چۆنێتیی ڕێنووسکردنی (هاوەڵناوی ژمارەیی)
ئاوەڵناو وشەیەکە وەسفی ناو دەکات، لەناو ڕستەدا دەبێتە دیارخەری ناو و گرێ درووستدەکات (هاوەڵناو وشەیەکی واتادارە، بە وشەی پێش و پاش خۆیەوە نالکێ).
هاوەلناوی ژمارەیی بۆ سێ بەش دابەش دەبێت:
یەکەم/ هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی: بریتییە لەو ژمارەیەی کە ناوێک دەبژێرێت، لەگەڵ ناوەکەدا گرێ درووستدەکات، هاوەڵناوە ژمارەییەکە وەک وشەیەکی واتادار سەربەخۆ دەنووسرێ و نالکێ بە وشەی پیش یان پاشی خۆیەوە.
ژمارە یەک تا نۆ پێی دەوترێ هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی سادە، لەناو ڕستەدا سەربەخۆ ڕێنووس دەکرێ. نموونە: چوار قەڵەم دەکڕم.
ژمارە دە و چەنجارەکانی وەکو دە، بیست، سی، .... پێی دەوترێ هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی سەرەگرێ، لە ڕستەدا سەربەخۆ ڕێنووس دەکرێ. نموونە: بیست پەڕتووکی کڕی.
ژمارە یازدە تا نۆزدە پێی دەوترێ هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی تێکەڵ، بەم شیوەیە ڕێنووس دەکرێ: (یازدە، دوازدە، سیازدە، چواردە، پازدە، شازدە، حەڤدە، هەژدە لەگەڵ نۆزدە).
ژمارە بیست و یەک بۆ سەرەوە، پێی دەوترێ هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی لێکدراو، لەبەر ئەوەی ژمارە لێرەبەدواوە گەورە دەبێ، هەر ژمارەیەک ببژێردری، ئامرازی لێکدەری (و) دەخرێتە نێوانی ژمارەکان، نموونە: چوارسەد و هەشتا و شەش پەڕتووکی هەیە.
دووەم/ هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن: بەو هاوەڵناوە ژمارەییانە دەوترێ کە جۆرێک ڕیزبەندی بە بژاردنی ناوەکان دەدەن، ژمارە و پاشگرەکان پێکەوە دەلکێن.
هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن بەپێی دوو یاسا درووست دەبێ:
هاوەڵناوی ژمارەیی + ەم = هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن. نموونە: خوێندکاری یەکەم زیرەکە.
هاوەڵناوی ژمارەیی + ەمین = هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن. نموونە: یەکەمین مرۆڤ کێ بوو کە چووە سەرمانگ.
سێیەم/ هاوەڵناوی ژمارەیی کەرتی: بریتییە لەو ژمارەیەی کە بەشێک لە ژمارەیەکی تەواو پیشاندەدات، وشەیەکی واتادارە و بەتەنیا ڕێنووس دەکرێ، نالکێ بە وشەی پێش یان پاشی خۆیەوە. نموونە: نیوەی نانەکەم خوارد.
ئەگەر ژمارە کەرتییەکە سەرە یەک و ژێرە سێ بۆ نۆ بێت، ژمارەکە سەربەخۆ ڕێنووس دەکرێ. سێیەکی وێنەکەم تەواوکرد.
ئەگەر ژمارە کەرتییەکە سەرە دوو زیاتر بێ و ژێرەش سێ زیاتر بێ، بەم شێوەیە ڕینووس دەکرێ. نموونە: دوو لەسەر شەش دیوارەکەم بۆیاخ کرد.
ئەگەر ژمارەکە کەرتی دەیی بوو، بەم شێوەیە ڕێنووس دەکرێ. نموونە: لەسەدا هەژدەی کارەکانم ئەنجامدا.
تێبینی
ئەم بابەتە وەک ماستەرکڵاس بە ڕێگەی ئۆنڵاین، لە شەوی 12-11-2022 کاتژمێر 9 بۆ 11:30 شەو، بە کاتی کوردستان بە نووسەران و ئەرشیڤوانانی کوردیپێدا پێشکەشکرا.
ئامادەکردنی:
ڕیبوار جەمال سەگرمهڕیبوار جەمال سەگرمه[1]