ئەمیرولموئمینین شێخ بافڵ حەملەی ئیمانیی دەستپێکرد!
هەمان حیکایەت: شەعبەکە حیساری لەسەرە، تەواو برسیی بووە و سەرما و گەرمای بووە، جیاوازی و چینایەتییەکی ئابووریی نا بەرانبەر و ناعەدالەتیییەکی زۆر هەیە، نا ئومێد بووە، ئیتر ئەگەڕێتەوە بۆ ئومێدێکی گەورە بە جیهانێکی باشتر و بۆ ئاییندارییەکی شەعبی. دەسەڵاتیش بۆ زیاتر خافڵاندن و تەخدیرکردنی شەعبەکە حەملەیەکی ئیمانی و کۆمەڵێک ئیجرائاتی شکڵی دەستپێئەکات، بۆ سەپاندنی دیمەنێکی ئایینی ڕووکەش بەسەر کۆمەڵگادا، ئەوەش بە لابردنی هەندێک شتی زۆر زەق، بە گرتنی هەندێک لەشفرۆش، و بە داخستنی هەندێکی شوێنی خواردنەوە و سەما. ئیتر هەموو ناعەدالەتیییەکی نا شەرعییش بەردوامە.
بەعس لە کۆتایی مێژووی خۆیدا لە ئێڕاق وای کرد: حەملەی ئیمانیی لە هەموو دام و دەزگاکانی حیزب و حوکوومەتدا سەرپێخست. لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی بەعسدا وای لێ هاتبوو هەندێک لە سزا ئیسلامیەکانیش کە لە یاسادا جێیان نابێتەوە لێرە و لەوێ جێبەجێ ئەکران، سزای توند و ترسناک (دوای کەوتنی ڕژێم ڤیدیۆکانمان بینی)، کە ئەو بارودۆخە ڕێ خۆشکردن بوو بۆ عەقڵیەت و مەنهەجی داعش و ئەو دڵڕەقی و وەحشیەتەی هەر لە سەرەتاوە لە کردەوە و پراکتیسەکانی داعشدا هەبوو، هەر بۆیە گەلێک لە دامەزرێنەران و ڕێکخەرانی داعش ئەفسەری باڵای بەعس و سوپای ئێڕاقی بوون.
ئێستاش ئەو مێژووە بە جۆرێکی تر دووبارە ئەبێتەوە: لە لوتکەی بێ ئومێدیی خەڵکدا، و لە سایەی درووستبوونی هەزار گوماندا، بە کۆمەڵێک قسە و دروشم و شتی ڕواڵەتی موجامەلەی ئایین و خەڵکی ئاییندار ئەکرێ و ختووکەی هەستی ئایینی خەڵک ئەدرێ، بۆ مەستکردنی جەماوەر و ڕازیکردنی هەست و سۆزی ئایینییان، بۆ شاردنەوەی کەموکووڕی و کێشەکان و خەفەکردنی ناڕەزایی و گومانەکان. کار گەیشتووە بەوەی (میستەر بافڵ) (کە پێشتر لە کەمترین بێزاری و هەراسان بووندا بیستمان چۆن کفری ئەکرد و جوێنی بە خودا ئەدا (والعیاذ بالله! خوا پەنامان بات!)؛ وا ئێستا بەپێی ناوەرۆکی لێدوانی نووسینگەکەی و ڕاپۆرتی میدیای (ڕووداو) هەڵمەتی جێبەجێکردنی یاسای ئایینی دەستپێکردووە، یان ڕاستتر ئەوەیە دیعایە ئەکات کە لەبەر ئایین و ئیسلام وا ئەکات، و ئینجا ئەهلی دینیش دەست خۆشیی لێ ئەکەن و شایەتیی دینداریی بۆ ئەدەن!
ئەوەیە ئیستیغلال کردنی دین بۆ سیاسەت و (بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و بۆ هەڵمەتی دەنگ کۆکردنەوە و ئامادەکاری بۆ ڕۆژی دەنگدان)، نەک ئەوەی ئیسلامیەکان ئەیکەن کە ئیستیغلال کردنی سیاسەتە بۆ دین.
ئیسلامیەکانیش هەموو نیفاقێکیان پێ خۆشە، مادەم ماستاو و ڕووپامایی و دووڕوویی بێت بۆ ئیسلام. مادەم هەندێک دروشم و دیمەن و ڕواڵەتی ئیسلامی بدات بەسەر دەسەڵات و کۆمەڵگادا.
