پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
شێخ حسێنی هەزارکانی ئەو پیاوەی لە ئەنفالدا فەرمانی سەدامی شکاند و وتی نامەوێت ئازاد بکرێم
19-04-2024
شادی ئاکۆیی
ژیاننامە
وەزیری ئەشۆ
18-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
ئاسکەکانی گەرمیان
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
کورد خاوەنی کۆنترین شوێنەواری بەریتانیایە
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
تەواوی زانیارییەکان لەسەر پاراسایکۆلۆژی لەلایەن دکتۆر هومایۆن عەبدوڵڵا
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
دایک و زڕباوکی فەیروز ئازاد باسی کوژرانی کچەکەیان دەکەن
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
قانع شاعیری چەوساوەکان
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
سەید عەلی ئەسغەر دەنگێک لە ئاسمانی موزیکی کوردیدا
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
فەتانەی وەلیدی ئەستێرەیەکی لە بیرکراو لە ئاسمانی هونەر و مۆسیقای کوردیدا
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 516,442
وێنە 105,223
پەرتووک PDF 19,086
فایلی پەیوەندیدار 95,720
ڤیدیۆ 1,281
شوێنەکان
خانەقین
ژیاننامە
قابیل عادل
ژیاننامە
شاپور عەبدولقادر
ژیاننامە
سەرهاد ئیسماعیل بیسۆ خەلەف
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
کامۆ (سەما لەژێر شمشێرەکەی دیمۆکلیس‎دا)
کوردیپێدیا، گەورەترین پڕۆژەی بەئەرشیڤکردنی زانیارییەکانمانە..
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0
کامۆ (سەما لەژێر شمشێرەکەی دیمۆکلیس‎دا)
کورتەباس

کامۆ (سەما لەژێر شمشێرەکەی دیمۆکلیس‎دا)
کورتەباس

$کامۆ (سەما لەژێر شمشێرەکەی دیمۆکلیس‎دا)$
نووسینی: ئازاد بەرزنجی
“ڕۆڵی من ئەوە نییە جیهان، یان مرۆڤایەتی بگۆڕم، چونکە نە هێند چاکم‎ و نە ئەو داناییەشم هەیە شیاوی ئەو کارەم بکات. بەڵام دەشێ ڕۆڵم ئەوە بێ لە هەر کوێیەک بم خزمەتی ئەو بەها کەمانە بکەم کە ئەگەر جیهان لێیان بێبەری بێت دەبێتە شوێنێک شایستەی ژیان نابێت، هەروەها مرۆڤ بەبێ ئەو بەهایانە، چەند خۆشی تازە بکاتەوە، شایانی ڕێز نابێت”
ئەلبێر کامۆ
تەمەنێکی کورت کە وەکو تیرەستێرە تێپەڕی، تەمەنێک پڕ لە ئاسەوارەکانی هەردوو جەنگە گەورەکەی جیهان، کە بە مەرگێکی پووچ کۆتایی هات، ئەو بیرمەند و نووسەرە مەزنەی تەواوی ژیانی ململانێ بوو لەگەڵ پووچی (عبس)دا، دواجار زۆر بێبەزەییانە ڕێکەوتێکی پووچ، (کارەساتی ئوتۆمبێل) کۆتایی بە ژیانی یاخیگەرییانەی دەهێنێت، ئەو نووسەرەی ئازایانە بەرەو ڕووی تراجیدیاکانی ڕۆژگار دەبووەوە و وەکو سیزیفەکەی لەسەر ترۆپکی کێوەکانەوە پێکەنینی بە تاوێرەبەردەکەی ژیان دەهات، کاتێ بەرەو خەرەند خلۆر دەبووەوە، تراجیدیایەکی بێمانا کۆتایی بە ژیانی هێنا.
کامۆ (1913- 1960) لە ڕۆژگارێکدا ژیا کە ڕۆژگاری دابڕانی ژیان لە مانا و دابڕانی سیاسەت لە ئاکار و ڕۆژگاری ئۆردوگا بەکۆمەڵەکان ‎و ئایدیۆلۆجیا تۆتالیتارەکان بوو. ئەم هەر لە مناڵییەوە هەژاری فێری خۆشویستنی ئازادیی کرد “لە هەژارییەوە فێری ئازادی بووم، نەک لە پەڕتووکەکانی مارکسەوە”. هەر لە مناڵییشەوە هەستکردن بە “هیچ” ڕۆدەچێتە ویژدان ‎و هەست ‎و سۆزیەوە، ئەوەتانێ بەردەوام کە دایکی دەبینی لە گۆشەیەکدا بە ماتی دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە خاڵێک ‎و بۆ ماوەیەکی زۆر لەو بارەدا دەمێنێتەوە، کاتێ لێی دەپرسێ: بیر لە چی دەکەیتەوە؟ دایکی لە وەڵامدا دەڵێت: “لە هیچ”. هەر بۆیە هەستکردن بە “پووچی”ی ژیان شتێک نییە ئادەمیزاد لە پەڕتووک‎ و تیۆری و ئایدیۆلۆجیاکانەوە فێری ببێت، بەڵکوو ئەم هەستە لە ژیان خۆیەوە بەرەو ناخی مرۆڤ دەکشێت، هەر ئەم “پووچی”یەش دواتر دەبێتە تەوەری گشتیی کارە فیکری و ئەدەبییەکانی کامۆ.
کاتێ فەیلەسووفی ئەڵمانی “فریدریش نیچە” لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا لەسەر زمانی “زەردەشت”ەوە مەرگی خواوەندی ڕاگەیاند، ئەوە وەکو زەنگێک بوو بۆ سەردەمێکی خاڵی لە پرنسیپە مرۆیی و بەها ڕۆحییەکان، سەردەمێک کە تیایدا بە شێوەیەکی ئەقڵانی و نائەقڵانی بیانوو بۆ کوشتنی تاک ‎و بەکۆمەڵی ئادەمیزاد دەهێنرێتەوە، سەردەمێک کە تیایدا بێمانایی باڵی بەسەر ژیانی مرۆدا دەکێشێت و هەموو شتەکان دەچنەوە ژێر پرسیاری ماناداری و بێمانایی. ئایا لە کاتێکدا ئاسمان بەرانبەر کارەسات ‎‏و تراجیدیا و ئازارەکانی ئادەمیزاد بێدەنگە، ناکرێ مرۆڤ بەبێ پشتبەستن بە خواوەندێک ببێتە قدیس؟ ناکرێ بە کۆمەڵێک بەهاوە وابەستە بێت کە بەهۆیانەوە ژیانێکی ئابڕوومەندانە بۆ مرۆڤ ‎و مرۆڤایەتی دابین بکات.
بە باوەڕی کامۆ ژیانێکی لەو جۆرە ئەستەم نییە، مادامەکی “سرووشتێکی مرۆیی” هەیە، گەرچی سرووشتێکی ڕێژەییشە، کە مرۆڤایەتی تیایدا بەشدارن، کەواتە دەکرێ کۆمەڵێک بەهای ئینسانی، بەوەشەوە کە ڕێژەیین ‎و قابیلی گۆڕانن، مرۆڤەکان پێکەوە ببەستنەوە و ڕێز بۆ ئەم بوونەوەرە تەنیایەی گەردوون بگەڕێننەوە. بەڕای کامۆ پێویستە لەسەر مرۆڤ لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئەو بەهایانەشدا بجەنگێت و هەمیشە لە ململانێدا بێت؛ بەهاگەلێکی وەک: مرۆڤ، هاوڕێیەتی، بەختەوەری، دادپەروەری، خۆشەویستی، کە دەشێ ئەم بەهایەی دواییان، واتە “خۆشەویستی” گەورەترین و بەرزترین بەها بێت لە ژیاندا، خۆشەویستی بە مانا فراوانەکەی و لەسەر هەموو ئاستەکان.
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەسەر هەردوو ئەو قۆناغە فیکرییە بوەستین کە تانوپۆی هزری کامۆ پێکدەهێنن ‎‎و دواجار ئاوێتەی یەکدی دەبن، کە ئەویش قۆناغی پووچی (عبس) و قۆناغی یاخیبوونە.
لە ڕاستیدا ئەم دوو قۆناغە لە دوا کارەکانی کامۆدا بەجۆرێک یەکانگیر دەبن کە لێکجوداکردنەوەیان ئەستەمە، بەڵام لە ڕووی تیۆرییەوە دەکرێ کارەکانی سەرەتای بە قۆناغی (پووچی) دابنێین ‎و کارەکانی دواتریشی بە قۆناغی (یاخیبوون). جا لەبەر ئەوەی بە بۆچوونی ئێمە (ئەفسانەی سیزیف) سیما و ئەدگارەکانی بیری فەلسەفیی قۆناغی یەکەم دەستنیشان دەکات‎ و (مرۆڤی یاخی)یش هیی قۆناغی دووەم، هەر بۆیە بە پێویستمان زانی کە پتر لەسەر ئەم دوو پەڕتووکەی بوەستین‎ و لە کاتی پێویستدا و بە مەبەستی زیاتر ڕوونکردنەوە نەبێت، ئاماژە بۆ کارە ئەدەبییەکانی نەکەین‎ و ئەوە هەڵگرین بۆ نووسینێکی دی.
1-ئەفسانەی سیزیف:
“ئاە… ئەی ڕۆحی من… بەدوا ژیانێکی جاویداندا وێڵ مەبە، بەڵکوو سەرگەرمی ئەوە بە کە لە بەردەستدایە.”
