پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
هاووڵاتییەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان هی من نییە هی عەرەبە و جەژن ناکەم
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
فەرهاد پیرباڵ؛ میز بە هەموو شتێکی تورکیا داکەن
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
22-04-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
22-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
21-04-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
ڤیدیۆ
لاواندنەوەی شێرکۆ بێکەس بۆ ئەنفال
20-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 517,128
وێنە 105,486
پەرتووک PDF 19,117
فایلی پەیوەندیدار 96,136
ڤیدیۆ 1,290
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردی: پاشخانی مێژوویی
هاوکارانی کوردیپێدیا، بابەتییانە، بێلایەنانە، بەرپرسانە و پیشەییانە، ئەرشیڤی نەتەوەییمان تۆماردەکەن..
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0
مایکڵ ئەپەڵ
پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا - سەرۆکی بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

#ناسیۆنالیزمی کوردی# وەک ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی و بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی دیاردەیەکی نوێیە. بەهەرحاڵ، پەرەسەندنی کۆی شوناسەکان، بەڵگە و ئاماژەکان، نەریتە کولتووری و فەرهەنگییەکان و خودهۆشیاری لە سەردەمی پێش مۆدێرنەدا سەرچاوەیەکی لەبننەهاتووی بنیاتنانی گوتاڕێکی ناسیۆنالیستیی مۆدێرن و کۆمەڵگە خەیاڵییە مۆدێرنەکان پێکدێنن. تێگەیشتن لە گەشەکردنی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان و ئەو سەرچاوانەی بەکارهاتوون لە بنیاتنانی گێڕانەوە یان حیکایەتێکی نەتەوەییدا پێویستی بە ئەزموونێکی نزیکی گەشەکردنی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و زمانەوانییە.
یەکەم گوزارش و دەربڕینەکانی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیستدا سەریهەڵدا. شێخ عوبەیدوڵڵا، کە ساڵی 1878 دژ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یاخیبوونی بەرپاکرد و دوو ساڵیش دواتر ناوچەی ورمێی ئێرانی داگیرکرد، لەبارەی سەربەخۆیی کوردەوە دەدوا. هەڵوێستی ئەو لەبەرانبەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا تەمومژاوی بوو و پاڵنەر و ڕەفتارەکانی نەریتی و خێڵەکی و فیوداڵانە بوون. لە هەندێ بۆنەدا عوبەیدوڵڵا زاراوەی نەتەوە یان تایفەی کوردی بەکاردەهێنا و ئاواتی خۆی بۆ یەکگرتنی کورد و دەوڵەتێکی کوردی دەرەبڕی لەژێر سایە و حوکمی خۆیدا1. لای خۆیشییەوە، حاجی قادری کۆیی (1817 - 1897) ڕۆڵی خۆی بینیوە لە گەشەکردنی هۆشیارییەکی نەتەوەیی کورددا لە دەسکاری کردن و ڕێکخستن و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1695دا بڵاوبووەوە. مەم و زین دەربڕینی شوناسێکی کوردیی سەربەخۆ و خولیا و ئاواتی حاکمێکی کوردی تێدایە2. ئەمە لەلایەن نەتەوەپەروەرەکانەوە وەک حیکایەت و داستانێکی دوورودرێژی ناسیۆنالیزم وەرگیرا. هەنگاوێکی تر بە ئاڕاستەی خودهۆشیاریی کوردیدا دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامە بوو بە زمانی کوردی، بە ناوی کوردستان لە ساڵی 1898دا. ناسیۆناڵیزمی کوردی بە پڕۆسەی مۆدێرن بوون و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژاوادا بەرجەستەبوو لە ماوەی حوکمی عوسمانی و ئێراندا بۆ کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی و وتاری نەتەوەیی گرێدرابوو بە هەردوک شوناسی کوردیی مێژوویی و ئەفسانەییەوە و گەشەکردن و ڕۆڵی بەدرێژایی مێژووی پێش ئیسلام و ئیسلامەوە.
مەبەستی ئەم بەشە خستنەڕووی مێژووی پەرەسەندن و پێکهاتە سۆسیۆ - سیاسییەکانە لە کوردستاندا و ئیشارەت کردنە بۆ پەیدابوونی کورد و بەڵگە و دەلالەتەکانی کورد و ئەکراد و شوناسی کورد و خێڵەکانی کورد و میرنشینە کوردییەکان بەدرێژایی مێژووی ئیسلام3. ئەمە دەشێ وا تەماشا بکرێت کە مێژووی کوردستان و ئەو پەرەسەندنە مێژووییانە بێت کە بە ئاڕاستەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردیدا ڕۆیشتبێت، ڕێک وەک گاڵییەکان و فرانکەکان و میرۆڤینکەکان تێبینیی دەکرێن وەک بەشێک لە مێژووی فەرەنسا، مێژووی میر مێزسکۆ و بنەماڵەی پاشایەتیی پۆڵەندا، ڕیچاردی شێردڵ و مێژووی ئینگلیز، میرەکانی کێیڤ و مۆسکۆ وەک بەڵگە و ئاماژە بۆ مێژووی ڕووسیا. ڕاستییەکەی چەمکی نەتەوەیی لێرەدا ناتوانرێ بسەپێنرێت بەسەر ئەم حاڵەتەی ئێرەدا چونکە چەمکی ناسیۆنالیزمی نوێ تەنیا لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی مۆدێرندا گەشەی کردووە. بەهەرحاڵ، مەسەلەکانی پێش مۆدێرنە، ڕاستی بن یان داهێنراو، چەشنی کەسایەتی، ئەفسانەکان و ئەفسانە میللییەکان وا لە بزووتنەوە مۆدێرنە میللی یان نەتەوەییەکان دەکەن کەوا گوتاڕێکی نەتەوەیی مۆدێرن بنیات بنێن. گەشەکردنی شوناسێکی نەتەوەیی کوردی بەندبووە بە پەرەسەندنێکی سەرەکی کە وەکوو کورد دەسنیشانکراوە، چەشنی خێڵە کوردەکان، میرنشینەکان، هۆنراوە و قەسیدە و دابوونەریتی زارەکی. ناسنامەی ئیتنیکیی کوردی و تۆوی دەوڵەتسازیی کورد - لە فۆرمی میرنشینە ئۆتۆنۆمیدارەکاندا کە لە سەرەتای ئیسلامەوە تا سەدەی نۆزدەهەم لە دۆخێکی هەژموون و باڵادەستدا بوون و هەل و مەرجیان ڕەخساندووە بۆ گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن. بەڵام لەناوچوونیان لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا و پڕۆسەی خاوی مۆدێرنیزە و گەشەکردنی سنوورداری چینە کۆمەڵایەتییە نوێکان و لێژبوونەوەیان بەرەو ئاوێتەبوون یان تەنانەت توانەوەیان لەناو شوناسی پەرەسەندووی تورک و عەرەب و ئێرانییەکاندا و نەبوونی نەریتی زمانێکی ئاستبەرزی کوردی هۆکاری سەرەکی بوون بۆ لاوازی و دواکەوتنی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. بنیاتنانی نەتەوەیی کورد و دڕووستکردنی حیکایەت یان گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی لەلایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرنی کوردەوە پێویستی بە نزیکترین تاقیکردنەوەی شوناسی کوردییە لە یادەوەرییە بەکۆمەڵ و پەرەسەندنە مێژووییەکاندا کەوا کاریان کردووەتە سەر زمانی کوردی و ئەو بارودۆخە سۆسیۆ - سیاسییەی کە پێش بەرەبەیانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن کەوتوون و تایبەتمەندیان کردووە. بارودۆخی نێودەوڵەتی و سەرلەنوێ نەخشەکێشانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، کە کوردی بە بێدەوڵەت هێشتەوە، لەهەمان کاتیشدا دەستباڵایی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پرۆسێسەبوون لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەو دۆخ و هەل و مەرجەی دڕووستکرد کەوا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردی تێدا پەرەبسێنێت. بەهەرحاڵ، تێگەیشتن لە بنەماکانی بزووتنەوەکە پێویستی بە توێژینەوەیەکی قووڵی مێژووی کوردستان و کورد و کاراکتەرەکانی پێش گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرنە4.
کورد و کوردستان و گەشەکردنی ئیسلام
تۆمارە مێژووییە ئیسلامییەکانی چەرخی ناوەڕاست و پەڕتووکە مێژووییەکان و بەهەمان شێوەش توێژینەوە نوێکانی تەرخانکراو بۆ هەڵکشانی ئیسلام و فتووحاتەکانی لە سەدەی حەوتەمدا، بەشێوەیەکی سەرەتایی پڕۆسەی بەڕەنگاربوونەوە بوو لەنێوان موسڵمانەکان و دوژمن و ڕکەبەرە بەهێزەکانیان لە ئیمپراتۆرییەتەکانی ساسانیی فارسی و بیزەنتییەکاندا، کە حکوومەتی سەنتراڵی خۆیان و هێز و دەسەڵاتی خۆیان و ئایینی خۆیان و کولتووڕێکی نووسراوی خۆیان دەستەبەر کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، بێجگە لە بەگژداچوونەوە و ململانێیان لەگەڵ دەوڵەتە چاک ڕێکخراوەکان و کولتوور مەحکەم و پتەوەکان، موسڵمانەکان ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی دیجلە و پێدەشتەکانی فورات و هەردە و بەرزاییەکانی ئێرانیان داگیرکرد لە شەڕ و بەرەوڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ کوردەکانی یان ئەلئەکرادی دانیشتووانە خێڵەکی و شوانکارە و جووتیارە گوندنشینە نەخوێندەوارەکاندا، کەوا دەسەڵاتێکی سێنتراڵیان نەبوو و بە دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی قسەیان دەکرد کە نزیکایەتی لەگەڵ زمانی فارسیدا هەبوو. ئەمە ڕووبەڕوونەوەیەک بوو لەنێوان شەپۆلێکی کۆچەری فراوانخوازی خێڵە شوانکارە عەرەبی زمانەکانی بیابانەکانی عەرەب و شام کە بە هۆکاری ئایدیۆلۆجیایەکی هاندەری سەروو خێڵی ئیسلامییەوە یەکیانگرتبوو و لەگەڵ خێڵە چیانشینە شوانکارەکاندا بەریەک کەوتبوون کە بە دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی دەدوان و دەسەڵاتێکی سیاسیی باڵای سەروو خێڵ و ئایدیۆلۆجیایەکی ئایینیی ڕێکخراویان نەبوو.
ئیسلام، کە لەنێو دانیشتووانی مێرگەکان (واحة) و خێڵە شوانکارە کۆچەرەکانی دوورگەی عەرەبی لە ماوەی سەدەی حەوتەمدا بڵاوبووەوە، هەرزوو سەرچاوەیەکی دەسەڵات و شەرعییەتی پێکهێنا بۆ سەرکردایەتیی سەروو خێڵ و پاڵنەڕێکی ئایدیۆلۆجیی ڕەخساند بۆ پەلکوتان و فراوانبوون و خاک و ناوچە نەریتییەکانی کۆچکردنی وەرزیی خێڵ تێپەڕێنێت. لەولاشەوە، خێڵە کوردەکان ئایین و باوەڕێکی یەکگرتوو لایان گەڵاڵە نەبوو و لەهەمان کاتیشدا سەرکردایەتی یان پەیامێکی یەکگرتوویان نەبوو، بەڵام بە پێچەوانەی دۆخی کوردەوە، زمانێکی گەشەکردووی پتەو لە نیمچە دوورگەی عەرەبدا هەبوو، تەنانەت لەپێش سەرهەڵدانی ئیسلامیشدا - کە بڵاوبوونەوەی ئیسلام و کولتووری ئیسلامی خێراتری کرد لە ژینگەی عەرەبیدا، لەولاشەوە گەشەکردنێکی زمانەوانیی هاوتەریب لە ناو خێڵە کوردەکاندا نەڕەخسابوو و هیچکام لە دیالێکتە کوردییەکانیش باڵادەستی و هەژموونی بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو. بەواتایەکیتر زمانێکی بنەڕەتیی یەکگرتوو نەهاتە ئاراوە.
تێرم یان زاراوەی کوردەکان (ئەلئەکراد) وەک بەڵگە و ئاماژەی ئەوە هەیە کە شوناسی بەکۆمەڵی کورد لەسەر بناغەیەکی جێگیری سەروو خێڵ یان سەروو ڕێکخراوی لۆکاڵی وا دڕووست نەبووە کە خولیا و مەراقی بەدیهێنانی سەربەخۆیی بێت یان خێڵە جۆراوجۆرەکانی کورد یەکبخات. خێڵە عەرەبەکان، لەکاتێکدا کە بە دانپیانان و سەلماندنی هەموو لایەک ناسنامەکانی خۆیان دەپاڕاست، سوودێکی بەرچاویشیان لەو خێڵانە دەبینی کە بەرەوڕوویان دەبوونەوە و شەڕیان لەگەڵ دەکردن لە ماوەی هێرش و پەلاماردان و بەرفراوانکردنی ڕووبەری داگیرکارییان، بەپێی ئەو ڕاستییەی کە باوەڕێکیان هەبوو، بێجگە لە پرینسیپێکی ڕێکخراو و سەرکردایەتییەکی سەروو خێڵ و ڕەوایی پێدانێکی ئایینیش. پەرەسەندنی کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی ئیسلامی هێز و دەسەڵاتی دا بە موسڵمانەکان کە هەژموونی خۆیان بسەپێنن بە سەر گرووپەکانی ئەو دانیشتووانانەدا کە پڕۆسەیەکی هاوشێوەیان ئەزموون نەکردبوو. لەکاتێکدا کەوا ئیسلام چاودێریی قۆناخە سەرەتاییەکانی گەشەکردنی دەوڵەتی عەرەبیی دەکرد (لانی کەم تا کۆتایی خەلافەتی ئەمەوییەکان) ، بەڵام گەشەسەندنێکی لەو شێوە لەنێو خێڵە کوردەکاندا ڕووینەدا.
واتا و دەلالەتەکانی کورد و ئەکراد و مەعقەل ئەلئەکراد (واتە قەڵای پتەوی کوردان) لە پەڕتووکی ئەلبەلازەری (البلاذری) (ساڵی 892 کۆچی دوایی کردووە) ، کە ناوی فتووحولبولدانە (فتوح البلدان، واتە داگیرکردنی وڵاتان) ، کە بەراییترین پەڕتووکە باس و خواسی نەریتی داگیرکاریی ئیسلامیی تێدابێت. بە پێی پەڕتووکی ئەلبەلازەری بێت موسڵمانەکان لەگەڵ کورد بەشەڕهاتوون بەدرێژایی ماوەی داگیرکردنی وڵاتی فارس و ناوچەکانی مووسڵ و ئازەربایجان و خێڵە کوردەکان بەئاشکرا لەپاڵ لەشکری ساسانیی ئێراندا شەڕیان کردووە. ئەوجا پاش ئەوەی کە هاتنە سەر ئایینی ئیسلام و پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیش، کوردەکان هەر بەردەوام بوون لەسەر یاخیبوون و هەڵکوتانەسەر و پەلاماردانی گەشتیار و کاروانی بازرگانان هەرکاتێک کە حکوومەتی ناوەندی دەسەڵاتی لەکزی بدایە یان لە ئەنجامی یاخیبوون و ململانێی ناوخۆییەوە لاواز بوایە5.
