پڕۆژەی زیندووکردنەوەی #دارێ والی# و مێژووەکەی جێبەجێکرا
دارێ والی کە داربەروویەکی گەورە بووە تا ناوەڕاستی ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردووش هەر مابوو، کەوتبووە خۆراوای شاری #قەڵادزێ# لە ناوچەی #پشدەر#، ئێمەش لە مانگی 5 /2019، داواکاریەکمان بەرزکردەوە بۆ بەڕێز ئاوارە کوێخا عەلی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین لە ڕانییه، کە تێیدا داوای زیندووکردنەوەی دارێ والی و مێژووەکەیمان کردبوو.
بەڕێزیشیان بە خۆشحاڵیەوە ڕەزامەندی دا لەسەر داواکاریەکە مان و بودجەیەکیشی بۆ بڕیاردا و لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شارەوانییەکانی ڕاپەڕینیش جێ بە جێ کرا.
دیارە ئەوەندەی مەبەستمان زیندووکردنەوەی مێژووی دارێ والی بوو، کە مێژوویەکی فەرامۆش کراو و گرنگی شاری قەڵادزێ و ناوچەکانی پشدەر و مەرگەیە، لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی
ئەوەندە مەبەستمان چاندنەوەی دارێک نییە بەو ناوەوە، هەر لێرەوەش سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین و شارەوانی قەڵادزێی و شارەدێی هێرۆ و بەڕێزان مامۆستا ئەحمەد قادر سەعید و کاک قوباد حاجی فەقێی قەڵادزێ دەکەین، کە وێنەی دارێ والیان بۆ کردینە دیاری، کە لە ساڵی 1964 وێنەیان گرتبوو.
دیرۆکی دارێ والی
مەڕانە و قۆچانە یەکێک بوون لەو باجانەی کە دەوڵەتی عوسمانی ساڵانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندبووی.#حەمەئاغای کۆیە# هەزار سەری مەڕی خۆی ڕەوانەی لای ئاڵی ڕەجەب بەردەشانی دەکات بۆ ئەوەی لەو باجە بەدووری بگرێت. شێخ مەحموودێکی پەڵکۆیی کە قایمقامی سوورداشی دەوڵەتی عوسمانی بووە، بەوە دەزانێت و لەسەر پەڕاندنەوەی ئەو مەڕانە بە زێی بچووک دا بۆ بەری مەرگە، ئاڵی ڕەجەبی بەردەشانی دەکوژێت. ئاڵڵای ئاڵی بەردەشانی لە تۆڵەی باوکی قایمقامەکە دەکوژێت و هانا دێنێت بۆ پشدەر و بۆ لای مەمەندئاغای میراودلی (سەرۆک هۆزەکانی پشدەر) کە ناسرا بوو بە مەمەندە قیت، کە دەکاتە باپیری میناغای گربداغ. دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگای حوسنی، فەرماندەی سوپای عوسمانی لە قەڵادزێ جێگیر لە گردی حوسنی فەرمان دەکات بەسەر مەمەنداغای میراودلی کە ئاڵڵای ئاڵی مان ڕادەست بکەن. مەمەندئاغای میراودلیش دەڵێت ئێمە ئەوە ناکەین و وا باشە حوسنی بکوژین. بۆ ئەوەش حەسەنە گەنجە لە هۆزی نوورەدینی و حەسەنە خڕە لە تیرەی سەربەخۆی نیگار_نیگاران، ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. ئەو دووانەش بە تاکتیکی بردنی نامەیەکی مەمەندئاغا بۆ حوسنی بە سواری ئەسپ لە گردی حوسنی هەڵدەستن بە کوشتنی حوسنی لە ساڵی 1889 و دەربازیش دەبن.والی عوسمانی ساڵی1892 بە هێزێکی زۆرەوە هێرش دێنێتە سەر پشدەر بۆ تۆڵەکردنەوەی حوسنی و قایمقامەکە بارەگایەکی لە (دارێ والی) کە دار بەڕوویەکی دێرین و گەورە بووە جێگیردەکات. [1]