ئایا ژیان ئەوە دەهێنێت کە ئێمە بژیین؟ ئەگەر ئەوە ناهێنێت، کەواتە بۆچی کۆتایی بەو ژیانە نەهێنین ‎و خۆمان نەکوژین؟ پاشان ئایا تۆ بڵێیت خۆکوشتن چارەسەری کێشەکە بکات؟
بە لای کامۆوە ئەم پرسیارانە لە سەردەمێکی وا شپرزە و نیگەران ‏و‎ پڕ شەڕوشۆڕ و نائارامدا، گەوهەرترین ‎و سەرەکیترین پرسیارن کە دەبێ لە خۆمانی بکەین ‎و دوای ئەم پرسیارانە مەسەلەکانی تر دێنە پێشێ.
“ئەفسانەی سیزیف” گەرچی لە ساڵی 1941ەوە دەسنووسەکەی تەواو بوو، بەڵام لە ساڵی 1942دا چاپ کرا. هەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەڕتووکە ناوی فەیلەسووفی پووچی (فەیلەسووفی ئەبسێرد) بەسەر کامۆدا دابڕا. گەرچی ئەو خۆی لە پێشەکیی پەڕتووکەکەشدا دەڵێت کە ئەو نەهاتووە “فەلسەفەیەکی پووچی” دابمەزرێنێت، بەڵکوو تەنها وەسفی “هەستکردن بە پووچی” دەکات‎ و ئەم کارەشی سەرەتایەکە و بەس.
کامۆ لە “ئەفسانەی سیزیف”دا مرۆڤ بە سیزیف دەشوبهێنێت ‎و ژیانیشی بە تاوێرەبەردەکە. لە ئەنجامی سەرپێچیکردنەوە خواوەندەکان سزای سیزیف دەدەن بەوەی کە دەبێ بۆ هەتاهەتایە تاوێرەبەردێک بۆ سەر لوتکەشاخێک ببات‎ و کاتێ دەگاتە لوتکەکە، تاوێرەبەردەکە بۆ خوارەوە خل دەبێتەوە و ئەویش هەمدیسان ‎و بۆ هەمیشە دەبێ بچێتەوە و تاوێرەبەردەکە بخاتەوە سەرشانی و بەرەو ترۆپکی شاخەکە بیباتەوە.
ئەمەیە ئەو عەزابەی بۆ ئادەمیزاد بڕاوەتەوە، ئەو ئادەمیزادەی کە هەرچی دەکات ناگاتە “مەحاڵ” و چەند پرسیار دەکات وەڵامێک لە ئاسمان نابیستێ و لە ژیانێکی کورت ‎و پڕ ڕێکەوت ‎و ژان‎ و ئازاردا بە “نامۆ”یی دەژی و هەر بە نامۆییش جێی دەهێڵێت.
کامۆ لە ئەفسانەی سیزیفدا دەیەوێ خۆی لە قەرەی شتێک بدات کە بووبوو بە جۆرە نەخۆشییەک، یان پەتایەکی سەردەمەکەشی، ئەویش ئەو نەخۆشییە بوو کە ژیان هیچ مانایەکی نەماوە و خاڵی بووە لە مانا، ڕەنگدانەوەی ئەم هەستەش لە زۆربەی ڕێباز و تەوژمە فیکری و ئەدەبییەکانی سەرەتاکان ‎و دەیەکانی دواتری سەدەی بیستەمدا دەبینینەوە. هەر بۆیە ئەو ویستی لەم پەڕتووکەدا تۆژینەوەیەکی لۆژیکییانە سەبارەت بە “پووچی” پێشکەش بکات ‎و بیکاتەوە بە سەرەتاگەیەک بۆ ژیانێکی دیکە. بۆیە دەشێ “ئەفسانەی سیزیف” وەکو وتارەکەی دیکارت لەمەڕ میتۆدەوە، ناو بنێین “وتارەکەی کامۆ سەبارەت بە میتۆد”، چونکە ئەمیش لەسەر بناغەی “گومان” دادەمەزرێ ‎و خاوەن “کۆجیتۆ”ی خۆشیەتی.
کامۆ لە سەرەتای ئەم پەڕتووکەیدا دەڵێت “تاقە کێشەیەکی فەلسەفیی ترسناک هەیە، ئەویش خۆکوشتنە”. بەڵام کام خۆکوشتنە؟ ئەو خۆکوشتنەی لە ئەنجامی پەیبردن بە بێمانایی و پووچیی ژیانەوە ڕوو دەدات‎ و مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ژیان ئەوە ناهێنێت مرۆڤ بژی. هەر بۆیە مەسەلەی سەرەکی لەم پەڕتووکەدا مەسەلەی پووچی و خۆکوشتنە.
بەڵام ئاخۆ هەستکردن بە پووچی چۆن پەیدا دەبێت؟
پووچی بەرکەوتنی هۆشە بە دیوارەکانی بێماناییدا، هەستێکە بوونەوەر دادەگرێت ‎و تیایدا هەست بە “بۆشایی” دەکات. بە مانایەکی دی دەتوانین بڵێین ئەو هەستکردن بە نامۆییەیە کە تیایدا ئادەمیزاد لە شتەکان‎ و بوونەوەرەکانی دەوروبەری دادەبڕێت.
هەستکردن بە پووچی هەستێکی کوتوپڕە، دەشێ لە وەختێکدا کە لە پیاسەیەکی تەنیاداین، یان لە شوێنێکی گشتیدا دانیشتووین ‎‏و دیمەنی ئەوانی ترمان وەکو فیلمێکی سینەمایی دێتە پێش چاو، ئەم هەستە دامانبگرێت. ئەم ئەزموونی هەستکردن بە پووچییەش ئەزموونێکی تاکەکەسییە و بۆ کەسێکی دی نەقڵ ناکرێ، ئیدی مرۆڤ لەو ساتانەدا هەست بە جاڕسی و بێزارییەک دەکات لە ژیان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم جاڕسی ‎و بێزارییە هۆشمەندی و ویژدان دەبزوێنێت ‎و پرسیاری (بۆ؟) دەورووژێنێت.
ڕۆتینی ژیان، دووپاتبوونەوەی کارە ڕۆژانەییەکان‎ و سرووشتی میکانیکییانەی ژیان “جلوبەرگپۆشین، ترام، چوار سەعات لە نووسینگە یا کارگە، ژەمێک خواردن، ترام، چوار سەعات کار، دووشەممە، سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە، هەینی، شەممە، بە هەمان ڕیتم…” یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەستکردن بە پووچی.
بەڵام ئەمە تاقە سەرچاوەی هەستکردن بە پووچی نییە، بەڵکوو سەرچاوەیەکی تر، هەستکردنمان بە تێپەڕینی زەمەنی تاکەکەسیی خۆمانە. ئەمەش بۆ سەرچاوەیەکی تری هەستکردن بە پووچیمان ڕادەکێشێت کە ئەویش “مەرگ”ە. مەرگ شتێک نییە تاقی بکرێتەوە، ئێمە ناتوانین مردن تاقی بکەینەوە، ئەوەی دەمرێ ئەزموونی مردنیش لەگەڵ خۆیدا دەبات. کەواتە مادامەکی مەرگێکی حەتمی چاوەڕێمانە، مەرگێک کە نە دەتوانین لەدەستی هەڵێین ‎‏و نە دەتوانین بەتەواوی لێی حاڵی بین، داخۆ دەبێ مانای ژیان چی بێت؟!
پاشان سەرچاوەیەکی تری هەستکردن بە پووچی، هەستکردنمانە بە تەنیایی، هەستکردن بەوەی بە ڕێکەوت فڕێدراویتە ناو گەردوونێکەوە و بەبێ هۆیەکی “مەعقول” تووڕ دراویتە ناو جیهانێکی نامۆوە، هەڵبەتە ئەم هەستەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی جیاوازە. ئەمەش هەستێکە لای زۆر لە فەیلەسووف ‎‎و نووسەرە ئیگزستانسیالیستەکان دەیبینینەوە. هەروەها هەستکردنی مرۆڤیش بە نامۆیی بەرانبەر بە خودی خۆی سەرچاوەیەکی تری ئەو پووچییەیە.
وتمان پووچی بەرەنجامی بەریەککەوتنی هۆشیاری (یان ئەقڵ) و دیوارەکانی بێهوودەیی (یان جیهان)ە، وەختێ ئەقڵ لە توانایدا نامێنێ هەموو شتەکان ڕاڤە بکات‎ و لە سنوورێکدا دەوەستێ. بەڵام ئاخۆ دەروویەک هەیە بۆ قوتاربوون لە پووچی؟ بەڵێ… دەروو هەیە… بەڵام بە نەفیکردنی تەرەفێک لەو دوو تەرەفەی کە دەبنە مایەی پووچی، بیرمەندان ‎و کەسانێک هەن کە ئەو کارە ئەنجام دەدەن، بەڵام کامۆ هاوڕایان نییە. بۆ ئەمەش پەنا دەبەنە بەر دوو جۆر خۆکوشتن: خۆکوشتنی فەلسەفی و خۆکوشتنی جەستەیی.
خۆکوشتنی فەلسەفی چییە؟ خۆکوشتنی فەلسەفی لای کامۆ بریتییە لە نەفیکردنی “ئەقڵ” و “باوەڕهێنان” بە دونیایەک، یان ئاڵتەرناتیڤێکی دی کە لە “ئیمان”ەوە سەرچاوە دەگرێ.
فەیلەسووفانێکی وەکو تارتۆلیان‎ و پاسکاڵ و کیرکەگۆر و بیرمەندانێکی تریش لەم بەرەیەن. گەرچی کامۆ باوەڕی بەوە هەیە کە ئەقڵ لە شیکردنەوەیدا بۆ بوون سنوورێکی هەیە، بەڵام هەر خۆشی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەقڵ تاکە ئەڵقەیەکە لەنێوان واقیع ‎و مرۆڤدا و باوەڕهێنان بە ئەڵقەیەکی دی خیانەتە لە لۆژیکی پووچی، ئەو لۆژیکەی فەرمانڕەوای بوون ‎و ژیانە.
