پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
هاووڵاتییەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان هی من نییە هی عەرەبە و جەژن ناکەم
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
فەرهاد پیرباڵ؛ میز بە هەموو شتێکی تورکیا داکەن
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
22-04-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
22-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
21-04-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
ڤیدیۆ
لاواندنەوەی شێرکۆ بێکەس بۆ ئەنفال
20-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
بەسەرهاتی ڕزگاربوونی فاتیح سەنگاوی لە پڕۆسەی ئەنفالدا
20-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 517,080
وێنە 105,392
پەرتووک PDF 19,102
فایلی پەیوەندیدار 95,942
ڤیدیۆ 1,285
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی کۆیە
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
ژین
وێنە و پێناس
ڕەفتارە دڕندانەکانی سووپای ...
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موک...
لەنێوان خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژیانە و خوێندنەوەی مەعریفی و بابەتیانەدا، پیرەمێردی دانا و شاعیر وەک نموونە
زانیارییەکان لە هەردوو باری بابەتی و زمانەوانیدا پوخت و پۆلێن دەکەین و بەشێوازێکی سەردەمییانە دەیانخەینە بەردەست!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

پیرەمێرد

پیرەمێرد
عومەر ئیسماعیل ڕەحیم

دەکرێت خوێندنەوەی مێژوو و ڕووداوەکان، توراس و کەلتوورەکان، ئەفکار و دیدگاکان، ڕەمز و کەسایەتییەکان، لە چەندین گۆشە نیگا و پێگەی جیاجیاوە بکرێت، لە پێگەی سۆز و مەیلەوە بێت، لە پێگەی بڕیاری پێشوەختە و ئایدۆلۆژییەوە، یا خوێندنەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بێت، هەروەها دەکرێت بە گیانی نەیاریی و گەڕان بە دوای دۆزینەوە و لکاندنی خەوش و کەم و کوڕییەوە بێت، دەشکرێت بە گیانی گەیشتن بە ڕاستییەکانەوە بێت.
هەریەک لە و جۆرە خوێندنەوانەش بە ئامراز و شێوازی تایبەتی ئەنجام دەدرێت و شوێنەوار و نەخشی ئەرێنی، یا نەرێنی تایبەتی خۆی بە جێدەهێڵیت لەسەر بابەتی خوێنراو و ڕەخنەکراو، هەربۆیەش تا ڕاستییەکان و چییەتی و حەقیقەتی ڕوداو و ئەفکار و توراس و کەسایەتییەکان گوم نەبێت و چەواشەکاریی و سەرلێشێوان ڕوونەدات، بابەتیانە و زانستییانە شتەکان بخوێنرێنەوە و هەڵبسەنگێنرێن، زانایان چەندین مەنهەجیەتی خوێندنەوە و ڕەخنەیان داناوە، تا ئەوەندەی بکرێت مەیل و سۆز و ئایدۆلۆژی کەسی خوێنەر و ڕەخنەگر لەسەر بابەتەکانەوە دووربخرێتەوە. قوڕئانی پیرۆز بانگمان دەکات بۆ بابەتی بوون و ڕاگرتنی هاوسەنگیی و پابەندبوون بە پرنسیپی عەدالەت لە هەموو شتێکدا، لەوانە خوێندنەوە و ڕەخنەگرتن لە (مێژوو و ئەفکار و توراس و کەسایەتییەکان) ، دەفەرموێت: (یَاأَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا کُونُوا قَوَّامِینَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ وَلَا یَجْرِمَنَّکُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِیرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ) (1) ، عەدل دەرکردنی بڕیاری بابەتییانەیە، تەنانەت لەسەر نەیار و دوژمنەکانیشت، لێرەوە هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) بە پابەندبوون بە و مەنهەجیەتەی قورئانەوە، بابەتیانە و بەبێ‌ تێکەڵکردنی ئایدیۆلۆژیای خۆیان و بە خەرجدانی عاتیفە و سۆز بەرانبەرەکانیان دەخوێندەوە، بەشێوەیەکی هاوسەنگ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکردن، سەیری عەمری کوڕی عاس بکە چۆن ڕۆمەکانی دەخوێندەوە، لەگەڵ ئەوەش نەیار و دوژمنی یەکتر بوون، مستەورەدی قوڕەیشی دەڵێت گوێم لە پێغەمبەر (د.خ) بوو دەیفەرموو: کاتێ‌ قیامەت دێت لە و کاتە ڕۆمەکان زۆرینەی خەڵک پێکدێنن، عەمری کوڕی عاس پێیووت: ئەگەر من بڵێم، ڕۆمەکان چوار خەسڵەتیان تیایە: ئارامگرترین گەلێکن لەکاتی کێشە و ئاژاوە، خێراترین گەلن لە هەڵسانەوە دوای موسیبەت، نزیکترینن لە گەڕانەوە دوای پشتهەڵکردن و ڕاکردن، باشترینن بۆ کەسانی بێ‌ باوک و لاواز، خەسڵەتی پێنجەمیان کە زۆر جوانە لە هەموو کەس باشتر ڕێگە دەگرن لە ستەم و زۆرداری پاشاکان (2) .
خوێندنەوە و ڕەخنەی بابەتیانە ئەوەیە دووربێت و خاڵی بێت لە هەرچی بەربەستێکی تایبەت و پەیوەستە بە کەسی خوێنەر و ڕەخنەگر وەک: (تێگەیشتن و بڕیاری پێشوەختە و هزر و ئایدۆلۆژیا و ئەو پەیام و ئایینەی هەڵیگرتووە) ، تا بابەتیانە و زانستیانە تێبگات بەپێی ئەو بەڵگەنامە و پێداروە مێژووییانەی لەبەردەستە.

تایبەتمەندییەکانی خوێندنەوەی مەعریفی و بابەتیان:

1- بە کەسی نەکردنی پرس و بابەتەکان.

2- نەسەپاندنی نەوتراوێک بەسەر نووسەر، یا کەلەپووردا، هەڵنەبەستن و نەخولقاندنی ڕوداوێک کە ڕووی نەداوە.

3- لایەنگیری نەکردن و دوورکەتنەوە لە سۆز و عەواتف.

4- دەرخستن و پەردەلادان لەسەر ڕاستییەکان وەک خۆیان.

5- پاراستنی هاوسەنگیی و موبالەغە نەکردن، نە لە هەڵە و نە لە ڕاستییەکاندا.

تایبەتمەندییەکانی خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژی:

1- بە کەسی کردنی بابەت و پرسەکان.

2- بە قسەهێنان و سەپاندنی نەوتراوێک بەسەر نووسەر، یا کەلەپوور، لە خۆوە هەڵبەستنی هەندێ‌ وردە ڕوداو و تێهەڵکێشکردنی لەگەڵ ڕووداوە ڕاستییەکان.

3- لایەنگیری و جولاندنی هەست و سۆز.

4- شاردنەوەی و بزرکردنی هەندێ‌ لە ڕاستییەکان.

5- بێزراندن و ناشیرینکردن، یا گومانخستنە سەر ڕاستییەکان.

6- نەپاراستنی هاوسەنگیی و موبالەغەکردن لە وێناکردنی هەڵە و ڕاستییەکان.

7- لەبەرچاو نەگرتنی کات (الزمن) لە خوێندنەوەی دەق و ڕووداوەکان و موحاکەمەکردنیان بەپێوەری زەمەنێکی جیاواز.

8- خوێندنەوەی دەق و ڕووداوەکان لە سایەی پسپۆریەتی خودی ڕەخنەگر (اختزالی هەموو پسپۆریەتییەکان لە پسپۆریەتی ڕەخنەگر) .

بۆ گەیشتن بە و تایبەتمەندیانەش زۆرجار خوێنەر و ڕەخنەگری ئایدیۆلۆژی پەنا دەباتە بەر چەندین ئامراز و میکانزم وەک:

1- شاردنەوە و فەرامۆشکردن: لەم شێوازەدا خوێنەر، یا ڕەخنەگر وێنە گەورە و تەواوەکە _متکامل- ناخاتە ڕوو، یا ڕووداوەکان لە هەموو قۆناغەکان بە یەکەوە نابەستێتەوە، هەموو ڕەهەندەکانی ژیان (کۆمەڵایەتی، سیاسی، فیکری، ئەخلاقی، ژیاری) ناخاتە ڕوو، بەڵکوو لای خۆی هەندێ‌ بڕیار و بۆچوونی پێشوەختەی هەیە سەبارەت بە بابەتی خوێنراو، یا ڕەخنەکراو، ئەنجا دێت ئەو بەڵگەنامە و دیمەن و تابلۆ و ڕوداوانە دێنێت کە بۆچوون و بڕیارەکانی خۆی دەسەلمێنێت، وەک ئەوە کە لەگەڵ مێژووی مسوڵمانان، تەنانەت لەگەڵ ژیاننامەی پێغەمبەری سەروەر (د.خ) کراوە، وەک نموونە بەدرێژایی ژیانی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە، چی دەزانین سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی، مامەڵەی لەگەڵ دۆست و نەیارەکانی، بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی مسوڵمانان، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی، شێوازی بانگەوازی بۆ ئیسلام و چەندین ڕەهەندی تر، هەر پەڕتووکێکی ژیاننامەی پێغەمبەر (د.خ) وەربگرە تەنانەت ئەوانەی بە پێنووسی مسوڵمانانیش نووسراوە لە ئەنجامی کەوتنە ژێر کاریگەریی مەنهەجیەتی خۆرهەڵاتناسەکان، سەیردەکەیت بە جەنگی بەدر دەستپێدەکات و بە جەنگی فەتحی مەککەش کۆتایی دێت، زنجیرەیەکە لە جەنگ و غەزەوات، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر ئەو کاتەی ئەو جەنگانە پڕیانکردۆتەوە لە کۆی ژیانی پێغەمبەر (د.خ) زیاتر لە چەند حەفتەیەک ناخایەنێت، ئەی ئەو کاتانەی تر چیکردووە، چالاکییە کۆمەڵایەتی و بانگخوازیی و سیاسییەکانی بۆ نەخراوەتە ناو مێژووی ژیاننامەکەی، ئەمە کاریگەریی مەنهەجیەتی خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژیانەیە.