ئەلتەبەری (الطبری 838 - 932) ، کەوا یەکێکە لە گەورەترین مێژوونووسانی سەرەتای ئیسلام و لە حەڤدە بەرگی پەڕتووکە سی و نۆ بەرگییەکەی کە ناوی (تأریخ الرسل والملوک، واتە مێژووی پێغەمبەران و پادشایانە) و بە شێوەیەکی باو بە مێژووی تەبەری دەناسرێت، باس لە کورد دەکات، هەڵبەت باس و ئاماژەکانیش بەزۆری لەبارەی دانیشتووانە خێڵەکییە گوندنشین و شوانکارە و کۆچەرەکان بوون کەوا جڵەوکردنیان ئاسان نەبووە و هەمیشە مەیلیان بەلای ملکەچ نەبوونەوە بووە بۆ حکوومەتی ناوەندی. ئەلتەبەری یەکەمجار باس لەو کوردانە دەکات کە لە سێهەم ساڵی حوکمی عوسمانی خەلیفەدا، لە ناوچەکانی باشووری لوڕستان لە نزیک ڕووباری کاروون یاخیبوون6. تەبەریش وەکوو بلازەری ئیشارەت بەوە دەدا کە لە کاتی داگیرکردنی ئێران لەلایەن ئیسلامەکانەوە، کوردەکان لەپاڵ فارسەکاندا شەڕیان کردووە دژ بەو موسڵمانانەی بۆ ناوچەکانی وڵاتی فارس و ئەهواز پێشڕەوییان کردووە7. ڕاستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامیش، وەک دەوڵەتی بێزەنتینی و ئێرانی سەفەوی، بەزەحمەت حوکمی خۆی دەسەپاند بەسەر خێڵە کوردە یاخییەکاندا، لەسۆنگەی ئەوەوە کە جەنگاوەری کارامە بوون و جیۆپۆڵەتیکی خاک و وڵاتەکەیان کەوتبووە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئیسلامی و بێزنتییەوە.
ئەمڕۆ هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نابینیت باس لە مەسەلەی ئایین بکات لەناو کورددا لەپێش سەرهەڵدانی ئیسلامدا. ئەگەری زۆریش هەیە کە زۆربەی دانیشتووانی کوردستان لەسەر ئایینی زەردەشتی و مانی بووبێتن، لەگەڵ بوونی هەندێک کریستیاندا. بەڵگەی زەردەشتییەت لەناو کورددا لە هۆنراوەیەکی سەرچاوە نەزانراودایە، کە ڕوون و ئاشکرا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم یان هەشتەم و بە دیالێکتێکی کوردی نووسراوە و بە خەتی ئارامی و داخ و حەسرەت بۆ تێکدان و ڕووخاندنی پەرستگە زەردەشتییەکان دەردەبڕێت لەسەر دەستی عەرەب لە ناوچەی شارەزووری باشووری کوردستاندا8.
زۆربەی زۆری کورد لە هەردوو سەردەمی ئەمەوی و عەباسیدا بوون بە ئیسلام. بەهەرحاڵ، دابڕانی سرووشتی لە کوردستانی شاخاویدا و شلوشۆڵیی حوکمی دەوڵەتی ئیسلامی ئاسانکاریی کرد بۆ مەسەلەی پارێزگاریی لە نەریت و ڕێوڕەسم و بیروباوەڕی پێش ئیسلام و پەرەسەندنی دەستە و تاقمی دژەباو یان هەرتەقەی (هێترۆدۆکس) وەک ئەهلی هەق و یەزیدییەکان و درووستبوونی ڕیبازەکانی سۆفیزم وەک پێهاتەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی باو لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
بەشیوەیکی دانپێدانراو، ئەو خێڵە کوردانەی کەوا چوونەتە دنیایەکی ئایینی و کولتووریی ئیسلامەوە کە تا ئاستێکی زۆر پشتیان بە زمانی عەرەبی و فارسی بەستووە. هەژموونی عەرەبی وەک زمان لە ئایین و یاسا و کولتووری ئیسلامدا و باڵادەستیی فارسی و تورکی لە دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا و هەروەها لەو ناوچانەی کە دا‌هێنانی کولتوور و ئەدەبیان تێدا دەکرێت لە سەرانسەری دنیای ئیسلامدا لەبەرئەوە دیالێکتەکانی کورد دابەزیونەتە ئاست و دۆخی زمانی ڕەشەخەڵکەکە. بێگومان هەژموونی نووسین بە ئەلفبێ یان پیتی عەرەبی و نەبوونی ئەلفبێیەکی تایبەتی کوردی وای لە نووسین بە پیتی عەرەبی کردووە کە زاڵ و باڵادەست بێت و نەبوونی زمانێکی نووسراوی کوردی لەجێی دیالێکتە ناوخۆیی و لۆکاڵەکانی کوردی و دابەزێت بۆ پلە و پێگەیەکی خوارتر لەچاو زمانی فارسیدا، کە زمانێکی باش فۆرمەڵەکراو و دەوڵەمەندە بە نەریت و کولتووڕێکی نووسراو کەوا خۆی گونجاندووە لەگەڵ ئەلفبێی زمانی عەرەبیدا و توانیوێتی سەرکەوتووانە پارێزگاری لەخۆی بکات و خۆی بگونجێنێت و لەناو ئایینی ئیسلامیشدا گەشە بکات.
هۆنراوەی کوردی، بەشێوەیەکی سەرەکی لە دیالێکتی گۆراندا، بچڕبچڕ گەشەی کردووە تا سەدەی هەژدە. بەهەرحاڵ، نەبوونی یان لاوازیی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لەگەڵ بەرژەوەندی و خولیایەک بۆ چاودێری کردنی زمانی کوردی، وایکرد کە بنەمایەک درووست نەبێت بۆ پەرەسەندنی زمانێکی ئەدەبیی کوردیی ستاندارد. ئەم لاوازیی زمانەش دیسان ڕێگر بوو لە پەرەسەندنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردیی مۆدێرن و هۆشیارییەکی نەتەوەیی یەکگرتوو لە سەدەی بیستەمدا9.
بنەماڵە خێڵەکی و فیوداڵەکانی کورد و شەپۆلەکانی داگیرکردنی تورکیا
لەنێوان سەدەکانی حەوت و شانزەدا کوردستان چەندین جار داگیرکراوە لەلایەن شەپۆلی خێڵە کۆچەر و داگیرکەرەکانی - عەرەب و تورکە خوارەزم و مەغۆل و دواتریش تورکمانەکانەوە - کەوا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردیان تێکوپێکدا.
داگیرکردنی موسڵمان و زەوتکردنی تورکی سەلجووقی و داگیرکاریی مەنگۆل و خاک و وڵات زەوتکردن لەلایەن خێڵە تورکمانەکانەوە – قەرەقۆینلوو و ئاق قۆینلوو لە سەدەی پانزەدا - کە لەلایەن شەپۆلە گەورەکانی خێڵە کۆچەرەکانەوە جێبەجێکران کەوا ڕێکخراو و لەرووی سیاسیشەوە بەسەر کوردەکاندا زاڵبوون. دانیشتووانی کورد هیچ شتێکی پاڵنەریان نەبوو بۆ پەلهاوێشتن و فراوانخوازی لەدەرەوەی خۆیان، چونکە لەلایەن خێڵەکانەوە جموجووڵی گەورە نەبوو بە ئاڕاستەی ناوچەکانی ژیان و گوزەران کردن لەدەرەوەی چیاکانی کوردستان، لەلایەکی تریشەوە نە هێزی خێڵەکان پەرەیسەندبوو و نە پێکهاتەی سیاسیی تۆکمە و ڕێکخراو یان ئایدیۆلۆجیایەکی ئایینی پاڵنەری بوو. لێرە خێڵە کوردەکان چالاکانە تێوەگلابوون لە شەڕ و ململانێی ناوخۆی فەرمانڕەوا سەلجووقییەکاندا، کاتێکیش حوکمڕانیی ناوەندی سەلجووقیش هاتە کزی و لاوازی بەهۆی بەردەوامیی قەیرانەکانەوە، ئەمان (واتە کوردەکان) لە شاخەکان و قەڵا و قایمکاریی ناو شاخەکانەوە شۆڕبوونە خوارەوە و کەوتنە پەلاماردانی نیشتەجێ و ئاوایی پێدەشتەکان و کاروان ڕووتکردنەوە لە ڕێگەوبانەکاندا.
لەنێوان سەرهەڵدانی ئیسلام لە سەدەی حەوتەم و داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوییەوە لە سەدەی شانزەهەمدا، کورد ڕۆڵێکی بینیوە لە مێژووی ئیسلامدا. ئەو ڕۆڵەی ئەوان لەسۆنگەی بەشداربوونی بنەماڵە خێڵەکییە فیوداڵەکانەوە بوو لە ململانێی دەسەڵاتی دەوڵەتە حوکمڕانەکانی ئیسلام و ناوەندەکانی دەرەوەی کوردستان و وەک ئەندامانی خێڵە چیانشینەکان یان میرنشینە خێڵەکییەکانی کە بەدوای ئەوەدا دەگەڕان خۆیان ڕزگار بکەن لە ستەمی حکوومەتێکی ناوەندی. لە قۆناخە بەراییەکانی ئیسلامیشدا، کوردەکان لەناوخۆدا دابەشبووبوون و هیچ میرنشین یان بنەماڵەیەکی کورد نەیتوانی باڵادەست و خاوەن هەژموون بێت و پارچە گرنگەکانی کوردستان یەکبخات. خێڵە کوردەکان ئایینێکی ڕێکخراو، زمانێکی نووسینی ستاندارد و دەسەڵاتێکی سیاسیی بان خێڵیان نەبوو. لەبەرئەوەی هیچکام لە ئیمارەت و بنەماڵە کوردییەکان نەبوونە هۆکاری هاندان و ورووژانی یەکگرتن و هاوکۆیی کورد، بۆیە هیچ کاتێک وەک کورد ڕەچاو نەکران و یارمەتیدەری پارێزگاریی مۆرک و شوناسی کورد نەبوون.
لاوازبوونی ئیمپراتۆرییەتی عەباسی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆهەم بەملاوە و نەتوانایی لە سەپاندنی حوکم و دەسەڵاتێکی کاریگەردا بارودۆخی خوڵقاند بۆ بەهێزبوونی بنەماڵە خێڵەکییە فیوداڵەکانی کورد. ململانێی ناو بنەماڵەکانی بوەیهی و فارسی کە بوون بە هێزێکی سەرەکی لە بەغدا و لە ناوجەرگەی ئیمپراتۆرییەتی عەباسیدا و سەرەتای دزەکردنی خێڵە تورکەکان بۆ ناو دەسەڵاتی خەلافەت زەمینەیەکی ڕەخساند بۆ سەرهەڵدانی بنەماڵەی حەسنەوییەی کوردی (959 - 1095) ، لە ناو خێڵی بەرزیکانیدا10. قەڵەمڕەوی حوکمی ئەم بنەماڵەیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئازەربایجانەوە درێژبووبووە تا هەرێمی شارەزوور و چیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی شەتتولعەرەبەوە. ئەم بنەماڵەیە بە دەستی بنەماڵەی عەنازییە یان بەنوعەناز (990 - 1116) شکستیهێنا، کە دەکەوتە ناوچەکانی کرماشان و شارەزوورەوە، بەڵام قەڵەمڕەوی تا مەندەلی ڕۆیشتبوو، لە چیاکانی خوارووی دیجلەوە و لە سنووری ئێستای ئێراق و ئێراندا11.
لە ناوەڕاستی سەدەی دەیەمدا بنەماڵەی شەددادی (شادیانی 951 - 1075) سەریهەڵدا، کە قەڵەمڕەوی حوکمیان لە هەردوو ڕووباری ئاراس و کوورەوە لە باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی قەوقازەوە درێژبووبووەوە بۆ هەکاری و ئەو ناوچانەی کە ئێستا دەکەونە باکووری ئێراق و سەر سنووری نێوان تورکیا و ئێرانی ئەمڕۆ12 و پێگە و خاڵی سەرەکییان گەنجە و دوین بووە.
لە ڕۆژاوای کوردستاندا و لە کۆتایی سەدەی دەیەمدا بنەماڵەی کوردی مەروانی (بەنو مەروان 984 - 1083) پەیدابوو. ناوەندی ئەم بنەماڵەیە لە مەیافارقین و ئامەد (بە کوردی ئامەد) بووە و هەروەها کۆنتڕۆڵی نەسیبین و جەزیرەی ئیبن عومەریشی کردووە13. گرنگترین سەردەمیان، حوکمڕانیی حاکمی مەروانی ناسرولدەولە ئەحمەد ئەبووناسر بن مەروان (ناصر الدولة ‌أحمد أبووناصر بن مروان 1011 - 1061) بوو لە ئامەد، لەژێر سایەی دەسەڵاتی فەڕمیی خەلیفەی عەباسی و ڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی دیفاکتۆ سەر بە پیاوی بەهێزی خەلافەت سوڵتانولدەولەی بوەیهی بوو (1012 - 1021) 14. ساڵانی دوورودرێژی حوکمی ناسرولدەولە مۆرکی گەشەکردنی ئابووری و کولتوورییان پێوەبوو. بە پشتگیریی ئەم، مزگەوت و نەخۆشخانە و پرد درووستکران و لە دەرباری ئەمیشدا زانایان یان عولەما و شاعیران چالاک بوون و وەفد و نێردە لە میسری فاتمی و ئیمپراتۆری بیزەنتینەوە دەهاتنە خزمەتی.
بنەماڵە کوردەکان لە ئەنجامی زیادکردنی کۆچی خێڵە تورکەکان بۆ ناو خاک و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی عەباسی گڵۆڵەیان کەوتە لێژی و هەروەها بەهۆی گواستنەوەی بنەماڵەی تورکی سەلجووقی بۆ پێگەی هێزێکی باڵادەست لە بەغدا و سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتەکەدا. لەنێوان ساڵانی 1020 و 1041دا خێڵە تورکەکان چەند ناوچەیەکی کوردنشینیان لە ئازەربایجان و هەکاری و شارەکانی مەیافارقین و حەمدان و ئامەد داگیرکرد15. لە ساڵانی 1054 - 1055دا، حاکمی مەروانی ناسرولدەولە بن مەروان ملکەچیی خۆی قبووڵکرد بۆ توغروڵ بەگی حاکمی سەلجووق و بەیعەتی دایە. بۆ ساڵی دواتر، حاکمی بنەماڵەی شەددادی لە گەنجە، لە باشووری قەوقاز سوێندی بەیعەتی خوارد بۆ حاکمی سەلجووقی16.