هەر بۆیە کامۆ لە “ئەفسانەی سیزیف”دا ناوی کۆمەڵێک بیرمەند ڕیز دەکات کە هۆشیارییەکی فرە و خەستیان بە “پووچی” هەبووە، وەک کیرکەگۆر، شیستۆف‎، هایدیگەر، یاسپەرز، هۆسێرڵ ‎و شێللەر، بەڵام ئەمانە دوای ئەوەی دەگەنە ئەو باوەڕەی کە “ئەقڵ” بەرەو ڕێگەیەکی داخراومان دەبات، ڕێچکەی تر دەگرنە بەر کە نەفیی ئەقڵ و لۆژیک دەکات. ئەمەش چارەسەرێک نییە بۆ کێشەی “پووچی”.
“خۆکوشتنی جەستەیی”یش بە هەمان شێوە ڕەتکردنەوەی لۆجیکی پووچییە، چونکە مرۆڤ کە خۆی دەکوژێت مانای وایە بە پووچی قایلە، لە کاتێکدا دەبێ مرۆڤ هەمیشە لە پووچی ناقایل بێ و ژیان واتە ڕێ بدەین پووچی بژی و بمێنێ، مرۆڤ دەبێ لەنێو دیوارەکانی “پووچی”دا بمێنێتەوە. ئادەمیزاد وەختێ خۆی دەکوژێت، نائومێدی بۆ ئەو کارە هانی دەدات، بەڵام مرۆڤی ئەبسێرد “پووچی” ئومێدی نییە، لەبەر ئەوەی نازانێ ئومێد چییە، هەر بۆیە خۆی ناکوژێت.
کەواتە خۆکوشتن نەفیکردنی “پووچی”یە و هەڵاتنە لەم دونیایەی بێجگە لەو هیچی دی شک نابەین، مەزنیی مرۆڤیش لەوەدایە بەرانبەر بە “پووچی” سەرکەش ‎و یاخی بێت ‎و لە ئاستیدا خودی خۆی بسەلمێنێت.
جگە لەوە خۆکوشتن پرسیار دەکوژێت، لە کاتێکدا ڕەتکردنەوەی خۆکوشتن پێداگرتنی مرۆڤە لەسەر پێداویستیی پرسیارکردن ‎و ژیان لەناو گرفتامێزیی بوون ‎و پرسیاری بەردەوامدا و ئابڕوومەندیی ئادەمیزاد و گەورەیی ئیرادەشی بەمانەوە بەندە.
کەواتە ژیان لەناو “پووچی”دا واتە ژیان لەناو یاخیبوونێکی هەمیشەییدا، یاخیبوونی بەردەوامی مرۆڤ دژ بە تەواوی ئەو شتانەی دەیانەوێ لە ئینسانییەتی کەم بکەنەوە.
پاڵەوانەکانی پووچی:
کامۆ لە “ئەفسانەی سیزیف”دا چەند نموونەیەک دەهێنێتەوە کە تیایاندا پاڵەوانی پووچی بەرجەستە دەبێ، کە ئەمانەن:
دۆن جوان: دۆن جوان کەسێتییەکە کە بەردەوام خۆشەویستی لای دووپات دەبێتەوە، خۆشەویستییەک نەک ئایدیالیستییانە، بەڵکوو خۆشەویستییەکی ئیرۆتیکانە. ئەو کاتێک ئافرەتێک خۆشی دەوێت ‎و پێی دەڵێت “دواجار من خۆشەویستیم پێ بەخشیت، لە وەڵامدا دەڵێ: مەڵێ دواجار، بەڵکوو بڵێ جارێکی دیکە”.
دۆن جوان هەموو ساتەکانی ژیانی بە جۆش‎وخرۆشەوە دەژی و بەردەوام لەگەڵ ساتەکاندا تازە دەبێتەوە. ئەو باوەڕی بە “ئاکاری چەندێتی” هەیە نەک “ئاکاری چۆنێتی” و هەمیشە لە هەوڵی گۆڕانکاریی ساتەکانی ژیانیدایە بەو مەبەستەی فرەچەشنی بکات. هەر بۆیە باوەڕی بە ئەوهام‎ و خەیاڵات‎ و خۆشەویستیی ڕۆمانسییانە نییە و وا دەڕوانێتە خۆشەویستی کە نابێ لەسەر تاقە کەسێک پاوان بکرێ.
ئەکتەر: شەکسپیر لەسەر زمانی ماکبێسەوە دەڵێت: “ئەی مۆمە چکۆڵەکە بکوژێوە!‍ ژیان سێبەرێکە دەڕوات، ئەکتەرێکە سەعاتێک لەسەر شانۆ دەلەنگێت و دێت ‎و دەچێ و پاشان خامۆش دەبێت، بەسەرهاتێکە گێلێک دەیگێڕێتەوە، پڕە لە هەروازەنا و توندوتیژییەکی بێمانا”.
لای ئەلبێر کامۆش کەسێتیی ئەکتەر نموونەیەکی تری پاڵەوانەکانی ئەبسێرد (یان پووچی)یە. چونکە ئەکتەر گەرچی ئەو هەقیقەتە دەزانێت کە ئەو دەورەی لەسەر تەختەی شانۆ دەیبینێت لە دوو سەعات تێناپەڕێت‎ و بۆ ماوەیەک هەمان دەور چەندبارە دەکاتەوە، کەچی بەوپەڕی توانا و هەست ‎و سۆز و ویژدانەوە دەیەوێت ئەو ساتانەی دەورەکەی بژی، هەروەها سوور ئەوەش دەزانێت کە ئەو کارەی ئەم دەیکات نەمر نییە و پەردەی شانۆی بەسەردا دادەدرێتەوە، کەچی کۆشش دەکات بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ئەو ساتانە بژی. هەر بۆیە دیوارەکانی شانۆکە دەبنە “دیوارەکانی بێهودەیی” و شانۆکەش خۆی ڕەمزی ژیان، یان واقیعە و پەردەکەش ڕەمزی مەرگە.
جیهانگیر (الفاتح): نموونەی سێیەمی پاڵەوانی پووچی لای کامۆ کەسێتیی جیهانگیرە. کە لە “ئەفسانەی سیزیف”دا چەند لاپەڕەیەکی بۆ تەرخان کردووە.
کامۆ مەبەستی لەم کەسێتییە سەرکردەی سەربازی نییە، بەڵکوو مەبەستی لەو ئادەمیزادە جەربەزەیەیە کە هۆشیارییەکی فرەی بە تەنیایی مێتافیزیکی هەیە و بەدوا ڕێیەکدا دەگەڕێت تا لە خودی خۆی ڕابکات، ئەم سیفەتەش لە هەردوو پاڵەوانەکەی تری پووچیدا، واتە دۆن جوان‎ و ئەکتەردا دەبینینەوە. ئەم کەسێتییە، کەسێتییەکی یاخییە، بەڵام یاخیبوونەکەی هەوڵێک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پووچی، هەروەها وەکو سەرکردە مێژووییەکانی کۆن نییە بچێت خاک ‎‎و زەوی داگیر بکات، هەر بۆیە نموونەی ئەم پاڵەوانە پرۆمیسیۆسە نەک ناپۆلیۆن. ئەوەی (جیهانگیر) دەیکات لەپێناوی مرۆڤ ‎و بەها مرۆڤایەتییەکاندایە.
داهێنەر: نموونەی چوارەمی پاڵەوانی پووچی کەسێتیی داهێنەرە، بگرە داهێنەر لە هەموو ئەوانی تر زیاتر بەرجەستەی مرۆڤی ئەبسێرد دەکات. چونکە بە لای داهێنەرەوە کاری هونەری ئامرازێکە بەدەست هۆشیارییەوە، کە لە ڕێیەوە ژیان ‎‎و دونیا دەخوڵقێنێتەوە و ناڕەزامەندی بەرانبەر چارەنووسی مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو.
پاش ئەم نموونانە کامۆ دێتەوە سەر سیزیف کە هەموو ئەم وێنانە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و دەبێتە پاڵەوانێکی نموونەیی بۆ پووچی.
سیزیف دوای ئەوەی دەمرێت، ئیزن لە پلۆتۆ دەخوازێت تا بۆ ماوەیەکی کورت ڕێی پێ بدات بگەڕێتەوە بۆ سەرزەوی تا تۆڵەیەکی خۆی بسەنێتەوە. بەڵام وەختێ دەگەڕێتەوە سەرزەوی، زۆر جوان‎ و چێژبەخش دەیبینێت ‎و لە بەڵێنەکەی پەشیمان دەبێتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ دونیای مردوان. بەرانبەر بەمە خواوەندەکان لێی تووڕە دەبن ‎و حوکمی ئەوەی بەسەردا دەدەن کە دەبێ بۆ هەتاهەتایە تاشەبەردێکی گەورە بە کۆڵ بۆ سەر لوتکەی شاخێک بەرێت ‎‎و دوایی کە لەوێوە بۆ نشێوەکە خل دەبێتەوە، هەمدیسان بیداتەوە بە کۆڵیدا بۆ سەر لوتکەی شاخەکە و ئیدی بەم جۆرە و بۆ هەمیشە دەبێ ئەو کارە دووپات بکاتەوە.
بە لای کامۆوە ئەمە پاداشتی سیزیفە لەبەر ئەوەی ڕقی لە خواوەندەکان، هەروەها لە مردن دەبێتەوە و ژیانیشی زۆر خۆش دەوێت. ئیدی ئەمە ئەو ئازارەیە کە بەرانبەر چێژ و جوانییەکانی زەمین دەبێ بیچێژێت.
