکبوونەوەی سارا وەک نووسەر، حیکاتخوان، چاوێکی زیندووی ڕووداو و یادەوەرییەکان. هێشتنەوەی سارا وەک دەروون شێواوێک، وەک کەسێکی مێلانخۆلی بە مانا پاتۆلۆژییەکەی مەرجی یپێشوەختی چاکبوونەوەی ئەبراهامە، بۆ ئازاری لە دەستچوونی دایک وەک نیشتمان، وەک ئۆبێکتی خۆشەویستی. مەرجی پێشوەختی بەردەوامبوونی ئەوە وەک نووسەر، وەک حیکاتخوانە ڕاستەقینەکەی ئەم مێژووە و ئەم یادەوەرییانە. بەو مانایەی کە زۆر جار ڕوون نییە کێ ئەم مێژووە دەگێڕێتەوە، ئەبراهام گەمە بە خودی گێڕانەوەکە دەکات. لەو شوێنەی هەستدەکەین کەسی حیکاتخوان خۆی شایەتحاڵی ئەو مێژووەیە و هاوکات جەنگاوەرێکە دەستەویەخە شەڕی مانەوە دەکات، لە هەمان کاتدا ئەو هەستەمان دەداتێ نەخێر ئەوەی ئەم مێژووە دەگێڕێتەوە چاوێکە، زومێکە سات بە ساتی ڕووداوەکانی لە ڕێی زومی کامێراکەیەوە چرکاندووە، وەک چۆن وامان لێدەکات لە ساتێکی تردا بڵێن نەخێر ئەمە تەنیا چاوی زوومی کامێرایەک نییە. بەڵکوو گوێێەکە هەموو شتێکی گوێ لێبووە لە یەک کاتدا هەموو ئەو شتانەیشی بیستووە، کە چاو پەی پێ نەبردوە بە مانا فرۆییدییکەی. وەلێ بە ڕای من پیاوێک شتەکانی بینیوە و ژنێکێش چیرۆکەکانی بیستووە و گیڕاویەتیەوە. لە بەشی (یاداشنامەکانی سارا)دا، ئەبراهام بەشێک لەو گێڕانەوەیە دەخاتە ڕوو وەک بڵێی کلیلی کردنەوەی جوغز و سیحری ڕۆمانەکەمان-مێژووەکەمان دەداتێ، بەڵام هەر زووش لێی پەشیمان دەبێتەوە.

نووسەر ڕێنادات نووسینەکانی سارا جارێکیتر ڕۆحی ئاوەرشێنکەن و تەڕی بکەنەوە. بیکەنەوە بە مێینە پڕە لە ژیانەکەی جاران. بەڵکوو سارا لەگەڵ دەردەکوشندەکەی و ئۆبێکتە لە دەستچووەکەی، لەگەڵ دەروونە مێلانخۆلیەکەی بەجێ دەهێڵێت. وەک ئەوەی پێمان بڵێت دوو نووسەر لە ناو یەک تێکستدا جێیان نابێتە، وەک ئەوەی پێمان بڵێت دوو کەس ناتوانن لەسەر هەمان چرپای دەرونشیکاری ڕاکشێن و لە هەمان کاتدا ناتوانن و خۆیان بگێڕنەوە. مەحاڵە لەیەک کاتدا هەردووکیان بگەنەوە بە عەشقی لە دەستچوو، یەکێکیان دەبێت جێ بۆ ئەوی تریان چۆڵ بکات. یەکێکییان دەبێت نەخۆش و مێلانخۆلی بێت تا ئەوی تر ڕۆحی ئاسوودە و ئازاد بێت.

ژیان – مەرگ – ژن- خودا
(هەموو عەشقەکان هەوڵێکی مەحاڵە بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی دایک بەڵام بە نەزم و زمانی باوک.)
(دڵنیام ڕۆحیانەتی سارا لە سنووری نیشتمانەکەی خۆی دەرنەچووە، وەک خۆی چۆن بەردەوام تەمەننای ئەوەی کردبوو، کە بە مردوویش نایەوێت لەزێدی باووباپیرانی دوور بکەوێتەوە. ئەو خۆشەویستی سالار و باپیرە خایم بوو. ئەوان هەردەم دەیان ویست بۆ لای ئەو بگەڕێنەوە. بۆ نیشتمانەکەی سارا. وەکو چۆن باپیرە خایم وتبووی، ئەگەر سارا ئەوەندە لە دڵی مندا شیرین بێت ئەوا ئەو جێگایەی ئەوی لێیە نیشتمانمە و تەمەننا دەکەم دوانزرگەی منیش بێت.)

