مرۆڤێک دژی ستەم و یاخییەک لە دەسەڵات، لەناو مێژوو کەلتووری کوردیدا، زۆرن ئەو مرۆڤانەی لە پێناوی ئازادیدا تا دوا هەناسە جەنگاون، دواتر ڕووداوەکان بەشێوەی هۆنراوە و گۆرانی لەنێو ئەدەبیاتی فۆلکلۆریی کوردیدا ڕەنگیان داوەتەوە و خولەپیزە نموونەی ئەم بەرخوادانەیە.
کاڵی گیان کاڵی تۆم بای شەماڵی
تەنیا ئاسکێکی گەردن بەخاڵی
کۆترە باریکەی بۆم ماڵی نابی
تا چەرخی ڕۆژگار دەست هەڵگیرنابی
خولەپیزە، ناوی (مەحمود حەمەومین ڕەشە)یە، لە گوندی (چەمیاڵە)ی شارەدێی (زەلان)ی ناوچەی شارباژێڕ لەدایکبووە، دایکی ناوی (پیرۆز) بووە، ناسراوبووە بە (پیزە) دوای کۆچی دوایی باوکی نازناوی دایکی هەڵگرتووە، لە ساڵی 1947ز، خولەپیزە بە خزمەتی سەربازییەوە پابەند نەبووە، بۆیە گرووپێک پۆلیس لە مەخفەری چوارتاوە، بەسەرپەرشتی عەریف (حەمەمین بانی شاریی) دەچنە سەر ماڵی خولەپیزە بۆ دەستگیرکردنی، خولەپیزە تفەنگە کۆنەکەی باوکی دەهێنێ و حەمەمین بانی شاریی دەکوژێت، هەر دوو گۆرانی بێژیی میللی کورد (عەلی گلێنانی و ئەحمەد ئەرشەدی) گۆرانی (کاڵی گیان کاڵێ)یان بۆ خولەپیزە چڕیوە.
هەی بەلای ناخێرم کاروانیم دەکرد
دوژمنی کافر بەردەرکی پێم گرت
قورعانم بۆ برد خاتری نەدەگرت
لە کونی پەنجەرە جاسووسم لێگرت
بە گوللەی کڵاشینکۆف مەغزی سەریم هەڵگرت
دوژمن خۆی بەکوشت چوو ئەمنی قاچاغ کرد
خولەپیزە جەنگاوەرێکی بەهەڵمەت بوو، پۆلیس لە حوکمی تفەنگا نەیتوانیوە لێی نزیک ببێتەوە هەروەها گرووپێک پیاوی دەستوەشێن و تفەنگچێ هەبوە وەکو (تایەر و تالیبی برای، عەولی گوڵچین، عەزیزی مینە ڕەش و خولە سلکە) حەوت ساڵ لە حکومەت یاخیبووە، ناوچەکانی (شارباژێڕ، سیوەیل، هەڵەبجە، پێنجوێن و سنووری کوردستان ئێران)ی کردۆتە پەناگەی خۆی، لە کۆی نەبەردییەکانیدا (130) پۆلیسی حکومەتی ئێراق کەشتووە.
سەرتاپای شینکەن بینێرنە خومخانێ
حەیفە خولەپیزە کەوتە مەیدانێ
لە هاڕەهاڕی پردەکەی سیابووران
عەسکەر دابارین وەک تاوی باران
بڵێن بە دایکم خۆی نەکا ئاڵۆز
گوللەی کاک مەحمو دەیکا تەپۆتۆز
خولەپیزە چەندین جار لەگەڵ پۆلیسدا شەڕ و نەبەردی ئەنجامداوە، لەیەکێک لە شەڕەکاندا دەڵێن:
دەڵێن شەڕێکە لەسەر بەردەپان
بەدکارمان بێڵێ ئامان سەرد ئامان
ئامانێ نادا بادین و سۆران
شەڕەکەی تیمار بەرماڵی بەرێ
وەک تەرزە و باران گوللە ئەبارێ
ئاهو هەناسەم بەردت لێبارێ
دایکی خولەپیزە ناوی (پیرۆز حەمە لاو) بووە، خەڵکی گوندی (سوێرکە و مڵکەی) عەشیرەتی بێسەرییە، ژنێکی ئازا بووە، لەزووربەر نەبەردییەکانی خولەپیزەدا بەشداربووە، چەک و فیشەک و خواردنی بۆ بردوون، لە هەندێک شەڕدا ڕووبەڕووی پۆلیس تفەنگی تەقاندووە.