2-مرۆڤی یاخی:
“کاتێ لە ئەفسانەی سیزیفدا هەستکردن بە پووچیم شی کردەوە، بەدوا میتۆدێکدا دەگەڕام، نەک ڕێبازێک. پڕۆسەی گومانی میتۆدییانەم پراکتیک دەکرد، ئەو پڕۆسەی “ڕووپێوان-مسح”ەی کە دەکەوێتە پێش هەر پڕۆسەیەکی بیناکردنەوە”
ئەلبێر کامۆ
ئەگەر (ئەفسانەی سیزیف) لێکۆڵینەوەیەک بێت سەبارەت بە چەمکی پووچی و خۆکوشتن، ئەوا (مرۆڤی یاخی) لێکۆڵینەوەیەکە سەبارەت بە یاخیبوون ‎و کوشتن.
لە کاتێکدا مرۆڤ بڕوای بە هیچ مانایەک نەمێنێت بۆ ژیان ‎و بیانوو بۆ کوشتن بهێنێتەوە، دەکرێ هەمان بیانووش بۆ کوشتنی کەسانی دی بهێنێتەوە و لە بەرگی کوشتنێکی لۆجیکییانەدا بیخاتە ڕوو.
هەر بۆیە دەبینین لە سەدەی بیستەمدا چەندەها تاوانی گەورە بە ناوی ژیری و خۆشەویستیی مرۆڤ ‎و ڕەگەزێکی باڵاتر لە ڕەگەزەکانی ترەوە کراوە و لەژێر ئاڵای ئازادیدا ئۆردوگای کۆیلە ساز کراوە.
بەڵام جارێ با بپرسین: مرۆڤی یاخی کێیە؟
مرۆڤی یاخی مرۆڤێکە دەڵی: نەخێر. کە ڕەتیش دەکاتەوە، دەسبەردار نابێت. ئەو مرۆڤێکە دەشڵێت: بەڵێ، هەر لە یەکەم هەنگاوەوە. ئەو “نەخێر”ە جەخت لەسەر بوونی “سنوور”ێک دەکات کە نابێ بەرانبەر بیبەزێنێت. ئەم وتنی “نەخێر”ە خۆی لە خۆیدا هەڵگری بەهایەک یا چەند بەهایەکە و ڕەتکردنەوەی حاڵەتێک، یان بارێکی ترە. کۆیلەیەک وەختێ ئەو فەرمانە ڕەت دەکاتەوە کە گەورەکەی بەسەریدا دەدات، لە هەمان کاتدا ئەو حاڵەتی کۆیلایەتییەش ڕەت دەکاتەوە و داوای ئەوە دەکات بە یەکسانی لەگەڵ گەورەکەیدا تەماشا بکرێ. بۆیە جۆرە هۆشمەندییەک لەگەڵ یاخیبووندا لەدایک دەبێت. هۆشمەندییەک بە “خود” و بە بەها، یان بە “ماف”ێک کە مرۆڤی یاخیبوو دەشێ ئامادە بێت لەپێناویدا بشمرێت. کەواتە ئەو مافە دەخاتە سەرووی خودی خۆشیەوە و دەبێتە بەشێک لە مافێکی گشتی، یان “سرووشتێکی مرۆیی” وەکو ئەوەی کاتی خۆی گریکەکان باوەڕیان پێی هەبووە.
کەواتە بزاوتی یاخیبوون لە گەوهەردا بزاوتێکی خۆپەرستانە نییە، هەروەها مەرج نییە بەتەنها لای کەسی چەوساوە سەر هەڵبدات، بەڵکوو دەشێ بە بینینی دیمەنی چەوساندنەوەی کەسانی تریش سەر هەڵبدات. هۆیەکانی سەرهەڵدانی یاخیبوونیش لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێک ‎و لە ژیارێکەوە بۆ ژیارێکی دی دەگۆڕێت، هەر بۆیە لە کۆمەڵگەی تەوتەمپەرستی و شتە بەپیرۆزکراوەکاندا کێشەی یاخیبوون نابینینەوە، چونکە وەڵامی هەموو شتەکان لەپێشدا دراونەتەوە و پرسیار لەگۆڕێدا نەماوە، بەڵکوو وەڵامی ئامادە و ڕاڤەی ئامادە. لەبەر ئەوە مرۆڤی یاخی ئەو مرۆڤەیە کە بەر لە جیهانی تەوتەمپەرستی و دوای جیهانی تەوتەمپەرستی هەیە و داوای دۆخێکی مرۆیی وەها دەکات کە تیایدا تەواوی وەڵامەکان مرۆیی بن. کەواتە دەتوانین بڵێین بە لای فیکری مرۆییەوە دوو جیهان هەیە، جیهانی شتە بەپیرۆزکراوەکان‎ و جیهانی یاخیبوون، ئامادەنەبوونی یەکێکیان ئامادەبوونی ئەویتریان دەگەیەنێ.
وتمان مرۆڤ کە یاخی دەبێت، بە ناوی بەهایەکەوە یاخی دەبێت، بەڵام ئەم بەهایە چەند بەهایەکی تاکەکەسییە، هێندەش بەهایەکە تاکەکەس بە مرۆڤایەتییەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر لە ئەزموونی هەستکردن بە پووچیدا ئازارەکە ئازارێکی تاکەکەسی بێت، ئەوا لە ئەزموونی یاخیبووندا ئەو ئازارە دەبێ بە ئازاری کۆمەڵێک‎ و چارەنووسێکی هاوبەش. هەر بۆیە ئەزموونی یاخیبوون ڕۆڵی هەمان کۆجیتۆکەی دیکارت دەبینێت، بەڵام لە قەڵەمڕەوی یاخیبووندا و کۆجیتۆی مرۆڤی یاخی دەبێت بە:
من یاخی دەبم، کەواتە ئێمە هەین.
پەڕتووکی “مرۆڤی یاخی” ساڵی 1951 لە فەرەنسادا چاپ کرا. ئەم پەڕتووکەی کامۆ لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا بووە مایەی مقۆمقۆ و لێدوان‎ و تەنانەت لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری “سەردەمە نوێکان” بووە گفتوگۆیەکی گەرم لەنێوان سارتەر و کامۆدا.
کامۆ لەم پەڕتووکەدا سەبارەت بە یاخیبوون ‎و شۆڕش دەدوێت ‎و لە جۆرەکانی یاخیبوون ‎و شۆڕش دەتۆژێتەوە. بە لای کامۆوە زۆربەی شۆڕشە تازەکانیش لەسەر بنچینەی کوشتن ‎و تیرۆر دامەزراون ‎و لەدوا ئەنجامەکانیشیاندا بە دیکتاتۆریەت شکاونەتەوە. هەر بۆیە ئەو کوشتن و تیرۆرانە هەندێ جار بە ناوی “ئەقڵ”ەوە کراون‎ و هەندێ جاریش لە “نائەقڵ”ەوە سەرچاوەیان گرتووە. بۆیە تیرۆری ئەقڵانیمان هەیە کە ڕێگەیەکی ئەقڵانی و لۆجیکی دەگرێتە بەر (کە بە بۆچوونی کامۆ ئەوە لە مارکسیزمدا بەرجەستە بووە)، هەروەها تیرۆرێک هەیە کە لە نائەقڵەوە سەرچاوە ئەگرێ و ئەمەشیان لە نازیزم‎ و فاشیزمدا خۆی بینیوەتەوە.
هەر بۆیە کامۆ “یاخیبوون” بەسەر “شۆڕش”دا پەسەند دەکات، یاخیبوونێک کە لە کۆمەڵێک بەهای مرۆییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە گەر کۆمەڵێک بەها نەبێت ئیدی مرۆڤەکان هەواوهەوەس دەکەنە پێوەر بۆ تەواوی چاکە و بەدییەکان.
کامۆ دوای ئەوەی یاخیبوون بۆ دوو جۆر پۆلێن دەکات:
1-یاخیبوونی مێتافیزیکی.
2-یاخیبوونی مێژوویی.
لە ئەنجامی شیکردنەوەیانەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی، یاخیبوونی مێتافیزیکی کە بە ناوی ئازادیی مرۆوە دەست پێ دەکات بە لافێکی زێدەڕۆ بۆ ئازادی ‏و پاشان بە ستەم دژ بە کەسانی دی کۆتایی دێ. هەروەها یاخیبوونی مێژووییش بە ناوی دادپەروەرییەوە دەست پێ دەکات ‎و بە تیرۆرێکی ئاڕاستەکراو دژ بە ئازادیی تاک کۆتایی دێت. بۆیە هەر یاخیبوونێک بە ناوی ئازادیی ڕەها و دادپەروەریی ڕەهاوە پیادە بکرێ، یاخیبوونێکە دژ بە مرۆڤ ‎و مرۆڤایەتی دەشکێتەوە، لەبەر ئەمە یاخیبوونی دروست هەمیشە ڕێژەییە و بە ناوی کۆمەڵێک بەهای ڕێژەییەوە پیادە دەکرێ.
یاخیبوونی مێتافیزیکی:
یاخیبوونی مێتافیزیکی شۆڕشی مرۆڤە دژ بە دۆخی خۆی و دژ بە هەموو گەردوون. بۆیە پێیشی دەوترێ مێتافیزیکی لەبەر ئەوەی باوەڕی بە مەبەستێک نییە لەودیو مرۆڤ‎ و گەردوونەوە. کۆیلە دژ بە باری کۆیلایەتی یاخی دەبێت. بەڵام یاخیبووی مێتافیزیکی دژ بەو دۆخەی کە وەکو “مرۆڤ” تیایەتی یاخی دەبێت.