ئەگەرچی ئێمەش و ئەبراهامیش ئەو ڕاستییە دەزانین و درکی پێدەکەین کە ئەوانەی ڕۆژانێک لەوێبوون، مردوون و وەک مێژووش بێدەنگ و خەفە کراون، وەلێ ئەم ڕۆمانە زیندووکردنەوەی ئەو نەستە مرۆییەیە بۆ نەمریبوون، ڕەت کردنەوەی مردن، باوەڕ نەهێنانە بە لەناوچوون. نیشتمانی سارا دەبێتەوە بە نمایش و ئاماژەیەک بۆ پارادۆکسی مەرگ، وێنای مەرگ لەسەرو و ژیانەوە. بۆ ئەوەی بژییت و هەبیت ئەوا پێویستە شتێک لە دەستبدەیت، ئەم لەدەستدانەیش خۆی جارێکی تر ئارەزوو بۆ ژیان دروست دەکاتەوە، ئەو ئارەزووەی کە نایەتە بوون بەر لەوەی شتێک لە دەست نەدەین، بەر لەوەی ئامادە نەبین بۆ لەدەستدانی خودی ژیان خۆی. ڕاستیەکە ئەوەیە کە مەرگ هەمیشە لەوێیە و چاوەڕێمانە، ئەو سەری ژیان خۆی مەرگە، ئەمەش ماناڕاستەقینەکەی ژیانە بە مانا دەرونشیکارییەکەی. لە ڕێی زمان و هۆنێنەوەی ماناوە ئەم ڕاستییەی بوون دوا پنتی بوون کە مەرگە دەدرێتەوە بەسوبێکت. هەر بۆیەش مرۆڤ لە ڕێی زمانەوە دەتوانێت پاڵ بە مەرگەوە بنێت و نکولی لێ بکات. بە خەیاڵ ئاماژەکانی بگۆڕێت و جارێکی دیکە لەفۆڕمێکی تردا ئارەزووی بکاتەوە. بۆ ئەوەی لە مەبەستەکەم نزیک ببمەوە ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە سەر تێزەی دەرونشیکاری سەبارەت بە دروست بوونی سوبێکت. زۆر بە سادەیی مناڵ دەبێت بە دۆخێکی خەمۆکی و شۆک ئامێزدا بڕوات تا بچێتەوە ناو نەزمی زمانەوە تا بتوانێت ببێتە بوونەوەرێکی قسەکەر. وەلێ هەموو ژیانی باجی ئەم یەکەم لە دەستچوونە، ئەم جیابوونەوەیە لە جەستەی دایک دەدات، ژیان لە نەزمی باوکدا هەوڵێکی بەردەوامە بۆ گەڕانەوە بۆ لای دایک، ئەم هەوڵانەیش یەکەم جار لە ڕێی خەیاڵ و فانتازیاوەیە. کاتێک مانا وەک زمان دێتە ناو ژیانی مرۆڤەوە ئەوا بە شیوەیەکی خۆوەکیانە مەرگ تێکەڵ بە ژیان دەبێت. چونکە زمان وەک ئەو شوێنەی کە هەموو ماناکانی لێوە هەڵدەقوڵێت شتێک دەبەخشیت بە سوبێکت، شتێک کە دەتوانین بڵێن هۆی بوونی سوبێکتە، بەو مانایەی کە هۆی بوونی سوبێکت خۆی بەستراوە بە دالەوە. سوبێکت ناتوانێت خۆی دروست بکات بەڵکوو بەستراوە بە ئەویی ترەوە وەک دال. ئەم گەڕانە بە دوای مانا و حەقیقەت وامان لێدەکات بە بەردەوامی و بێهوودانە عەوداڵبین بە دوای فیگەرێکدا کە زۆر جار لە وێنای خودا، باوک، دایکدا دەیبینینەوە تا بتوانین دنەی خەیاڵ و فانتازیامان بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا خەفە بکەین.

گەر ئەم ڕۆمانەمان وەک دەقێکی ئەدەبی بۆ گێڕانەوەی ژیان و ژیاری جووەکان لە سلێمانی قبوڵ بێت. وەک گەڕانەوەیەکی ئەبەدی ئەبراهامی بۆ هەناوی نیشتمان لە ڕێی وێنای دایکەوە، ئەوا خودی ئەم گەڕانەوەیە لە ڕێی زمانەوە واتە لە ڕێی نەزمی باوکەوە بە بێ کوشتنی دایک کارێکی مەحاڵە بە مانا دەرونشیکارییەکەی. زاڵبوون بە سەر زماندا وەستایی تێیدا ئەو ئەوی تربوونە قبوڵدەکات. بە تایبەت دایک وەک ئەوی تر. بە مانایەکی تر، هاتنی سوبێکت بۆ ناو نەزمی ڕەمزی بەندە بە توانا و لێهاتوویی بۆ شین و زاریکردن و تازێباری بە شیوەیەکی ڕەمزی بۆ کوشتنی دایک.
کرێستیڤا دەڵێت: (ئاماژەکانی زمان خۆوەکین چونکە خودی زمان بە لە دەستچوون و هاوپێچ لەگەڵ شین و زاری دەست پێدەکات. من ئۆبێکتێکی بنەڕەتیم لە دەستداوە کە ڕۆژانێک بوونی هەبوو، کە دایکم بوو… بەڵام نەخێر لە دەستم نەچووە من جارێکی تر دەتوانم بیدۆزمەوە و لە ڕێی ئاماژەکانی زمانەوە، یان لە بەر ئەوەی ڕازییم بە لەدەستدانی کەواتە لە دەستم نەچووە (ئەمەش نکولیکردنە- نێگەتیڤەکەیە) دەتوانم لە مانادا بیهێنمەوە.) [13]