خاڵی وەرچەرخان لە داگیرکردنی ئیمپراتۆرییەتی عەباسی و ناوچەکانی کوردستان لەلایەن تورکەکانەوە شەڕی مەلازگرد (مەلازکرد) بوو لە ساڵی 1071دا، کاتی کە سەلجووقییەکان لەشکری بیزەنتییان شکاند و سەلماندیان کەوا هێزی گەورەی موسڵمانن17. لە ساڵی 1075دا، سەلجووقییەکان بە سەرکردایەتیی سوڵتان ئەلپ ئەرسەلان بنەماڵەی شەددادیی تێکشکاند (لقێکی تری ئەو بنەماڵەیە لە شاری ئانی لە ڕۆژاوای قەوقاز لەسەر سنووری ئەرمینیا تا ساڵی 1195 لەبرەودابوو) . هەروەها بنەماڵەی مەروانیش لە سەردەستی سەلجووقییەکان تێکشکا. لە ساڵی 1083دا، دوا شار و قەڵا و قایمکاریی بندەستی ئەم بنەماڵەیە لە جەزیرەی ئیبن عومەر داگیرکرا18. هەتا کۆتایی سەدەی دوانزەهەم ئەندامانی بنەماڵەی مەروانی وەک حوکمڕانی شار و ویلایەتەکان دادەنران، بەڵام هیچ کاتێک وەک حوکمڕانی سەربەخۆ کاریان نەدەکرد بەڵکوو هەمیشە ملکەچی دەسەڵاتی سەلجووقییەکان بوون. بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونی بەردەوامی کوردەکان دەبوو فەرمانڕەوایانی سەلجووق قەڵا و قایمکارییەکانیان بگرن و ناچاریان بکەن بگەڕێنەوە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکان بۆ دابینکردنی سەلامەتیی ڕێگەوبانە سەرەکییەکان. لە تۆمارە مێژووییەکەی سەرەتای سەدەی دوانزەهەمیدا، ئیبنولئەسیری (إبن الأثیر) مێژوونووس، کە دڵسۆزی بنەماڵەی زەنگیی حوکمڕانە تورکمانەکان بوو، باس لە سەرکەوتنەکانی ئەتابەگ عیمادەدین زەنگی دەکات لە داگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری قەڵا و قایمکاریی کورد لە ناوچەکانی جەزیرە و مووسڵ و هەکاری لە ساڵانی 1122 - 1123 و 1142 - 1143دا و هەروەها لە ناوچەی تکریت لە 1133 - 1134دا19.
هەرچەندە بنەماڵە کوردەکان بە سەرهەڵدان و هەڵکشانی تورکە سەلجووقییەکان لە سەدەکانی یانزە و دوانزەدا15 شکستیانهێنا بەڵام هەندێک لەو بنەماڵە کوردانە، بەتایبەتی ئەوانەی پلە و پێگەیان هەبوو لەو هێزە سەربازییانەی بنەماڵە تورکەکان فەرماندەییان دەکرد، لەژێر سایەی حوکمڕانە سەلجووقییەکاندا بووبوون بە خاوەنی هێز و دەسەڵات. ئەمە ئەو بارودۆخە بوو کە سەرهەڵدانی خێزانی سەڵاحەدینی ئەیوبیی لێکەوتەوە، لە شاری دوینی باشووری قەوقاز، کە تێیدا لە خزمەتی بنەماڵەی شەددادییەکاندا بوون. لە پاش کەوتنی بنەماڵەی شەددادی، ئەیوبییەکان لە دوین کۆچیان کرد و کەوتنە خزمەتی سەلجووقییەکانەوە و باپیری سەڵاحەدین کرا بە حاکمی شاری تکریت لەبریی حوکمڕانیی زەنگی20.
لە جیهانی ئیسلامیدا، سەڵاحەدین لە زەینی خەڵکدا وا جێگیر بووە کە ئەو حوکمڕانە موسڵمانەیە کەوا خاچدارە فرانکییە داگیرکەرەکانی دەرپەڕاندووە. سەڵاحەدین بووە بە کەسایەتییەکی سەرسامکەر لەناو موسڵمانە سوننییەکاندا و بووە بە قارەمانێکی نەتەوەیی عەرەب لە سەدەی بیستەمدا - بەتایبەتی پاڵەوانی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمیی عەرەبی سووریا و عەرەبی ئێراق و عەرەبی میسر و جێگەی سەرسامی بوو لەلایەن سەرکردە عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی وەک جەمال عەبدولناسر و حافز ئەسەد و بووبوو بە نموونەی باڵا بۆ سەددام حسێن. هەرچەندە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیی سەدەی بیستەم برەوی بە ئەفسانەی سەڵاحەدین داوە وەک قارەمانێکی نەتەوەیی کورد کەوا ئیسلامی لە خاچپەرستان ڕزگار کردووە، بەڵام بەشێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان ڕقی خۆیان بەرانبەری دەردەبڕن چونکە پێگەی بەهێزی خۆی بەکارنەهێناوە بۆ پێشخستنی مەسەلەی کورد و گەڵاڵەکردنی دەوڵەتێکی کوردی.
ئەیوبییەکان یەکەم بنەماڵەی کورد بوون لە مێژووی ئیسلامدا کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان وەدەستهێناوە. بەڵام بنکەی دەسەڵاتی ئەوان لە میسر بوو، دوور لە کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی تر. هەڵبەت شوناسی بەکۆمەڵی ئەو کوردانەی کە وەک سەرباز و ئەفسەر خزمەتیان کردووە لە لەشکری سەڵاحەدیندا نەتەوەیی نەبووە بەواتای ناسیۆنالیزمی مۆدێرن کە خولیای دەوڵەتسازیی هەیە بە پێی بنەمای ناسنامەیەکی نەتەوەیی و کۆمەڵگەیەکی وێناکراوی نەتەوەیی نەبووە و حاڵ و بارەکە تەنیا ئیسلامی بووە و کوردەکانیش پابەند و ملکەچی ئیسلام و خێڵەکانیان و سەڵاحەدین بوون. بەهەرحاڵ، جیاوازیی نێوان کوردەکان و تورکەکان و لە هەندێ حاڵەتیشدا تەنانەت یەکگرتوویی کورد لەبەرانبەر تورک لە ناو لەشکری زەنگی و ئەیوبیدا ڕۆڵێکی بینیوە لە ململانێی نێوان فەرماندە جۆراوجۆرەکاندا. هەر لەبەر ئەوەش بووە کە سەڵاحەدین بە میرات فەرماندەیی لەشکری زەنگیی وەرگرتووە لە میسر لە پاش مەرگی فەرماندەی پێشووی کە شێرکۆ بووە (واتە مامی سەڵاحەدین - و) ، باشەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکگرتوویی نێوان فەرماندە کوردەکان لەدژی تورکەکان21.
وێنەی کورد لە تۆمارە مێژووییە گەورەکانی ئیبنولئەثیر (الکامل فی التأریخ) و ئیبن خەلدوون (تأریخ الأعلام) ، کە زانیاریی لە ئیبنولئەثیرەوە وەرگرتووە وێنەکی ڕوونی کۆمەڵگەیەکی گوندنشین و شوانکارە و خێڵەکی و بنەماڵەگەلێکی خێڵەکی و فیوداڵی نێو قەڵا و قایمکاری شاخاوی و شارگەلی بچووک و پەرت و بڵاو دەخاتەروو. کورد بەزۆری لە سیاقی عەرەبەکان و کوردەکاندا باس دەکرێن - نەک بە مانایەکی نەتەوەیی و ئیتنیکیی مۆدێرن، بەڵکوو زیاتر لە واتایەکی سۆسیۆلۆجیدا - وەک شەڕفرۆش و خەڵکی خێڵەکیی یاخیی شوانکارە و کۆچەر و بنەماڵەگەلی فیوداڵ کەوا شارانی وەک دوین و گەنجە و هەکاری و ئامەدیان کردووەتە سەنتەر و پایتەختیان22.
دابەشبوونی کوردستان لەنێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان لە سەدەی شانزەهەمدا
لە سەدەی شانزەهەمدا گۆرانکارییەکی قووڵ و بنەڕەتی ڕوویدا لە مێژووی کوردستاندا، کاتێ کە تەواوی ناوچەکە لەلایەن دوو ڕکەبەری بەهێزەوە داگیرکرا و دابەشبوو، کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سوننی و ئێران لەژێر ڕکێفی شیعەی سەفەویدا. لەو دەمەدا، دەوڵەتی شیعەی ئێران، کە ساڵی 1501 لەژێر سایەی شاە ئیسماعیلدا یەکیگرت، کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەی ئاق قۆینلووی تورکمان هێنا، کەوا زۆربەی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردبوو لە سەردەمی سەرکەوتنیەوە بەسەر قەرەقۆینلوو و هاوپەیمانە کوردەکانیدا لە ساڵی 1476دا23. یەکخستنی دەوڵەتی ئێرانی شیعە و تیکەڵبوونی لەگەڵ قزڵباشەکاندا، کە تەوژمێکی سۆفیگەریی بوو و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیسلامی شیعەدا هەبوو و کاریگەرییەکی بەرچاویشی هەبوو لە ناو خێڵە تورکمانەکانی ئەنەدۆڵدا و تەحەدا و بەڕەنگارییەکی توندیان پێکهێنا بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەبەر ڕۆشنایی شیعەگەریی ئێران و هەڕەشەی قزڵباشەکاندا، سوڵتان سەلیمی یەکەم بەرەیەکی نوێی لە ڕۆژهەڵات کردەوە، سەرەڕای جەنگە بەردەوامەکانی ئەوروپای دژ بە وڵاتە کریستیانەکان و بە شێوەیەکی سەرەکی بنەماڵەی هابوسبورگ. ململانێ و ڕکەبەریی عوسمانی و ئێرانییەکان، کە زیاد لە سێسەد ساڵی خایاند، لە ساڵی 1514وە تا پەیماننامەی ئەرزڕووم لە ساڵی 1823دا، بووبوو بە شەڕ لەسەر خاکی کوردستان. لەبەر ڕۆشنایی دژایەتیی عوسمانی و کورد لەبەرانبەر شیعە سەفەوییەکان و هاوپەیمانەکانیان، کە تورکمانە قزڵباشەکان بوون، بارودۆخێک هاتەپێشەوە بۆ هەماهەنگی کردنی نێوان میرە کوردەکان و خێڵەکان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا.
هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان کورد و عوسمانییەکان بەوە بەهێز و پتەو بوو کەوا مەولانا ئیدریسی بەدلیسیی پیاوی دەوڵەت و دەربار و خاوەن پلە و پێگەی ئایینی کە ئەمینداری دوا حوکمڕانی ئاق قۆینلوو بوو پێش ئەوەی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن سەفەوییەکانەوە ڕابماڵرێن و لەناوببرێن و پاشان ئەم کەسە بەردەوام بوو لە خزمەتکردن لە دەرباری سوڵتان سەلیمی یەکەمدا24. بەدلیسی، لەژێر فەرمانی سوڵتاندا کەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەی میرە کوردەکان قەناعەت پێبکات کە ببنە پاڵپشتی عوسمانییەکان و زۆربەی میر و خێڵە کوردەکان عوسمانییەکانیان بەلاوە پەسەندتر بوو چونکە ئەمان خاوەنی دەسەڵات و هێز بوون و هەروەها هاوبەشییەکی بەرژەوەندیش هەبوو دژ بە قزڵباشەکان. فاکتەرە هاوکارەکانی تریش ڕەنگە مەسەلەی سوننی و سرووشتی نامەرکەزییەتی حوکمی عوسمانی و ئەو خولیا و ئاواتەی کەوا کورد بتوانن حوکمی سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیی خۆیان دابمەزرێنن لەژیر سایەی ئەو حوکمەدا. بەپێی تێڕوانینی ئەوان، سیاسەتی عوسمانی سەبارەت بە هاندانی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمیر و پیاوە بەهێزەکانی کە لە کوردستاندا بوون پەسەندتر بوو لە سیاسەتی سەفەوییەکان، کەوا کاریان بۆ ئەوە دەکرد میرە کوردە بەهێزەکان و بنەماڵە حوکمڕانەکان لاببەن و پشتیوانیی لە ئەندامانی خێزان و بنەماڵە پەراوێزکەوتووەکان بکەن کە پشتیان بە حوکمڕانە سەفەوییەکان بەستبوو.
بەدوای سەرکەوتنی عوسمانییەکان بەسەر سەفەوییەکاندا لە شەڕی چاڵدیران لە ئابی 1514دا، عوسمانییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی خاکی کوردستانیان کرد. کاتێ کە سوپای عوسمانی چەندین مانگی دواتر، ڕووبەڕووی زەحمەتی و ئاستەنگ بووەوە، بەدوای ڕێکخستنەوەی قزڵباشەکان، کەوا گەمارۆیان بەسەر ئامەددا سەپاندبوو بەیارمەتیی سەفەوییەکان، هێزە خێڵەکییە کوردەکانی کە لەلایەن بەدلیسییەوە ڕێکخرابوون هاوکاریی عوسمانییەکانیان کرد لە شکستپێهێنانی ڕکەبەرەکانیان.
لە سەدەی شانزەهەمدا، ژمارەیەک لە میرنشینەکان بەدەست چەند بنەماڵەیەکی دێرینە وە بوون، وەک میرنشینەکانی بەدلیس و بابان و موکری و شارەزوور، کە هەوڵی مانۆڕیان دەدا لەنێوان هەردوو هێزی دەسەڵاتداردا، عوسمانی و سەفەوی و دڵسۆزی و ملکەچیی خۆیان دەگۆڕی لە لایەکەوە بۆ ئەولای تر بەپێی ئەوەی کاملایان دۆخی پارێزگاری و سەربەخۆییانی پێ پەسەندترە25. لە هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدەدا، زۆربەی ئیمارەتەکان لەژێر ڕکێفی عوسمانییەکاندا بوون، ئیمارەتی ئەردەڵانی لێدەرچێت کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندا بوو.
لە ساڵی 1639دا، ڕێککەوتننامەیەکی سنوور - کە ڕێککەوتننامەی زەهاب (قەسری شیرین) بوو - لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی سەفەویدا مۆرکرا و دابەشبوونی کوردستانی لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا یەکلاکردەوە. سەرەڕای ئەم ڕێککەوتننامەیەش، شەڕوشۆڕ لەنێوان عوسمانییەکان و ئێرانییەکاندا هەر بەردەوام بوو تا ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئەرزڕووم لە ساڵی 1823دا.