یاخیبووی مێتافیزیکی لەنێو داروپەردووی جیهاندا خوازیاری یەکێتییە. ئەو بەپێی ئەو پرنسیپی دادپەروەرییەی لەناو خودی خۆیدا هەیە دژ بەو ستەمە دەوەستێتەوە کە لە دونیادا هەیە. هەر وەکو پێشتر وتمان بە لای کامۆوە یاخیبوون لە جیهانی (یان سەردەمی) شتە بەپیرۆزکراوەکاندا نایەتە گۆڕێ، بۆیە لە مێژووی یاخیبوونی مێتافیزیکییشدا ئەم پەیوەندییە لەنێوان یاخیبوون ‎‎و ئاییندا دەبینینەوە.
بە بۆچوونی کامۆش (مێژووی ژیاری خۆراوا) بریتییە لە کۆمەڵێک قۆناغی تەبایی مێتافیزیکی کە بەدوایدا یاخیبوونی مێتافیزیکی دێ. لە قۆناغی تەبایی مێتافیزیکیدا مرۆڤ تەبا و قانیعە بە خوا و سرووشت ‎و وەڵامەکانی ئایین، هەست بە ئولفەت دەکات، لە قۆناغی یاخیبوونی مێتافیزیکییشدا بە پێچەوانەوە، مرۆڤ لەگەڵ خوادا تەبا نییە و بە وەڵامەکان قانیع نییە و هەست بە نامۆبوون دەکات.
هەر بۆیە یاخیبوونی مێتافیزیکی گەرچی بە شێوەیەکی توندوتۆڵ لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا هاتە ئاراوە، بەڵام ئادەمیزادە دێرینەکانیش لێی بێئاگا نەبوون، ئەوەتانێ میتۆلۆجیای یۆنانی بەرزترین و ئابڕوومەندترین نموونەی یاخیبوونی مێتافیزیکیی لە کەسێتیی “پرۆمیسیۆس”دا بۆ خستووینەتە ڕوو.
هەروەها بەر لەوەی ئایینی کریستیانیەت بێت‎ و قۆناغی پیرۆز دەست پێ بکات، لە کۆتاییەکانی ژیاری یۆنانی و ڕۆمانیدا، ئەبیقۆر و لۆکریس هەڵوێستی یاخیبوونیان دژ بە باری مرۆیی نواند.
بە هاتنی مەسیح‎ و کریستیانیەت “قۆناغی پیرۆز” دەست پێ دەکات ‎‏و چەند سەدەیەک دەخایەنێت. “کریستیانش” هات تا دوو کێشەی سەرەکی چارەسەر بکات، کێشەی خراپە(شر) و مەرگ، ئەمانەش دوو کێشەکەی یاخیبووانن”. لەبەر ئەوەی مەسیح وەکو خواوەند- مرۆڤ هات، ئەویش وەکو ئادەمیزاد بەرگەی ژان ‎و ئازار دەگرێت. بۆیە ناکرێ بە سەرچاوەی خراپە و مەرگی لەقەڵەم بدەین، چونکە خۆشی ژان دەچێژێت و دەمرێت.
ڕەتکردنەوەی ڕەها:
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا ئەدیبێکی وەکو مارکیز دو ساد دەبینینەوە، کە کامۆ وەکو یەکێک لە نموونەکانی یاخیبووی (یان ڕەتکەرەوەی) ڕەها دەیهێنێتەوە. مارکیز دو ساد بە ناوی غەریزەی سێکسەوە مرۆڤ‎ و ئاکاری مرۆیی و تەنانەت خوداش ڕەت دەکاتەوە “بە لای ئەوەوە سرووشت بریتییە لە سێکس ‎و بەم جۆرە ئەم لۆجیکە بەرەو جیهانێکی بێیاسای دەبات، کە تیایدا تەنها وزەی شەهوەتی سێکسی فەرمانڕەوایە”. یاخیبوونی ساد لە مەبدەئێکەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، بەڵکوو وەکو وتمان لە غەریزەی سێکسییەوەیە، بۆیە گەیشتە ئەوەی بەرگری لە تاوان بکات ‎و تەواوی بەها ئاکارییەکان پێشێل بکات.
پاشان کامۆ دێتە سەر ڕۆمانسییەکان ‎و دەڵێت “پاڵەوانی ڕۆمانسی بە قووڵی چاکە و خراپە پێکەوە تێکەڵ دەکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئایینییش. ئەو باوەڕی بە قەزاوقەدەرە، لەبەر ئەوەی قەدەر چاکە و خراپە تێکەڵ دەکات بەبێ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ بەرگری لە خۆی بکات.”
پاڵەوانی ڕۆمانتیکیش باوەڕی بە قەزاوقەدەر هەیە، چونکە چەند بەهێزتر و بلیمەتتر بێت، هێزی خراپەی تێدا گەورەتر دەبێ. پاڵەوانی ڕۆمانتیک وا خۆی دادەنێت ناچار بێت خراپە بکات تا چاکەیەکی ئەستەم بکات. بۆیە ئیدی چاکە و خراپەی لا دەبێت بە یەک.
لە کاتێکدا یاخیبووی ڕۆمانتیک تەنها بە ناوی خۆیەوە یاخی دەبێت، دەبینین ئیڤان کارامازۆڤ کە یەکێکە لەپاڵەوانەکانی ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ”ی دۆستۆیڤسکی، بە ناوی خەڵک ‎و بێگەردیی مناڵانەوە یاخی دەبێت. بە ناوی دادپەروەری و بەهای ئاکارییەوە دژ بە یەزدان یاخی دەبێت. “هەرچی زانستە لە گەردووندا ناکاتە فرمێسکی مناڵان” هەر بۆیە ئیڤان دەڵێت “یان هەموو شتێک، یان هیچ شتێک”. جا لەبەر ئەوەی مردن حوکمێکی قورسە بەسەر مرۆڤدا دراوە و مناڵان بێ هۆ ئازار دەچێژن ‎و دەمرن، ئیڤان بوونی دادپەروەریی خودایی ڕەت دەکاتەوە، چونکە بە ڕای ئەو گەر ئەو دادپەروەرییە هەبوایە، یان خۆی هەبوایە ئادەمیزادەکان بەو جۆرە ئازاریان نەدەچەشت‎ و مناڵان بەبێ هۆ نەدەمردن. بەم شێوەیە ئیڤان نموونەی بەرجەستەکردنی “ڕەتکردنەوەی ڕزگاربوون”ە و دەگاتە ئەوەی “گەر یەزدان نەبێت، هەموو شتێک ڕەوایە”. بەم جۆرە ئیڤان بە ڕەتکردنەوەی لۆجیکی یەزدانی و ڕەوایەتیدان بە هەموو شتێک لە نائامادەگیی ئەودا، سەرئەنجام ڕەوایەتی بە کوشتنیش دەدات ‎و بە تایبەتییش کوشتنی باوکی.
یاخیبوونی مێتافیزیکی لای ئیڤان کارامازۆڤ تا ئەوپەڕی دەڕوات، چونکە مادامەکی یەزدان لای ئیڤان شەرعیەتی نامێنێت، مرۆڤ دەبێ جێی بگرێتەوە و هەموو شتێک بە ڕەوا بزانێت و جگە لە یاسای خۆی، هەموو یاسایەکی دیکە ڕەت بکاتەوە. بەم جۆرە یاخیبوون لای ئیڤان دەگاتە لۆجیکێکی نامرۆیی کە دەرگا بە ڕووی ڕەوایەتیدان بە کوشتن‎ و تاواندا دەکاتەوە.
قبووڵکردنی ڕەها:
فریدریش نیچە لەبری پەیڕەویکردن‎ و پراکتیزەکردنی گومانی میتۆدییانە، پەیڕەویی لە ڕەتکردنەوەی میتۆدییانە کرد و بە ڕاگەیاندنی مەرگی خواوەند ویستی ئەوە بسەلمێنێت کە مرۆڤ دەتوانێ بە بێ باوەڕهێنان بە شتێک بژی، بە مەرجێک باوەڕلەدەستدان بکاتە ڕێباز و نیهیلیزم تا ئەوپەڕی بەرێت.
هەر بۆیە فەلسەفەی نیچە فەلسەفەیەکە سەبارەت کێشەی یاخیبوون، یاخیبوونێک کە لە “خواوەند مرد”ەوە دەست پێ دەکات، بەڵام وەختێ خواوەند نەبێت، کەواتە هیچ مەبەستێک لەودیو ژیان ‎و گەردوونەوە نییە و هیچ یاسایەکیش لەگۆڕێدا نییە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ کە مرۆڤ چۆن دەتوانێ بە ئازادی و بەبێ یاسا بژی؟ نیچە لە وەڵامدا دەڵێت بەوەی کە ئادەمیزاد ئامێز بە ژیاندا بکات ‎و بە ژیان بڵێت “بەڵێ”. هەموو شتەکانمان پێ قبووڵ بێت.
بەڵام ئەم قبووڵکردنە ڕەهایەی شتەکانی ژیان، نەک تەنها چاکە، بەڵکوو خراپەش دەگرێتەوە، پاساودانێک دەبێت بۆ تاوانیش. بۆیە بە بۆچوونی کامۆ قبووڵکردنی ڕەها لای نیچە جۆرێکە لە جۆرەکانی لادان (انحراف)ی یاخیبوون لە لۆجیکی ڕاستەقینەی خۆی.