بە ڕای کرستیڤا مناڵ لە شەش مانگی تەمەنیدا بە جۆرێک لەگەڵ جەستەی دایکی هاوژین و هاوتایە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان خۆی و ئەو جەستەیەدا نابینێت، ئەو قۆناغەی کە لای فرۆید بە (نارسیزمی سەرەتایی) ناودەبرێت، واتە بوونی سوبێکت لە خاڵی سفردا، قۆناغێکە پڕە لە کاوس و قەیران. لەم قۆناغەدا جەستەی دایک هەم ژیانبەخشە و هەم مەرگ ئامێزیش، ژیان بەخشە چونکە سەرچاوەی ژیان و ئارامییە بۆ مناڵ و خۆراک وپێداویستیەکانی خۆی لێوە وەردەگرێت، مەرگ ئامێزیشە چونکە باوەش و ئامێزی دایک ڕێ لە مناڵ دەگرێت بۆ خۆی ببێتە کەسێکی سەربەخۆ. کرستیڤا ئەم پەناگە سەرەتاییەی مناڵ بە (چۆرا) ناو دەبات. چۆرا (Chora) وشەیەکی گریکیە و کریستیڤا وەک زاراوەیەک لە پلاتۆوە وەریگرتووە. کە بە مانای شوێن یان فەزایەک دێت، لێ لای ئەم وەک هاومانای مناڵدانی دایک بەکار دێت. لەو قۆناغەدا کە هێشتا توانای زمان گەشەی نەکردووە و دۆخێکە پڕ لە هەڵچوون، کاوس، ئاژاوە و ژاوەژاوی هەستەوەر و پێداویستیەکان، دۆخێک کە هێشتا مناڵ تێیدا نازانێت ئەوی تر لە دەرەوەی خۆی و جەستەی دایکی بوونیی هەیە. ئەوەی کە لەم قۆناغەدا جڵەوی مناڵ دەکات هەردوو غەریزەکانی ژیان و مەرگن.

کریستیڤا پێی وایە؛ مانەوە لەم قۆناغەدا یان گەڕانەوە بۆ قۆناغەکانی تری تەمەن، واتە تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی و سیکۆس کە لە فۆڕمی میلانخۆلیا (خەمۆکی و ڕەشبینی)دا خۆیان نمایش دەکەن. کەسی میلانخۆلی لە زماندا وێڵی ئەو دایکەیە کە لە قۆناغی پێش ئۆدیپیدا هەیبووە، دایکێک کە ئەستەم بووە بتوانێت لێی جیا ببێتەوە، هەر بۆیە ئەم تازێباری و ناسۆرییەی کەسی مێلانخۆلی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو جیابوونەوە سەرەتاییە… کەمجار لە جەستەی دایک کە کریستیڤا بە (ئابجێکشن) ناویدەبات. بۆ ڕونکردنەوەی خاسیەتەکانی کەسێتی مێلانخۆلی کرستیڤا باس لە بوونی شتێک (Thing) دەکات، شتێک وەک خۆرێکی فانتازی کە هەم ڕۆشنە و هەم تاریک: (شت)ێکە کە کەسی مێلانخۆلی بە هۆی نەبوون و لەدەستدانی (ئەوی دی)یەوە ئاوێزانی بووە، ئەوی دییەک کە هەم جوانە، هەم خراپ و دزێویش. کریستیڤا دەڵێت: (من ڕقم لەو (شت)ە دەبێتەوە چونکە خۆشم دەوێت، تاوەکوو لێم ون نەبێت، دەیخەمە ناو خۆمەوە و توند لە خۆمەوە دەئاڵێنم، بەڵام لەو کاتەشدا هەر ڕقم لێیەتی. ئەوی دیی ناو من، منێکی ناشرین و دزێوە، هەر بۆیە من خراپم، من بوونم نیە، من دەمەوێت خۆم بکوژم.) [14]
لەبەر ئەوەی کەسی مێلانخۆلی هەستێکی بەردەوامی خۆشەویستی/ ڕقی بۆ ئەو (شت)ە (جەستەی دایک) هەیە، دەبیینین کە چەندەها جار خۆی کەم نرخ و بچووک دەکاتەوە. ئەو (شت)ە دۆخێک له سەرلێشێوان و شپرزەیی ئیرۆتیکی بۆ دروست دەکات، هەر بۆیەش کەسی مێلانخۆلی لەگەڵ کەمترین ناڕەحەتی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە خۆی فڕێبداتە ناو جۆرێک لە فەوتان و لەناوچوونی ئەبەدییەوە تا بە ئۆبێکتە لەدەستچوە کۆنەکەی (جەستەی دایک) شاد بێتەوە.