میرنشینە کوردەکانی ژێر ڕکێفی عوسمانی لە سەدەکانی حەڤدە و هەژدەدا و گوزارشە ئەدەبییەکانی پرۆتۆناسیۆنالیزم لەناو کورددا
میرنشینە کوردەکان، لەژێر ڕکێفی عوسمانیدا، پلەی جیاواز و جۆراوجۆری سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمییان هەبوو. هەندێک لەو ئیمارەتانە، سەرباری ئەوەی لەژێر دەسەڵات و ڕکێفی عوسمانیدا بوون و دڵسۆزی و پابەندیی خۆیان بۆ دەردەبڕی، بەڵام خاوەنی سەربەخۆییەکی بەرچاو بوون. هەندێکیشیان بەر حوکمڕانییەکی کاریگەریی عوسمانی کەوتبوون کە دەیتوانی ئۆتۆنۆمییان سنووردار بکات و ئاستی سەربەخۆییەکە بەندبوو بە هێزی میر و توانای مانۆڕکردنی لەبەرانبەر دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا لە بەغدا و بەسرە و مووسڵ و هەروەها پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەستەمبووڵدا.
ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پێویستی بە هێزی کورد بوو دژ بە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەوییەکان و دوای ئەوانیش قاجارەکان. هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سوننی و دەوڵەتی ئێرانی شیعەی ڕکەبەریدا بایەخی تەواوی بە میرنشین و خێڵە کوردەکان پەیداکردبوو. هەندێک قۆناخی شلوشاوی حوکمی عوسمانی بواری دابوو بە میرنشینە کوردەکان مانۆڕی خۆیان بکەن و کاریگەرییان بخەنەگەڕ لەسەر هاوتایی و هاوسەنگیی نێوان هێزە ناوخۆییە جۆراوجۆرەکان و والییەکانی عوسمانی لە بەغدا و مووسڵدا (واتە حوکمڕانی عوسمانی لەو ناوچەیەدا) . هەرچەندە ئیمارەتە کوردییەکان لەژێر حوکمڕانیی سوڵتانی عوسمانی و شای ئێراندا بوون و حاکمەکانی ئێران لە کرماشان و تەبرێز ناوبەناو یارمەتییان دەدان لە خەبات و ململانێیاندا دژ بە حاکمە عوسمانییەکان.
جیاواز لەو ڕووبەرە تاڕادەیەک بەرفراوانەی کە لەلایەن میرنشینە کوردییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی ناسێنتراڵدا، تەنیا یەک ئیمارەتی کوردیی گرنگ هەبوو، کە ئەویش ئەردەڵان بوو، کەوا ئاستێک ئۆتۆنۆمیی هەبوو لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی سەفەویدا و وەک ئەندامی دەستەی حوکمڕان پلە و پایەی بەرزیان وەرگرت لە دەرباری شادا. سەفەوییەکان لەکاتێکدا کە سوودیان لە یارمەتیی کوردەکان وەرگرت دژ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، لەهەمان کاتدا سەربەخۆیی هێزە کوردییەکانیان تێکشکاند. شاعەباسی سەفەوی هەوڵیدەدا پاڵپشتیی کوردەکان بەدەستبێنێت وەک هێزێکی شەڕکەر دژ بە ئۆزبەکەکان لە باکوور و عوسمانییەکان لە ڕۆژاواوە. بەهەرحاڵ، هاوزەمان لەگەڵ ئەم هەوڵەی دیالۆگدا، شا بە زەبری هێز هەموو هێزە سەربەخۆییخوازەکان و هەموو شێوە ڕەفتاڕێکی ناهاوکاری لەناو کوردەکاندا سەرکوتکرد. وەک بەشێک لە جووڵەی سەربازی بەنیازی سەپاندنی دەسەڵاتی ئێران بەسەر کوردەکاندا، ئێرانییەکان ساڵی 1608 گەمارۆی قەڵای دمدمیان دا لە ناوچەیەکی نزیکی دەریاچەی ورمێ و تەنیا ئەوکاتە توانییان بیگرن کە تەواوی بەرگریکارە کوردەکانی بکوژن26. یەک لە ئەفسانە میللییەکانی کورد کەوا لەلایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەوە لە سەدەی بیستدا کراوە بە سیمبۆڵ ئەو بەرگرییە قارەمانانە بووە لە دمدم.
خێڵ و میرنشینە کوردەکان گرفتاری شەڕ و ململانێی ناوخۆ و پەیوەندییەکی ئاڵۆز بوون لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا و ئاست و پلەی ئەو سەربەخۆییەی کە هەیانبوو بەندبوو بە هێزی حکوومەتی ناوەندی و والییە عوسمانییەکانەوە. بەهێزبوون و لاوازبوونی میرنشینەکان گرێدراو بوو بە توانای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە لە سەپاندنی حوکمێکی ناوەندیی کاریگەرانە یان توانای والییە عوسمانییەکان بۆ مانۆڕکردن لەنێوان هێزە ناوخۆییە جۆراوجۆرەکاندا. بەڵام ململانێ و ڕکابەرییەکانی نێوان ئیمارەت و خێڵەکان و کزیی هۆشیاریی نەتەوەیی و قایلبوون بە گوتاڕێکی عوسمانیی ئیسلامی لەلایەن میرەکانەوە و سەرکردایەتیی خێڵەکی ڕێگەی لە هەر یەکگرتنێکی بەرچاوی کورد گرتبوو دژ بە حکوومەتی ناوەندی. هیچکامێکیش لە ئیمارەتە کوردییەکان پەرەی نەسەند بەئاڕاستەی توانایەکی بەهێزی وادا کە هەژموون و دەسەڵاتی بەردەوامی بشکێت بەسەر ئیمارەت و خێڵەکانی تردا و هیچکامێکیشیان نەبوون بە چەقی گەشەکردنی هێزێکی سیاسیی ناوەندی لە کوردستاندا. هۆکاڕێکی تریش بوو بە سەرباری ئەم دۆخە و ئەویش سیاسەتی عوسمانی بوو کە ئامانجی ڕێگرتن بوو لە پەرەسەندنێکی لەو چەشنە بە مانۆڕکردن و بەکارهێنانی ناکۆکی و ململانێی ناو ئەو خێزان و بنەماڵانەی کۆنتڕۆڵی میرنشینەکانیان کردبوو، بەهەمان شێوەش کارکردن لەسەر ڕکابەریی نێوان خێڵە کوردەکان، کە فرەجار پشتی لایەکیان دەگرت دژ بە لاکەی تر.
بایەخدارترین سەرچاوەکانی زانیاری لەسەر بارودۆخی کوردستان لەو چەرخ و ڕۆژگارەدا نووسینەکانی ئەولیا چەلەبیی گەڕیدەی عوسمانییە (1611 - 1685) ، کە چەند جارێک گەشتی لە کوردستاندا کردووە لەنێوان ساڵانی 1640 و 1656دا. لە گەشتی سێهەمیدا، لە ساڵانی 1655 - 1656دا، چەلەبی ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژی بەسەربرد لە ئامەد و بەدلیسدا، هەروەها سەردانی دوانزە میرنشینی تریشی کرد27.
چەلەبی باسێکی جوگرافیی کوردستان دەکات و ئیشارەت بە گرنگیی ستراتیجیی میرنشینە کوردییەکان دەکات لە ڕوانگەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە وەک ناوبەین و بەربەستێک بە ڕووی ئێراندا. وەسفکردنەکەی وێنەی بووژانەوەیەکی ئابووری و کولتووری، پەرەسەندنێکی شارستانی و سەربازیی میرە کوردەکان دەخاتەروو (ئەگەرچی تاڕادەیەکیش سنووردار بووبێتن) . شارەکانی ئامەد و بەدلیس وەک ناوەندی گەشەکردووی کولتووریی نایاب وەسفکردووە، کە شارانی پڕ لە زانا و خوێندەواری ئاستبەرز و بازرگان و پیشەوەری کارامە بوون. هەروەها چالاکیی ئایینی و ڕۆشنبیری لە مزگەوت و مەدرەسەکاندا (کە لە هەندێ شوێنی کوردستان حوجڕەشی پێدەڵێن - وەرگێڕ) ئەنجامدراون و ڕێباز و تەریقەتە کاریگەرییەکانی سۆفیگەریش، وەک نەقشبەندی و بەکتاشی، تێکەڵی ئەم چالاکییانە بوون.
بە هەمان دەستوور، چەلەبی باس لە عەبداڵ خانی حاکمی بەدلیس دەکات، وەک کەسێکی خاوەن ڕۆشنبیریی فراوان لە گەلێ بواری جۆراوجۆردا، لەوانە تەلارسازی، شیعر، پزیشکی و دەرمانسازی و نیگارکێشان و هەروەها شارەزا لە چەندین زمان و پشتیوانی کردن لە هونەر و زانستی جۆراوجۆر28. کتیبخانەکەی هەزاران پەڕتووکی تێدابووە و لەوانە کۆکراوەیەک لە ئەدەبی ئەوروپی29. بەپێی قسەی چەلەبی بێت، عەبداڵ خان توانیوێتی حەفتا هەزار جەنگاوەر تەیار و ئامادە بکات (پێدەچێت ئەم ژمارەیە تاڕادەیەک زۆری پێوەنرابێت) . هەروەها چەلەبی سەرنجیداوە کەوا عولەما کوردەکان لە دەرباری خاندا شیعریان بە چەندین دیالێکتی کوردی نووسیوە و خوێندووەتەوە.
یەک لە بەرزترین خاڵی چالاکیی ئایینی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری چامەی شیعریی مەم و زین بووە، کە لەلایەن شاعیر و پیاوی ئایینی ئەحمەدی خانی بە دیالێکتی کرمانجی نووسراوە و ساڵی 1695 بڵاوکراوەتەوە30. ئەو گێڕانەوە بنەڕەتییەی قەسیدە شیعرییەکەی لەسەر بنیاتنراوە چیرۆکێکی ئەڤیندارییە، کە پێشتر لە شێوازی جۆراوجۆردا و تەواوی جیهانی موسڵمانی عەرەبی و فارسی زماندا دەرکەوتووە و ئەم کارە هیچ وەختێک بە گوزارشی تایبەت و جیاکار دانانرێت لە شوناسی نەتەوەیی سەرەتایی یان پرۆتۆنەتەوەیی کورددا، بەڵام پێشەکییەکەی باسێکی تراجیدی لەخۆدەگرێت سەبارەت بە دۆخی جیۆپۆڵەتیکی کورد لەبەرانبەر فارس و عەرەب و تورک و جۆرجییەکاندا.
تۆ تەماشاکە، لە عەرەبەوە بۆ جۆرجییەکان
کوردەکان بوون بە چەشنی قەڵاکان
تورک و فارس گەمارۆیان داون
کوردەکانیش لە هەر چوارلاوە
ئەوانیش هەردوولایان خەڵکی کوردیان
کردووەتە ئامانجی نیشانی تیرەکانیان
ئەوان دەڵێن ببنە کلیلی سنوورەکان و
هەر تیرە و هۆزێک قەڵا و سەنگەڕێکی
ترسناکیان پێکدەهێنن
هەرکاتێک دەریای عومان (عوسمانییەکان) و دەریای تاجیک (فارسەکان)
هەڵچوون و شڵەقان
ئەوە کورد نوقمی خوێن دەبن و
وەک بەرزەخ لێکیان جوێ دەکاتەوە31.
بفکر ژ عەرەب حەتتا گورجان
کورمانج چ بوویە شوبهێ بورجان
ئەڤ ڕۆم و عەجەم ب وان حەسارن
کرمانج هەمی لە چار کەنارن
هەردوو تەرەفان قەبیلێ کورمانج
بۆ تیرێ شارۆچکە کرینە ئارمانج
گۆیا کو لسەر حەددان کلیدن
هەر تائیفە سەددەکن، سەدیدن
ئەڤ قولزمێ ڕۆم و بەحری تاجیک
هندی کو دکن خورووج و تەحریک
کورمانج دبن ب خوون مولەتتەخ
وام ژ یێکڤە دکن میسالێ بەرزەخ
باسکردنی ڕوون و ئاشکرای خەونە سیاسییەکانی کورد و کوردیش وەک قەوارەیەکی بەسەریەکەوە گوزارشێکی جیاکار پێکدێنێت لە چەمکی تایبەتمەندی پرۆتۆنەتەوەیی. چامە شیعرییەکە دەربڕینی شوناسی شەخسیی کورد لەخۆدەگرێت و دەیخاتە سەر زاری کەسایەتییە میللییەکان:
من گەڕیدەیەکم و بن و بنەچەم لە گەورەپیاوان نیە
خۆم خۆمم پێگەیاندووە و هیچم نەخوێندووە.
من کوردێکم خەڵکی چیاکانم و لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووم
ئەمە چەند چیرۆکێکە لە کوردەوارییەوە (واتە شیوازی ژیانی کوردانە) ...32.
ئەز پیلەوەرم نەگەوهەریمە
خود ڕەستەمە ئەز، نەپەروەریمە
کورمانجم و کووهی و کەناری
ڤان چەند خەبەرێد کوردەواری
بڕگەیەکی تر، ڕەنگدانەوەی پەرۆشییە بۆ پاشایەکی کورد - ئەمە بۆ دەسەڵاتی دیبلۆماسی و سەربازیی کوردە و ڕەنگە کاردانەوەیەکیش بێت بۆ لەناوبردنی میرنشینی بەدلیس لەلایەن عوسمانییەکانەوە.
ئەگەر کورد پاشایەکی هەبوایە...
ئەو ڕۆمییانە (واتە تورکە عوسمانییەکان) ئێمەیان تێکنەدەشکاند،
ئێمەش ماڵوێران نەدەبووین بەدەستی کوندەپەپووەکان،
ئێمە بەم چارەنووسە و بێ ماڵ و حاڵ نەدەبووین،
بە دەستی تورک و تاجیک شکستمان نەدەخوارد و سەرشۆڕ نەدەبووین،
ئەگەر پاشایەکمان هەبوایە و،
خودا تاجێکی پێ ڕەوا ببینیایە و،
تەخت و تاجی بۆ دابنایە،
ئەوە بەختێکی باش ڕووی لە ئێمە دەکرد و،
بەدڵنیاییەوە ئێمەش برەومان دەبوو34.
گەردێ هەبوو مە پادشاهەک
غالب نەدبوو لسەر مە ئەڤ ڕووم
نەدبوونە خەرابەیێ د دەست بووم
مەحکوومون عەلەیهی و سەعالیک
مەغلووب موتیعێ تورک و تاجیک
گەر دێ هەبووا مە پادشاهەک
حاسڵ ببوویا ژ بۆ وی تاجەک
ئەلبەتتە دبوو مەی ڕەواجەک
تەعیین ببوویا ژ بۆ وی تەختەک
ظایر ڤە دبوو ژ بۆمە بەختەک
بێگومان ئەحمەدی خانی نەتەوەپەرستێکی کورد نەبووە بە مانای نوێ. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەو پێدەچێت بە پێشبینیکاری خودهۆشیارکردنەوەی کورد دابنرێت و وەک پێشبینیکەر یان نوقڵانە لێدەڕێکی چەمکی ناسیۆنالیستی دابنرێت کە لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا پەرەیسەندووە35.
