ئەوان کاتێک عاشق ئەبن! وەک شۆرەبی بەسەر باڵای ڕووبارە کچیکدا ئەچەمێنەوە و چی هەست و سۆزیان هەیە ئەیبارێننە سەر جەستەی تینووی ڕووبارە کچەکە، هەر لەگەڵ شنە بایەکی بێ مروەت هەڵی کرد ئیتر ئەوان تەوەلا ئەبن و دەبنە دار سنەوبەرێکی کەڵەگەت کە دەستی خوازیاری هیچ عاشقێک نەیانگاتێ، وەرزی ئەوان دوورە لە وەرزە سروشتییەکانەوە، عەشقی پیاون لە سێبەری ئیوارەیەکی درەنگ وەخت ئەچێ زوو دەڕوا و بەسەرئەچێ.
ئەوان دڵی ئێستا لە خۆیان ئەڕەنجێنن و ئایندە ئاشت دەکەنەوە بۆیە هیچ سروشتێک نزا بۆ بێدارییان ناکا.
لە هزری ئەوان دا بێجگە لە ئەندێشە بێ ڕەنگەکان هیچ خۆزگەیەکی تر لە دڵیاندا ناژی.. هەمیشە سەرزەنشتی ئاو دەکەن چۆن ئەڕوا و ئاوڕێک لە خولیای ئەوان ناداتەوە، ئەوان تێهزرینیان لە کۆڵانەکانی بێدەنگییدا ئەنێژن و ئارامیی نادەنە دڵی ئاوەدانی ئۆغژنێک..... (با)ش بە دەم ڕۆیشتنی ژیانەوە خۆی ئەدا بە دڵی لێقەومای خورپەیەکدا و پێی ئەڵێ ئەبێ بمبووری بە شوێن پەرتووکی یاداشتەکانی عەشقی پیاواندا وێڵم و دەمەوێ بزانم چ هەستێک کڕنۆشی ئەوینی بۆ ئەوان بردووە!؟
هەر لە سەردەمی چاخە بەردینەکانەوە پیاوان بە ڕاوکەر ناسراون، ئەوان بۆیە ناتوانن عاشق بن چونکە هەمیشە لە ململانێ دان لەگەل خۆیاندا.. کەی لەگەڵ خۆیان یەکیان گرتەوە بوون بە یەک ئەو کاتە ئەتوانن عاشق بن. [1]
#ئەڵماس مستەفا#