بەو پێیەی قسە لەسەر مەرگ بکەین و پەیوەندی مەرگ بە جەستەی دایکەوە؛ ئەوا دەبێت بگەڕینەوە سەر ئەو تیزەی ئەنگێزەی مەرگ لای فرۆید. لە ساڵی (1920) دا بۆ یەکمجار فرۆید لە (لەسەروو پرەنسیپی چێژ)ەوە، چەمکی غەریزەی مەرگی ناساند و گەشتە ئەو دەرئەنجامەی کە غەریزەی مەرگ زاڵترین و کاریگەرترین پاڵنەرە لە ژیانی مرۆڤدا. فرۆید مەرگ لە مانا باوەکەی خۆی وەک دێوزمە ئەزەلیەکەی مرۆڤ و خاڵی کۆتا دووردەخاتەوە و لێکدانەوەیەکی تەواو جیاوازی بۆ دەکات. مەرگ وەک پوچترین حەقیقەت کە هەمیشە لە بەردەمانادایە. بە مانا هایدگەرییەکەی، پوووچ بەو مانایەی کەڕاستەیەکە ناتوانیت خۆتی لێ لادەیت یان بە دوور بگریت یان هیچ نەبێت وادەکەی دووخەیتەوە، مەرگ لە پەنا گوێماندایە ئەو کاتەی کە ویستی بەبێ پرس لەگەڵ خۆی دەمانبات. بەڵام لای فرۆید مەرگ نەک لە بەردەماندایە بەڵکوو لە ناوماندا نیشتەجێیە، لەو کاتانەیش کە مەیلی خودکوژیمان دەجولێت ئەوسا دەبین بە مەرگ خۆی.

بە ڕای فرۆید مەرگ دووبارەکردنەوە و گەڕانەوەیەکی بە زۆرەملییانە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆ ئەو شوێنەی کە هەموو شتەکان و ڕووداوەکانی لێیە. مەرگ ئەو بازنەیە یە کە دەسوڕیتەوە لە دەوری مرۆڤ، بەڵام بازنەیەکی داخراو و داشکاویش نییە بە سەر خۆیدا بەڵکوو، درز و کەلێنێکی تیایە کە مرۆڤ دەتوانێت پری بکاتەوە. هەڵبەت دواتر لاکان پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە بە (ئۆبجێکتە بچکۆلە) وەک سەرچاوەیەکی نائەقلانی بۆ چێژ کە له سەرەتاوە لە ئازاری بێگیانبوونەوە (بە شتببون)ەوه دروست دەبێت، ناودەبات. تێزی فرۆید سەبارەت بە غەریزەی مەرگ لەوەدا ڕادیکاڵ و ڕێچکە شکێنە کە سەرلەبەری تێگەشتنمان دەربارەی خودگەرایی بۆ قڵپدەکاتەوە، ئەو دیدەمان پیشاندەدات کە چۆن سوبێکت مەفتون و عەوداڵی خاڵی کۆتاییە وەک دوا سنوور و دوا مەنزڵگە. بە مانایەکی تر، مەرگ سیمبول و ڕەمزی خاڵی کۆتاییە نەک خۆی کۆتا و دوا سنوور بێت. هەر بۆیەش سوبژێکت یەک جار نامرێت بەڵکوو دەبێت دوو جار بمرێت، یەکەمیان ڕەمزییە و ئەوی تریشییان ئۆرگانی. فرۆید دیدێکی پراگماتیکی بۆ مەرگ هەیە و وەک هێزێکی ئەنتۆلۆژی لە پشت بوونی عەقڵی مرۆڤەوە تەماشای دەکات. ئەم دیدە فرۆیدییە لەو کاتەدا بۆ ئێمە ڕووندەبێتەوە و لێی تێدەگەین کە دەبینین چۆن لیبیدۆ و دواتریش ئیرۆس لە هەناوی مەرگەوە لە دایکدەبن و دێنەبوون. بەڵام جوغزەکە ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت چاوەڕێی مەرگی خۆی بکات. نەک هەر ئەوەش کەسمان باوەڕمان بەوە نییەکە ڕۆژێک دێت و لەدەستدەچین و نامێنین.

فرۆید لە وتارەکەیدا بە ناوی (بیر و بۆچوونەکان بۆ کاتی جەنگ و مەرگ) یەکێک لە ئامۆژگارییەکانی خۆیمان پێدەڵێت: (ئەگەر دەتەوێت بەرگەی ژیان بگریت، ئەوا خۆت بۆ مردن ئامادە بکە.) [15]
ئەم مەیلە بۆ سەرمەدی بوون و نەمری، مەیلی ژیان لە پشتی خودی مەرگەوە، کەڵکەڵەی بەهەشتی لای مرۆڤ دروست کرد. بەهەشت مەیلی مرۆڤە بۆ باوەڕنەکردن بە مردن وەک دوا پنتی ژیان، وەک مانا ڕووتەکەی ژیان.
فرۆید لەمبارەیەوە دەڵێت: (بە ڕاستی زۆر ئەستەمە بتوانین خەیاڵ بە مەرگی خۆمانەوە بکەین، هەر کاتێکیش هەوڵدەدەین ئەم کارە بکەین ئەوا هەر وەک بینەرێک خۆمان دەبینینەوە. بەو مانایەی کە قوتابخانەی دەرونشیکاری ئەو سەرکێشییەی کردووە لە تەئکید کردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ کەس لە ناخی خۆیدا باوەڕی بە مەرگی خۆی نییە، یان گەر هەمان دەستەواژە بە شیوەیەکی تر بڵێین، کە لە نەستی هەر یەکێکماندا لەوە دڵنیایین و باوەڕمان بە نەمری خۆمان هەیە.) [16]