شیعری کوردی بە دیالێکتی گۆران لە سەدەی پانزەوە بۆ هەژدە گەشەکردنی باشی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵاندا لە ئێران، هەروەها لە شوێنانی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێکیتر لە گرنگترین دەربڕین و گوزارش لە شوناسی ئیتنیکیی کورد تۆماری مێژوویی شەرەفنامە .. مێژووی دەوڵەت و میرنشینەکانی کورد بوو، کە یەکەمجار لە ساڵی 1595دا بە زمانی فارسی لەلایەن میر شەرەفخانی بەدلیسییەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە بەدواداچوون و شوێنکەوتنی مێژووی کوردە لە ئاوێزەی بنەماڵەی میر و حوکمڕانە کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. پەڕتووکەکە سەرچاوەیەکی هێجگار گرنگی زانیارییە لەبارەی مێژووی کوردەوە لە سەدەی دوانزەوە تا سەدەی شانزە36.
بەهەرحاڵ، ئەم ئاڕاستە ڕۆشنبیرییە پرۆتۆنەتەوەییە بەردەوام نەبوو و گۆڕانکارییەکی وتار پێویست بوو بۆ پەرەسەندنی بەردەوام و تەشەنەکردنی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کوردی و گەشەکردنی وەک فاکتەڕێکی گرنگی ڕاستیی سیاسی و کۆمەڵایەتی. هەڵبەت هیچ یەکێک لە میرنشینەکان توانای کۆکردنەوەی هێز و توانای تەواویان نەبوو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و بەهێزکردنی شوناسێکی بەکۆمەڵ و کەڵک و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان یان درووستکردنی دینامیکەکانی بنیاتنانی دەوڵەت. لە کوردستاندا، بارودۆخێک نەڕەخسابوو بۆ پەرەسەندنی بورجوازییەتێکی شارستانی یان ئەریستۆکراتی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بە وتار و بەرژەوەندییە بان خێڵ و بان لۆکاڵ و بان میرنشینەکانەوە.
هەندێک لە میرنشینەکان هەر زوو لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەوە دۆخی سەربەخۆیی خۆیان لەدەستدابوو و بووبوونە شارۆچکە (سنجەق) ی کارگێڕیی عوسمانی و لە حکوومەتی ناوەندیی ئەستەمبووڵەوە حوکمڕانیان بۆ دادەمەزرا. هەندێ جار ئەم حوکمڕانانە سەر بە خێزان و بنەماڵەی میر بوون و هەندێ جاریش بەتەواوی نامۆ و بێگانە بوون. هەر لەهەمان کات و سەردەمیشدا، ئەو میرنشینانەی کەوا ئاستی جۆراوجۆری سەربەخۆییان هێشتبووەوە پەیوەست بوو بە هێزی میر و توانای بۆ مانۆڕکردن لەنێوان دەسەڵاتەکانی عوسمانیدا لە بەغدا و بەسرە (؟) و مووسڵ و لەهەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی لە ئەستەمبووڵدا.
هێزی دەوڵەتی عوسمانی و فشەڵی و سرووشتی حوکمی ناسەنتراڵی لە کوردستاندا، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتا هەر لە توانای ئیمارەتە کوردییەکان بەدەربوو کەوا بتوانن بەرهەڵستیی بکەن. یەکەم پەرەسەندنەکانی زمانی ئەدەبی و کولتووریی کوردی و کارگێڕییەکی کوردی شکستیهێنا و دیالێکتە کوردییەکانیش بەرەو شێوازێکی ئاخاوتنی میللی و ڕەشە خەڵکەکە وەرگەڕان.
لەناوچوونی میرنشینە کوردییەکان: هۆکار و کاریگەرییەکان
وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا و گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە کاریگەریی دوورمەودای هەبوو لەسەر دۆخی سیاسی لە کوردستاندا و لەسەر سیستەمێکی هەرێمیی زاڵ و باڵادەستیش لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا لە سەدەی شانزەوە. سەنتراڵیزە کردنی سیستەمی کارگێڕی بەشێکی پێویستی چاکسازییەکانی عوسمانی بوو لە سەردەمی حوکمڕانیی سوڵتان مەحموودی دووەمدا (1808 - 1839) و بەدرێژایی سەردەمی تەنزیماتیش (1839 - 1876) ، بەڵام ململانێی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و میرنشینە کوردییەکانی ورووژاند کە پەلەقاژەی پاڕاستنی سەربەخۆییان بوون. گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەڕیتانیا و ڕووسیا و کاریگەرییان لەناو هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا - هاوزەمان لەگەڵ کۆتایی سەدەیەک شەڕوشۆڕی نێوان ئێران و عوسمانییەکان، کەوا یەکەم پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی 1823 و دووەم پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی 1847 - گۆڕانکارییەکی وایان لە بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەرپاکرد کە بە زیانی سەربەخۆیی میرنشینە کوردییەکان شکایەوە37. کۆتاییهاتنی جەنگی عوسمانی - ئێران بایەخی میرنشینە کوردەکانی نەهێشت وەک هێزێکی سەر سنووری عوسمانی و توانای مانۆڕکردنیانی کەمکردەوە لەنێوان حکوومەتەکانی عوسمانی و ئێران و هێزە ناوخۆییەکانی تردا.
لە کۆتایی سەردەمی حوکمی خانمی تسار کاترینی مەزندا (کە لە ساڵی 1762 - 1796 حوکمی کرد) و لە ماوەی حوکمی جێگرەوەکەیدا، پۆڵسی یەکەم (کە حوکمکردنی لەنێوان 1796 - 1801دا بوو) ، ڕووسیا زۆربەی ناوچەی قەوقازی داگیرکرد. نزیکبوونەوەی ڕووسیا لە ئێران، لەدوای گرتنی قەوقاز و زیادبوونی چالاکیی ڕووسیا لە ئێراندا بایەخدانی بەریتانییەکانی زیاتر کرد و کاری کردە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. لەهەمان کاتیشدا، بەهێزبوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هندستان لە کەنداوی فارسدا پاڵی بە بەڕیتانیاوە نا هەوڵ و چالاکییەکانی خۆی لە میزۆپۆتامیا و کوردستاندا زیاد بکات و بەو نیازەش کە دزەکردنی ڕووسیا بوەستێنێت. ئەو سیاسەتەی کە بەریتانییەکان کەوتنە پەیڕەویکردنی بەنیازی پارێزگاری لێکردن و مانەوە و یەکگرتوویی دۆخی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو وەک بەربەستێک بە ڕووی پەلکوتان و فراوانخوازیی ڕووسیادا بە ئاڕاستەی هندستان. لێرەوە سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە کوردستان لە سیستەمی دوو جەمسەریی عوسمانی - ئێرانەوە گۆڕا بۆ سیستەمێکی چوار جەمسەری، کە ڕووسیا و بەرتانیاش ڕۆڵی خۆیان تێدا بینی.
ناکۆکی و ململانێ لەنێوان خێڵە کوردەکان و جووتیارە ئاسوورییە نیشتەجێکاندا پەرەیسەند بە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان موسڵمان و کریستیانەکاندا بەهۆی چاکسازییەکانی ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەریەککەوتنی نزیکتر لەگەڵ ڕۆژاوادا و توندوتۆڵ بوونی پەیوەندی لەنێوان کۆمەڵگە کریستیانەکانی ناوخۆ و زلهێزە ڕۆژاواییەکاندا. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا و بەشێوەیەکی سەرەکی لە دوای جەنگی ساڵانی 1877 - 1878ی ڕووسیا - عوسمانی و سەرهەڵدانی ململانێی نێوان کورد و ئەرمەنیش.
لاوازبوونی میرنشینەکانی بابان و هەکاری لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەدا
وەک ئەنجامێک بۆ کۆتایی جەنگەکانی عوسمانی و ئێران بەگوێرەی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی 1823، میرنشینە کوردەکانی بابان و هەکاری گرنگی و بایەخی خۆیان لەدەستدا و تواناشیان بۆ مانۆڕکردن لەبەرانبەر دەوڵەتی عوسمانیدا هاتەکزی. هەردوو میرنشینەکە، بابان کە پایتەختی سلێمانی بوو و تاڕادەیەک لە بەغدا کاریگەریی هەبوو، لەگەڵ هەکاری کە دەکەوتە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێوە لەسەر سنووری ئێران (لەو سەردەمەدا - و) ، پلە و پێگەی خۆیان لەدەستدا. هەردوکیان بەهۆی ئاژاوە و ململانێی ناوخۆ و ڕووداوە جیهانییەکانەوە لاواز بووبوون و دواجاریش لە ساڵانی 1830کاندا کۆتاییان هات و لەناوچوون (1840کان بۆ بابان ڕاستترە - و) . زانیاریی زۆر لەسەر بارودۆخی سیاسیی خانەوادەی بابانییەکان و پەیوەندیی نێوان هێزە ناوخۆییە جۆراوجۆرەکان لە بەسرە و بەغدا و باشووری کوردستان لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، لە نووسینەکانی کڵۆدیۆس ڕیچەوە دەستدەکەون، کە بریکاری کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هندستان بووە لە بەسرە و بەغدا38.
میرەکانی خانەوادەی بابان، کە لە ساڵی 1787وە لە سلێمانی جێگیر بووبوون (گەڵی سەرچاوە ئیشارەت بە ساڵی 1784 دەکات کە شاری سلێمانیی تێدا درووستکراوە - وەرگێڕ) ، کاریگەرییەکی بەرچاویان ئەزموون کردبوو لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکان لە بەغدا بۆ نزیکەی سێ دەیە. ماڵی بابان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە سیستەمێکی ئاڵۆز و دینامیکیی هێزەکاندا، کەوا حوکمڕانە مەملووکە ناوخۆییەکان و ئەو والییانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئەستەمبووڵەوە دادەنران (بە مەبەستی بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی حکوومەتی مەرکەزی بەسەر ویلایەتەکانی ئێراقەوە) و فیدراسیۆنی بەهێزی خێڵە بەدووەکانی لەخۆدەگرت. نزیکیی بابانەکان لە بەغداوە و ئەو ڕۆڵە سەربازییە یەکلاکەرەوەی کە دەیانبینی بۆ پارێزگاریی لە دەسەڵات و کاریگەریی ئێران ڕۆڵێکی گەورەی دابوونێ لە ململانێ سیاسییەکانی بەغداا39. دەسەڵات و کاریگەریی سیاسیی بابانەکان وردەوردە دایەکزی لە ئەنجامی ڕکەبەری و ململانێی ناو بنەماڵەکە، کە والییە عوسمانییەکان و حوکمڕانە ئێرانییەکانی ناوچەی ئەردەڵان چاودێرییان دەکرد و بەکاریاندەهێنان. بەوپێیە و لە سەرەتای ساڵانی 1820کاندا عوسمانییەکان توانییان سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیی میرنشینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە.
کۆتایی جەنگەکانی عوسمانی و ئێران بوو بە فاکتەری لاوازکردن و خانەوادەی بابانی لە بایەخی خۆی داماڵی وەک هێزیکی سنووری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و توانایان نەهێشت بۆ مانۆڕکردن و بەکارهێنانی ڕکابەریی عوسمانی و ئێرانی. دوورخستنەوەی مەملووکەکان لە بەغدا لە ساڵی 1831دا بەهۆی هێزەکانی سوڵتان مەحموودی دووەمەوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ڕاماڵین و شکستپێهێنانی هێزە سەربەخۆکان لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتدا و دامەزراندنی کارگێڕییەکی ناوەندی و بوو بە مایەی زیاتر تێکشکاندنی پێگەی بنەماڵەی بابان. بێگومان بابانەکان بەردەوام بوون لە سەرۆکایەتیی کردنی میرنشینەکە تا ساڵانی 1850کان، بەڵام دامەزراندنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە بوو و مەودا و قەبارەی سەربەخۆییەکەیان وردەوردە کەمدەکرایەوە تا لە دواجاردا بەتەواوی لەناوبرا.
سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینی سۆران
لەگەڵ لاوازکردنی ئیمارەتی باباندا، دوو میرنشینی بەناو و شۆرەت مابوونەوە کە سۆران و بۆتان بوون. یەکەمیان (کە ئەمڕۆ دەکەوێتە هەرێمە کوردییەکەی باکووری ئێراقەوە، نزیک بە شارەکانی هەولێر و ڕەواندز) ، میر محەمەد کۆری بەتوانا و دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی دەکرد (مەبەست لە کۆر نابینایە، کە وا ناوی دەرکردبوو چونکە چاوی چەپی لەدەستدابوو) ، دووەمیان سەنتەری لە جەزیرە بوو بە سەرۆکایەتیی میر بەدرخان. ئیمارەتەکانی تری وەک هەکاری و بادینان، گرفتاری ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی خزم و خوێشە حوکمڕانەکان بووبوون. بێجگە لەوە، مۆزاییکێکی بچووکتر و کەمبایەختری خێڵەکان و خانە لۆکاڵەکان هەبوون.
دەرکەوتنی کۆر محەمەد (کە فرەجاریش پاشای کۆڕەشی پێدەوترا - و) لە سەروەختی لاوازیی عوسمانیدا بوو بەدوای جەنگەکەی 1828 - 1829یدا لەگەڵ ڕووسیا و داگیرکردنی سووریا (کە ئەو دەمە پێیدەوترا وڵاتی شام - و) لەلایەن محەمەد عەلیی حاکمی میسرەوە لە ساڵی 1831دا. کۆر محەمەد، کە ساڵی 1814 بە میرات حوکمی سۆرانی وەرگرتبوو، شاری ڕەواندزی پایتەختی پەرەپێدا و شوورە و قەڵا و قایمکاریی تێدا درووستکرد. هەروەها دیوانێک یان ئەنجوومەنێکی ڕاوێژکاریی تێدا دامەزراند. ئەو بە دڵگەرم و دەمارگرژی ئایینیی ناسرابوو و پشتگیریی زانایانی ناوخۆیی (عولەما) ی دەستەبەر کردبوو. هەروەها کۆر محەمەد سوپایەکی دامەزراند بە هێزی سوارە و پیادە و تەنانەت هەندێک تۆپیش. زۆربەی هێزە سەربازییەکەی پشتی بە خێڵەکان دەبەست، بەڵام یەکەیەکی سەربازیی ڕێکخراویشی لەخۆگرتبوو40. لەهەمان کاتدا وەرشە و کارگەی درووستکردنی شمشێر و تفەنگ و تەنانەت تۆپیشی چێکردبوو. گوزارشی تر لەبارەی خولیا و مەراقی پشتبەخۆبەستنی گەیشتبووە ئاستی سکەی پارە لێدان کەوا ناوی خۆی هەڵگرتبوو، هەروەها ناوهێنانیشی لە وتاردانی نوێژی جەماعەتی ڕۆژی هەینیدا لە مزگەوتەکانی قەڵەمڕەوی ئیمارەتەکەدا41.
