$کورد لە ململانێی کۆمەڵەی خەواریج و بنەماڵەی ئومەویدا 01$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
سەرەتای گەیشتنی کۆمەڵەی خەواریج بە کوردستان و ئاشنابوونیان بە کورد، بۆ ساڵی (38ک/658ز) و بۆ دوای شەڕی (نەهرەوان) دەگەڕێتەوە، کاتێک پۆلێکیان بە سەرکردایەتیی (فەروەی کوڕی نەوفلی ئەشجەعی)، کە ژمارەیان (هەزار و پێنج سەد) کەس بوو، گەیشتنە (شارەزوور) و دژایەتیی خۆیان بۆ (موعاویەی کوڕی ئەبووسوفیان) یەکەمین خەلیفەی دەوڵەتی ئومەوی و بنەماڵەکەی ڕاگەیاند.
(شارەزوور)یش ناوچەیەکی هەرێمی چیا بوو، کە بەهۆی سەختی و تا ڕادەیەک دووری لە شاری (دیمەشق) پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی لە شام و هەروەها هاوسۆزیی خەڵکەکەی بۆ کۆمەڵە هەڵاتووەکان، باشترین ناوچە بوو، ئەو کۆمەڵەی تێدا بمێنێتەوە و بیکەنە مەڵبەندی خۆیان و لەوێوە دژایەتیی دەوڵەت و بنەماڵەی نوێ بکەن.
بە گەیشتنی ئەمان بە ناوچەی شارەزوور و بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆز و خۆشەویستیی دانیشتوانەکەی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەکرێت پێشەوای موسڵمان هەر لە بنەماڵەی پەیامبەر (د.خ) و تەنانەت هۆزی قوڕەیش و نەتەوە عەرەب نەبێت، بەڵکوو دەکرێت کۆیلەیەکی حەبەشی یان کوردێک بێت، بەو مەرجەی دادوەر و پاک بێت.
ئەو بانگەشەیەش ڕۆڵی لە ڕاکێشانی کوردەکانی شارەزووردا گێڕا، تا بەو هۆیەوە پشتیوانییان لێ بکەن. ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە ئەو سەردەمە و تەنانەت دواتریش باوەڕ وابوو، کە خەلیفەی و پێشەوای موسڵمانان دەبێ لە ”هۆزی قوڕەیش‘‘ بێت، چونکە پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لەوبارەوە فەرمووبووی ” الائمە من قریش‘‘. واتە پێشەوای موسڵمانان دەبێت لە قوڕەیش بێت.“
بەڵام کاتێک کۆمەڵەی خەواریج ئەو پەیامەیان پێچەوانە کردەوە و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەکرێت خەلیفە و پێشەوای موسڵمانان هەر لە عەرەب و لە هۆزی قوڕەیش نەبێت، توانییان خەڵکانێک لەدەوری خۆیان کۆ بکەنەوە کە یەکێک لەوان کورد بوون. هەروەها چەندین بۆچوونی نوێیان لەسەر چەند بابەتێکی فیقهی و حەرام و حەڵاڵ هێنایە ئارا، تا زیاتر بچنە ناخی خەڵکەوە و باوەڕیان پێ بکەن و لەدەوریان کۆ ببنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا (فەروەی کوڕی نەوفلی ئەشجەعی) وەک یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی خەواریج و یەکێک لە هاوەڵانی پەیامبەر (د.خ)، توانی تا ساڵی (41ک/661ز) لە ناوچەی (شارەزوور) بمێنێتەوە و سەرکردایەتیی کۆمەڵەکەی بکات و پشتیوانیی کوردەکانی ناوچەکە بەدەست بهێنێت.
دیارە ئەگەرچی لە دواجاردا هەوڵەکەی بە ئەنجام نەگەیشت و بە پیلانی خەلیفە (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) لێی درا و کۆتایی بە ژیانی هات، بەڵام بۆ ماوەیەک سەرکردایەتیی ئەو کۆمەڵەیەی لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی کرد. بە کوژرانیشی دانیشتوانی ناوچەی (شارەزوور) باجی پشتیوانیی ئەو کۆمەڵە و سەرکردەکەیان لەلایەن دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوییەوە دا.