ئەمەش بۆ خۆی سروشتی پارادۆکسی مەرگە لە پشت ژیانەوە. بەو مانایەی کە هەمووان دەزانین دەمرین و فەنا دەبین، بەڵام لە نەست و نائاگایماندا باوەڕمان بە نەمری خۆمان هەیە. هەر بۆیەش لاکان دەڵێت: (خودا خۆی نەستە.) کەواتە تاکە ڕێگەیەک بۆ مرۆڤ کە بتوانێت لە ڕێیەوە بەرگەی هەژموون و جەبەروتی مەرگی پێ بگرێت ئەو خەیاڵ و بڕ وەهمەیە کە خۆی خاوەنی بژاردەیەکە یان وردتر بڵێین وەهمی بژاردەیەک و باوەڕبوون بە زیندووبوونەوە بەژیانیێکی تر، ژیانێکی ئەبەدی کە لە دوای مەرگی ڕاستەقینەوە دەست پێدەکات. وەک چۆن لە خەیاڵە دینیەکەدا بەردەوام ئەوە دەگوترێتەوە کە ئەم ژیانە هیچ نییە جگە لەسەرەتایەک و دەستپێکردنی سەفەرێک بەرەو ژیانە ئەبەدییەکە. کە لە پاش مەرگەوە دەستپێدەکات. هەر بەوەشەوە ناوەستێت بەڵکوو هەموو ئەرکی تەقواو خود ناسێنێک لە ڕێی خودا ناسییەوە دەکەوێتە دەسپێکی ئەو سەفەرە ئەبەدییە وه، کە لەناو ئەم ژیانەدا دەبێت بکرێت وەک خۆئامادەکردن بۆ ژیانە ئەبەدییەکەی کە لە پشت مەرگەوە چاوەڕی هەر یەکەمانە. ڕوونتر بڵێین هەمیشە ژیان دەربارەی پارادۆکسی نێوان مەرگ و بژاردەیەکە. فرۆید شیکارییەکی ورد بۆ گرفتی نێوان مەرگ و بژاردەی مرۆڤ بۆ دوای مەرگ دەکات. ئەم وەڵامەیشی دەبەستێتەوە بە بیرۆکەی هەڵبژاردن لە نێوان چیرۆکی سێ خوشکەکە کە لە زۆربەی ئەفسانە و حیکاتەکەندا هەیە [17].
فرۆید لە نووسینەکەیدا بە ناوی (بیرۆکەی سێ سەبەتەکە)دا بە ڕوونی وەڵامی ئەو حەقدژییەی خودی بیرۆکەی بژاردە دەداتەوە. چونکە بە پێی چیرۆکەکە هەر جارێک دێتە سەر ئەوەی کام لەو سێ خوشکە هەڵدەبژێردرێت ئەوا هەر خوشکی سێییەم ئەو شانسەی دەبێت کە هەلبژێردرێت. وەک ئەوەی خودی هەڵ بژاردنەکەش شتێکی سەپێنراو بێت نەک زادەی هەڵبژاردن و بژاردەیەکی مرۆیی.

فرۆید دەڵێت: (دیسانەوە لە چیرۆکی سێ خوشکەکە هەڵگەڕانەوەیەکی خوازراو هەیە. ئەویش ئەوەیە کە بژاردە دەبێتەوە بە بەشێک لە زەرورەت و خودی قەدەر خۆی. هەر بەم شیوەیە مرۆڤ دەتوانێت بە سەر مەرگدا زاڵ بێت، ئەو کاتەی مرۆڤ درکی پێکرد و بۆی ساغبوەوە کە هیچ سەرکەوتنێک هێندەی گەشتن بەحەز و ئارەزووەکانی دڵخۆشکەر و باوەڕپێکراو نییە، کاتێک بژاردەیەک هەیە کە لە ڕاستیدا خۆی ملکەچبوونە بۆ ئەو شتەی کە بە زۆرەملێ و تۆپزی بەسەرماندا سەپێنراوە. هەر ئەمەش وا دەکات خودی بژاردەکە وەک فیگەرێکی تیرۆر و ترسناک نەبینرێت، بەڵکوو لە بەرگی میهرەبانترین و ئارەزووکراوترین ژندا خۆی نمایش بکات و ببینرێت. کەواتە هەڵبژاردنی نێوان سێ خوشکەکە لە خۆیدا هەلبژاردنێکی ئازاد و بێخەوش نییە چونکە بەهەر بارێکدا بڕوات هەر لە شانسی خوشکی سێیەم دەبێت.) [18]

هەربۆیە فرۆید دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە خوشکی سێیەم یان خوداوەندی مەرگە یان خودی مەرگ خۆیەتی. ئەوەی چانسی هەڵبژاردن دەدات بە خوشکی سێیەم جوانی و قەشەنگی و لێهاتوویی نییە بەڵکوو بێدەنگی و گەمژەیی و زەردهەڵگەڕاوی و ناشرینیەکەیەتی. کە هەموو ئەم سیفەتانە نواندنەوەی مەرگە، دالێکە بۆ ئەو شتەی دەکەوێتە پشت پرەنسیپی چێژەوە. پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ مافی هەڵبژاردنی هەیە ئەی بۆ چی مەرگ وەک بژاردەیەکی شیرین هەڵدەبژێرێت؟ وەڵامی فرۆید بۆ ئەم پرسیارە زۆر سادە و ساکارە ئەوەیە کە مرۆڤ لەو کاتەیشدا مەرگ هەڵنابژێرێت چونکە بەر لەوەی خودی هەڵبژاردنەکە ڕووبدات ئەوا جێگۆڕکێیەک و بە خستنە بردنی یەک ڕوویداوە، ئەویش گۆڕینی خوداوەندی مەرگە کە لە بری ئەو خوداوەندەی عەشق و خۆشەویستی جێ دەگرێتەوە.
فرۆید دەڵێت: (خوشکی سێیەم چیتر ئاماژە نییە بۆ مەرگ بەڵگو دەبێتەوە بە جوانترین، پەریترین، باشترین و خۆشەویستترین ژن.) [19]