بێگومان حاڵەتەکەی ئەم و کارەکانی زۆر لەوە کەمتر بوون کە محەمەد عەلی ئەنجامیدابوون، یان تەنانەت لەوانەی عەلی بەگی حوکمڕانی مەملووکیی میسر لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا. بەهەرحاڵ، کۆر محەمەد ئەو مەیل و ئاڕاستەیەی دەگەیاند کە لە ناو حوکمڕانە سەربەخۆکاندا برەوی پەیداکردبوو لە سەرتاپا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە و ئەوەش سەریکێشایەوە بۆ ئەوەی ئیمپراتۆرییەت لە سەدەی نۆزدەدا بە ڕیفۆرم و چاکسازی وەڵامبداتەوە، بەتایبەتی بە مۆدێرن کردن و سەنتراڵیزە کردنی حکوومەت و سیستەمی کارگێڕییەکەی.
لە ساڵانی 1820کان و سەرەتای 1830کاندا میرنشینی سۆران لە سایەی حوکمی کۆر محەمەددا بوو بە هێزێکی بنەڕەتی لە باشوور و ناوەڕاستی کورستاندا. لەم سەردەمەدا هەژموون و دەسەڵاتی خۆی سەپاند بە سەر میرنشینی هەکاری و عەشیرەتەکانی برادۆست و سوورچی و مامشدا و شارەکانی زاخۆ و دهۆک و ئامێدیی پایتەختی ئیمارەتی بادینانیشی گرت42 و تەنیا میرنشینی بۆتان مایەوە کە نەکەوتە ژێردەستی. لە ساڵی 1833دا و بەدوای سەرکوتکردنی ئێزیدییەکان و گرتنی بادیناندا، کۆر محەمەد چاوی خستە سەر بۆتان و بەئاسانی پایتەختەکەی گرت، کە جەزیرەی ئیبن عومەر بوو. بەهەرحاڵ، هێزەکانی بەدرخان خۆیان لە ژمارەیەک قەڵا و قایمکاریدا حەشاردا کەوا کۆر محەمەد هەوڵیدەدا داگیریان بکات. بەرگری کردنی بەدرخان و هاوکارانی، هاوزەمان لەگەڵ ڕاپەڕینێکدا کە لە ئامێدی و شوێنانی تر بەرپابوو، کۆر محەمەدی ناچارکرد کە هێرشەکەی بوەستێنێت43.
لە هاوینی ساڵی 1834دا، عوسمانییەکان هێرشێکیان لەدژی کۆر محەمەد دەستپێکرد، بەڵام سەرکەوتنی لە بەرپەرچدانەوەیدا متمانەی بەخۆی زیادکرد44. ئەمەش بوو بە کۆڵەکەی چالاکییەکانی لەناو خێڵە کوردەکانی ئێراندا، شانبەشانی هەوڵەکانی مانۆڕکردنی لەنێوان ئێران و دەوڵەتی عوسمانیدا. لەڕاستیدا، ئەم جموجووڵە گومانی لای ئێرانییەکان پەیداکرد و مەترسیش لای ڕووسەکانی نیشتەجێی تاران و تەبرێز پەیدابوو کەوا هێز و دەسەڵاتی ئێران بداتە کزی و ئەمەش لەلایەن بەریتانییەکانەوە وەک هەل و دەرفەت بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت، لەولاشەوە بەریتانییەکان ترسیان لێنیشتبوو کە ڕووسیا لاوازیی عوسمانییەکان بە هەل بزانێت و بەکاریبێنێت. هەرچۆنیک بێت، ئەم دژوارییە لەنێوان سیاسەتەکانی ئەم دوو هێزە ئەورووپییەدا و ئەم سیاسەتانە ڕەنگە وا تەماشا بکرێن کە پێشاندانی نموونەیەکی دیبلۆماسییە کە بەدرێژایی سەدەکانی نۆزدە و بیست چەندبارە دەبوونەوە و پێدەچێت درێژە بکێشێت بۆ سەدەی بیست و یەکیش. بەگشتی بڵێین - بەتایبەتیش کاتێ کە دەبوو بڕیارە یەکلاکەرەوەکان وەربگیرێن - هێزە ئەوروپییەکان وایان پێ پەسەندبوو کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و مانەوە و بوونی ئێران و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دابین بکەن (هەڵبەت دوای جەنگی جیهانیی یەکەم تورکیاش) ، وەک لەوەی پشتیوانی بکەن لە کوردەکان و میرنشینەکانی سەدەی نۆزدە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک.
نیگەران بوون لە هەماهەنگیی نێوان کۆر محەمەد و محەمەدعەلی لە سووریا و بە گونجاندن لەگەڵ ئەو سیاسەتەی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە نیمچە سەربەخۆیی هێزەکان، سوڵتان مەحموودی دووەم فەرمانی کرد بە حاکمەکانی بەغدا مووسڵ و بەغدا کەوا یارمەتیی فەرماندەی هێزەکانی باشووری ئەنەدۆڵ بدەن بۆ تێکشکاندنی کۆر محەمەد. هێرش و پەلاماری عوسمانی لە هاوینی ساڵی 1836دا کۆر محەمەدی ناچارکرد پاشەکشە بکات و لە ڕەواندزدا خۆی قایم بکات. دڵسۆزیی خێڵە کوردەکانیش بەندبوو بە توانای ئەوەوە کە تا چەند دەیانترسێنێت و هەڕەشەیە بۆیان. کاتێ کە ڕوونبووەوە کەوا عوسمانییەکان باڵادەست و زاڵن، خێڵەکان بەرژەوەندیی خۆیان هەڵبژارد و ئامادە نەبوون چیتر یارمەتیی بدەن. پاشان لە خودی سۆران خۆیدا کێشە و ناکۆکی لەناو عولەماکانداسەریهەڵدا سەبارەت بە ناوهێنانی کۆر محەمەد لە وتاردانی نوێژی هەینیدا، لەبری ناوی سوڵتانی عوسمانی.
دواجار کۆر محەمەد، بەهۆی ئەوەوە کە تادەهات دابڕان و تەریکبوونی ڕوولەزیادی بوو، ناچار کەوتە دانووستان لەگەڵ عوسمانییەکاندا. هەروەها بەریتانییەکانیش لەم گفتوگۆ و دانووستانەدا ڕۆڵێکیان بینی و دیپلۆماتکاڕێکی بەریتانی، بە ناوی ڕیچارد ود، هاتە ڕەواندز لە هەوڵێکدا بۆ قەناعەتهێنان بە کۆر محەمەد کە خۆی ڕادەستی عوسمانییەکان بکات لەبەرانبەر ڕێککەوتنێکیاندا کە لێبگەڕێن وەک حوکمڕانی ئیمارەتی سۆران بمێنیتەوە45. هەرچۆنێک بووبێت، ئەگەری تەواو هەیە کەوا ود بایەخێکی هێجگار گەورەی دابێت بە ڕۆڵی خۆی لە قەناعەت پێکردنی کۆر محەمەد بەوەی کە خۆی ڕادەستی عوسمانییەکان بکات. هەروەها پێگەی کۆر محەمەد لاواز بووبوو بەهۆی سرووشتی فشەڵ و ناجێگیری هاوپەیمانە خێڵەکییەکانیەوە، چون هەر عەشیرەتێک لە دواجاردا بەرژەوەندییەکانی خۆیی هەڵبژارد و کاتێ بەرەورووی هێزی عوسمانی بوونەوە عەشیرەتە هاوپەیمانەکان چەکیان دانا و شەڕیان نەکرد. سەرباری ئەوەش، لەلایەن عولەماکانی ڕەواندزەوە مستەکۆڵەیەکی توندی بەرکەوت، کاتێ ڕایانگەیاند کەوا دژی شەڕ و بەرەورووبوونەوەی سوڵتانن (کە پێدەچێت لەژێر کاریگەریی و فشاری عوسمانییەکاندا بووبێت) و موفتیی شار تا ئەو ڕادەیەش ڕۆیشت کە فتوای حەرام کردنی شەڕی دەرکرد دژ بە سوڵتان46.
کۆر محەمەد، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە ئێرانییەکان نەیاندەویست یارمەتیی بدەن یان تەنانەت داڵدەشی بدەن و لەبەر تەریکبوون و کەس بەدەمەوە نەهاتنی دژ بە دەسەڵاتی عوسمانی و پشتگرتنیشی لەلایەن بەڕیتانیاوە قایل بوو بە خۆڕادەستکردن و چوون بۆ ئەستەمبووڵ. ڕوون و ئاشکراش بە پێی بنەمای بەڵێنێک لەلایەن ڕەشید پاشای فەرماندەی عوسمانییەوە کە ئەگەر هات و خۆی ڕادەستکرد و دەسەڵاتی عوسمانیی قبووڵکرد، ئەوە ڕێگەی پێدەدرێت بەردەوام بێت لەسەر حوکمکردنی سۆران47.
پاشان کۆر محەمەد بەرەو ئەستەمبوول ڕۆیشت بەو ئاواتەی کە چاوی بە سوڵتان بکەوێت. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا کە لە ئەستەمبووڵ بەسەریبرد، بەڵێنی عوسمانی بۆ دووپات دەکرایەوە کە بەردەوام دەبێت لە حوکمکردنی میرنشینەکەیدا، ئەگەرچی سەربەخۆییەکەی ڕەنگە سنووردار بکرێت و دەبێت دەسەڵاتی عوسمانی قبووڵ بکات. دواجار لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بەرەو سۆران لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە، بێسەروشوێن دەکرێت و بەتەواوی ڕێی تێدەچێت کەوا لەلایەن عوسمانییەکانەوە کوژرابێت.
بێگومان میرنشینی سۆران و فەرمانڕەوا خولیا و مەراقدارەکەی بوون بە قوربانی گۆڕانکاریی بارودۆخی نێودەوڵەتی. پەرەسەندنی دەستێوەردانی بەڕیتانیا و ڕووسیا، وەستانی جەنگ و شەڕوشۆڕ لەنێوان ئێران و عوسمانیدا، هەروەها خێرابوونی چاکسازییەکان و ئاڕاستەکان بەرەو سەنتراڵیزەبوونی حوکمی عوسمانی میرنشینەکەی بەرەو ڕووخان برد.
میرنشینی بۆتان: کەوتنە نێو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی موسڵمان و کریستیانەوە
لە پاش ڕووخانی سۆران، بۆتان وەک دوا گرنگترین میرنشین و تۆکمەترین هێزی ناوخۆی کوردستان مایەوە و محەمەد بەدرخانی فەرمانڕەوای، پشتیوانی لە عوسمانییەکانی کرد لە جەنگی عوسمانی و میسردا و تەنانەت پلەیەکی بەرزی سەربازیی عوسمانیشی پێدرا. ئەو دەیویست پێگە و هەڵوێست و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بەکاربێنێت بۆ بەهێزکردنی دۆخی سەربەخۆییەکەی لەچوارچێوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. بەدرخان وەک بەهێزترین کەسایەتیی ناوخۆیی لە کوردستاندا، کەوتە فراوانکردنی پانتایی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی و لەبەر ڕۆشنایی کۆتاییهاتنی دیفاکتۆی میرنشینی هەکاری پەلی پارێزگاریی بۆ سەر ئەو ناوچەیەش هاوێشت.
لە ساڵانی 1830کاندا میسیۆنێر (مژدەدەرە) پرۆتستانتە ئەمریکی و بەریتانییەکان، کەوا هەوڵیاندەدا کریستیانە نەستوورییەکان بهێننە سەر ڕێبازی پرۆتستانییەت چالاکییەکانیان لە ناوچەی هەکارییەوە دەستپێکرد. دابەشبوون و ناکۆکییەکان لە کڵێسەی ئاسووریدا، کە یەکێکە لە کۆنترین کڵێسەکانی کریستیانیەت، سەرنجی تایفە جۆراوجۆرەکانی کڵێسە ڕۆژاواییەکانی ڕاکێشا. چالاکیی ڕوولەزیادی مژدەدەرانە پەرەسەندنی تێوەگلان و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوای لێکەوتەوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا و کێبەرکێ و ڕکابەرییەکی توندی بەرپاکرد لەناو مسیۆنێرەکاندا و بەهەمان شێوەش ڕکەبەریی ناوخۆیی زیادکرد لەناو ئاسوورییەکاندا.
مسیۆنێرە ئەمریکییەکان ئەو ماف و ئیمتیازاتەی کە وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی تەنزیمات پێیاندرابوو بەکاریانهێنا بۆ بنیاتنانی کڵێسە لە ناوچەی هەکاریدا، ئەمەش بوو بە مایەی ورووژاندنی گومان لای دانیشتووانی کوردی موسڵمانی هەکاری و مەترسیی دزەکردنی کریستیان و بەهێزبوونی دانیشتووانی کریستیانی لێکەوتەوە48. میر نووروڵڵا بەگی حوکمڕانی هەکاری (باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان) ، بە ڕەسمی گەورە فیوداڵی نەستوورییەکان بوو. بەڵام لە ساڵانی 1830کاندا پەیوەندیی نێوان نووروڵڵا بەگ و نەستوورییەکان تێکچووبوو. کاربەدەستە عوسمانییەکان، کە زۆر پەست و تووڕەبوون لە چالاکیی ڕۆژاواییەکان لە ناوچەکەدا، نووروڵا بەگیان هاندەدا کەوا دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەستوورییەکاندا بسەپێنێت و ناچار لەبەر لاوازبوونی دەسەڵاتی میرنشینی هەکاری ئەمیش لە ساڵی 1839دا ڕووی لە بەدرخان نا و داوای یارمەتیی لێکرد و بەدرخانیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ بەهێزکردنی سایە و پارێزگاریی خۆی بەسەر ئیمارەتی لاوازی هەکاریدا49.
کاریگەریی شێخ تەهای نەهریی عالم (واتە زانا یان پیاوی ئایینی) وا دیارە کاریشی کردووەتە سەر ڕەفتاری بەدرخان، چونکە مسیۆنێرە ئەمریکییەکان و گەڕیدە بەریتانییەکان کە باس لەم ڕووداوانە دەکەن جەخت لەسەر ئەو دەمارگرژییە ئایینییە ئیسلامییە دەکەنەوە کەوا خەسڵەتی هەردوک ئەمیر بەدرخان و شێخ تەهاش بووە.
بەپێی گەڕیدە بەریتانییەکان و مسیۆنێرە ئەمریکییەکان بێت، هێزەکانی بەدرخان لە ساڵی 1843دا حەوت تا دە هەزار کریستیانی ئاسوورییان کوشتووە50. گرژییەکانی موسڵمان و کریستیان و پێکدادانەکان لە کوردستاندا فۆرمی شەڕ و ململانێی کورد و ئاسوورییان وەرگرت. ململانێ و گرژییە نەریتییەکان لەنێوان کوردە موسڵمانەکان و ئاسووری و ئەرمەنە کریستیانەکان لەو سەردەمەدا ڕەنگدانەوەی درز و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو لەنێوان دانیشتووانی شوانکارە و خێڵەکیی کورد و تورک و کریستیانە نیشتەجێکاندا، کەوا جووتیار و هەروەها بازرگان و پیشەگەر بوون. هەروەها گرژی و ململانێی دەسەڵاتیش هەبوو لەنێوان کوردە خێڵەکییەکان و جووتیارە کوردزمانە ناخێڵەکییەکاندا، کە بەزۆری وەک کورد تەماشا نەدەکران.
