بەیەک گەیشتنی کلتوورەکان
#سەڵاح جەلال#
لێرەوە لە و پرسیارانەوە دەستپێدەکەین لەسەر کلتوور درووست دەبن؟! چۆن بتوانین لە و داخراوی و یەک دەنگییەوە بپەڕینەوە، چۆن هاوبەشی کلتوری جیهانی بکەین؟! چۆن بیر بکەینەوە؟ چۆن لە بەیەک گەیشتنی کلتورەکاندا گەشە بکەین؟ چۆن بتوانین خۆمان درووست بکەین؟! ئەو پردە ڕۆشنبیرییە مەعریفییە درووست بکەین لەنێوان مرۆڤەکان و کلتور و داب و نەریتدا؟! چۆن بتوانین بە ژمارە بیر بکەینەوە؟! چۆن کلتوورمان بەژمارە بکەین؟!
لەم پرسیارانەوە دەبێت هەوڵی دەرچوون بدەین لە بازنە تەقلیدییە باوەکان و عەقڵییەتی سواو، زۆر جار لە ڕۆشنبیری کوردیدا بە هەڵە قسەی لەسەر دەکرێت، بەبێ ئەوەی پێناسەیەکی زانستی بۆ کلتوور بکرێت. بزانین کلتوور چییە؟ هەروەها پۆڵینکاری کلتوور، ئەوەی پابەندی نەتەوەیە و ئەوەی هاوبەشە بە کلتووری جیهانییەوە، لێرەشدا دەبێت کلتوور جیا بکەینەوە، لە فەرهەنگی جیهانیدا دوو جۆر کلتوور هەیە، یەکەمیان ئەو کلتوورەیە زیهنی کۆی نەتەوە درووستی دەکات، ئەمەیش پەیوەندی بە داب و نەریت و مامەڵەی شارستانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی نەتەوەوە هەیە، مۆرکی تایبەتی خەسڵەتی نەتەوایەتی پێوەیە.
کلتوورەکەی تریش ئەوەیە ئەهلی مەعریفە و کەسەکانی داهێنان لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و زانستەکاندا بە گشتی بەرهەمی دەهێنن. ئەمەیش موڵکی هەموو کەسەکانی فیکر و داهێنانە، تیئوری مارکسیزمی مارکس تەنیا بۆ ئەورووپییەک نەبوو، لە سەرتاسەری جیهاندا مارکسییەت کرایە ڕێباز و بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و ئاسیاو ئەفریقا بە و تیۆرییە شۆڕشیان کرد و ڕزگاریان بوو، یان کاتێک دیکارت وتی: (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم) ئەمەی بۆ ئەوروپییەک نەگوت بەتەنیا، بەڵکوو بۆ هەموو کەسێکی بیرکەرەوە بوو. یان ئەوەی فۆکۆ و هایدگەر و فەیلەسوفەکانی تر نووسییان هەمان شت بوون.
هەروەها لە بوارەکانی ئەدەبی و هونەری دەقەکان مۆرکی جیهانیان هەڵگرتووە و جوگرافییەکانیان بڕیوە، ئێستایش لە زەمەنێکداین جیهان بۆتە گوندێکی گەردوونی و لەمیمۆرییەکدا کۆبۆتەوە، دەبێت بزانین چۆن ئامادەکاری و ئامادەییمان هەبێت؟ ئەوەیشی زیاتر لە هەموو بوارەکان دەبێتە زمانی جیهانی بۆ هەموو کەسێکە بەجیاوازی زمان و بیرەوە مۆزیک و تەشکیلیە هیچ وەرگێڕانێکیان ناوێت. سینەما و شانۆیش تەنیا بەوەرگێڕانی دایەلۆگە کورتەکانەوە بە بینەر دەگەن، بەڵام تابلۆکان هیچ وەرگێڕانێکیان ناوێت و زمانی گەردوونین.
پڕۆژەی بەیەک گەیشتنی کلتوورەکان لەم پرسیارەوە دەستپێدەکات:
چۆن بتوانین تێگەیشتنێکی هاوبەشی باشتر درووست بکەین؟!
چۆن بتوانین پردی نێوان مرۆڤ و کلتوور و داب و نەریت درووست بکەین؟!