بەڵام لە کۆمەڵگای ئیسلامیی سەردەمانی خیلافەتیش هەر وا بووە: خەلیفە و سوڵتان و سەرمایەدار هەمیشە مەجلیسی ڕازاوە بووە بە ناز و نیعمەت و کەنیزەک و سەماکەر، و زوهد و دنیا نەویستییش بۆ خەڵکی نەدار و هەژار و کرێکار و کۆیلە بووە.
ئینجا ئەگەر ئەو شوێنانە کاری نا یاساییان تیا ئەکرێ؛ بۆچی تا ئێستە ڕێگە پێ دراو بوون؟
ئەگەر ڕێکاری یاساییە؛ بۆ لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێی ناکات؟!
بافڵ تاڵەبانیبافڵ تاڵەبانی بۆ بووە بە حوکوومەت و وەزارەت و پارێزگار و قایمقام و شارەوانی و بەڕ و بەحر؟!
ئەگەر کاری نا یاساییان تیا ناکرێ؛ بە چ یاسایەک قەدەغە ئەکرێن؟ ئەو یاسایە بەس بۆ گەڕەکی سەرچنارە! یان شوێنی تریش ئەگرێتەوە؟! یانە تایبەتەکان ناگرێتەوە؟! یانی ئەگەر داپۆشراو بێ و بۆ ڕەش و ڕووت نەبێ و تایبەت بێ بە چینی باڵا؛ ئاساییە؟!
ئەگەریش تەنیا لابردنی هەندێک یانە و کڵەبە کە لەناو ماڵەکانی گەڕەکی سەرچناردا کراونەتەوە و دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە سکاڵایان بووە لە دەستیان (کە وا دیارە ئەمە حەقیقەتی باسەکەیە)؛ کەواتە تەنیا پێیان دووردەخەنەوە، و ئیتر ئەم ڕیکلامە گەورەیەی بۆ چییە؟ و بۆچی ئەیکەن بە منەت بەسەر خەڵکەوە و وا پێشانی ئەدەن لەبەر دڵی ئایین و ئاییندارانە؟!
ئینجا ئەگەر وەکوو دەڵێن بە بڕیاری قایمقام بووە؛ ئیتر ئەمری تۆی بۆ چییە؟ و سەرپەرشتی و سەرەتاتکەی تۆی لە ئۆتۆمبیلێکەوە بۆ چی بوو؟!
ئەگەر بەپێی هەواڵەکەی میدیای (ڕووداو) بێت: بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی ئەوە بێت هەموو ئەو شوێنانەی لەگەڵ ئایین (ئیسلام) ناگونجێن دابخرێن، و هەرچی لەگەڵ ئایین نەگونجێت لاببرێت؛
دەی لەمەودوا بچووکترین لادان لە بیروباوەڕی ئیسلام و یاساکانی شەرع لە ڕاگەیاندنی ڕەسمیی یەکێتی ببینرێ؛ لە قاو ئەدرێ!
لەمەودوا یەک مەجلیسی خواردنەوەتان ئەبێتە هەواڵی بەپەلەی کاری ناشەرعیی یەکێتی!
لەمەودوا ئەبێ ئیدارەی گشتی و کۆمپانیاکانی زەکات بدەن. قابیلە هیچیان نەبێ زەکاتی لێ بکەوێ؟!
لەمەودوا ئەو مەسئوولەی نوێژ و ئەرکە ئایینیەکانی تر جێبەجێ نەکات؛ هەر دەسەڵاتەکەیشی شەرعی نییە!
لەمەودوا ئەبێ حیزبی یەکێتی مولتەزیم بێ بە حەڵاڵ و حەرامی ئیسلامەوە! تازە بووە بە قسەی خۆیەوە!
ئایین تەنیا لابردنی هەندێک باڕ و سەماخانە نییە. جێبەجێکردنی ئایین و شەریعەتیش بەش بەشکردن هەڵناگرێت أفتؤمنون ببعز الکتاب وتکفرون ببعز؟!
نایشکرێ ئەو شتانە و ئەو شوێنانە بۆ خەڵکەکە حەرام بن، و بۆ چینی بەرپرس و سەرمایەدار هەموو شتێک حەڵاڵ بێ!
ئەگەریش کێشمە کێشەکە وەکوو هەندێک دەڵێن لەگەڵ مەسئوولی بازرگانی ترە و دەستشکاندنەوەی نێوان خۆیانە، و ئەمانە دائەخەن، و دوایی لە شوێنی تر و بەپەنامەکی هی تر ئەکەنەوە؛ ئیتر بۆچی خۆڵ ئەکرێتە چاوی خەڵک و ئەڵێن لەبەر ئایینە؟! نازانن دوایی هەمووی کەشف ئەبێ؟!
[1]
سەروەر پێنجوێنیسەروەر پێنجوێنی