چالاکییەکانی مسیۆنێریی لێبەدەر، کە ڕاستەوخۆ ڕۆڵیان هەبوو لە تێکدانی هاوسەنگیی ناوخۆییدا، کاریگەریی ڕۆژاوا لە کوردستاندا ناڕاستەوخۆ بوو و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە پەرەسەندنە گشتییەکانی نێو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە سەرچاوەی دەگرت و بە تێڕوانینی ئەوەی کە ئیمپراتۆرییەتەکە لاواز بوو، بە بەراورد لەگەڵ بەڕیتانیا و ڕووسیادا. ئەو گەڕیدە بەریتانییانەش کە لە ساڵەکانی 1830کان و 1840کاندا سەردانی کوردستانیان کردووە لەو کوردانەیان بیستووە کەوا دواندوونیان گوایە هیوای زۆریان بە زیادبوونی هێزی بەڕیتانیا و ڕووسیا هەیە کە ڕزگاریان بکەن لە حوکمی عوسمانی51. ئەوە مەسەلەیەکی سەلمێنراوە کە بێزاری و گومانی کوردەکان لە دەسەڵاتدارانی عوسمانییەکان بە هۆکاری هەوڵ و تەقەلای ئیمپراتۆرییەت زیادی کردبوو سەبارەت بە سەپاندنی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی سەنتراڵ و چاکسازییەکان کە وەک هەڕەشە لێکدەدرایەوە بۆ سەربەخۆیی خێڵە کوردەکان. لەهەمان کاتیشدا، کوردەکان ترسی ئەوەیان لێنیشتبوو کە زلهێزە ئەوروپییەکان پشتی کریستیانەکانی ناوخۆ دەگرن - چونکە متمانە بەخۆکردنیان بەهێز بووبوو لە ئەنجامی چالاکییەکانی مژدەدەرە ئەوروپییەکان کە وەک هاوپەیمانی سرووشتیی کریستیانەکان تەماشا دەکران.
هەڵبەت بەتەواوی ڕێی تێدەچێت کەوا بەدرخان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە یاریی پێکراوە، کە بانگەشەی ڕاگرتنی چالاکیی کریستیانی ڕۆژاوای دەکرد52. کوشتاری کریستیانەکان، کە مسیۆنێر و گەڕیدە ڕۆژاواییەکان باسیان لێوەدەکرد، بوو بەهۆی بەرپابوونی ناڕەزایی توندی بەڕیتانیا و فشارکردن بۆ ڕووخاندنی بەدرخان53. بەڵام لە تێڕوانینی دوولایەنەی عوسمانییەکانەوە، ئەوان بەئاشکرا ئەمیان بەکاردەهێنا بۆ لاوازکردنی چالاکیی کریستیانی ڕۆژاوا کەچی لەهەمان کاتدا هەوڵی بەربەستکردنیشیان دەدا لەوەی ببێتە هێزێکی لۆکاڵی گەورەی دەرەقەت نەهاتوو.
هاوپەیمانیی بەدرخان لەگەڵ میر نووروڵا بەگی هەکاری و خان محەمەدی مووش نەیدەتوانی لەبەرانبەر سوپای عوسمانیدا بوەستێت، کە نوێکرابووەوە و لە سەردەستی ئەفسەرە پرووسییەکان مەشق و ڕاهێنانی کردبوو. بێجگە لەوەش، یەزدانشێر خانی خزمی بەدرخان و یەک لە فەرماندە دەرکەوتووەکانی سوپاکەی، هەڵگەڕایەوە و چووە پاڵ عوسمانییەکان. بەدرخان، بە هۆکاری فشاری بەهێزی عوسمانی لە ساڵی 1847دا خۆی ڕادەستکرد و لە کورستان دوورخرایەوە. بەڵام دواجار لێبووردنی بۆ دەرچوو و بە نازناوی پاشا خەڵات کرا و بۆ چەندین دەیە خزمەتی دەوڵەتی عوسمانیی کرد. زیاد لە دووسەد کەسیش لە ئەندامانی خانەوادەی بەدرخان پڕۆسەی بەعوسمانیبوونیان ئەزموونکرد، چەشنی زۆڕێکیتر لە کەسانی سەر بە دەستەبژێری خێڵەکیی فیوداڵی کورد کەوا یان کۆچیان کرد یان دوورخرانەوە بۆ ئەستەمبووڵ و تێکەڵ بە دەزگا و دامەزراوەی عوسمانی بوون54 و دواتر نەوەکانی سوورەیا (1883 - 1938) ، جەلادەت (1893 - 1951) ، کامەران (1893 - 1978) بوون بە کەسانی دەمسپیی زۆر گرنگی ناسیۆنالیزمی کوردی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا.
گرژی و ناکۆکیی نێوان میرنشینی بۆتان لەژێر دەسەڵاتی بەدرخان و ئیمپراتۆرییەتدا گوزارشێکی ناڕەزایی کورد بوو لە مەیل و ئاڕاستەی عوسمانی بەرەو سەنتراڵیزە و ڕیفۆرم. لەناوبردنی ئەم میرنشینە لە هەوڵ و تەقەلای عوسمانییەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەسەر هێزە نیمچە سەربەخۆکانی چواردەوری و بەهێزکردنی حوکمی عوسمانی لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و کوردستاندا. زنجیرەی ئەو ڕووداوانەی کە بە لەناوبردنی حوکمی بەدرخان کۆتاییهات تێکچوونی پەیوەندییەکانی موسڵمان - کریستیان لەخۆدەگرێت و پەیوەستبوونیان بە کاریگەریی بەڕیتانیاوە لەمیانەی ڕیفۆرم و چاکسازییەکانی عوسمانیدا.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەئاشکرا لاواز بووبوو لەبەرانبەر زیادبوونی هێزی وڵاتە ڕۆژاواییەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێز و توانای ڕێژەیی مۆدێرنبوون و ڕیفۆرمی دەوڵەتی عوسمانی و حکوومەت و سوپا زیادی کردبوو بەبەراورد لەگەڵ میرنشینە کوردەکاندا، کە نەیاندەتوانی لە دەوری شوناسێکی کوردی یەکبگرن یان بەرژەوەندییەکی هاوبەش بۆ خۆیان دەسنیشان بکەن.
ڕاپەڕینی یەزدانشێر لە سەروبەندی جەنگی کەریمیا و پەیوەندیی کورد و ڕووسیا
خولیا و مەراقی ڕووسیا لە ناوچەکانی بەڵکان و حەوزی دەریای ڕەشدا و هەوڵی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ بەرگریکردنی لەو فشارانەی ڕووسیا کە سەریکێشایەوە بۆ جەنگی کەریمیا لە ساڵی 1853دا. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یارمەتیی سەربازیی لە هەردوک بەڕیتانیا و فەرەنسا وەرگرت، کە هەردوکیان لە هەوڵی بەرگرتندا بوون لە هەرەسهێنانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە بۆ ڕێگرتن لە ڕووسیا کە ببێتە هێزێکی باڵادەست لە ئەستەمبووڵدا. جەنگەکە، کە وەرچەرخا بۆ ململانێی چەکداری لەنێوان هێزە ئەوروپییەکاندا، بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمەکانی بەڵکان و نیمچە دوورگەی کەریمیا لەسەر دەریای ڕەش بەرپابوو. بەرەیەکی لاوەکی ئەو ناوچانەی کە دەکەوتنە ناو قەوقاز و باشووریەوە و هەندێ شوێنیشیان نیشتەجێی کوردەکان بوو. لاوازیی سوپای عوسمانی و بەزینی لەبەرانبەر ڕووسیادا لە بەرەی قەوقاز و بە شێوەیەکی سەرەکیش لە ناوچەی قارسدا بوو بە پشخانی ڕاپەڕینێکی کورتخایەنی کوردەکان لە پایز و زستانی 1854 - 1855دا. 55
لەنێو بەشداربووانی شەڕەکەی ناوچەی قارسدا لە مانگی دیسەمبەری 1853دا هێزێکی ناڕێکخراو هەبوو کە پێکهاتبوو لە نزیکەی پەنجا هەزار سوارەی کورد. هەردوک ڕووسەکان و عوسمانییەکان هەر لایەکیان کوردیان دەجووڵاند بۆ ئەوەی لە بەرەی ئەواندا شەڕ بکەن و لەدوای شکستی هێزەکانی عوسمانی لە دیسەمبەری 1853دا، چواردە کەسی ناوداری کورد کەوتنە پەیوەندی کردن لەگەڵ ڕووسەکاندا بەنیازی ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک. بەشێک لەو هێزە کوردییانەی لەپاڵ عوسمانییەکاندا شەڕیان دەکرد سەنگەریان گۆڕی و چوونە پاڵ ڕووسیا. کۆڵۆنێڵێکی ڕووس بە ناوی لۆریس مەلیکۆڤ، کرا بە بەرپرسیاری پەیوەندی لەگەڵ خێڵە کوردەکاندا. شکستهێنانێکی تری سوپای عوسمانی لە ساڵی 1854دا لە سەردەستی ڕووسیا بەتوندی ویست و خواستی کوردی کەمکردەوە کە بەردەوامبن لەسەر هاوکاری و یارمەتیدانی عوسمانییەکان56.
دیارترین کەسایەتیی ناوداری کورد کەوا عوسمانییەکان هەوڵیان دەدا بەلای خۆیاندا ڕایبکێشن یەزدانشێر بوو، کەوا پلەیەکی سەربازیی باڵای پێبەخشرابوو وەک خەڵاتی خیانەتکردنی لە میر بەدرخان لە ساڵی 1847دا. بەهەرحاڵ، یەزدانشێر تووشی نائومێدی بووبوو بەهۆی ئەوەوە کە عوسمانییەکان ڕەتیانکردەوە دەسەڵاتی سەربەخۆیی بدەنێ بەسەر قەڵەمڕەوی میرنشینی بۆتان و ناوچەکانی تری کوردستاندا. ئەوان هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تریان نەدایە بێجگە لەوەی کە لە خزمەتی ئیمپراتۆرییەتدا بێت و ئەم نائومێدییە شەخسییە بوو بە مۆتیڤێکی گرنگی هەوڵی یاخیبوون و ڕاپەڕینەکەی.
عوسمانییەکان بەهۆی زیانی شکستەکانیانەوە لە بەرەی ڕووسیا و ڕوولەکزی کردنی خواستی کورد بۆ یارمەتیدانیان، یەزدانشێریان کرد بە بەرپرسی ئەرکی بەسەربازگرتنی کورد لە ناوچەکانی جزیرە و مووسڵ وەک یەکەی ناڕێکخراوی سوپای عوسمانی. ئەوجا لەبەر سەرکەوتنەکانی ئەم کوردانە لە هاوینی 1854دا، ڕووسەکان پەیامێکیان نارد بۆ یەزدانشێر و داوایان لێکرد یارمەتیی عوسمانییەکان نەدا. لە پایزی هەمان ساڵدا پەیوەندیی نێوان عوسمانییەکان و یەزدانشێر ڕووی لەکزی کرد.
هەرچەندە پەیوەندیی نێوان یەزدانشێر و عوسمانییەکان بێشک هۆکاری سەرەکیی ڕاپەڕینەکەی کورد بوو بەڵام بێجگە لەوەش لە ئەنجامی دۆخی نالەباری ئابووری و نەدارایی دانیشتووانە کوردەکەوە بوو بەهۆی جەنگ و داتەپینی دەوڵەتی عوسمانی و شکستهێنانی بەردەوامی لەبەرانبەر ڕووسیادا، کە وەک هێزێکی تۆکمە و گەشەکردوو لەقەڵەم دەدرا. لەنێوان دیسەمبەری 1854 و شوباتی 1855دا، یەزدانشێر شارەکانی بەدلیس و میدیاتی داگیرکرد. وا دیارە فراوانبوونی ڕاپەڕینەکە عوسمانییەکان و بەهەمان شێوەش بەریتانییەکانی هەراسان کردبێت و بەتەواوی ترسیان لێنیشتبێت. شوێنی ڕاپەڕینەکە، کە کەوتبووە باشووری ئەو هێزانەی عوسمانییەوە کەوا پشتی هێزەکانی ڕووسیایان گرتبوو لە باکوورەوە، هەڕەشەیەکی ستراتیجیی پێکدەهێنا، بەتایبەتی کەوا هێزەکانی یەزدانشێر لەگەڵ عەرەبەکاندا یەکیانگرت لە ناوچەی ماردیندا. بەگوێرەی پەڕتووکێکی ل. ی. ئەڤێریانۆڤ، کە ئەفسەڕێکی هەواڵگریی ڕووسیا بووە و بە پەیوەندییەکانی ڕووسیادا چووەتەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، یەزدانشێر سەرکردایەتیی لەنێوان شەست بۆ سەد هەزار سەربازی کردووە. بەهەرحاڵ، پێدەچێت ئەم ژمارەیە زیادەڕۆیی زۆری تێداکرابێت، چونکە هێزە خێڵەکییەکانی ئەو لەشکڕێکی ناڕێکخراو بوو و بەشێوەیەکی سەرەکی خواستی تاڵانوبڕۆ پاڵی پێوەنابوون و دڵسۆزی و پابەندییان تەنیا خێڵەکییانە بووە. سەرەڕای ئەوەش پێدەچێت مانەوەی لەو شارانەدا کە گرتبوونی ناجێگیر و بۆ ماوەیەکی کورت بووبێت.
یەزدانشێر هەوڵیدابوو چالاکییە سەربازییەکانی لەگەڵ ڕووسەکاندا ڕێکبخات و پشتگیریی ئەوان دەستەبەر بکات، بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. لەهەمان کاتیشدا، کەوتە ئەنجامدانی نامە و نامەکاری لەگەڵ سەرۆکە ناودار و دەسەڵاتدارەکانی کورددا لە ناوچەکانی وان و بەدلیس و مووشدا. عوسمانییەکان وایبۆچوون کە یاخیبوون لە پشتی بەرەی جەنگیانەوە دژ بە ڕووسیا هەڕەشەیەکی پڕمەترسیی پێکدەهێنا. لە مانگی کانوونی دووەمی 1855دا، جەنەراڵی بەریتانی ولیەم فەنویک ولیەمز، کە سەرکردایەتیی هێزەکانی عوسمانی و ئەفسەرە بەریتانییەکانی دەکرد لە ناوچەی قارسدا، هۆشدارییەکی گەیاندە یەزدانشێر کەوا هەر شەڕ و ناکۆکییەکی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بە شەڕ و دوژمنایەتی دادەنێت لەگەڵ بەڕیتانیادا. ئەوجا لەبەر نەمانی هیچ هیوایەک بە هاوکاری و هەماهەنگیی ڕووسیا و لەسۆنگەی فشاری هاوبەشی سوپای عوسمانی لە کوردستاندا و هەڕەشەکەی بەڕیتانیا، یەزدانشێر خۆی ڕادەستکرد، بێئەوەی بچێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ سوپای باڵادەستی عوسمانیدا. ڕاستییەکەی بارودۆخی تەواوی خۆڕادەستکردنەکەی ڕوون نیە57. هێزەکانی، کە پێدەچوو خێڵەکی و بەلاوازی ڕێکخرابێتن، ڕوون و ئاشکرا بەتەواوی بڵاوەیان لێکرد. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کەوا گۆڕینی ملکەچی و دڵسۆزیی یەزدانشێر، وەک لە خیانەتەکایدا دەرکەوت بۆ میر بەدرخان لە کاتی یاخیبوونی دژی عوسمانییەکان لە ساڵی 1847دا، ڕۆڵی بینیبێت لە پاشەکشە و هەرەسهێنانی یاخیبوونەکەی خۆیدا، تەنانەت پێش ئەوەی هیچ پێکدادانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ هێزەکانی عوسمانیدا بەرپا ببێت58.