ئەم وەڵامەی فرۆید پرسیارێکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئەویش پەیوەندی نێوان مەرگ و ژیان و ژن چییە؟ بۆ چی ژن-دایک جارێکی تر دەبێتەوە بە سیمبول بۆ ژیان دوای مردن. گەر جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەفسانەی سێ خوشکەکە هەڵبژاردنی سێهەم خوشک وەک تاکە بژاردە و دوا ئەڵتەرناتیڤ، فرۆید دەڵێت بێهودەییە کە ئەو پیرە پیاوە تامەزرۆی خۆشەویستی ژنێکە هەر وەک ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ دایکی لە ساواییدا هەیبووە، هەر بۆیە قەدەری سێیەم بە تەنیا وەک خوداوەندی مەرگی بێ سرتە و بێدەنگ دەتوانێت بیخاتەوە ناو باوەشی دایکی.) [20]

ئەبراهام لە چاوپێکەوتنەکانیدا و لە مەڕ قسەکردن سەبارە سارا هەم وەک ناونیشانی ڕۆمانەکە وە هەمیش وەک سەرەکیترین کارەکتەری مێینەی ناو ڕۆمانەکە، کە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە دەوری ئەو دەخولێتەوە، دەڵێت کە سارا مانای نیشتمان! وەک چۆنیش هەمیشە جەخت لەسەر کوردبوونی جووەکان دەکاتەوە وەک نەتەوە نەک جوو بوونیان وەک ئایین. لەگەڵ جەختێکی زۆر لەسەر مەفهومی ئایین لە ناو ئەم ڕۆمانەدا و سیمبولیزەکردنی کەنێسەت وەک ڕمزەی جووەکان بەڵام هێشتا خودا ونە. ئەم غائبە سێنتراڵە لە ناو ڕۆمانەکەدا. وامان لیدەکات بیر لە پەیوەندی نێوان خودا، ژن و نیشتمان بکەینەوە. چونکە بە باوەڕی من ئەبراهام خودی خوداشی کردۆتەوە ناو جەستەی سارا وەک مێینە وەک نیشتمانی دایک.
کەواتە بۆ ئەبراهام وێناکردنی سارا وەک نیشتمانی دایک لە بیرۆکەی دایک وەک خوداوەند نزیکدەکاتەوە. دایک هەم وەک خولقێنەر و دروستکەر، وەهەمیش وەک وێرانکەر و ڕووخێنەر. دایک وەک ڕەمزی ژیان و مردن. دایک وەک ئاماژەیەک بۆ وەهمی گەشتن بە حەقیقەت. گەر ئەم تێزەی فرۆید لەپەیوەندی نێوان مەرگ و ژن بە هەند وەربگرین؛ ئەوا جێگای خۆیەتی بپرسین کە بۆ چی ئەبراهام سارا وەک دایک و مێێنە دەکاتەوە بە نیشتمان لە دوای مەرگ و فەنابوون؟ ئەمە لە کاتێکدا کە پاڵەوانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان هەم لە واقیعدا وە هەمیش لە ناو ڕۆمانەکەدا پیاوەکانن نەک ژنەکان؟

ڕەنگە بەشێکی وەڵامەکە ئەو ڕاستییە بێت کە ئەبراهام وەک نووسەرێک بە ئاگایە لە میتۆدۆلۆژیای گریکی، بەبە کارهێنانی ژن وەک وێنا و ئاماژە بۆ مەرگ، بۆ پەیوەندی نێوان مەرگ و ژیان. بەڵام بەشەکەی تری وەڵامەکە لێکدانەوەی مەرگە بە مانا دەرونشیکارییە لاکانییەکە. مەرگ وەک ئەوی تر و بەشە گرنگەکەی بوونی مرۆڤ. بە ڕای لاکان ترس و و تۆقین لە ئەوی ترە، که تەنیا دەتوانرێت لە نیگا و سەیرکردنمانەوە بەرجەستەی بکەین. سیحر و جوغزی ئەم و ئەویی تربوونە وەک بەشێک لە ژیان و بوونی مرۆڤ، وەزیفەی ئارەزوو لە پەیوەندی بە مەرگەوە زەقدەکاتەوە. مرۆڤ دەبێت خۆی بپارێزێت و خۆی بە دوور بگرێت لە حەز و ئارەزووی خۆی بۆ مەرگ و فەنابوون.