دواتر کامۆ دێتە سەر چەمکی یاخیبوون لە شیعردا و بە تایبەتییش لای شاعیران لۆتریامۆن ‎و ڕامبۆ و سووریالیستەکان. ئەوەتانێ لە “سروودەکانی مالدۆرۆر”ی لۆتریامۆن‎دا، مالدۆرۆر وەکو یاخییەکی ڕۆمانتیک دوای ئەوەی لە دادی یەزدانی نائومێد دەبێت، دەبێتە لایەنگری خراپە، هەر بۆیە “سروودەکان” پاڕانەوەیەکی ڕاستەقینەن بۆ خراپە. تیایاندا هێرش دەکرێتە سەر گەردوون ‎و خوڵقێنەریان، سروودەکان بە پیرۆزیی تاواندا هەڵدەدەن. ڕامبۆش بەتەنها لە بەرهەمەکانیدا شاعیری یاخیبوون بوو “مەزنیی ڕامبۆ لەو هاوارانەیدا نەبوو کە یەکەم جار لە شاری شارلڤیل کردنی، هەروەها لەو کارە بازرگانیانەشیدا نەبوو کە لە هەرار (لە حەبەشە) بە ئەنجامی گەیاندن، بەڵکوو لەوەدایە کە سەمەرەترین گوزارشتی ڕاستەقینە لە یاخیبوون دەکات ‎و سەرکەوتن ‎و خەمی خۆی بەرجەستە دەکات‎ و ئەو ژیانەی کە خافڵە لە جیهان- و ئەو جیهانەی قوتاربوون لێی نییە”، بەڵام دواتر دەبینین ڕامبۆ (ئەم شاعیرە نەفرەتلێکراوە) هەر خەمی پارە و پڕۆژە بازرگانییەکانێتی.
سووریالیزمیش بریتی بوو لە “یاخیبوونێکی ڕەها، سەرپێچیکردنێکی تەواو، وێرانکردنی دیسپلینکراو، هەوەسێکی گاڵتەجاڕانە و پەرستنی پووچی.” سووریالیزم ڕەتکردنەوەیەکی ڕەهای ژیان بوو. هەموو ڕەتکردنەوەیەکی ڕەهاش بە تاوان کۆتایی دێ، بۆیە ئەوەتانێ ئەندرێی بریتۆن لە ساڵی 1933دا دەڵێت: سادەترین کردەوەی سووریالییانە ئەوەیە بچیتە سەرشەقام ‎و دەمانچەیەکت بە دەستەوە بێت ‎و کوێرانە تەقە لە خەڵک بکەیت. بەم جۆرە پەرستنی نەست (لاشعور) و دژایەتیکردنی ئەقڵ دەبێتە دەستووری کار لای سووریالیستەکان.
یاخیبوونی مێژوویی:
بە لای کامۆوە یاخیبوونی مێژوویی، یان بە دەربڕینێکی دیکە بڵێین شۆڕشەکان، هەر لە شۆڕشی کۆیلەکان ‎و کوشتنی شاکانەوە تا دەگاتە شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم. درێژکراوەی یاخیبوونی مێتافیزیکین، چونکە ئەم شۆڕشانە ویستوویانە ئەو عەدالەتە ڕەهایەی کە لە دونیادا نییە بیهێننە دی. لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ جیاوازیی نێوان چەمکی یاخیبوون ‎و چەمکی شۆڕش لای کامۆ بکەین:
شۆڕش لە بیرۆکەوە دەست پێ دەکات ‎و ئاخنینی فیکرە بۆ نێو ئەزموونی مێژوویی و گۆڕینی ڕیشەیی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی حوکمڕانە.
بەڵام یاخیبوون لە ئەزموونەوە بەرەو فیکر دەست پێ دەکات ‎و بە ناوی کۆمەڵێک ئایدیای ڕەهاوە نادوێت.
جا لەبەر ئەوەی ئەم شۆڕشانە خوازیاری ڕەهاییەکن لە ئامانجەکانیاندا، ڕەهاییەک کە لە ئەنجامی نائامادەگیی خواوەندەوە هاتووەتە گۆڕێ، هەر بۆیە ئەم شۆڕشانەش لە دەرئەنجامدا مێتافیزیکین (تەنانەت ئەو شۆڕشانەی لافی ئەوپەڕی ماددییەتیش لێدەدەن) لە دواجاریشدا بەرەو ئەنجامی ترسناکمان دەبەن.
خیانەتکردن لە لۆجیکی یاخیبوونیش ئەنجامی خەتەرناکی لێ دەبێتەوە، هەر بۆیە شۆڕشگێڕان چەند ئامانجەکانیان ئابڕوومەندە، دەبێ وەسیلەکانیشیان هێندە ئابڕوومەند بن. نابێ ئێستا بکرێ بە قوربانی ئاییندە، نابێ بە ناوی بەختەوەرییەکەوە کە (دەشێ) لە ئاییندەدا بۆ خەڵکانێک بێتە دێ (دەشێ نەیەتە دییش) ئەمڕۆ بە سەدان ‎و هەزاران کەس بکەین بە قوربانی. بەم جۆرە و لەم ڕوانگەیەوە کامۆ دێت‎ و یاخیبوونە مێژووییەکان، هەر لە یاخیبوونی سپارتاکۆس‎ و شۆڕشی کۆیلەکانەوە تا شۆڕشی فەرەنسایی و شۆڕشەکانی سەدەی بیست دەخاتە بەر هەڵسەنگاندن.
“زۆربەی شۆڕشەکان شێوەی ڕەسەنایەتیی خۆیان لە تاوانی کوشتندا دەبیننەوە. بەڵام هەندێکیان جگە لەوە کوشتنی شا و کوشتنی خواوەندیشیان ئەنجام داوە.”
کامۆ وەختێ سەبارەت بە کوشتنی شا لەسەر دەستی فەرەنساییەکان دەدوێت، دەربارەی ئەو تیۆرییانەش دەدوێت کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەو حاڵەتە تا دەگاتە نووسینەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ، بە تایبەتییش پەڕتووکی “پەیمانی کۆمەڵایەتی”. “تا دەرچوونی پەیمانی کۆمەڵایەتی، خوا ئەو شایانەی دروست دەکرد کە ئەوانیش خەڵکیان دروست دەکرد.
بەڵام لە پەیمانی کۆمەڵایەتی بەدواوە، گەلان بەر لەوەی شاکانیان دروست بکەن، خۆیان دروست دەکرد”. هەر بۆیە شۆڕشی فەرەنسایی کە لە ساڵی 1789وە دەستی پێ کرد ئەو مافە خوداییەی لە شا سەندەوە و بە ناوی “ئەقڵ” و “ڕەندی- فەزیلەت”ەوە ئەو مافە ڕەهایەی دایە دەست گەل. هەر بۆیە کامۆ لەسێدارەدانی شا لویسی شانزدەهەم بە “خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە لە ڕەوتی شۆڕشدا لەقەڵەم دەدات، لەبەر ئەوەی سەرەتای ئەفەرۆزکردنی لایەنی ڕۆحیی مێژوو و بەعەلمانیکردنی خواوەندە” بە مانایەکی دی سەندنەوەی ڕەهاییە لە خواوەند و بەخشینێتی بە ئیرادەی گەل. بەڵام کامۆ دەڵێت وێڕای جەختکردنەوەی شۆڕشی فەرەنسایی لەسەر ئەقڵ و ڕەندی، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم قایل بوو بەوەی پەیڕەوی لە سیاسەتی ستەم ‎و تۆقاندن بکات.
سان جۆست کە لە ڕاڤەکەرانی ڕۆسۆ بوو، وتوویەتی: “هەموو بەردەکان لەپێناوی تاقی ئازادیدا تاشراون، بە هەمان ئەو بەردانە دەتوانن پەرستگەیەک بۆ ئازادی بنیاد بنێن ‎و بە پێچەوانەشەوە دەتوانن گۆڕێکی بۆ دروست بکەن” هەمان پرنسیپەکانی “پەیمانی کۆمەڵایەتی” بوونە ڕێخۆشکەر بۆ بیناکردنی ئەو گۆڕەی کە دواتر ناپۆلیۆن بۆناپارت هات تا قایمی بکات.
پاش کوشتنی شاکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کوشتنی خواوەند دێ لە سەدەی بیستەمدا. ئەو بکوژانەی خواوەند کە ویستیان سەرزەمین بکەن بەو بەهەشتەی تیایدا ئادەمیزاد خۆی دەبێتە خواوەند. بەم جۆرە ئەم یاخیبوانەش تا ئەوپەڕی یاخیبوون ڕۆیشتن ‎و ناپاکییان بەرانبەر لۆجیکی یاخیبوون کرد.
کامۆ دەڵێت بەگوێرەی فەلسەفەکەی هیگڵ مرۆڤ خۆی چارەنووسی خۆی دیاری ناکات، بەڵکوو ڕەوتێکی حەتمیی مێژوو کە ڕووداوەکان بەڕێوە دەبات، چارەنووسی ئەویش دیاری دەکات. کەواتە ئەم بەخوداییکردنەی مێژوو بە پێویست هەق دەخاتە پاڵ ئەوانەی سەرکەوتن وەدەست دەهێنن، لەبەر ئەوەی مێژوو وای دەوێت‎ و لە کۆتاییدا ئەمەش پێویستە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی. هەر ئەمەش بوو کە ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم قۆستیەوە. بەپێی ئەو ئایدیۆلۆجیایە مادامەکی مێژوو دواجار ڕزگاری بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت، کە ئەو ڕزگارییەش خۆی لە کۆمەڵگەیەکی بێچیندا دەبینێتەوە، کەواتە بۆ پەلەکردن لە وەدیهێنانی ئەو ڕزگارییە و ئەنجامدانی ئەو پڕۆسە مێژووییە، پەنابردن بۆ هەر وەسیلەیەک ڕەوایە، هەر لێرەشەوە ڕەوایەتیی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دێ.
کامۆ پاش ئەوەی سەبارەت بە ئاژاوەخوازە ڕووسەکانی وەک بیزاریف ‎و باکۆنین ‎و نیچاییڤ دەدوێت، دێتە سەر ئەو یاخیبووانەی کە پێدەچێت بەتەنها لەوان ڕەزامەند بێت‎ و لە پەڕتووکەکەیدا ناویان دەنێت “بکوژە بەبەزەییەکان”.