2- پشتگویخستن، ئەو کەسانەی لە پێگەی ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراوە وە و بە و گیانەوە هەوڵی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی مێژوو، یا توراس و کەلەپوور، یا ڕەمز و کەسایەتییەکانی بەرانبەرەکانیان دەدەن، بە بەرنامە و پلانێکی داڕێژراوەوە هەوڵدەدەن خاڵە گەش و ئەرێنییەکان و ئەوانەی مایەی شانازین بشارنەوە و ڕووناکیان ناخەنەسەر، بەپێچەوانە خاڵە نەرێنییەکان نەک هەر دەردەخەن، بەڵکوو زیادەیان دەخەنەسەر، هەندێ‌ شتی ئاسایی، یا ئەو شتانەی بۆچوونی جیاواز هەڵدەگرن بەشێوەیەک تەفسیر دەکەن کە ببێت عەیبە و کەموکووڕی و جێگەی ڕەخنەلێگرتن. نموونەیەکی دیار لە و میکانزمە وەک (د.عەبدالڕەحمان عەلی حەجی) دەڵێت پەڕتووکەکەی فیلیب حەتی لە مێژووی مسوڵمانان کە ناوی ناوە (تاریخ العرب) لە دوو بەرگدا، جارێ‌ هەر لە سەرەتاوە لە ناونیشانی پەڕتووکەکە بە هەڵە بەڵام بۆ مەرام و بە مەبەستێکی دیاریکراو ناوی ناوە، چونکە ناوەرۆکی پەڕتووکەکە مێژووی بانگەواز و گەلان (شعوب) و بەرهەمە شارستانییەتەکانی مسوڵمانانە، کە چەندین گەل و نەتەوەی تری غەیرە عەرب دەگرێتە خۆ، بێگومان پڕۆفیسۆر (حەتی) ئەو ڕاستییەی زانیوە و ئەنجا ناونیشانەکەشی بەوشێوە داناوە، ئەوە بێ‌ مەرام نەبووە، ئەنجا بەرگی یەکەمی پەڕتووکەکەی کە پێکهاتووە لە (408) لاپەڕە لە کۆی ئەو لاپەڕانە (152) لاپەڕە و لە دوو توێی حەوت فەسلدا تەرخان کردووە بۆ قسەکردن لەسەر مێژووی نیوە دورگەی عەرەبی پێش ئیسلام، کەچی تەنیا (93) لاپەڕەی تەرخان کردووە بۆ قسەکردن لەسەر هاتنی ئیسلام و بانگەوازەکەی و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بانگەوازی ئیسلام و کۆمەڵگە تازەکەی بەرهەمی هێنا تاکۆتایی قۆناغی خەلافەتی ڕاشدین، کە بێگومان دیارە بەڵگەنامە و سەرچاوەی زۆر زیاتر بۆ قۆناغی ئیسلامی تا قۆناغی پێش هاتنی ئایینی ئیسلام لە بەردەستدایە، ئەم خوێندنەوەیە ئەگەر پاڵنەری ئایدیۆلۆژی لە پشت نەبێت چۆن لە و هەڵوێستە دەگەین و لێکیدەدەینەوە.

3- خوێندنەوەی نییەت، یا خولقاندن و داهێنانی ڕوداوێک کە لەڕاستیدا نەبووە و لکاندنی بە وێنە گەورەکەی مێژووێکی دیاریکراو، بە هەندێ‌ پاساودانی نا زانستی نا ڕوون. هەندێ‌ جار خوێنەر و ڕەخنەگر بە پاڵنەری ئایدیۆلۆژیی و لە ڕێگەی نییەت خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی بێ‌ بەڵگە و ڕاشکاو، هەوڵدەدات بۆچوونێکی خۆی بسەپێنێت، ئەوەی پێمخۆشە لێرە وەک نموونە بیهێنمەوە، بۆچوونی هەندێ‌ کەسی پاشخان چەپە سەبارەت بە قانعی شاعیر کە ناسراوە بە شاعیری چەوساوەکان، کە ڕەخنەگرتنی زۆری شاعیر (قانع) لە دیاردەی نایەکسانی کۆمەڵگە و وەستانەوەی لە ڕووی ستەمی ئاغەوات و پیاوە ئایینیە دەستڕۆیشتوەکان، بەرگریکردنی لە چەوساوە و چینی زەحمەتکێش و هەژار و نەدارەکان لای هەندێ‌ نووسەر و توێژەری چەپ و بە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی وەها لێکدراوەتەوە کە قانع شیوعی بووبێت و باوەڕی بە و سۆشیالزمە و یەکسانییە کە پەیامی شیوعییەکان بووە هێناوە، کە ئەمە زیاتر خوێندنەوەی نییەت و بەڵگەی ڕاشکاوی لەسەر نییە، لە و پێگەوە ئەو خەباتەی دەستپێکردبێت، ئاخر قانع پێاوێکی خوێندەوار و مەلا و شەرعناس و سەرڕاست و نەترس و بێ‌ باک لە دەستەڵاتی بەگ و ئاغا و شێخەکان، ئەشێت لە چەند بەیتە شیعر یا هەندێک‌ هۆنراوەی لەگەڵ ئەو فیکرە یەکی گرتبێتەوە (3) ‌، بەڵام لە درێژی و پانی دیوانەکەی پابەندی قانع بە ئایینی ئیسلام دەردەکەوێت، ئەوە جگە لە مەلایەتییەکەی و مێزەر و کەواو جوببەکەی ناکرێت بە پاڵنەری ئیسلامی ئەو خەباتەی دژ بە ستەم و چەوساندنەوە دەستپێکردبێت.

یا لێکدانەوەی هەندێ‌ بەیت و بڕگەی هۆنراوەکان و قەسیدەکانی مەولەوی و مەحوی کە ئەشێت لە حاڵەتێکی ڕوحی و وەجدی سوفیانەیان وترابێت، بە باوەڕ بوونیان بە وەحدەت الوجود، یا لای هەندێ‌ بە ئینتیما بۆ ئایینی یارسان لێکدرابێتەوە، ئەم جۆرە خوێندنەوە و ڕەخنەکردنە جگە لە ئایدیۆلۆژیا و بوونی بڕیار و بۆچوونی پێشوەختەی خوێنەر و ڕەخنەگر بە چیتر لێکدەدرێتەوە.

4- دزێو و ناشیرینکردن، لە میانەی ئەو ئامراز و شێوازەدا خوێنەر، یا ڕەخنەگر، هەوڵدەدات ڕووە ناشیرنەکان و دیوە دزێوەکان پیشانبدات و جەختیان لێبکاتەوە، گەورەیان بکات، وەک ئەوەى‌ کە بابەتی خوێنراو تەنیا بریتییە لە و دیمەنە دزێو و ناشیرنانە، وەک ئەوەی کە زۆربەی مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسە خۆراواییەکان کردوویانە لەگەڵ مێژووی مسوڵمانان، کە تێیدا تەنیا تیشکیان خستۆتە سەر شەڕ و جەنگەکان، دیمەنی جەنگ و کوشتارەکانیان قەبەکردووە، هەوڵیانداوە گرتەکانی گەورە بکەن، وەک ئەوە کە مێژووی مسوڵمانان تەنیا سەربڕین و ملپەڕاندن بێت، بۆنی خوێن و تەپوتۆزی ژێرپێی ئەسپ و بەریقی شمشێر بێت، جگە لەوە هەموو دیمەن و تابلۆ و چالاکییە مرۆیی و حەزارییەکان فەرامۆش کراون، جەنگەکانیش وەک خۆیان نەخراونەتە ڕوو، بەڵکوو زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆیان گەورە کراون، ئەوە جگە لە گۆڕینی ئەو ئامانجانە کە شەڕەکانیان بۆ ئەنجامدراوە.

5- گومانخستنە سەر، زۆر جار خوێندنەوە، یا ڕەخنەگرتن بە گیانی ئایدیۆلۆژیانە بۆ گەیشتن بەمەبەست و تەحقیقکردنی ئامانجەکان پەنا دەباتەبەر گومانخستنە سەر بابەتی خوێنرا و ڕەخنەکراو _مێژوو، یا توراس، یا ئەفکار، یا ڕەمز و کەسایەتی بێت، بەبێ‌ گوێدانە ڕاستی و درووستی و بەهێزی بەڵگەنامە و دیکۆمێنتەکان، بۆ ئەمەش کەڵک لە بێئاگایی و نا هۆشیاریی و نەشارەزایی بە ئامانجگیراوەکان وەردەگرن، بۆ نموونە پرسی جەسووری و ئازایەتی پێغەمبەر (د.خ) چ لە مەیدانی جەنگەکاندا و چ لە بەردەم کێشە و ئاریشە سەختەکاندا ڕاستییەکە ئەوەندە ڕوون و ئاشکرایە، پێویست بە ڕوونکردنەوە ناکات، تەنانەت عەلی کوڕی ئەبو تالیب دەڵێت:” کاتێ‌ شەڕ زۆر گەرم دەبوو و فشارمان بۆ دەهات ئێمە خۆمان دەدایە پەنای پێغەمبەر و خۆمان بە و دەپاراست، کەسێک نەبوو لە ئێمە وەک پێغەمبەر (د.خ) نزیکتر بێتەوە لە ڕیزی دوژمنەکان” (4) ، لەگەڵ ئەوەش قەشە و ڕۆژهەڵاتناس لامانس پێغەمبەر (د.خ) بە کەسێکی ترسنۆک دەناسێنێت و وەسف دەکات، ئایا لامانس ئازایەتی و چاوانەترسی پێغەمبەری (د.خ) لا شاراوە بوو، هەرگیز، بەڵام خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژیانەیە و مەرامی تایبەتی هەبووە، هەر ئەو قەشە ناحەزە وەسفی پێغەمبەر (د.خ) دەکات بە کەسێکی زۆر خۆر و خەواڵو و خەوخۆش، واتە زۆر دەخەوت، کە هەردووکی پێچەوانەی دەقی فەرمودەی متەواتەر و قورئانن (5) .