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکەی (فەروەی کوڕی نەفلی ئەشجەعی) کۆمەڵێکی دیکەی خەواریج بە سەرکردایەتیی (حۆسرەی ئەسەدی) بە (150) کەسەوە لە شاری (مەندەلی) خۆیان حەشار دا، تا دەست بەرپرسانی ئومەوی نەکەون و لە کاتی شیاودا دەست بدەنە ڕاپەڕین، بەڵام لەلایەن ئومەوییەکانەوە شوێن پێیان هەڵگیرا و دۆزرانەوە. ئەوەش کاتێک (موعاویە) لە نامەیەکدا داوای لە (حابسی تائی) والیی شاری (مەندەلی) کرد، شوێنیان بکەوێت و لێیان بدات. ئەویش لە پەلامارێکدا بۆ سەریان لە سەرکردە و لایەنگرانی دا و بڵاوەی پێکردن.
هەوڵێکی دیکەی کۆمەڵەی خەواریج دژ بەم دەوڵەتە لەلایەن کۆمەڵی (خەواریجی سەفریە) بوو، کاتێک (زیاد کوڕی خەراش ئەلعەجەلی) وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی (52ک/672ز) و لە ناوچەکانی مووسڵ و جزیرە، دژ بەو دەوڵەتە ڕاپەڕی. لەم ڕاپەڕینەشدا کوردەکانی شاری مووسڵ و دەوروبەری بەشداریی کارایان تێدا کرد، بەڵام دواجار ئەمانیش لەلایەن (زیاد بن ابی) والیی ئومەوی لە ئێڕاق لێی درا، بۆیە کوردەکانی ئەو (دوو) ناوچەیە، باجی ئەو هاوکارییەی (زیادی کوڕی خەراش)یان دا.
پشتیوانییەکی دیکەی کوردەکان لە کۆمەڵەی خەواریج، کەوتە ساڵی (67ک/686ز)، کاتێک (نافیعی کوڕی ئەزرەق) پێشەوای کۆمەڵی ئەزارقە، لە ناوچەی (ئەهواز) ڕووبەڕووی ئومەوییەکان بووەوە، بەڵام دوای زنجیرەیەک شکست، پەنای بۆ هەرێمی فارس برد. لە بەرانبەردا تۆڵەی شکستەکانی ناوچەی ئەهوازی لە خەڵکی ناوچەی فارس کردەوە کە بەشێکیان کورد بوون. بێ ئەوەی بۆ ئەوە چووبێت، کە ئەوەی شکستی پێهێنا، کوردەکان نەبوون، بەڵکوو سوپای دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بوو، بەڵام ئەو بێڕەحمانە کەوتە وێزەی کورد و تەنانەت جیاوازییشی لەنێوان ژن و منداڵ و پیاودا نەکرد و لە کوشتنیان درێغیی نەکرد. بەو هۆیەش کوردەکانی هەرێمی فارس، کەوتنە بەر هەڕەشەی ئەم کۆمەڵەیە.
بەم شێوەیە لە قۆناغی یەکەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، کە کەوتە سەردەمی هەر (سێ) خەلیفەی یەک خێزان (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان، یەزیدی کوڕی موعاویە، موعاویەی کوڕی یەزید)، بەشێک لە کوردەکان پشتیوانییان لە ڕەوتە جیاجیاکانی کۆمەڵی خەواریج کرد و باجی ئەو هاوکارییەیان دا. پشتیوانیی کوردەکانیش لە کۆمەڵەکانی خەواریج، لە خۆشەویستییان نەبوو بۆیان، بەڵکوو دژایەتییان بوو بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و سیاسەتە توندەکانیان لەمەڕ ئەو پێکهاتانەی عەرەب نەبوون، وەک هاووڵاتیی پلەدوو ئەژمار دەکران و بە موسڵمانبوونیان باجی جزیەیان لەسەر لانەدەچوو. ئەوەش وای کرد بەشێک لە کوردەکان لەپێناو دژایەتیی سیاسەتی ئەو دەوڵەتە پەنا بۆ نەیاری دەوڵەتەکەش ببەن کە یەکێک لەوان (کۆمەڵەی خەواریج) بوو. [1]