بەرداو
کوردستان وڵاتێکی شاخاوییە، گەورەترین زنجیرە چیاکانی ناوچەکە، بە قوڵایی کوردستاندا تێدەپەڕن، بەهۆیەوە گەلێک جێگەی سەخت و قایم بوونی هەیە، بەفر و بارانی زۆر لێدەبارێ و خاوەنی چەندین سەرچاوەی ئاوییە کە بۆتە ئاوەدانی و سەرچاوەی سەوزایی وڵاتی کوردەوار.
لەناو قوڵایی ئەم چیا سەرکەشانەدا، هەزاران ئەشکەوت و بن زەردی سرووشتی بوونی هەیە کە پڕن لە سەرچاوەی ئاویی، بن زەرد لەناو چیاکاندا بەئەندازەی ئەشکەوت قوڵ نییە، تەینا جێگەی سێ بۆ چوار کەسێکی تێدا دەبێتەوە.
کورد ئەڵێ: دڵۆپە بەرد کون دەکات، لە سەقفی بەشێک لە ئەشکەوت یان بن زەردەکاندا، وا ڕێکەوتووە کە ئاو هەیە و وەک دڵۆپە تک تک دێتەخوار، ئەو جێگەیەی لە خوارەوە بەری دەکەوێ، وەک حەوز چاڵی دەکات، بەو حەوزە دەڵێن: (بەرداو).
بەرداو پێکدێ لە بەردێک کە بەدرێژایی مێژوو، دڵۆپەی ئاو لێیداوە و وەک حەوز چاڵی کردووە، بەردەوام ئاوێکی ڕوونی پاکی سازگاری تێدا کۆدەبێتەوە، وەک سەرچاوەیەکی ئاوی سازگاری هەمیشەییە ئەژمار دەکرێ. لە فەرهەنگی کوردیدا، بەرداو بەپێی شێوەزار و بەشە شیوەزارەکان و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، چەند وشەیەکی هاوواتای هەیە، وەکو (بەرداو، بەرداویلکە، ماقۆر، چاڵاو). لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا، بە تایبەت وەرزە گەرمەکان، باڵندە و ئاژەڵی کێوی یان ڕێبوار و شوانەکان ئاوی لێدەخۆنەوە.
لەگەڵ ئەمانەدا، لەناوچە شاخاوییەکاندا، بەتایبەت جێگە چیاییە بەردەڵانییەکان، بەشێک لەو دارە سرووشتیانەی کە دەڕوێن، داری سەختی کوێستانین و تەمەنیان زۆر درێژە، بە سرووشت کلۆرن، وەکو دار مازوو، دارە بەن یان دار بەڕوو، هەنێکیان وا ڕێدەکەوێ، لە وەرزی باران باریندا، ئاوی باراناو لە بەشێک لە کلۆرییەکەیدا کۆببێتەوە، وەکو بەرداو ئاوەکەی بۆ خواردنەوە دەشێ، لەناو فەرهەنگی کوردیدا گوند نشینەکان پێی دەڵێن: (دارهۆداو) کە وەک سەرچاوەیەکی ئاویی سازگار ئەژمار دەکرێ و بۆ خواردنەوە دەشێ.
نووسنی: ڕێبوار جەمال سەگرمە. [1]