6- پارچە و بەش بەشکردن، ئەمە میکانزمێکی ترە هەڵگرانی ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونی پێشوەخت، مێژوو و توراس و بەرهەمە فیکرییەکانی بەرانبەرەکانی پێ‌ دەخوێننەوە و ڕەخنە دەکەن، مێژووی هەر گەل و کۆمەڵگەیەک چەند ڕوداوێکی پەرش و بڵاو و لێکترازاو نییە، تا ڕوداو ڕوداو، یا قوناغ بە قوناغ و دوور لە یەکتریی و بە جیا بخوێندرێتەوە و ڕەخنە بکرێت، توراس و کەلەپوور و بەرهەمە فیکرییەکان بە هەمان شێوە لە خۆوە و بەبێ‌ پێشەکی و کەڵک لە یەک وەرگرتن نەهاتونەتە بەرهەم، هەروەها مێژوویش زنجیرەیەک ڕوداوی بە یەکەوە بەستراوە، وەک شکستەکان بێ‌ هۆکار و کەمتەرخەمی پێشوەخت نەبوون، هەرواش سەرکەوتنەکان بەبێ‌ ڕێخۆشکردن و کاربۆکردنێکی درێژخایەن نایەنە بەرهەم، بۆیە ناکرێت بە درووستی لە مێژووی گەلێک تێبگەیت بە پارچە و بەش بەشکراوی، یا توراس و کەلەپووری بخوێنیتەوە و ڕەخنە ‌بکەیت لە میانەی پەڕتووکێک و دووان، یا بەرهەمی نووسەرێک و دووان، وەک مێژوو نووس و ڕۆژهەڵاتە خۆراواییەکان، یا بیرمەند و نووسەرە چەپەکان بە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی بەرانبەر مێژوو و کەلەپووری ئیسلامی کردویانە.

جارێکی تر نموونە بە مێژووی ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) دەهێنینەوە، دەبینین مێژوونووس لە جەنگێکەوە دەگوازێتەوە بۆ جەنگێکی تر، لەویشیان بۆ دواتر، بەڵام پەیوەندی ئەو ڕوداوانە بە یەکتر و چالاکی و جموجۆڵی پێغەمبەر و مسوڵمانان لەنێوان ئەم جەنگانە هیچی لێ‌ باس ناکرێت. یا سەبارەت بە توراس و کەلەپووری ئیسلامی بەتایبەتی توراسی سیاسی، دێن توراسی ماوەردی و غەزالی و ئیبن خەلدون و ئیبن تەیمیە وەک چەند کەسێکی هەڵکەوتوو دەخوێننەوە، وەک ئەوە بەر لەوان کەسێکی تر نەبوبێت و دوای ئەوانیش هزری ئیسلامی وشکی کردبێت، چاو لەوە دادەخەن کە بەرهەمە زانستی و هزرییەکانی ئەو بیرمەندانەش بەشێکە، یا ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی بزووتنەوەی زانستی و هزری مسوڵمانان، ئەگەر ئەو هەڵکەوتوانە زۆریان داهێناوە و پێشکەشیان کردووە بە نەوەکانی دوای خۆیان، بێگومان بەرهەم و تیۆریاکانی خۆیشیان لەسەر ڕابردووی خۆیان بنیاتناوە (6) .

نموونەیەک لە مامەڵەی ئایدۆلۆژیانە لەگەڵ توراسی هزریی و ئەدەبی کوردی:

لە دوو دەیەی حەفتاکان و هەشتاکاندا بەڵکوو بەرلەوەش تەوژمی زاڵ بە سەر ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا تەوژمی چەپ و مارکسیەت بوو، بەشێکی زۆری نووسەر و قەڵەم بەدەستەکانی ئەو ماوە مێژووییە یا چەپ و مارکسی بوو، یا بەشێوەیەک لە شێوەکان کەتبوونە ژێرکاریگەریی بیری چەپگەرایی، هەروەها توانیبوویان بخزێنە ناو ئۆرگان و بازنە دەستڕۆیشتوەکان لە بواری ئەدب و ڕۆشنبیریدا، لێرەوە هەوڵدراوە سیما و ڕوخسارێکی چەپی و سۆشیالزمی بدرێت بە کایەی فیکر و ئەدەب و ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردەواری، بە و ئامراز و میکانزمانەی لە پێشەوە ئاماژەم پێکرد، بە تەفسیر و تەئویل، یا نییەت خوێندنەوە، یا تەنانەت فەرامۆش و بزرکردن و شاردنەوەی ئەو بەڵگەنامە و پێدراوانەی نەتوانراوە بە ئارەزووی خۆیان مامەڵەی و ئاڕاستەی بکەن، هەرچی گیانی ئایینداریی و پەیوەست بە ئیسلام و هەڵقوڵاوی پرنسیپ و بەها ئیسلامییەکانەوە بووبێت هەوڵی شاردنەوەی یا تەفسیرکردنی و لێکدانەوەی بەشێوەیەک لەگەڵ بیری ئەوان تەریب بێتەوە دراوە.

لە و ماوە مێژووییەی کە ئاماژەمان پێکرد هەر نووسەر و توێژەرێک کە ناساز و نەیاربوایە بە تەوژمی چەپ و تەفسیری ماددی بۆ دیاردە و ڕووداوەکان ئەوا تەنگی پێهەڵدەچنراو دژایەتی دەکرا، من خۆم جارێک لە ساڵی 1988 لە وەرزێکی ڕۆشنبیری لە هەولێر بەشداربووم کە ئەوانەی بیرمە کۆڕیان بۆ گیرا: دکتور (عمادالدین خلیل) پڕۆفیسۆر و بیرمەندی عێراقی، پسپۆر لە مێژوو، هەروەها مامۆستا و نووسەری گەورەی کورد (مەسعود محەمەد) بوون، لە و وەرزە ڕۆشنبیرییەدا بە چاوی خۆم بینیم کە چۆن ڕۆشنبیرە چەپەکان لە ڕێگەی پرسیار و کۆمێنتەکانیانەوە گاڵتە و لاقرتێیان دەکرد بە (مەسعود محەمەد) ، چونکە لە ‌دەرەوەی ئەو تەوژمە زاڵە بوو.

مامەڵەی ئایدیۆلۆژیانەی ئەو ناوەندە لەگەڵ پیرەمێرد و بەرهەمە فیکری و ئەدەبییەکەیدا:

لە میانەی چەند تەوەرێک ئەو مامەڵە ئایدیۆلۆژیانە لەگەڵ پیرەمێرددا دەسەلمێنین:

تەوەری یەکەم، شێوەی خستنەڕوو و دابەشکردنی هۆنراوەکانی پیرەمێرد لە دیوانەکەیدا بەتایبەتی ئەوەی دیوانەی مامۆستا محەمەد ڕەسوڵ هاوار کۆیکردۆتەوە. پیرەمێرد وەک بڕواداریکی ڕاستەقینە و خاوەن پەیام، هەستی بە بەرپرسیاریەتی خۆی لەبەرانبەر ئایینەکەی لەلایەک، خەمخۆری بۆ میللەتەکەی و بەتەنگەوە بوونیان و ڕێ‌ پیشاندانیان لەلایەکی تر، بەردەوام هەوڵیداوە ئەرکی دینداری خۆی ڕاپەڕێنێت، ڕاستییەکانی ئایینی ئیسلام بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە، ئاگاداریان بکاتەوە لە و شتانەی پێچەوانەی ئیسلامن و ئەوان خویان پێوەگرتووە، وەڵامی ئەو گومان و دوودڵیانە بداتەوە کە نەیار و ناحەزانی ئیسلام هەڵیان بەستوون و دورستیان کردوون، بەناو گەنجەکاندا بڵاویان کردونەتەوە، هەمیشە ئامۆژگاری ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی کردووە کە پابەندبن بە ئایینەکەیانەوە، لێی لانەدەن، چونکە سەربەرزی و پێشکەوتن و گەشەکردن لە پابەندی و شانازیکردنیان بە ئایینەکەیانەوەیە، بۆیە ئیدی پیرەمێرد تەنیا خوێندەوارێکی سادە و ئاسایی نەبوو، تەنیا شاعیر نەبوو شیعر بهۆنێتەوە و بەس، بەڵکوو پیرەمێرد بیرمەند و فەیلەسوف بوو، خاوەن هزر و جیهانبیینیەکی ڕوون و ڕاشکاو بوو، لە هەموو بۆچوون و شیعر و نووسینەکانی لە دیدگای ئەو فەلسەفە و جیهانبینیەوە دەردەچوو، بۆ هەر پەندێک کە نووسیویەتی و بۆ هەر شیعرێک کە هۆنیویەتییەوە ئامانجێکی هەبووە، بۆیە ناکرێت و ناتوانرێت جیهانبینی پیرەمێرد بە گشتی و ڕوانینی بۆ ئایین بە تایبەتی کورتبکرێتەوە لە و چەند پارچە شیعرەی کە لەژێر ناوی (ناڵەی پیری پیران) دا بڵاوی کردۆەتەوە، ناوی بنرێت هۆنراوە ئایینیەکانی پیرەمێرد، هەروەک چۆن د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ (7) و محەمەد ڕەسوڵ هاوار (8) کردویانە، بەڵکوو جیهانبینی و بیروباوەڕی ئیسلامی پیرەمێرد و لێکدانەوەکانی بۆ بوون و ژیان و دیاردەکانی تر، بە پێی ئەم جیهانبینییە لە تەواوی پەند و شیعر و نووسینەکانی تریشی ڕەنگیداوەتەوە.

