بەرداو
کوردستان وڵاتێکی شاخاوییە، گەورەترین زنجیرە چیاکانی ناوچەکە، بە قوڵایی کوردستاندا تێدەپەڕن، بەهۆیەوە گەلێک جێگەی سەخت و قایم بوونی هەیە، بەفر و بارانی زۆر لێدەبارێ و خاوەنی چەندین سەرچاوەی ئاوییە کە بووەتە ئاوەدانی و سەرچاوەی سەوزایی وڵاتی کوردەوار.
لەناو قوڵایی ئەم چیا سەرکەشانەدا، هەزاران ئەشکەوت و بن زەردی سرووشتی بوونی هەیە کە پڕن لە سەرچاوەی ئاویی، بن زەرد لەناو چیاکاندا بەئەندازەی ئەشکەوت قوڵ نییە، تەینا جێگەی سێ بۆ چوار کەسێکی تێدا دەبێتەوە.
کورد دەڵێت: دڵۆپە بەرد کون دەکات، لە سەقفی بەشێک لە ئەشکەوت یان بن زەردەکاندا، وا ڕێکەوتووە کە ئاو هەیە و وەک دڵۆپە تک تک دێتەخوار، ئەو جێگەیەی لە خوارەوە بەری دەکەوێ، وەک حەوز چاڵی دەکات، بەو حەوزە دەڵێن: (بەرداو) .
بەرداو پێکدێ لە بەردێک کە بەدرێژایی مێژوو، دڵۆپەی ئاو لێیداوە و وەک حەوز چاڵی کردووە، بەردەوام ئاوێکی ڕوونی پاکی سازگاری تێدا کۆدەبێتەوە، وەک سەرچاوەیەکی ئاوی سازگاری هەمیشەییە ئەژمار دەکرێ. لە فەرهەنگی کوردیدا، بەرداو بەپێی شێوەزار و بەشە شیوەزارەکان و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، چەند وشەیەکی هاوواتای هەیە، وەکوو (بەرداو، بەرداویلکە، ماقۆر، چاڵاو) . لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا، بە تایبەت وەرزە گەرمەکان، باڵندە و ئاژەڵی کێوی یان ڕێبوار و شوانەکان ئاوی لێدەخۆنەوە.
لەگەڵ ئەمانەدا، لە ناوچە شاخاوییەکاندا، بەتایبەت جێگە چیاییە بەردەڵانییەکان، بەشێک لەو دارە سرووشتیانەی کە دەڕوێن، داری سەختی کوێستانین و تەمەنیان زۆر درێژە، بە سرووشت کلۆرن، وەکوو دار مازوو، دارە بەن یان دار بەڕوو، هەندێکیان وا ڕێدەکەوێ، لە وەرزی باران باریندا، ئاوی باراناو لە بەشێک لە کلۆرییەکەیدا کۆببێتەوە، وەکوو بەرداو ئاوەکەی بۆ خواردنەوە دەشێ، لەناو فەرهەنگی کوردیدا گوندنشینەکان پێی دەڵێن: (دارهۆداو) کە وەک سەرچاوەیەکی ئاویی سازگار ئەژمار دەکرێت و بۆ خواردنەوە دەشێ.
نووسنی: ڕێبوار جەمال سەگرمە. [1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 1,857 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!