لەم ڕووەشەوە هونەر بە ئامرازێکی باشتر دەزانن بۆ پشتگیریکردن لە ئاڵوگۆڕی بۆچوونە هاوبەشەکان. لە ڕێی وۆرکشۆپەوە هەوڵی دایەلۆگی کلتووری بدرێت، لە ڕێگەی شتەکان و درووستکردنی چیرۆکی مێژوویی، بە گێڕانەوەی تایبەتمەندیەکانی ژیان، بیرەوەری و یادگارییەکان.
ئەوەی خاڵی وەرچەرخان و ڕوانینی نوێیە لەم پێشانگایەی بەیەک گەیشتنی کلتوورەکاندا، ئەو چیرۆکە مێژووییانەن، پیاوانی جەنگ وێنەی هونەرییان جێهێشتووە، بەمەیش شێوازی هونەری گۆڕانکاری بەسەردا هات، لەشکۆدارکردنی جەنگەوە بۆ ئیدانەکردنی، هەموو ئەو داستان و وێنە وەحشییانەی بەرانبەر بە مرۆڤ کراوان لە سەرتاسەری جیهانداو هونەرمەندانی کوردیش ڕاستەوخۆ خۆبەخشانە بەشداری نواندنەوەی ئەو کارەسات و جەنگ و کوشتارە بەکۆمەڵەیان کردووە، دوژمنان بێ بەزەییانە ئەنفال و کیمیا باران و چاڵی کۆمەڵکوژیان درووست کردووە، هەزاران لە کەسانی بێتاوان و هاووڵاتی مەدەنی لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج بەچەندەها شێوازی دڕندانە لە کیمیایی و سێدارە و زیندە بەچاڵ و شێوازی تر کوژراون. ئەمەیش بە شێوازی جۆراوجۆر، هەندێک واقیعی و ئەبستراکت و سووریالی و دژایەتی و بەرەنگاری و چیرۆکەکانی جەنگ دەکەن. ئەم ئەزموونە وێرانکەرانەیش بە دۆکیۆمێنت دەکرێن و لە مۆزەخانە و گەلەرییەکاندا دەمێننەوە و دەبنە کارتێکەر لەسەر نەوەکان هەتا ڕوانینی خۆیان لەسەر تاوان و جینۆسایدو جەنگ هەبێت.
پڕۆسەی دیکۆمێنتکردنی وێنەی شایەتحاڵان و ڕزگاربووانی کورد لە جینۆسایدی کوردا لە ساڵی 1988 و هەروەها کارلێکردنەکانی بینەران لە ئەڵمان و ئەرمەنی و جوولەکە و کورد. ئەم وێنە و دیمەنانە بۆ بیرهێنانەوە و مانەوەی ئەو تاوانانەیە لەبیرەوەری مرۆڤایەتیدا.
بەم مەبەستەیشەوە هونەرمەندانی دانیشتووی ئەوروپا هاوکاری خوێندکارانی هونەری سلێمانی بکەن، هەموویان ئەزموون و بیرەوەری و داب و نەریتی خۆیان هاوبەش دەکەن، پێکەوە ڕێگا نوێیەکانی فێرکردن و تێگەیشتن نزیک بکەنەوە. لە ڕێگەی وانە و وۆرکشۆپ و کۆنسرێت و پێشانگا و گفتوگۆوە بکرێت. ئەمەیش وەک دەستپێکێک بۆ هاوکاری زیاتر لەنێوانیان هونەرمەندانی نێو دەوڵەتی و دامەزراوەکان و قوتابییاندا.
وۆرکشۆپ: ئەوەی لەم وۆرکشۆپەدا جەختی لەسەر کرایەوە شێوە و ناوەرۆک بوو، شێوە بەهەموو خەسڵەتەکانیەوە شیکردنەوەی لەسەر کرا، بە ڕەنگ و مادەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکانییەوە لەناو و ناوەرۆک لەگەڵ بۆشاییدا، تایبەت (زەخرەفە) لە ڕوانین و واتا جیاوازەکانەوە لە بواری پەرەدان بە هونەری پەیکەرسازی یان نەخشەسازی بۆ مادەی بینراو و زیاتر کاری میتافۆری قوتابییان. بەپیادەکردنی ڕێبازی نوێ لە شێوازی بینراو بۆ دەربڕینی لە بەرجەستەکردنی کارە هونەرییەکەدا. هێماکان، شێوەکان، دەنگەکان، ڕەفتارەکان، ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕوویان دەبینەوە. لە ڕێگای ڕوانینی نوێوە کاریان لەسەر بکرێت نەک دووبارەبوونەوەی باو. هەر تاکێک بە پشت بەستن بە کلتوور و ڕۆشنبیری خۆی تێڕوانینی جیاوازی بۆ بکرێت.