مامۆستا هاوار ئەو کۆمەڵە هۆنراوەی ناوی ناوە هۆنراوە ئایینیەکانی پیرەمێرد خستویەتییە دوای دواوەی دیوانەکەی، تەنیا بەشی هۆنراوەکانی گاڵتە و گەپ لە دوای هۆنراوە ئایینیەکانەوە دێت، نازانم بە چ پاساوێک ئەوەی کردووە، ئاخر ئەگەر بەپێی پێوەری زۆری شیعرەکان بێت، یا بەپێی کاریگەریی کایەکە بێت، یا بە هەر پێوەرێکی تری دابەشکردن نابێت شیعری ئایینی بکەوێتە دوای شیعری وەسف، نیگار و سرووشت و جوانی، چونکە شیعرەکانی نیگار و سرووشت و جوانی (28) لاپەڕەیە، بە مەرجێک زیاتر لە (7) لاپەڕە پێشەکی و ڕونکردنەوە و شەرحی هاوار خۆیەتی، کەچی شیعرە ئایینیەکان (25) لاپەڕەیە کەمتر لە دوو لاپەڕە پێشەکی خۆیەتی، خۆ دیارە کاریگەریی ڕۆڵی کایەی ئایین لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری چەندەیە و پرسی نیگار و سرووشت مەگەر دەستەبژێرێک سەروکاری لەگەڵ ئەو پرسە ببێت. هەروەها شیعری نیشتمانی (22) لاپەڕەیە زیاتر لە (5) لاپەڕە پێشەکی و ڕونکردنەوەی مامۆستا هاوار خۆیەتی، کەچی هەر لە پێش شیعرە ئایینییەکان دانراوە. ئیتر نازانم بە چ پێوەرێک ئەو ڕێکخستنە ئەنجامدراوە، بەندە جگە لە بەکەم سەیرکردنی ئایین و هەوڵ بۆ بچوککردنەوەی ڕۆڵی ئایین شتێکی تر نابینم.

بۆ زیاتر دڵنیایی خوێنەری بەڕێز و دەرخستنی خەمخۆری پیرەمێرد سەبارەت بە بیروباوەڕی ئیسلامی نەتەوەکەی بە گشتی و گەنجەکانی بەتایبەتی، ڕێگە گرتن لە و هەوڵانەی لەوکاتە دراوە بۆ گومڕاکردن و تێکدانی باوەڕی ئایینی، بەرەنگاربوونەوەی پیرەمێرد لە ڕێگەی هۆنراوە و پەندە بە پێزەکانییەوە بۆ ئەو هەوڵانە بەشێوەیەکی سادە و قبوڵکراوی سرووشت و ڕەمەکی مرۆڤ، دوور لە فەلسەفە و هزری وشک و ڕووت، بەهێنانەوەی بەڵگەی لۆجیکی و واقیعی تا فریای ئەو خەڵکە بکەوێت، لەسەر لێشێواوی ڕزگاریان بکات بە پێویستی دەزانم چەند نموونەیەک بێنمەوە (9) ‌.

لە بەشێکی ناڵەی پیری پیران سەبارەت بە بەڵگەکانی دامەزراندنی بڕواهێنان بە خودا و وەدیهێنەری ئەم بوونەوەرە دەفەرموێت:

خوای گەورە و بزورگ پادشای ڕێی نیاز

بێ‌ هاوبەش، بێ‌ کەس، بێ‌ شوێن و بێ‌ هاوڕاز

تێگەیشتنت دامێ‌ تێتبگەم

پێم لێنا هەر تۆی، بێ‌ زیاد و کەم

چاوم هەڵبڕی، ئاسمانم دی

وتم بێ‌ وەستا نەهاتۆتە دی

ئەگەر کردەوەی بێ‌ گا نەبوایە

ئەشیا بێ‌ ستوون ڕانەوەستایە

دیارە هەر چەرخێ‌ پیاو درووستی کا

کاتێکت زانی سوا و تێکشکا

چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە

بێ‌ هەڵم و بەنزین ئەخولێتەوە

چەوری پێ‌ ناوێ‌، هیچ ژەنگ ناگرێ‌

لێک هەڵناوەشێ‌ دەستی تێ‌ نابرێ‌

هەر لە و ڕۆژەوە، کە تێکخراوە

هێشتا جەڕێکی لێ‌ نەگۆڕاوە

هەر بە و پێودانە، کە بۆت داناوە

وا دێت و دەچێ‌، هیچ نەوەستاوە

بێ‌ گوڕە و بڕە بێ‌ چرپە و بێ‌ دەنگ

تێکڕا لە کاران یەک ڕەنگ یەک ئاهەنگ

تۆ نەبوویتایە چۆن تێک ئەخرا

ئەمانە لە کوێ‌ پێکەوە ئەنرا

چۆن چەرخی گەردوون بێ‌ دەستی وەستا

لە کارا ئەبوو هەتاکو ئێستا

ئاش بێ‌ ئاش وەستا نانرێتەوە

گا بێ‌ هۆی جوتیار ناگەڕێتەوە

سەد هەزار هەزار ئەستێرەناسان

ئەو دیو خێوەتیان نەدی بەئاسان

منیش ئەگەڕێم کە تۆ بناسم

ناتدۆزمەوە کوێر و کەساسم

چاوێکم بەرێ‌ تۆی پێ‌ ببینم

ارنی بێژ نیم، کردەوە بینم

دەستم پێ‌ گرتووی شەرمەندەم مەکە

بۆ بەخشین گونای زۆر و کەم یەکە

هەر کردەوەیەک لە من ڕووی داوە

لەپێش کردنا، لای تۆ نووسراوە

کە لە و تەختەیەی لای تۆ نووسراوە

کێ‌ ڕێ‌ دەکەوێ‌ بڵێ‌ وا نابێ‌ (10)

بۆ هەمان مەبەست و لە وەڵامدانەوەی ئەوانەی کە دەیان وت سرووشت خۆی خۆی ئەفراندووە، بۆ تەفسیرکردنی بوونی ئەو جیهان و بوونەوەرانە پێویستمان بە خودا نییە، بە ڕاستی هەرکەس هۆنراوە و نووسینەکانی پیرەمێرد بەگشتی و بە وردی بخوێنیتەوە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە بەرگریکارێکی دڵسۆز بووە بۆ بیروباوەڕی ئیسلامی گەنج و لاوەکانی ئەو سەردەمە، لەبەرانبەر ئەو تەوژم و هێرشە ئایدیۆلۆژی و فیکرییانەی کە لە و سەردەمە شەپۆلەکانیان گەیشتبووە وڵاتی ئێمە، وەک تیۆر و بیروباوەڕەکانی مارکسییەت، تیۆرەکانی داروین و هی تریش، پیرەمێرد دانایانە و بە عەقڵێکی سەلیقەدارانە و بە زمانێکی سادە و شیرین و بە بەڵگە گەلێکی هەڵێنجراو لە ژینگەکە و نزیک لە ژیری و هۆشیاری خەڵکی ئەو سەردەمە، لە هەمان کات سەرنج ڕاکێش و لۆژیکی و زانستی و دڵنیاکەر.

ئەم هۆنراوانە بە بۆچوونی من تەنیا وەک خولیایەکی هونەریی و ئەدەبی شاعیر لەدایک نەبووون، بەڵکوو جگە لە و خولیایە بەرهەمی تێفکرین و موعانات و خەمخۆری پێرەمێرد بووە، لەلایەک بۆ ئەو گەنج و لاوانەی وڵاتەکەی کە سەریان لێ‌ نەشێوێندرێت، هەروەها بۆ خەمخواردن لە بیروباوەڕی ئیسلامی خۆی، کە خۆی لەبەرانبەردا بە بەرپرسیار زانیوە، ئیتر ئەو هۆنراوانە بەرهەمی ئەو ئەزموونە بانگخوازیی و خەباتە ئیسلامی و ئایین پەروەرییەی بووە.

لە شوێنێکی تری زنجیرە هۆنراوەی پیری پیراندا دەفەرموێت:

خوایە ئەوانەی کە بێ‌ باوەڕن

هیچیان نەدیوە وا هەڵەوەڕن

ئەگینا سەیری باغێکی گوڵ کەن

تەماشایەکی بە ژیری و دڵ کەن

ئەو ڕەنگە جوانەی پەڕەی هەرجایی

بە زەڕەبینی تیشکی بینایی

لێی وردبنەوە کە ئەو سنعەتە

کێ‌ دەڵێ‌ زادەی خووی تەبیعەتە؟

گەڵای گوڵ پەسەند کام مەقەست بڕی

پەردە عەروسی کێ‌ پەردەی دڕی

کێ‌ هات لاولاوی بەدارا ئاڵان

کام دەست گەردەنی وەنەوشەی شکان

ئەمانە نەیسا بڵێین بێ‌ گیانن

مادەیەکە ڕوویدا زۆر کەس ئەیزانن

ئاغای شیوەکەڵ یەکێکیان تیابوو

کە ئاغال ئاغای قادراغای ناوبوو

پێی بریندار بوو، لێی کرد بەخۆرە

ئەهاتنە سەری حەکیم بە نۆرە

ڕۆژێک مەولەوی حەکیمی بانە

پێی وت ڕەحمت بێ‌ بەم مناڵانە

ئەم دەردە پیسە ئەتەنێتەوە

پیاو ئەبێ‌ لێیان دوورکەوێتەوە

ئاغا لە دوور دێ‌ چووە بن دارێ‌

ڕاکشا و ڕوانی بۆی کشا مارێ‌

ئەمیش بێزار بوو چاوی لێ‌ قووچان

تا هاتە سەر پێی خۆی هیچ نەجولان

هەرچەند خەڵک و خوا لە دوور پەیدابوو

تا ئەوان هاتن مار پێوەی دابوو

پێی چاک بوەوە وەک دۆخی جاردی

خۆ ناڵێن ئەمەش تەبیعەت ناردی

بەردە زلەکەی ناو ئاوی دووکان

کە بۆ ئەندازەی ئاو بووە بەنیشان

شارە مێروولەی لەناودا ئەژی

ئەویش تەبیعەت هێناویەتە دی؟

ئەم ئاسمانە کە بێ‌ ستوونە

بۆ کردەوەی تۆ بوو بە نموونە

چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە

بێ‌ هەڵم و بەنزین ئەسووڕێنەوە

چەوری پێ‌ ناوێ‌ هیچ ژەنگ ناگرێ‌

لێک هەڵناوەشێ‌ دەستی تێ‌ نابڕێ‌

ئاش بێ‌ ئاش وەستا ناسوڕێتەوە

گا جووت بێ‌ جوتیار ناگەڕێتەوە (11) .