ئەمانەش کۆمەڵێک لاو بوون وەک” کالیاییڤ، دۆرا بریلیانت… هتد کە ساڵی 1905 دۆقی گەورە “سیرج”یان کوشت. جێی ئاماژەیە کامۆ لە شانۆنامەیەکیشدا کە ناوی “دادپەروەرەکان”ە هەمان ئەم لاوانە وەک نموونەی یاخیبووی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو. ئەم لاوانە گەرچی بۆ ئامانجی دوور خەباتیان دەکرد و ئومێدیان بە پاشەڕۆژێک هەبوو کە ئامانجەکانیان تیایدا بێتە دی، بەڵام شێوازی خەبات‎ و وەسیلەکانیان ئابڕوومەندانە بوو. ئەمانە گەرچی باوەڕیان بە شێوازی تیرۆری سیاسی هەبوو، بەڵام هەرگیز ئافرەت‎ و مناڵیان نەدەکوشت. هەر لەو شانۆنامەیەدا وەختێ سەعاتی سفر دێ و ماشێنەکەی دۆق بە شوێنی دیاریکراودا تێدەپەڕێ، کالیاییڤ دەبێ نارنجۆکەکەی بۆ فڕێ بدات ‎و بیکوژێت، بەڵام کە چاوی بە دوو مناڵ دەکەوێ لەنێو ماشێنەکەدا، نارنجۆکەکە فڕێ نادات ‎و دواتر کە لێی دەپرسن بۆ کارەکەی ئەنجام نەدا؟ لە وەڵامدا دەڵێت:
“کوشتنی مناڵان شتێکە لەگەڵ شەرەفی ئادەمیزاددا ناگونجێت، خۆ گەر شۆڕشەکەمان دەسبەرداری ئەو شەرەفە بوو، ئەوا منیش دەسبەرداری شۆڕش دەبم”. بۆیە بە بۆچوونی کالیاییڤ ئامانجەکانی شۆڕش چەند پیرۆز بن، دەبێ شێواز و وەسیلەکانیش هێندە پیرۆز و مرۆڤدۆستانە بن.
لێرەوە کامۆ دێتە سەر شۆڕشەکانی سەدەی بیست کە لە ئەنجامدا دەوڵەتی تیرۆریان بەرهەم هێناوە، جا ئیدی ئەو تیرۆرە نائەقڵانی بووبێت (وەک لە فاشیزم ‎و نازیزمدا دەیبینینەوە)، یان ئەقڵانی (وەک لە دەوڵەتی شیوعیدا دەیبینینەوە، کە لێرەشدا مەبەست لە یەکێتیی سۆڤێتە). پەشێوییەکانی ئیتاڵیا لە سییەکاندا مۆسۆلینیی بەرهەم هێنا و کۆماری ڤایمەر هیتلەری هێنا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917یش ستالینی دروست کرد.
(مۆسۆلینی و هیتلەر ویستیان ئیمپراتۆریەتێک بخوڵقێنن، بیرمەندە نیشتمانپەروەرە سۆشیالیستەکانیش بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیریان لە ئیمپراتۆریەتی جیهانی کردەوە. جیاوازییەکەشیان لەگەڵ بزاڤی شۆڕشگێڕانەی تەقلیدیدا لەوەدایە، ئەوان لە میراتیی نیهیلیزم لەبری ئەقڵ، نائەقڵانییان پەرست…).
مۆسۆلینی و هیتلەریش (یەکەم کەس بوون کە دەوڵەتیان لەسەر ئەو ئایدیایە بنیات نا کە دەڵێت هیچ شتێک مانای نییە و مێژوو چ نییە، تەنها خستنەڕووی هێز نەبێت. هێندەی نەبرد کە ئەنجامەکانیش بەدەرکەوتن…).
ئەو نیهیلیزمەی خۆی لە نازیزم‎ و فاشیزمدا بەرجەستە کرد و لە شێوەی یاخیبوونێکی نادروست ‎و ناپاک (نائەمین)دا دەرکەوت، جگە لە وێرانکردن ‎و کوشتن‎ و خۆکوشتن هیچی تری لێ نەکەوتەوە.
فەلسەفە فاشیستیەکان، گەرچی ویستیان وردەوردە ڕابەرایەتیی جیهان بکەن، بەڵام هەرگیز خوازیاری ئیمپراتۆریەتێکی جیهانی نەبوون. ئەوەی هەبوو ئەوە بوو هیتلەر کە لە سەرکەوتنە تایبەتییەکانی خۆی سەری سووڕما بوو، لە جووڵانەوە ئیقلیمییەکەی خۆی لای دا و ڕووی کردە خەونێکی سەیر بە ئیمپراتۆریەتێکی ئەڵمانییەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئیمپراتۆریەتی جیهانییەوە نەبوو. بەڵام کۆمۆنیزمی ڕووسیایی بە ئاشکرا و لە بنەڕەتدا خوازیاری ئیمپراتۆریەتێکی جیهانییە.
شۆڕشی ڕووسیایی ئەم خواستە مێتافیزیکییەی گرتە ئەستۆ کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لێی دەدوێت ‎و بەڵێنی بیناکردنی بەهەشتی مرۆڤی دا کە دواجار پاش مەرگی خواوەند خۆی تیایدا دەبێ بە خواوەند.)
لێرەوە کامۆ دێتە سەر تیرۆری ئەقڵانیی دەوڵەت ‎و لێکۆڵینەوە لە پێشبینییەکانی مارکس.
کامۆ دەڵێت “مارکس لە هەمان کاتدا پێغەمبەرێکی بۆرژوا و پێغەمبەرێکی شۆڕشگێڕیشە”.
خەونە زانستییەکانی مارکس لە ئەسڵدا خەونی بۆرژوا بوون، پێشکەوتن ‎و پاشەڕۆژی زانست ‎و پەرستنی تەکنۆلۆژیا و بەرهەمهێنان… تەنانەت کرۆکی تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت بە زێدەبایی، لە ڕیکاردۆ وەرگرتووە، کە ئابووریزانی شۆڕشی بۆرژوازی و پیشەسازی بوو.
هەروەها مارکس جەختی لەوە کرد (وەکو کامۆ دەڵێت) کە مێژوو لە هەمان کاتدا دایەلەکتیک ‎و ئابوورییە. بەڵام هیگڵ پێشتر وتبووی کە مێژوو ماتەر و ڕۆحە. بە هەرحاڵ مێژوو چەند ماتەرە ئەوەندەش ڕۆحە، پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە. مارکس وەکو گەوهەر نکووڵی لە ڕۆح دەکات‎ و بانگەشەی ماتێریالیزمی مێژوویی دەکات. بەڵام هەر وەکو (بێردیاییف)یش دەڵێت دایەلەکتیک‎ و ماتێریالیزم پێکەوە ناگونجێن. تەنها یەک دایەلەکتیک هەیە کە ئەویش دایەلەکتیکی فیکرە.
لە شوێنێکی تردا کامۆ دەڵێت کورتکردنەوەی مرۆڤ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا لەڕێی جەختکردن لەوەی کە ئابووری دیاریکەری بوونێتی، مانای نەفیکردنی تاکبوونی مرۆڤ‎ و تەنیاییەتی. بە ڕای کامۆ ئەوەی وای لە مارکس کردووە ئابووری بکاتە تاقە فاکتەری دیاریکەری بوون ‎‎و ژیانی مرۆڤ، ئابووریی داڕماوی کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەهەم بووە.
کامۆ تێڕوانینی جیهانی مەسیحی و تێڕوانینی جیهانی مارکس بۆ مێژوو بەیەک دەشوبهێنێت و دەڵێت هەردووکیان وا دەڕواننە مێژوو کە زنجیرەیەکە سەرەتای هەیە و کۆتایی هەیە و لەم ڕەوتەدا و لە کۆتاییدا مرۆڤ، یان پاداشت دەدرێتەوە و یان سزا دەدرێ.
لای مارکسیش ئەو پاداشتە بۆ چینی پرۆلیتارە و سزاکەش بۆ چینی سەرمایەدار، ئەم سزایەش لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە بەسەر چینی سەرمایەداردا دەسەپێت. بەم جۆرە مارکس گفت بە هەژاران ‎و چەوساوەکان، بە تایبەتییش چینی کرێکار دەدات کە ئاییندە هیی ئەوانە و گومان لەوەدا نییە کە کۆمەڵگەیەکی بێچین لە هەناوی قەیرانەکانی سەرمایەدارییەوە سەر دەردێنێت، کۆمەڵگەیەک کە بەختەوەریی ڕەها لەگەڵ خۆیدا بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت، ئەمەش ئەو پەیامەیە کە پرۆلیتاریا بەجێی دەهێنێت.
بەڵام نە پرۆلیتاریا ئەو پەیامەی بەجێ گەیاند و نە قەیرانەکانی سەرمایەدارییش بوونە مایەی فەوتاندنی، چونکە سەرمایەداری لەڕێی بەرنامەڕێژی و زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانانەدا و چاککردنی هەلومەرجی کاری کرێکارانەوە، توانیی کۆنترۆڵی ئەو قەیرانانە بکات ‎و پێشبینییەکانی مارکس بەدرۆبخاتەوە. هەروەها کامۆ سیفەتی زانستی لە سۆشیالیزم دەسەنێتەوە و دەڵێ ئەو سۆشیالیزمە زانستی نەبووە، بەڵکوو پێشبینیکەر و دۆگماتیک بووە.
(گەر فیکر بە تەنها ڕەنگدانەوەی شتەکان بێت، کەواتە ناتوانێ پێشبینیی شتەکان بکات تەنها بە گریمانە نەبێت. گەر ئەو تیۆرییەش تەنها بە ئابووری پشتئەستوور بێت، ئەوا بەتەنها دەتوانێ ڕابردووی ئابووری، نەک داهاتووی دەستنیشان بکات).