لاکان دەڵێت: (مرۆڤ دەبێت خۆی بپارێزێت لەوەی کە بچێتە ناو ئەو زۆنە نەگوتراوەی ئارەزووی ڕەهاوە، کە ئەویش ئارەزووی وێرانبوون و فەنابوونی ڕەهایە، وێرانبوونێک کە دەکەوێتە سەرووی فەنابوون و لەناوچوونەوە). هەر بۆیەش بۆ لاکان پرسیارەکە ئەوەیە ئایا جوانی و نازداری فیگەری فێمینە وەک ئەوی تر، دەتوانێت ئەم بارەمان لەسەر شان هەڵگرێت، ئایا ژن دەتوانێت بەرگەی ئەم ئەویی تربوونە بگرێت؟ گەر دەرکەوتنی جوانی ئەم ئارەزووە کوشندەیە بۆ فەنابوون سفر بکاتەوە و لە ناو خۆیدا هەڵیلوشێت، ئەوا ئایا ئەم جوانییە خۆی دەبێتەوە بە قەڵغانێک لە خودی مەرگ و فەنابووندا بمانپارێزێت؟ لاکان لە (ئێنکۆر)دا وەڵامی ئەم پرسیارەوە دەداتەوە و دەڵێت: (هەر لە بەرئەوەی ژیوسانسی ژن هی خۆی نییە دەکەوێتە لای ئەوی تر، ئەمە وادەکات پەیوەندییەکی جیاواز و دانسقەی لەگەڵ خودی خوایشدا هەبێت، پەیوەندییەک گەورەتر لە هەموو ئەو مەزەندە دێرینانەی کە تاوەکو ئێستا ئێمە لەو ڕێیەدا بەری کەوتووین و لێی تێگەشتووین، تێگەیشتنێک کە هەر بە قازانج و باشەی مرۆڤایەتیی کەوتۆتەوە.) [21]

ئەم شیکارییە دەمانباتەوە سەر باسی ژیوسانسی ژن بەو مانایەی کە ژیوسانسی ژن بریتییە لە پەیوەندی نێوان ئەوی تر(the Other)، وە ئەوەی کە دەکەوێتە سەروو ئەم ئەویی ترەوە، هەر بۆیەش وێنای ژن نواندنەوەیەکی ئایدیاڵ و دانسقەیە بۆ ئەم پەیوەندگیرییەی نێوان نەزمی ڕەمزی و واقیعی مردنێکە خۆی دەکەوێتە سەروو ئەم نەزمەوە. جەستەی ژن خۆی دەبێتەوە بە ئاماژە و بەرجەستەیەک بۆ ئەم دابەشبوون و درزەی ژیوسانسی خۆی. وەلێ هەرکات ئەو درزە داپۆشرا و ژیوسانسی ژن بووە بە یەک و کرایەوە ناو خۆی ئەوە فیگەر و وێنای ژن دەتوانێت لە خودی مەرگ بمانپارێزێت، ژن یەکە و گشتیشە (One and All)، ژن بێ ناوە هەر وەک چۆن خودا بێ ناوە بە مانا دەرونشیکارییەکەی.

ئەوە تەنیا و تەنیا ژن-دایکە بە بێ دەنگی و بە بێ مەرج هەموومانی خۆش دەوێت. هەمیشە باوەشی گەرمی ئامادەیە لە ئامێزمان بگرێت، ئەویش دایکی نیشتمانە کە لەم ڕۆمانەدا لە فیگەری (سارا)دا بەرجەستەیە. مەرجی پێشوەختیش بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە باوەش و ئامێزی دایک، واتە ئەم ئامێز گرتن و باوەش کردنە هەر بە مردنی ئێمە بە ژن و پیاوەوە دەبێت. ئەبراهام ئەو بێگانەبوون و ئەوی تر بوونە هاوکات زالبوون بە سەر ئەوی تری سێنتراڵ و غائبە بەم شیوەیە چارەسەر دەکات. وەک ئەوەی پێمان بڵێت دوا جار هەموومان دەچینەوە باوەشی دایە گەورەمان لە باوەش و ئامێزی ئەودا هیچ جیاوازییەک نامێنێت. منی کورد-جوو لە تۆی کورد -موسوڵمان جیاوازی نییە. دایک کوا جیاوازی لە نێوان مناڵەکانی خۆیدا دەکات ئەگەر چی هەرمنداڵێکیشی لە باوکێکی جیاواز بێت، باوک وەک نەزم باوک وەک ئەوی تری گەورە و سەردەست.
ماوە بڵێم کە نیشتمانی سارا سەرکەوتنێکی ڕەمزییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەستچووە (جووەکان وەک مێژوو)، خودی ڕۆمانەکە ڕەخنە و لۆمەکردنێکی بێ وێنەیە و دەبێتەوە بە ئارەزوویەک بۆ زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی ئەوی تر بوون-بێگانەبوون ئەمەش لە ڕێی ئاماژەکردن و نواندنەوەی ئەم ئەویی تربوونە جارێکی تر لە زماندا و پێشکەشکردنی بە ئێمەی خوێنەر وەک دەقێکی ئەدەبی.[1]

سەرچاوەکان:
1- Freud, S. (1917e). Mourning and melancholia. In: S.E., XIV. London: The Hogarth Press.
2- Freud, S. (1913f). The theme of the three caskets. In: S.E., XII. London: The Hogarth Press.
3- Freud, S. (1915b). Thoughts for the times on war and death. In: S.E., XIV. London: The Hogarth Press.
4- Freud, S. (1920g). Beyond the pleasure principle. In: S.E., XVIII. London: The Hogarth Press.
5- Gobodo-Madikizela, Pumla. A Human Being Died That Night: A South African Story of Forgiveness. Boston and New York: Houghton Mifflin, 2003.
6- Kristeva, Julia1989. Black Sun: Depression and Melancholy. Trans. Leon S. Roudiez. New York: Columbia University Press.