تەوەری دووەم: بزرکردن و شاردنەوەی نامێلکەیەکی پیرەمێرد کە ڕەخنەگرتن و مەحکومکردنێکی ڕاشکاو و دەگمەنە لە و سەردەمە لە سیاسەتەکانی یەکیەتی سۆڤیەت.

لە سەرەتای دەرکەوتنی بیری شیوعیەت، پیرەمێرد زۆر دژی شیوعییەت و دەوڵەتی سۆڤیەت بووە، بێگومان بەشێکی بنەڕەتی ئەو دژایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی کردنی شیوعیەت بۆ بنەماکانی ئایینی ئیسلام و بێبڕواییان بە خودا، تەنانەت وەک د.مارف خەزنەدار باس دەکات هەر لە دژی دەوڵەتی سۆڤیەت و بیروباوەڕی مارکسیزم بوو. بۆ ئەم مەسەلەیە نامیلکەیێکی پەخشانی هونەری نووسیوە بەناوی ئاوە ڕەشەی ڕووسی سوور لە ساڵی 1940 نووسیویەتی و لە چاپخانەی ژین چاپی کردووە و لە سلێمانی بڵاوی کردۆتەوە، واتە پێش ئەوەی ڕووسیا تووشی جەنگی دووەمی گێتی بێ‌، ئەم پەخشانە بریتییە لە پەخشانێکی ئەدەبی سیاسی بە زمانێکی جوان و پاراو نووسراوەتەوە. سەیر لەوەدایە ئەم کارە ئەدەبییەی پیرەمێرد دیزە بەدەرخونەکرا، ناوی لە هەموو ئەو زانیاریی و هەواڵە زۆرانەی لە بابەت پیرەمێردەوە بڵاوکراونەتەوە نەهاتووە. لە مێژووی ئەدەبی کوردی (12) ، کاتێک‌ ئەو پەرەگرافەم بەرچاوکەوت، ئیدی دەستمکرد بە گەڕان بە دوای ئەو نامیلکەیە، هەرچی پەڕتووکخانە گشتییەکانی هەولێر هەیە گەڕام و پرسیم، بەڵام بێ‌ ئاکام هیچم دەست نەکەوت و هەواڵێک نەبوو، لە پەڕتووکخانە تایبەتەکان ئەوانەی دەمزانی دێرینن و سەرچاوە و پەڕتووکی دەگمەنیان تیایە وەک پەڕتووکخانەکەی نووسەر و ڕوژنامەنووس مومتاز حەیدەری، دواجار لە ڕێگەی دۆستێکەوە پەیوەندیم کرد بە کاک بوونیادی کوڕی د.مارف خەزنەدار کە پێم وابوو مادام لە مێژوویی ئەدەبییەکەی باسی کردووە دەبێت نووسخەی بوبێت، بەڵام لەوێش هەواڵێکم دەست نەکەوت، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیم کرد بە کاک دانای کچەزای پیرەمێردەوە، ئەویش وتی ئێمە هەرچی ئەرشیفی پیرەمێردە داومانە بە بنکەی ژین، لە سەفەرێکم بۆ سلێمانی سەردانی برای بەڕێزم مامۆستا عومەر عەبدولعەزیز لە ڕێکخراوی زانست کرد و باسی ئەو نامیلکەیەم بۆ کرد بەڵکوو یارمەتیم بدات بۆ دۆزینەوەی فەرمووی من پەیوەندیم خۆشە لەگەڵ بنکەی ژین، دوای ماوەیەک وتی ئەوە نووسخەیەکیان بۆ کۆپی کردووین، لێرەوە سوپاسێکی زۆری مامۆستا عومەر دەکەم، دەست خۆشی و سوپاسێکی بێ‌ پایانیشم هەیە بۆ بنکەی ژین و ئەو بەڕێزانەی ماندونەناسانە کاری تێدا دەکەن و پارێزگاری لە و توراس و کەلەپوورەی نووسەرانی کورد و دیکۆمێنتەکانی دەکەن.

ئەو نووسراوەی پیرەمێرد ئەگەرچی لە ڕووی ناوەرۆکەوە و بە بەراورد لەگەڵ ئەم سەردەمەدا کە بە دەیان و بگرە سەدان توێژینەوە لەبارەی ڕەتکردنەوەی تێز و فەلسەفەی شوعیەت و مارکسیەت و چەندینی تریش سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانیان و مومارەسەی خەفەکردنی ئازادییەکانی مرۆڤ لەلایەن حیزبی شیوعی نووسراوە زۆر سادەیە، بەڵام بەها و نرخی مێژوویی تایبەتی خۆی هەیە، هیچ نەبێت یەکێکە لە ئاوێنەی خەمخۆرییەکان و پەرۆشی پیرەمێرد سەبارەت بە پارێزگاری کردنی ئایین و بیروباوەڕی نەتەوەکەی لە و لافاوە بێدیینەی فەلسەفەی مارکسیەت لەگەڵ خۆی دەیهێنێت لەلایەک و بەرگریی کردنی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی لەلایەکی تر، هەر لەبەرئەوەش لە کۆتایی ئەو نووسینەدا بە ڕێنووسی سەردەم بڵاوی دەکەینەوە، منیش لای خۆم دەڵێم ئەو دیزەبەدەرخۆنە کردنە هەڵوێستێکی نامۆ نییە لە هەوادارانی بیری چەپ و مارکسیەت و ئەو ناوەندە ڕۆشنبیرییەی ئەوان تێیدا باڵا دەست بوون.

تەوەری سێیەم، کەمی قسەکردن و ئاماژەکردن بە قۆناغی دووەمی ژیانی پێرەمێرد، واتە ئەو ماوەیەی کە لە تورکیا ژیاوە. بە بۆچوونی بەندە ژیانی پیرەمێرد بە سێ‌ قۆناغدا تێدەپەڕێت، قوناغی پێش چوونی بۆ ئەستەمبۆڵ کە لە لەدایکبوونیەوە لە ساڵی 1867 دەستپێدەکات تا 1898، قۆناغی دووەم لە چوونی بۆ ئەستەمبۆڵەوە دەستپێدەکات تا گەڕانەوەی لە ساڵی 1924، کە دەکاتە نزیکەی (26) ساڵ، ئاشکرایە ئەو ماوەیەی لە ئەستەمبوڵ بووە دوای تەمەنی (40) ساڵییە و هەڕەتی بەخشین و چالاکی فیکریی و ئەدەبی مرۆڤە، کەچی کەمترین تیشکی خراوەتە سەر و قسە و باسی لە بارەوە کراوە، کەمترین بەرهەمی ئەدەبی و فیکری ئەو قۆناغەی کەوتۆتە بەردەست، کە وەک لە هەندێ‌ بەڵگەنامە و دیکۆمێنت دەردەکەوێت لێوان لێو بووە لە چالاکی ڕێکخراوەیی و سیاسیی و فیکریی و کارگێڕی، بەتایبەتی چالاکییە ئیسلامییەکانی لەگەڵ زانای پایە بەرزی کورد سەعید نورسی، کەسانی تریش، پیرەمێرد لەگەڵ نورسی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی جمعیە الاتحاد المحەمەدی (13) ، کە وەک لە پەیامەکانی نوور بە ڕوونی دەردەکەوێت یەکێک‌ لە ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵەیە خەباتکردن بووە بۆ گێڕانەوەی وەحدەتی مسوڵمانان و بەرەنگاربوونەوەی بیری تۆرانییەت و پارچەپارچە کردنی جیهانی ئیسلامی و مسوڵمانان (14) . هەرەوها وەک محەمەد ڕەسوڵ هاوار دەڵێت: پیرەمێرد زۆر کەوتبووە ژێر کاریگەریی بیرمەندی تورک نامق کەمال (15) ، کە ئەویش خەباتگێرێکی سەرسەختی وەحدەتی ئیسلامی و پشتیوانێک بووە بۆ خەلافەتی عوسمانی (16) . ئەشێت کەمی قسە و باس لەسەر ئەو قۆناغەی ژیانی پیرەمێرد بە کەمی بوونی بەڵگەنامە و زانیاری پێویست پاساو بدرێتەوە، بەڵام پێم وایە پاساوێکی لاوازە، پاساوی حەقیقی ئەو خوێندنەوە و مامەڵە ئایدیۆلۆژیەیە لەگەڵ توراسی پیرەمێرد.

تەوەری چوارەم، بە ئینتیقائی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆی بەرهەمی شیعری پیرەمێرد، ئەو بەراوردەی کە لەم تەوەرەیە دەیکەم نابێت ئەوەی لێبخوێنرێتەوە کە من بە سووک، یا بە کەم سەیری نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی دەکەم، بەڵکوو زیاتر بۆ ڕاستکردنەوەی هاوهسەنگی و ڕونکردنەوەی ڕاستییەکانە، پیرەمێر سێ‌ چوار پارچە شیعری هەیە سەبارەت بە نەورۆز، ساڵانەش ئەگەر بۆی بگونجایە ئاهەنگی سازدەکرد بۆ زیندو ڕاگرتنی یادەکە، بۆ ئەوەش دەیان توێژینەوە و سەدان لاپەڕە لە بارەی پیرەمێرد و نەورۆز نووسراوە، کەچی جگە لە وەرگێڕانی قەسیدە عیرفانییەکانی مەولەویی و چوارینەکانی عاریفی فارسی ئەبوالخیر و مەولانا خالیدی نەقشبەندی بۆ سەر شێوەزاری سۆرانی بە شێوەیەکی داهێنەرانە و کەموێنە، مومارەسەی لەگەڵ ژیانێکی عاریفانە و خوداناسانە بە درێژایی ژیانی، بەڵام لەبەرانبەردا تائێستا شتێکی ئەوتۆ لە بارەی پێرەمێرد و عیرفان نەنووسراوە، لە بەشێک لە ژیانیدا دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان کاری ڕۆژنامەگەری کردووە، چەندین توێژینەوە لە و بارەوە کراوە، کەچی وەک باسم کرد ئەوەی سەبارەت بە عیرفان و چالاکی و خەباتی ئیسلامی پیرەمێرد نووسراوە نزیکە لە هیچ و لە حوکمی نەبووندایە.