ئەم پڕۆژە گرنگە لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی جیهانییەوە پێشکەش کرا، فریشتەکانی ون ببوون لە جوانی ڕۆح و داهێناندا، بڕوانامەی نێو دەوڵەتیان هەیە و لەسەر ئاستی جیهان ناسراون، دەکرێت ناساندنێکی کورتیان بۆ بکەین:
یەکەم: هونەرمەند عوسمان ئەحمەد
بەڕێوەبەری سەنتەری کوردۆلۆژییە لە سلێمانی و دکتۆرای لە کۆلیژی هونەرەکانی چێڵسی هەیە لە زانکۆی هونەرەکانی لەندەن بۆ ساڵی (2013) دۆکۆمێنتکردنی پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لە ساڵی (1988) لە ڕێگەی وێنە کێشان و تۆمارکردنی گەواهی پانزە کەس لەنێو خێزانە ئەنفالکراوەکان و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵکوژی کورد. توانی لە ڕێی هونەرەکەیەوە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد بەجیهان بناسێنێت و لە چەندین وڵاتی جیهاندا پێشانگا بکاتەوە و سێیەم کەس بێت، تابلۆکانی لە مۆزەخانەی جەنگی بەریتانی (ئیمپریاڵ ۆار موزئێوم) لەندەندا دابنرێت تایبەت بە جینۆسایدی مرۆی.
دووەم: هونەرمەند وریا ئاریا هونەرمەندێکی کوردی ئێرانی و نەمساییە و لە ڤیەننا دەژی، پەیکەرسازی لە لە زانکۆی هونەرە کارپێکراوەکانی ڤیەننا تەواو کردووە، لە کارەکانیدا مامەڵە لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و پرسیارەکانی پەیوەندی دار بە و بابەتانەوە دەکات ئاکارەکانی پەیکەرتاشی وەکوو نەخشەسازی و هاوتەریبەکان و هاوشێوەکانی بەکار دەهێنێت و ڕەهەندی نوێی بۆ زیاد دەکات و تێکهەڵکێشی دەکات بە نەریت و گۆڕانکارییەکانی ژیانی.
سێیەم: گۆدرون والنبۆک دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری هونەری هینتەرلاندە لە ڤییەنا/ نەمسا، پلاتفۆرمێکی هونەری سەربەخۆیە تایبەتە بە بایەخدان بەپڕۆژەی کلتوورە فرە چەشن و پسپۆڕەکان. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە خاتوو (هینتەرلاند) پشتگیری و بایەخێکی زۆر بەکارە هونەرییەکانی هونەرمەندە گەورە و تازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی لە ئێران کار دەکەن.
چوارەم: (پەرستۆ فرۆهەر) لە تاران لە دایک بووە و لە ساڵی 1991 وە لە ئەڵمانیا دەژی، هونەرمەندێکی نێو دەوڵەتییە و پڕۆفیسۆری (هونەرە لیبڕاڵەکان) ە لەگەڵ جەختکردن لەسەر فرە کلتوور لە کونسێچشۆڵ ماینز/ ئەڵمانیا.
بەم شێوەیەیش دوای دوو هەفتەی تەواو ئەم پڕۆژە گرنگە بەسەرپەرشتی مەڵبەندی کوردۆلۆژی، زانکۆی سلێمانی، لە کارگەی کلتووری سلێمانی- گەلەری ئێستا لە 3/10/2022 هەتا 13/10/2022 بەردەوام بوو، دوا ڕۆژ پێشانگایەکی تایبەت لەلایەن خوێندارانی بەشدار بوەوە کرایەوە و هەریەکە بە ئەزموونێکی جیاواز بەشدار بوون، کۆتایی بە و کەرنەڤاڵە ئاوێتەییە جوانە هات بەکاتی لەبەر ئەوەی ئەم بەیەک گەیشتنی کلتوورە لەگەڵ هونەرمەندانی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە ڕێی پەیوەندی ئەلیکترۆنییەوە.[1]