[1] Frued S. 1917. S. 248.
[2] Krestiva J. 1989.s. 12.
[3] Frued S. 1917. S. 250.
وەرگێرانی خۆم بۆ تێکستە ئینگلیزییەکە.
[4] نیشتمانی سارا، لا. 299 و 300
[5] نیشتمانی سارا، لا. 316
[6] نیشتمانی سارا، لا. 310
[7] نیشتمانی سارا، لا. 284
[8] Gobodo M. p. 86.
[9] نیشتمانی سارا، لا. 252
[10] نیشتمانی سارا، لا. 312
[11] Krestiva J. 1989 s. 22.
[12] نیشتمانی سارا، لا. 366
[13] Kristeva J. 1989. S. 43.
[14] هەمان سەرچاوە، لا. 40
[15] Freud ,1915b, p. 300.
[16] هەمان سەرچاوە
[17] هەمان سەرچاوە لا. 289
[18] هەمان سەرچاوە، لا. 299
[19] هەڵبەت تێزەی سەرەکی فرۆید سەبارەت (بیرۆکەی سێ سەبەتەکە) لە دیمەنی شانۆی (پاشا لیر) ی شکسپیرەوە وەرگرتووە، ئەو کاتەی کە پاشا لە نێوان ژیان و مردندا لە ڕۆحکێشاندایە و قەدەری مەملەکەتەکەی دەکەوێتە دەستی سێ کچەکەیەوە، بەڵام ئەوەی ئەم قەدەرە دیاریدەکات خۆشەویستی و میهری کچەکانە بۆ باوکیان.
[20] Freud 1913, s. 291.
[21] Lacan, 1975a,p. 77.
ئەم بابەتە 773 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | کولتور مەگەزین
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 3
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: ڕانانی پەرتووک
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
خاوەنی ئەم بابەتە بەسوپاسەوە، مافی بڵاوکردنەوەیی بە کوردیپێدیا بەخشیوە! یان بابەتەکە کۆنە، یاخود بابەتەکە موڵکی گشتییە.
کوالیتیی بابەت: 98%
98%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان عەلی )ەوە لە: 17-06-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 17-06-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 17-06-2022 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 773 جار بینراوە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
ژیان عەلادین
ژیاننامە
درەخشان فەرەج سەعدون
پەرتووکخانە
بە تیشکی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
ژیاننامە
مەیان خاتوون
ژیاننامە
مژدە جەمال کەمالەدین
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێ...
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
04-03-2024
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مەلا عەبدوڵڵای وەڕازی
ژیاننامە
کەمال محەمەد ڕەمزی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
پەرتووکخانە
دووبارە پێناسەکردنەوەی کورد...
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
29-01-2024
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
19-03-2024
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
27-01-2024
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆ...
ژیاننامە
سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
فلاشباک؛ لە دەفتەری بیرەوەر...
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
14-03-2024

ڕۆژەڤ
شەهیدان
موسا عەنتەر
10-11-2008
هاوڕێ باخەوان
موسا عەنتەر
ژیاننامە
کەرەمێ سەیاد
08-03-2015
هاوڕێ باخەوان
کەرەمێ سەیاد
ژیاننامە
سمکۆ عەزیز
17-11-2012
هاوڕێ باخەوان
سمکۆ عەزیز
شەهیدان
ژینا ئەمینی
17-09-2022
شەنە ئەحمەد
ژینا ئەمینی
وێنە و پێناس
جگەرخوێنی شاعیر لەناو خۆپیشاندەران
26-03-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
جگەرخوێنی شاعیر لەناو خۆپیشاندەران
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی موشیر دیوان،
28-03-2024
سارا سەردار
پارت و ڕێکخراوەکان
کارۆ
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
28-03-2024
سارا سەردار
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
28-03-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆشەویستی لە سەردەمی سەرمایەدارییدا
27-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
وێنە و پێناس
تیپی وەرزشی گوندی کارێز لە کفری ساڵی 1993
27-03-2024
زریان عەلی
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
27-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
وێنە و پێناس
ئەسحابەسپی-سلێمانی ساڵی 1968
27-03-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
گەڕەکی عەقاری سلێمانی ساڵی 1960
27-03-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 514,906
وێنە 104,262
پەرتووک PDF 18,882
فایلی پەیوەندیدار 94,723
ڤیدیۆ 1,232
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
ژیان عەلادین
ژیاننامە
درەخشان فەرەج سەعدون
پەرتووکخانە
بە تیشکی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
ژیاننامە
مەیان خاتوون
ژیاننامە
مژدە جەمال کەمالەدین
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێ...
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
04-03-2024
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مەلا عەبدوڵڵای وەڕازی
ژیاننامە
کەمال محەمەد ڕەمزی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
پەرتووکخانە
دووبارە پێناسەکردنەوەی کورد...
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
29-01-2024
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
19-03-2024
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
27-01-2024
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆ...
ژیاننامە
سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
فلاشباک؛ لە دەفتەری بیرەوەر...
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
14-03-2024

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.33
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.344 چرکە!