بە لای منەوە ئەو حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تەوژمێکی زاڵ بەسەر ناوەندی هزریی و ئەدەبی کوردی لە و پەنجا شەست ساڵەی ڕابردوودا، ئەویش تەوژمی چەپگەرایی بووە.

ئاوە ڕەشەی ڕوسی سوور

لە چاپخانەی (ژیان) ی سلێمانی چاپ کراوە

1359 ە 1940 م.

غەڕەزی سیاسەتی ڕوسیا لە شەڕدا

ڕوسیا ئەیەوێ‌ بە هەموو (اولکەی) دونیادا فیتنە و خراپی بڵاو بکاتەوە، لە عالەمدا هیچ نەیەڵێ‌ لە قینی ئەوانەش سەلامەتی و ئاساییشی جیهانیان ئەوێ‌.

مەسائیلی ڕوسیا بەتایبەتی دوو ڕوییێکە هیچ ڕویەک ڕو ناکاتە ئەو ڕوەکەی تر، ڕوسی شیوعی دەوڵەتێکە و لە عەینی زەماندا دەعوەتی ئیجتماعیشە، لەبەرئەوە ئەم دوو وەجهەیە لە هەندێ‌ جیهاتدا یەک ناکەون.

مەسەلەن سیاسەتی لاوە (وەلاوە نان) یەعنی سیاسەتی خارجیە و مەرجەعی هەیە لە هەندێ‌ کاردا یەکدیگیر ئەبن و لە هەندێکی تردا نابن. یەکێکیان حکومەت ڕەسمیەیە کە موقەیەدە بە ڕاە و –مەبەستی ڕایە- (ڕێڕەسمی جەمیعی حکومەتەکانی تر، لە ئەحوالی موعامەلاتی دوەلیە و مەڕاسمی سەفارات و دۆستی و پەیمانداری و قەواعدی تیجاری بەینەل ئومەم، کەچی نایەوێ‌ ڕیعایەتی دڵ بە جێ‌ هێنان و خاتر شوناسی و ملکەچی بۆ هیچ کەس بکا، ئەگەرچی بە زاهیریش بێ‌ کە حوکمی زەرورەتی پێ‌ دەڵێن.

مەڕجەعی دووەم حزبی شیوعیە کە ئیعلانی دوشمنایەتی لەگەڵ عالەمدا کردووە ئەم هەموو ئوممەتانە بەسەرمایەی بەردەستی خۆی دەناسێ‌، پێیان ئەڵێن (ئومەمی سەرمایە و هیچ نایەوێ‌ موناسەبەتی لەگەڵ ئوممەتی تردا ببێ‌. زۆر لاقەید و بە دەعیە و فیز حەتتا سوفەرایشیان وانە.

حزب دەستەڵاتدار تر و بە قووەت تری مەرجەعەکانە بێ‌ قڕە و بڕە چونکە ساحیب نفوز و زۆردارە، لەوێدا ڕەفیق (ستالیین) کە لە شئوونی دەوڵەتدا هەر خۆی حیسابە. هەر چەندە کە ستالیین موەزەفیش نەبێ‌ بە وەزیفەی حکومەتی، دیسان خەتایە ئەگەر ئێمە بڵێین حزب سەربەخۆ و ئەتوانێ‌ چشتێ‌ بکات وەلە و لە حساباتی زەروریشدا بێ‌ و بە وقایەی هەندێ‌ ئەحوالی مەملەکەت پارێزیش بێ‌ بتوانی سەربەست بی غایە و مەرامی ئەم حزبە:

نە زانراوە و نە ئەزانرێ‌ چونکو ئەمە غایەیێکە (کاڕل مارکس) لە حەیاتی خۆیدا مژدەی داونێ‌ کە (دیکتاتۆری) یێک پەیدا ئەبێ‌ و شیوعی دێتە ناو، تا دونیا ئەبڕێتەوە کار ئەکا، جا لەسەر ئەو مژدەی کاهینی مارکسیە لە و وەقتەوە مارکیزیۆنەکان خەریکن و هەوڵ و تەقەلا ئەدەن، کە شیرازەی نیزامی عالەم وەرگێڕن و گڕی ئاگری ئاشوب بخەنە جیهانەوە، تا ئەو دیکتاتۆریەی پێی دەڵێن سەعەلیکی دەست کەوێ‌ و شیوعی بکەوێتە دنیاوە.

ئەم غایەیەش دوو ویجهەی هەیە یەکێکیان ڕێ‌ و تەریقەی تڕوتسکی یە! لای وایە دەوڵەتی شیوعی و مەبادئی مارکسی بنج نابەستێ‌ تا پشێوییەک و ناکۆکییەک نەخرێتە ناوەوە و نیزامی سەرمایەگیری _رأس المال_ نەگیرێ‌ بەدەستەوە خواهو ناخواە یەعنی بییەوێ‌ نەیەوێ‌.

ئینجا چار نییە بۆ ڕوسیا غەیری بڵاوکردنەوەی ئەو ئاشوبە بەناو تەبەقاتی جەمیعی ئوممەتدا و پیاوی جەربەزەی دەم هەراش هەڵساندنە پێ‌ و لێرە و لەوێ‌ نەشری دەعوەتی مارکیزی جارێ‌ بە ڕیسالە و کیتاب، جارێکیتر بە ئایین و ئۆین و گەردش و ئاشوب.

تەریقەی ستالین لە تەشکیلی ئەم حزبەدا ئەمەیە ئەم شیوعییە بە دنیادا بڵاو نابێتەوە، ئیللا لە پێشدا دەوڵەتێکی زۆر بە قووەتی بە زۆر و سام تەشکیل نەکرێ‌ ئەو دەوڵەتە شەڕ و دەعوا نەخاتە ناو وڵاتەوە و خۆی فرسەت نەبینێ‌ بە سەر ئەوانەدا کە لە شەڕدا ماندو و کز و بێ‌ هێز ئەبن و نەیان کا بە ئومەمی ڕەئس مالی، ئەوسا لەسەر شکستەی دار و پەردوی ئەو ئوممەتە دەستە بەهەشتێکی مارکیزی ئەکرێتەوە و ئەو مژدەی کاڕل مارکسە دێتەدی.

ئەمەیە کە ڕوسیەی سووری خستۆتە ژێر قەزیەی ستالینەوە لەبەر ئەمەیە شەڕی خستۆتە ناوەوە، بێینەوە سەر ئەوە کە چۆن ئەم شەڕە دەخاتە ناوەوە، ئەیەوێ‌ ئەم عالەمە بە گژ یەکدا بچن قڕیان تێکەوێ‌ تەنیا ئیشی خۆی بێتە بەرهەم، وەکوو لە شەڕی ئیسپانیادا بە ماڵ و بە لەشکر و سیلاح قسووری نەکرد، نیهایەت بەخت نەیهێنا حکومەتی ئیسپانیا سەرکەوت.

ئەگەر تای تەرازوی (فرانکۆ) سەربکەوتایە ئەوروپای دەخستە دووبەرەکی، وەکوو لەلایەکەوە ئیتالیا و ئەڵمانیا، و لە لایەکی ترەوە فەڕنسا و بەڕیتانیای گەورە وای لێکدابوەوە فرانکۆ کە دۆستی نازی و فاشیستی بوو نفوزی و دەستەڵاتی ئەڵمانیا و ئیتاڵیای بەسەر ساحیلی بەحری سپی غەربی و کەناری بەحری موحیتی ئەتڵەسیدا بڵاو ئەکردەوە و ئینجا ئەشیا دەوڵەتەکانی ئەوروپا بەگژ یەکدا بچێ‌ و بکەونە سەر و چاوی یەکتری، دیارە کە ئەم دەوڵەتانە چوون بە گژ یەکدا و ئاشوب کەوتە دونیاوە، ڕۆژ ڕۆژی ڕوسیا دەبێ‌. بە و فیکر و نیازە ستالین حکومەتی ئیسپانیای خستە جندرەوە و پەلی بەست، ئەم هەموو کوشتارە ناحەقەیان لێک کرد، ئەمەندە ڕەحم و مروەت لە دڵیا نەبو کە بەم خوێنڕێژی یە نەختێ‌ دڵی دانەچڵەکی.

سیاسەتی ژاپۆن و چینیش نموونەیەکی ئەم سیاسەتەیە جەنجەڕی ڕادەکێشی ساڵ بە ساڵ و ئیقلیم بە ئیقلیم شەڕ و کوشتارە، هەرچەند ویلایاتی موتەحیدە و بەڕیتانیای گەورە خەریکن بکەونە ناو و ئەم خسومەتە نەهێڵن، بەڵام هێشتا چارەیەک پەیدا نەبووە. چ جای ئەوە دابمرێتەوە ئیختلافێک و بەربەرەکانییەک لە بەینی ئەڵمانیا و بەڕیتانیای گەورە و فەڕەنسەدا پەیدا بووە.

لەسەر مەسئەلەی (دانزیغ) یا خود پۆلونیا ئایا ئەمە کێ‌ هەڵیگیرساند؟

ئەگەر لەگەڵ بەڕیتانیای عوزما و فەڕەنسەدا یەک بکەوتایە و لە ئەندازەی ئەڵمانیای نازیدا پەیڕەوی بکردنایە خەتەر و تەهلوکەی حەڕب ئەوسایە نەدەما، چونکە تای تەرازوی ئەمن سەلامەتی قورس تر ئەبوو، شەڕ بەر هەوا دەبوو، عەلاوەی ئەوە کە بەینی شیوعی و نازی هیچ ڕێک نەبووە هەمیشە عەداوەت و ناکۆکی و شەڕە جنێویان لە بەینایە، وا مۆسکۆ و بەرلینی یەک خستووە کە سەریش ناگرێ‌، لەلایەکی تریشەوە شیوعی و فاشیستی ئیختلافێکی مەزهەبی وایان لە بەیندایە لە دیوانی خۆیشدا یەک ناکەوون.