کاڵێ تۆم کاڵی، تۆم کاڵی نابی
تۆم کۆتری شاخان بۆم ماڵی نابی
گەڵابێ هاتووە، لەدووی تۆز ئەکا
ئوتومبیلێ هاتووە ناڵە ناڵ دەکا
سەیارێ هاتووە، دنیا دەخنکا
ناڵە و گرمەی وی تەپوتۆز دەکا
لە چۆمی بارێ عەسکەر شەڕدەکا
ڕۆحم کاک تایەر، هیچی دەرناکا
لەیەکێ لەنەبەردییەکانی خولەپیزەدا تایەری برای بە فیشەک ڕانی دەپێکرێ، بە برینداری دەیبەنە گوندی (چەمپاراو) پاشان پۆلیس شوێن پێی هەڵدەگرن و بە برینداری دەیگرن.
چۆمەکەی چۆمان دەنگ دەداتەوە
ڕۆحم ئێشکچی شەو بەلاتەوە
بەنداوێک بگرن تایەر بیخواتەوە
برین و زەخمی ساڕێژ بێتەوە
ماشێنێک هاتووە شینی قەزوانی
تایەریان تێکرد بۆ سلێمانی
دادوەرێکی حکومەتی ئێراقی بەناوی (حاکم عەبدوڵ باقی) لە سەرای سلێمانی بڕیاری لە سێدارەدانی بەسەر تایەری برای خولەپیزەدا جێبەجێ دەکا و حکومەتی ئێراقی تەرمەکەی گۆڕبزر دەکات.
چۆمەکەی چۆمان دڕکەکەی کاڵۆس
کوێربم نەماوە نۆکوڕی پیرۆز
لە داریان داوە کوا دایکە پیرۆز
تابووتی بۆ بکەن لە توڵی لاولاو
تایەری تێکەن بەرەو چەمپاراو
ئەرهۆ جاش پۆلیس جەلاتین لە پشت
ڕاستم پێ بێژە کێ تایەری کوشت
دەستم بشکایە چاوم کوێربووایە
نەوەک تایەرم لە دەست بچووایە
هەشتم کوشتووە لە نەجمە بەشان
هێشتا نەم سەندووە خوێنی تایەرگیان
ڕۆژێک حاکم (عەبدول باقی) بۆ چوونە سەرکار دەچێتە شارۆچکەی پێنجوێن، لە ڕێگە لەسەر پردەکەی (ناڵپارێز) دەکەوێتە بۆسەی خولەپیزەوە و لە تۆڵەی تایەری برایدا دەیکوژێت. ساڵی 1955 کۆتا نەبەردی خولەپیزە، لە شاخی کەتووی ناوچەی شارباژێڕ بوو.
بڵێن بە میریی وامن بەتەمام
چاوەڕوانیانم لە ئاشی بارام
یاخوا بەخێربێن پۆلیسی سواریی
تفەنگ و فیشەک دێنن بەدیاریی
شاخەکەی کەتوو پلەپلەیە
دەنگی تفەنگی تالە و خولەیە
لە شەڕێکی گەورەی نابەرامبەردا، هەزاران پۆلیس چواردەوری شاخی کەتوو دەگرن و خولەپیزە و عەولی گوڵچین لەگەڵ چەندین هاوڕێی تردا، لە بەیانییەوە هەتا درەنگانی ئێوارە بەرخودان دەکەن، خولەپیزە بە گوللەیەک دەپێکرێ، کاتێک شەودادێ هاوڕێکانی تەرمی خولەپیزە، لە گوندی (ئاشی بارام) بەخاکی دەسپێرن، دواتر حکومەتی ئێراقی تەرمەکەی خولەپیزە گۆڕبزر دەکا.
ئەم بەرم شاخە ئەو بەرم کەتوو
بە جووت کوژراون تایەر و مەحمو
ئەم بەرم چۆمە ئەو بەرم ئاوە
خەبەرداربوومە خولە نەماوە
قاقەز بنووسن بۆ دادە پیرۆز
مەیتی کاک مەحمو گەییە ناڵپارێز
بلین بە پیزە لەچکەکەی ڕەشکا
بەپێی برایی ماڵەکەی بەشکا.
سەرچاوە:
ئەدەبی سەرزاری، دەماودەم نووسەر لە خەڵکی وەرگرتووە. [1]