بۆ وەدیهێنان ‎و بەجێهێنانی ئەو پەیامەی کە لە سەرەوەش ئاماژەمان پێ دا، مارکسیزم هەموو ڕێگە و وەسیلەیەک بە ڕەوا دەزانێت. بەم جۆرە تیرۆری ئەقڵانی، لە پێناوی هێنانەدیی بەهەشتێکدا کە لە بەهەشتەکەی مەسیح دەچێت، بیانوو بۆ هەموو شێوازێک دەهێنێتەوە. بەڵام ئەمیان مەسیحێکی پرۆلیتار وەدیهێنەرێتی. کەواتە دەبێ هەڵگرانی ئەو باوەڕە قوربانی بە ئەمڕۆیان بدەن لەپێناوی سبەینێدا، ئەمڕۆ تەواوی ئازار و ئەشکەنجەکان بچێژن لەپێناوی سبەینێیەکی خاڵی لە ئازار و ئەشکەنجە، ئەمە ئەو خەونە یۆتۆپیاییەیە کە مارکسیزم وەک مژدەیەک، یان وەک بەنجێک دەیدات بە چینی کرێکاران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە (ڕاست نییە کە ئامانجەکانی فاشیزم ‎و کۆمۆنیزمی ڕووسیایی وەک یەک تەماشا بکەین. فاشیزم شکۆدانە بە جەللاد لە لایەن جەللادەوە… بەڵام کۆمۆنیزمی ڕووسیایی شکۆدانە بە جەللاد لە لایەن قوربانییەوە.. فاشیزم هەرگیز خەونی بە ئازادکردنی تەواوی مرۆڤەوە نەدیوە، بەڵکوو بە ئازادکردنی هەندێک لە خەڵکی لەڕێی ملکەچکردنی خەڵکانی ترەوە… بەڵام کۆمۆنیزمی ڕووسیایی لە ناخەوە خوازیاری ئازادکردنی تەواوی مرۆڤە لەڕێی بەکۆیلەکردنیانەوە بە شێوەیەکی کاتی. هەر بۆیە دەبێ ددان بەوەدا بنێین کە ئامانجەکەی گەورەیە).
دواجار دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە چ تیرۆری ئەقڵانی و چ تیرۆری نائەقڵانی خیانەت لەو بەهایە دەکەن کە بزاڤی ڕاستەقینەی یاخیبوون نوێنەرێتی. یاخیبوونی ڕاستەقینە باوەڕی بە چارەنووسێکی هاوبەشی مرۆڤایەتی و پەیوەندیی ڕۆحیی نێوان ئادەمیزادەکان هەیە. ئەو (داوای ئازادییەکی دیاریکراو بۆ خۆی دەکات، بەڵام نایەوێ ئازادی و بوونی کەسانی دی بفەوتێنێت). نایەوێ کەس زەلیل بکات ‎و ئەو ئازادییەی خوازیارێتی، بۆ هەموو کەسانی تریش داوای دەکات. ئەو ئازادییەی ڕەتیشی دەکاتەوە بۆ هەموان ڕەتی دەکاتەوە. ئەو کۆیلەیەک نییە دژ بە سەروەر و بەس، بەڵکوو مرۆڤێکیشە دژ بە دونیای سەروەر و کۆیلە.)
مرۆڤی یاخی بڕوای بە ڕێژەییبوونی شتەکانە، تەنانەت ڕێژەییبوونی ئەو بەهایانەش کە لەپێناویاندا یاخی بووە. هەر بۆیە گەر فەلسەفەیەکیشی هەبێت، ئەوا ئەو فەلسەفەیە فەلسەفەی سنوورە. مرۆڤی یاخی دەزانێت کە سنوورێک هەیە نابێ بیبەزێنێت، ئەویش ئەو سنوورەیە کە تیایدا دەتوانێ مومکینەکانی بەدی بهێنێت ‎و لەپێناوی بەدیهێنانیاندا بجەنگێت. مرۆڤی یاخی لە نزیکەوە ئاگای لە عەزاب‎ و هەژانی جوانییەکانی ژیانە و بە بڕوای ئەو دەبێ سیاسەتیش ملکەچی ئەو هەقیقەتانە بێت. (کە دەشیەوێت “واتە مرۆڤی یاخی” لەو عەزابەی ئادەمیزادەکان کەم بکاتەوە، تەقەللا دەدات بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی ئەوە ئەنجام بدات).
دواشت، ئەمەوێ بڵێم کە دەبوو لەم پیاچوونەوەیە بە “ئەفسانەی سیزیف” و “مرۆڤی یاخی”دا لەسەر فەلسەفەی جوانی (یان ئێستاتیکا)ی کامۆش بوەستامایە، کە ڕوانینی فەلسەفیی کامۆیە بۆ هونەر و ئەدەب ‎و جوانی، بەڵام بەئومێدم لە نووسینێکی تردا بەتایبەتی لێیان بدوێم. [1]
ئەم بابەتە 495 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەڕی کوردڕاوم ــ 04-01-2020
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 3
ژیاننامە
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 04-01-2020 (4 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: ئەدەبی / ڕەخنەی ئەدەبی
پۆلێنی ناوەڕۆک: فەلسەفە / هزر
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 94%
94%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هومام تاهیر )ەوە لە: 20-11-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 21-11-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 07-04-2024 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە 495 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
دەمێک لەگەل یاری غار
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
دوو شاعێری ئوکراینی؛ تاراس شێڤچێنکۆ-لێسیا ئوکراینکا
ژیاننامە
ئومێد سەیدی
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
مامۆستا و قوتابییانی قوتابخانەی کۆزەبانکە لە دیبەگە ساڵی 1968
پەرتووکخانە
خووە بچووکەکان
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
کورتەباس
هەموو کچێک چی بزانێ
وێنە و پێناس
گەنجانی ڕانیە ساڵی 1973
پەرتووکخانە
حوکمی بنەماڵە لە عێراق و ئەو ئاڵنگاڕییانەی لەبەردەم حکومەت و دیموکراسیدان
وێنە و پێناس
وێنەیەکی مەلا مستەفا بارزانی ساڵی 1971 لە حاجی ئۆمەران
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
ئاشتی شێرکۆ سلێمان
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
گوڵبەهارێک لەم پاییزی عومرەمدا دەڕوێت
کورتەباس
سروودێکی خۆشەویستی
ژیاننامە
شەرمین وەلی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
کورتەباس
بەیانی یەکی خۆرەتاو
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مهناز کاوانی
کورتەباس
کانزاکان لە لەشماندا
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
وێنە و پێناس
کاتی نمایشکردنی شانۆیی گۆرانی چایکا ساڵی 1988
کورتەباس
شێوەکانی لە تابلۆ ڕامان

ڕۆژەڤ
شوێنەکان
خانەقین
23-07-2009
هاوڕێ باخەوان
خانەقین
ژیاننامە
قابیل عادل
18-04-2012
هاوڕێ باخەوان
قابیل عادل
ژیاننامە
شاپور عەبدولقادر
18-04-2012
هاوڕێ باخەوان
شاپور عەبدولقادر
ژیاننامە
سەرهاد ئیسماعیل بیسۆ خەلەف
16-04-2024
سروشت بەکر
سەرهاد ئیسماعیل بیسۆ خەلەف
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
شێخ حسێنی هەزارکانی ئەو پیاوەی لە ئەنفالدا فەرمانی سەدامی شکاند و وتی نامەوێت ئازاد بکرێم
19-04-2024
شادی ئاکۆیی
ژیاننامە
وەزیری ئەشۆ
18-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
ئاسکەکانی گەرمیان
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
کورد خاوەنی کۆنترین شوێنەواری بەریتانیایە
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
تەواوی زانیارییەکان لەسەر پاراسایکۆلۆژی لەلایەن دکتۆر هومایۆن عەبدوڵڵا
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
دایک و زڕباوکی فەیروز ئازاد باسی کوژرانی کچەکەیان دەکەن
18-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
قانع شاعیری چەوساوەکان
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
سەید عەلی ئەسغەر دەنگێک لە ئاسمانی موزیکی کوردیدا
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
فەتانەی وەلیدی ئەستێرەیەکی لە بیرکراو لە ئاسمانی هونەر و مۆسیقای کوردیدا
18-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 516,442
وێنە 105,223
پەرتووک PDF 19,086
فایلی پەیوەندیدار 95,720
ڤیدیۆ 1,281
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
دەمێک لەگەل یاری غار
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
دوو شاعێری ئوکراینی؛ تاراس شێڤچێنکۆ-لێسیا ئوکراینکا
ژیاننامە
ئومێد سەیدی
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
مامۆستا و قوتابییانی قوتابخانەی کۆزەبانکە لە دیبەگە ساڵی 1968
پەرتووکخانە
خووە بچووکەکان
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
کورتەباس
هەموو کچێک چی بزانێ
وێنە و پێناس
گەنجانی ڕانیە ساڵی 1973
پەرتووکخانە
حوکمی بنەماڵە لە عێراق و ئەو ئاڵنگاڕییانەی لەبەردەم حکومەت و دیموکراسیدان
وێنە و پێناس
وێنەیەکی مەلا مستەفا بارزانی ساڵی 1971 لە حاجی ئۆمەران
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
ئاشتی شێرکۆ سلێمان
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
گوڵبەهارێک لەم پاییزی عومرەمدا دەڕوێت
کورتەباس
سروودێکی خۆشەویستی
ژیاننامە
شەرمین وەلی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
کورتەباس
بەیانی یەکی خۆرەتاو
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مهناز کاوانی
کورتەباس
کانزاکان لە لەشماندا
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
وێنە و پێناس
کاتی نمایشکردنی شانۆیی گۆرانی چایکا ساڵی 1988
کورتەباس
شێوەکانی لە تابلۆ ڕامان

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.563 چرکە!