ئەعوان و ئەنسار و دەستە و پێڕەوەکانی کاڕڵ مارکس و لینین بۆیە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان بە خەتەر و تەهلوکە ئەزانن ئەوانەی کە ماڵ و ئەرزیان تەواو بەدەستەوە نییە بە ئومەم ڕەئس مال ئەناسن، کە لەبەر ئیحتیاجییە، ئەگەر دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان مال و ئەرزیان بدەنێ‌ و دڵنەواییان بکەن ڕەگی شیوعی لە خاکی خۆیاندا ناهێڵن. جا بە و ڕەنگە چاویان لەوەیە دەوڵەتە بچکۆلەکان نەمێنن، هەمیشە خەریکی سەورە و ئینقیلابن و بفەوتێن و ڕەواجی قیامی سەعالیکی پەیدابێ‌ ئەوە تێنەگەیشتن و جەهلە کە بڵێین شیوعی ئەیانەوێ‌ دەوڵەتە گەورەکان پایەدار بمێننەوه، ‌ چونکو دەوڵەتەکان نایەڵن شیوعی پەرە بسێنێ‌.

ئەمە کلیلی قاپی خەیاڵخانەی سیاسەتی شیوعی یە کار ئەکا، هیچیشی لە هیچی ناکا سیاسەتەکەیان ڕوو ئەکاتە دوو نوقتە: ئەوەلیان، خراپی و پشێوی دەوڵەتە گەورەکان، دووەمیان، دۆست و ئەسدیقایان هەرچییان بەسەر بێ‌ ئەوان پێیان ناخۆش نییە.

ڕوسیەی حمری _مەبەستی سوورە_ لەسەر دەستوری ئەسلافی ئەڕۆن، ئیمپڕاتۆرەکانی بە پادشای دین و دونیا دەزانی کەچی فرسەتی دەستکەوت ڕەگی دەرهێنان، لەولایشەوە لەسەر خولیای دولی پتروی گەورە ئەڕۆن ئەیانەوێ‌ دونیا بکەن بە شیوعی، دراوسێیەکانیان بە ڕەنگی سووری شیوعی ڕەنگ بکەن و دیموقراتی نەهێڵێ‌ لە بەحری بەلتیق و بەحری سیاوە –ڕەش- پەرە بسێنن و جیهان گیریان بۆ بلوێ‌.

ئەم هەموو بەیاناتەمان نووسی هێشتا کەس لە ڕوسیا ناگا مەسلەکی –سیاسات و نەهجی- چییە تەنیا ئەوە زانراوە موشەدەمەیەکی بەدەستەوەیە ئاگری فیتنە و فەسادی بە هەموو لایەکدا پێ‌ بڵاوئەکاتەوە یەقینیشمان وایە خۆیان ناخەنە وەڕتەی حەربەوە و ماندوببن، ئەمە نەبێ‌ بە هەڵکەوت پەلاماری بێدەستەڵاتەکان بدەن و نایشیان ئەوێ‌ شەڕ ئەمڕۆ کۆتایی بێت و ببڕێتەوە تا ئەم دەوڵەتانە ماندو ئەبن ئەوان بەدەماخی خۆیان و بە کەیف و نیشات ئیش و کار بگرنە دەست خۆیان.

بایەخی ئەو نامیلەکەیە:

ئەو نامیلکە دەگمەنەی پیرەمێرد لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی قەبارەوە زۆر بچوکە و لە ڕووی ناوەرۆکەوە سادەیە، بەڵام لە چەند ڕوویەکەوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم:

یەکەم: بایەخی مێژوویی: ئەو نامیلکەی پیرەمێرد بایەخێکی مێژوویی گرنگی هەیە، خوێندەوارێکی کورد لە ناوچەیەکی ئاوا دوور و لە و سەردەمە کە ئەشێت تازە بیری چەپ و مارکسییەت گەیشتبێتە کوردستان بەر لە 76 ساڵ بێت بەوشێوە ڕەخنە لە شیوعییەت و سیاساتی دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەت بگرێت، کە لەوکاتە جیهان بە گشتی و گەلانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، شەیدا و عاشقی شیوعیەت بوون و لە هەموو لایەک گۆرانی بە باڵادا دەوترا، پیرەمێرد هاتووە نەوەک تەنیا ڕەخنە لە فیکر و عەقیدەی مارکسیەت بەڵکوو نەشتەرگەری سیاسەتەکانیشی دەکات، ئەمە جێگەی تێڕامانە و بەهاو نرخی مێژوویی خۆی هەیە و دەبێت وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ لێی بڕوانرێت و بپارێزرێت.

دووەم: ئامراز و خاڵێکی گرنگە بۆ ناسینی پیرەمێرد بەتەواوەتی و بەشێوەیەکی ڕاست و درووست، پیرەمێرد وەک لە هەندێ‌ سەرچاوە وێناکراوە پیاوێکی گۆشەگیر و دێوانەیەک بووبێت لە قەلەندەرخانەکەیدا، دوور لە نەخێر پیرەمێرد بیرمەند و ڕووناکبیرێکی گەورە و هۆشیار و دەگمەن بووە، بەدواداچوونی خۆی هەبووە بۆ سیاساتی نێونەتەوەیی و ئاگاداری ڕووداوەکان بووە، شیکردنەوەیی و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەبووە، لەم چەند لاپەڕە کەمە و نووسینە کورتەیدا دەبینین چۆن بەدواداچوون بۆ سەرەداوی ڕوداوەکان و جموجوڵە سیاسییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی دەکات و شییاندەکاتەوە و بە یەکەوەیان دەبەستێتەوە لە ئەنجامی ئەوەش پێشبینی سیاسی خۆی دەخاتە ڕوو.

سێیەم: بیروباوەڕی سیاسی پیرەمێرد زیاتر دەردەخات، هەرکەس ئەگەر بەشێوەیەکی سەرپێیش بێت هۆنراوە و پەندەکانی پیرەمێرد بخوێنێتەوە، تێدەگات پیرەمێرد لەپاڵ ئەوەى‌ ئەدیب و نووسەر و ڕۆنامەنووس و دانا و عاریفێکی گەورە بووە، بیرمەندێکی سیاسیش بووە، دیدگا و بۆچوونی سیاسی تایبەتی خۆی بۆ پرسەکان هەبووە. پیرەمێرد قەناعەتی ڕوون و ڕاشکاوی خۆی لە دووتوێی نووسینەکانی لە بارەی پرسەکانی چاکسازی، ئاشتی و ئاساییش، میانڕەوی، بە یەکەوە ژیانی جیاوازییەکان و فرەیی، مافی مرۆڤ، پێشکەوتن و مەدەنییەت، مافەکانی ئافرەت و پێگەی لەناو کۆمەڵگە و ڕوڵی تەواوکاری لەگەڵ پیاودا، چەندین پرسی تری هەستیار دەربڕیوە و ڕاگەیاندووە.

لەم نامیلکەیەشدا زیاتر بیروباوەڕی سیاسی و هەڵوێستی پیرەمێر سەبارەت بە دابەشبوون و بلۆک بەندییە سیاسییەکانی جیهان و ئەو ڕووداوانەی لە و سەردەمە ڕویانداوە ڕوون دەبێتەوە. دەتوانرێت نووسەر و توێژەران پشتی پێببەستن بۆ هەر توێژینەوەیەک لەمەڕ مێژووی ئەو سەردەمە بە گشتی و لەمەڕ پیرەمێرد بە تایبەتی.

چوارەم: لە میانەی ئەو بزرکردن و دیزە بەدەرخۆنە کردنەی ئەم نامیلکەیە وەک مارف خەزنەدار دەڵێت: دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە شیوعییەکان نەیانتوانیوە لە ڕووی مەعریفی و فیکرییەوە ڕووبەڕووی پیرەمێرد و ئەوانە ببنەوە کە دژ بوون بە ئاڕاستەی سیاسەتی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە، نەیانتوانیوە لە ڕێگەی وەڵام و نووسینەوە لە کاریگەریی وتاری پیرەمێرد و هاوبۆچوونەکانی کەمبکەنەوە بۆیە هاتوون هەوڵیانداوە بەوشێوازە بۆچوون و ئەفکارەکانیان لە ناوەندی ڕوشنبیری کوردی دوور بخەنەوە.

وێنەی لاپەڕەی یەکەم و دووەم و کۆتایی نامێلکەی ئاوەڕەشەی ڕوسی سوور

سەرچاوە و پەراوێزەکان

- 1 سوورەتی مائدە، ئایەتی 8.

- 2 (قَالَ الْمُسْتَوْرِدُ الْقُرَشِیُّ عِنْدَ عَمْرِو بْنِ الْعَاسِ سَمِعْتُ ڕَسُولَ اللهِ یَقُولُ: «تَقُومُ السَّاعَةُ وَالرُّومُ أَکْثَرُ النَّاسِ». فَقَالَ لَهُ عَمْرٌو: أَبْسِرْ مَا تَقُولُ؟! قَالَ: أَقُولُ مَا سَمِعْتُ مِنْ ڕَسُولِ اللهِ قَالَ: لَئِنْ قُلْتَ ذَلِکَ، إِنَّ فِیهِمْ لَخِسَالًا أَرْبَعًا: إِنَّهُمْ لَأَحْلَمُ النَّاسِ عِنْدَ فِتْنَةٍ، وَأَسْرَعُهُمْ إِفَاقَةً بَعْدَ مُسِیبَةٍ، وَأَوْشَکُهُمْ کَرَّةً بَعْدَ فَرَّةٍ، وَخَیْرُهُمْ لِمِسْکِینٍ وَیَتِیمٍ وَضَعِیفٍ، وَخَامِسَةٌ حَسَنَةٌ جَمِیلَةٌ، وَأَمْنَعُهُمْ مِنْ ظُلْمِ الْمُلُوک) ئیمامی موسلیم گێڕاویەتییەوە.

-3 ڕاستە قانع لە هەندێ‌ شیعر باسی لە لینین کردووە و ئاماژەی بە سوشیالزم کردووە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەوە ناگەیەنێت بوبێتە شیوعی و باوەڕی بە و سۆشیالزمە هێنابێت کە پەیامی شیوعییەت بووە، هەر ئەوەیە هاوتەریبیەک و یەکانگیریەک لە ڕووی دژایەتیکردنی ستەم و چەوساندنەوە لەلایەن دەرەبەگەکانەوە بووە لەگەڵ ئەو بیرو بۆچوونانەی قانع پێیبووە، کە لە بنەڕەتدا لە ئایینی ئیسلام سەرچاوەی گرتووە، کە قانع زۆر بەتوندی ئیمانی پێیبووە وەک لە زۆر لە شیعرەکانی دەردەکەوێت، بە نموونە:

یا محەمەد لێو بە بار ودڵ بە بوریانم مەکە

ئەی ڕەئبسی هەردوو دونیا، دیدە گریانم مەکە

دەستە ئەژنۆ و چاوەڕێگەی دەستی یارانم مەکە

من کە ئالی تۆم، زەلیلی باری عسیانم مەکە

غەیری قاپی ڕەئفەتت، بۆ کەس سەناخوانم مەکە! (سەیری دیوانی قانع بکه) ‌

4 عَنْ عَلِیِّ بْنِ أَبِی طَالِبٍ ، ڕَضِیَ اللَّهُ عَنْهُ ، قَالَ : کُنَّا إِذَا احْمَرَّ الْبَأْسُ، وَلَقِیَ الْقَوْمُ الْقَوْمَ اتَّقَیْنَا بِرَسُولِ اللَّهِ سَلَّى اللَّهُ عَلَیْهِ وَسَلَّمَ، فَمَا یَکُونُ أَحَدٌ أَقْرَبُ إِلَى الْعَدُو مِنْهُ.

-5 کَانَ ڕَسُولُ اللَّهِ سَلَّى اللَّهُ عَلَیْهِ وَسَلَّمَ یُفْطِرُ مِنَ الشَّهْرِ حَتَّى یُظَنَّ أَنَّهُ لا یَسُومُ مِنْهُ، وَیَسُومُ مِنْهُ حَتَّى یُظَنَّ أَنَّهُ لا یُفْطِرُ مِنْهُ ، وَکَانَ لا تَشَاءُ تَرَاهُ فِی اللَّیْلِ مُسَلِّیًا إِلا ڕَأَیْتَهُ ، وَلا نَائِمًا إِلا ڕَأَیْتَهُ .

سەبارەت بە خەوتن و شە و بێداریش قورئان دەفەرموێت: (إِنَّ ڕَبَّکَ یَعْلَمُ أَنَّکَ تَقُومُ أَدْنَى مِنْ ثُلُثَیِ اللَّیْلِ وَنِسْفَهُ وَثُلُثَهُ وَطَائِفَةٌ مِنَ الَّذِینَ مَعَکَ وَاللَّهُ یُقَدِّرُ اللَّیْلَ وَالنَّهَارَ ۚ عَلِمَ أَنْ لَنْ تُحْسُوهُ فَتَابَ عَلَیْکُمْ ۖ فَاقْرَءُوا مَا تَیَسَّرَ مِنَ الْقُرْآنِ عَلِمَ أَنْ سَیَکُونُ مِنْکُمْ مَرْضَى وَآخَرُونَ یَضْرِبُونَ فِی الْأَرْضِ یَبْتَغُونَ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ ۙ وَآخَرُونَ یُقَاتِلُونَ فِی سَبِیلِ اللَّهِ ۖ فَاقْرَءُوا مَا تَیَسَّرَ مِنْهُ ۚ وَأَقِیمُوا السَّلَاةَ وَآتُوا الزَّکَاةَ وَأَقْرِضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا ۚ وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِکُمْ مِنْ خَیْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ هُوَ خَیْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا ۚ وَاسْتَغْفِرُوا اللَّهَ ۖ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ ڕَحِیمٌ) بۆ زیاتر درێژەی ئەو بابەتە سەیری پەڕتووکی الاسلام فی مواجهة الغزو الفکری الاستشراقی والتبشیرى، محەمەد مهدی حسن بخیت، ل171 بە دواوە.

6 بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە هەندێ‌ لە و میکانزمانە و نموونەی زیاتر لە مێژووی مسوڵمانان سەیری پەڕتووکی: د.عەبدالڕەحمان عەلی الحجی: نظرات فی دراسة التاریخ الاسلامی، لة ل23 - 57، چ1، ضاثى دار الارشاد، 1969.

7 د.عیزەدین مستەفا ڕسول، ئەدەبیاتی نوێی کوردی، بەڕێوەبەرایەتی چاپخانەکانی فێرکردنی باڵا، هەولێر، 1990، ل55-70.

8 دیوانی پیرەمێردی نەمر، محەمەد ڕەسوڵ هاوار، زنجیرەی بڵاوکراوەکانی چاپخانەی شڤان 25، ساڵی 2007.

- 9 ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی نووسینی پەڕتووکێکم لە مەر جیهانبینی و ئایین پەروەری و خەباتی ئیسلامی پیرەمێرد، بەشێکی باشم نووسیوە، بەڵام بەهۆی دەست نەگەیشتنم بە هەندێ‌ سەرچاوەوە لە تەواوکردن دواکەوتم، پشت بە خوا لەم نزیکانە تەواو دەبێت و دەگاتە خزمەت خوێنەران.

10 دیوانی پیرەمێرد، ئومێد ئاشنا، ب2، ل61-62.

-11 دیوانی پیرەمێرد، ئومێد، ب2، ل85-87.

- 12 د.مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ب5، ل110.

- 13 مامۆستا عومەر عەبدولعەزیز لە پەڕتووکە نایابەکەی خۆی بەشێکی تەرخان کردووە بۆ چۆنیەتی یەکتر ناسینی پیرەمێرد و سەعید نورسی و پەیوەندی نێوانیان.

- 14 بۆ نموونە سەیری ئەو شوێنانە بکە لە پەڕتووکی کلیات ڕسائل النور کە سەرجەم پەیامەکانی نووری گرتۆتە خۆ: ب8، ل447، 454، 529، 533، 534، ب9، ل95، 96، 107.

-15 دیوانی پیرەمێرد، محەمەد ڕەسوڵ هاوار، ل57.

- 16 بۆ درووستی ئەو بۆچوونە بڕوانە: منظور الدین احمد: النظریات السیاسیة الاسلامیة، ‌ ل90.[1]
ئەم بابەتە 920 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | xalkurd.org
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 6
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 24-01-2023 (1 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: فەلسەفە / هزر
پۆلێنی ناوەڕۆک: کۆمەڵناسی
پۆلێنی ناوەڕۆک: ڕەخنەی ئەدەبی
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 25-01-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 27-01-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 27-01-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 920 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1979
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
کورتەباس
بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو سەد ساڵەی سلێمانی یەوە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
بەناز عەلی
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
چەند کەسایەتییەکی شاری مەهاباد ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
چەردەیەک لە ژیانی قەرەج لەناو ئەوروپا و لەناو کورددا
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
گۆرانیەکی هەڵپەڕکێ
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
کورتەباس
هەنگاوێک بۆ دوا ساڵەکانی پەنجاو وەبەرچاوهێنانەوەیەکی رۆژانی رەشی کرێکارانی قوڕ لە هەولێر لەپێش شۆڕشی تەمووزی 1958دا
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
دوو شاعێری ئوکراینی؛ تاراس شێڤچێنکۆ-لێسیا ئوکراینکا
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
ژیاننامە
شەرمین وەلی
کورتەباس
دادگایی تاوانبارانی ئەنفال
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زاخۆ ساڵی 1927
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966

ڕۆژەڤ
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی کۆیە
16-12-2008
هاوڕێ باخەوان
قشڵەی کۆیە
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
ژین
25-06-2012
هاوڕێ باخەوان
ژین
وێنە و پێناس
ڕەفتارە دڕندانەکانی سووپای تورک
05-05-2013
هاوڕێ باخەوان
ڕەفتارە دڕندانەکانی سووپای تورک
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
هاووڵاتییەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان هی من نییە هی عەرەبە و جەژن ناکەم
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
فەرهاد پیرباڵ؛ میز بە هەموو شتێکی تورکیا داکەن
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
22-04-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
22-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
21-04-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
ڤیدیۆ
لاواندنەوەی شێرکۆ بێکەس بۆ ئەنفال
20-04-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
بەسەرهاتی ڕزگاربوونی فاتیح سەنگاوی لە پڕۆسەی ئەنفالدا
20-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 517,080
وێنە 105,392
پەرتووک PDF 19,102
فایلی پەیوەندیدار 95,942
ڤیدیۆ 1,285
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1979
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
کورتەباس
بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو سەد ساڵەی سلێمانی یەوە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
بەناز عەلی
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
چەند کەسایەتییەکی شاری مەهاباد ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
چەردەیەک لە ژیانی قەرەج لەناو ئەوروپا و لەناو کورددا
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
گۆرانیەکی هەڵپەڕکێ
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
کورتەباس
هەنگاوێک بۆ دوا ساڵەکانی پەنجاو وەبەرچاوهێنانەوەیەکی رۆژانی رەشی کرێکارانی قوڕ لە هەولێر لەپێش شۆڕشی تەمووزی 1958دا
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
دوو شاعێری ئوکراینی؛ تاراس شێڤچێنکۆ-لێسیا ئوکراینکا
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
ژیاننامە
شەرمین وەلی
کورتەباس
دادگایی تاوانبارانی ئەنفال
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زاخۆ ساڵی 1927
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.594 چرکە!