ڕاپەڕینەکە بەئاشکرا بوو بە ئیلهامبەخشی هیوا و ئاواتی یەک لە گرنگترین پێشبینیکاران و نوقڵانەلێدەرانی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرنی کورد، کە ئەویش حاجی قادری کۆیی بوو، کەوا باسی یەزدانشێری سەرکردەی ڕاپەڕینەکەی کردووە لە شیعرەکانیدا59. بەگشتی، ڕاپەڕینەکە بەدەگمەن باس کراوە لەلایەن داکۆکیکارانی ناسیۆنالیزمی کوردەوە. بێگومان دەبێ ئەوەش وەبیربێنینەوە کە یەزدانشێر ڕۆڵی لە شکستی کورددا بینیوە بەوەی کە چووە پاڵ لایەنی عوسمانی پاش ئەوەی خیانەتی لە میر بەدرخان کرد و دواتر نەوەکانی یارمەتیدەر بوون لە شێوازبەندی و گەڵاڵەبوونی گێڕانەوەیەکی مێژوویی کورد لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا. لەئێستادا نەوەکانی بەدرخان وەک خیانەتکار و هەلپەرستێک تێیدەڕوانن. لەگەڵ ئەوەشدا، سرووشتی دواتری پەیوەندییەکانی نێوان عوسمانییەکان و یەزدانشێر، وەک ئەو پەیوەندیانەی باڵیان کێشابوو بەسەر نێوانی بەدرخان و ئیمپراتۆرییەتدا لە پاش خۆڕادەستکردنی خان، ئاماژەن بە خەسڵەتی خێڵەکیی فیوداڵی سەرکردەکانی هەردوو ڕاپەڕینەکە، چەشنی باڵادەستیی ڕاستیی سیاسی. چونکە لە پاش ماوەیەکی کورتی دوورخستنەوە هەردوکیان پلە و پۆستی باڵایان درایە لە سیستەمی کارگێڕیی عوسمانیدا و لەو ویلایەتانەی کە زۆر دووربوون لە کوردستانەوە. هەردوکیشیان تاکۆتایی ژیانیان وەک حوکمڕانی عوسمانی مانەوە، دوور لە کوردستان و هەر پابەندییەکی نەتەوەیی مۆدێرنی کورد.
سەرەتاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد
لە دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، کاتێ کە بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەیانسەند و پاش دووبارە نەخشەکێشانەوەی هەرێمی لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بارودۆخی کورد لە هی عەرەب و تورک و فارسەکان خراپتربوو. بنەتۆوی دەوڵەتسازیی کورد، بۆ نموونە میرنشینە کوردییە سەربەخۆکان، لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە لەناوبرابوون لە ئەنجامی چاکسازییەکانی عوسمانی و گۆڕانکارییەکان لە بارودۆخی نێودەوڵەتیدا. لە ماوەی دوا دەیەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، دەستەبژێری خێڵەکی و فیوداڵی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی دوورخرابوونەوە یان ڕاگوێزرابوون بۆ ئەستەمبووڵ و ئیزمیر و ئاوێتەی دەوڵەت و کۆمەڵگەی عوسمانی بووبوون و ئامادە نەبوون هەوڵ بدەن و جارێکیتر دۆخی سەرکردایەتیی خۆیان لە کوردستاندا بگێڕنەوە60. لە ماوەی ساڵانی 1914 بۆ 1924، کە نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش عوسمانی کێشرایەوە، کوردەکان ئەو سەرکردانەیان نەبوو کە توانا و دەرەقەتی ڕۆڵێکیان ببێت هاوشێوە و هاوتەریبی ئەو ڕۆڵەی میرەکانی بنەماڵەی هاشمی گێڕایان لە سەروبەندی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبدا.
لەکاتێکدا کەوا دەوڵەتی عوسمانی تا ئەو ئاستە بەهێزبوو کە میرنشینە کوردەکان لەناوببات و بیانسڕێتەوە، بەڵام نەیتوانی حوکمێکی کاریگەر بسەپێنێت کە سوودبەخش بێت بۆیان. ئەمە بارودۆخێکی لێکەوتەوە کە بە واتای گشتی نائارام بوو وەک: بەخێرایی تیکچوونی شیرازەی یاساوڕێسای گشتی، درووستبوونی توندوتیژی و ڕاورووت و شەڕوشۆڕ و هەڵکوتانەسەری خێڵ و هۆز، کە بەزۆری دانیشتووانی شوانکارە بوون دژ بە جووتیارە نیشتەجێ و جێگیرەکان. ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی لەناوچوونی ئیمارەتەکان هاتەکایەوە بارودۆخێکی وای درووستکرد کە تیایدا هاوکۆیی و یەکگرتوویی تیرە و تایفە و هۆز پتەوبێت و دۆخی سەرهەڵدانی شیخەکانی ڕیبازە سۆفییەکان برەوبسێنێت. زۆڕێک لە ڕابەر و سەرکردەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی سەدەی بیست سەر بە تیرە و خێڵەکانی بەرزانی و بەرزنجی و تاڵەبانی و زێباری بن، کە هاوزەمان لەگەڵ نەمانی میرنشینە کوردییەکاندا سەریانهەڵدا.
کوردستان، بە بارودۆخی جوگرافیی ئاڵۆزیەوە و بە نەبوونی سەرچاوەیەکی سرووشتیی ئەوتۆوە لە پێش سەردەمی نەوتدا، کە بەرژەوەندیی ئابووریی ڕۆژاوا بورووژێنێت، تەنیا بەرکەوتنێکی سنوورداری هەبوو لەگەڵ بازاڕی سەرمایەداریی جیهانیدا. لە ناوچەکانی تردا، تێکەڵبوون بە ئابووریی جیهانی ئەنجام و لێکەوتەی کارەساتباری هەبوو، بەڵام بەرکەوتەی ئابووریش لەگەڵ ڕۆژاوادا هەل و مەرجی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی خولقاند و بوو بەهۆی گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوە نەتەوەییەکان. پەرەسەندنی ناوەندە شارستانییەکان، کۆمەڵگەیەکی شارستانی و چینە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان سنووردار بوو لە کوردستان و لەم ڕووەوە لەدوای شام، ئەنەدۆڵ، میسر و پێدەشتەکانی دیجلە و فوراتەوە دێت. کوردستان لەرووی جوگرافییەوە پەراوێز کەوتووە و دەرچەیەکی نییە لەسەر دەریا و پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆژاوادا لاواز و ناڕاستەوخۆ بوو، کۆمەڵگەکەشی بەشێوەیەکی بنەڕەتی بە خێڵەکی مابووەوە. نەبوونی زمانێکی کوردیی ستانداری نووسراو، هەنگاوی سست و قورسی مۆدێرن بوون و پەرەسەندنێکی خاوی بورجوازی و چینی ناوەڕاستی مۆدێرنی کورد بۆ بەڕەنگاربوونەوەی هێزی مۆدێلەکانی کۆمەڵگەی خێڵەکی پەرەسەندنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کورد و هۆشیارییەکی نەتەوایەتیی دواخستبوو.
تا ئاستێک، شوناسی کورد وێکهاتووەتەوە لەگەڵ دانیشتووانێکی خێڵەکی و تاڕادەیەک شوانکارە و دێهاتی و دوا پاشماوەی ئەریستۆکراتییەتێکی تیرە و هۆز. چینێکی ناوەڕاستی مۆدێرنی بچووکی کورد لە ئەستەمبووڵ و ئیزمیردا گیرسابوونەوە و چووبوونە سەر کولتوور و فەرهەنگی تورک و عەرەب و ئاوێتەی دەزگا و دامەزراوەی عوسمانی بووبوون. لە دید و بۆچوونی ئەوانەوە شوناسی کورد هاوتەریب بوو لەگەڵ دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی و هەژاری و واباشترە تێکەڵ بە وڵاتەکانی عوسمانی (دواتر تورکیا) و ئێرانی ببێت و شوناسێکی تورکی، ئێرانی یان عەرەبی وەربگرێت. ئەم حاڵەتی خۆگونجاندنە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە هاندەدرا و ڕێگەی بۆ خۆشدەکرا، کە بریتیبوون لە ئیمراتۆرێتی عوسمانی و ئێران تا جەنگی جیهانیی یەکەم و پاشانیش تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریا. ئەوان بۆ ماوەی چەندین سەدە کوردستانیان لەبندەستدا بووە و بەرژەوەندییەکی چەسپاویان بووە لە سڕینەوەی هەموو ئاسەوارەکانی شوناسی کورد (وەک ئەوەی لە تورکیادا ئەنجامدەدرێت، یان بە شێوەیەکی جیاواز لە ئێراندا) ، یان مامەڵەکردنێکی تایبەت و پڕ لە جیاکاری لەگەڵ کورددا وەک کەمینەیەک (وەک ئێراق) . هەرچۆنێک بووە، بەرژەوەندییە زاڵەکان مەسەلەی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی هێناوەتە ئاراوە و بەم جۆرە بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی، نەک باسکردنی دەوڵەتێکی خۆیان، تا ئێستاش بووە بە بژاردەیەک.
هەرچەندە ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردی لە سیاق و بارودۆخی مۆدێرنیزەدا گەشەی کردووە و بەریەککەوتن لەگەڵ ڕۆژاوادا و هەژموونی دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران و ئێراق لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە سەرهەڵدانی گوتاڕێکی نەتەوەیی کوردی و هۆشیارییەکی نەتەوەیی کوردی. پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد خێرایی بەخۆوە بینیوە لە پاش کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە لەگەڵ کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئایدیۆلۆجیای ئەتاتورکدا. بەڵام خێڵگەرایی و تایفەگەرایی و یەکگرتوویی لۆکاڵی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەر بە هەژموونداری مایەوە. تەنیا بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ساڵی 1946دا (کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان) بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرن بوو بە هێزێکی سەنتراڵ یان ناوەندی. شوناسی کورد، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی سیاسیی خێڵەکیی فیوداڵ، نەریتە زارەکییەکان و بەڵگە و دەلالەتەکانی پێش ئیسلامی کورد و ئەکراد بەدرێژایی مێژووی ئیسلام مانەوە و بەردەوام بوون. بەتێکڕایی، وتاری نەتەوایەتیی کورد لە ڕووداوە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکان وەرگیراوە لە مێژووی کوردستاندا و پشتیان بە ئاماژە و دەلالەتە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی شوناسێکی کوردیی پێش مۆدێرنیتە بەستووە. حاڵی حازر ئەزموونێکی قووڵ و گشتگیری پەرەسەندنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە - سیاسییەکان لە کوردستاندا، گوزارش و دەربڕینەکانی شوناسی کورد لە سەرەتاکانی ئیسلامەوە و گەشەکردنی زمانی کوردی پێویستە بۆ تێگەیشتنیکی باشتر لە گەل/ نەتەوەی مۆدێرنی کورد.
پەراوێز
1 - ڕۆبەرت ئۆڵسن، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و یاخیبوونی شێخ سەعید، 1880 - 1925، لاپەڕە 1 - 25؛ هاکان ئوێزئۆغلوو، ناودارانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی: پەرەسەندنی شوناسەکان، ڕکەبەریی دڵسۆزییەکان و گۆڕانکاریی سنوورەکان، ل 72 - 78؛ وەدیع جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: ڕەگ و ڕیشە و پەرەسەندنەکانی، ل 75 - 102؛ سولەیمان ئەسەد ئەسڵان، ململانێی پێکهاتنی دەزگاکان و شکستی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردی 1918 - 1922، ل 59 - 65.
2 - ئەمیر حەسەنپوور، پێکهێنانی شوناسی کورد: وتارە مێژوویی و ئەدەبییەکانی پێش سەدەی بیستەم، ل 106 - 161؛ مارتن ڤان برونەسن، مەم و زینی ئەحمەدی خانی و ڕۆڵی لە سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی کوردی، ل 40 - 57؛ فەرهاد شاکەلی، ناسیونالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا.
3 - لەبارەی گرنگیی ناوێکی بەکۆمەڵ یان بەڵگە و ئاماژەکانی ئیتنیی پێش مۆدێرن گرووپی ئیتنیکی، بڕوانە ئەنتۆنی سمیث، ڕەگ و ڕیشەی ئیتنیکیی نەتەوەکان، ل 22 - 23.
4 - بەکارهێنانی تێرم یان زاراوەی پرۆتۆناسیۆنالیزم کە لە سیاقی ئەم بابەتە نووسینەدا بە واتای خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، شوناس یان ناسنامە بەکۆمەڵەکان و تێگەیشتنەکان لە سەردەمێکی پێش مۆدێرنە و پێش ناسیۆنالیستیدا دێت و هاوشێوەی نەوەکانیانە لە نەتەوە و ناسیۆنالیزمە مۆدێرنەکانە.
5 - ئەحمەد بن یەحیا بن جەببار ئەلبلاذەری، فتووح ئەلبولدان، ل 464، 467، 538، 548.
6 - تەبەری، مێژووی تەبەری (تاریخ ئەلڕوسول وەلملووک - تأریخ الرسل والملوک) ، بەرگی 15، قەیرانی سەرەتای خیلافەت، وەرگێڕانی ڕ. ستیفن هامفەری، ل 34.
7 - تەبەری، هەمان سەرچاوەی پێشوو، بەرگی 14، داگیرکردنی (فەتح) ی ئێران، وەرگێڕانی جی. ڕێکس سمیث، ل 73 ، 78 - 79.
8 - جەی. کوردۆ (ناوی خوازراو) ، کوردستان: ڕەگ و ڕیشەی شارستانییەتی کورد، ل 55.
9 - لەبارەی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی زمان لە گەشەکردنی شوناسی نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی، بڕوانە ئەمیری حەسەنپوور، ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا: 1918 - 1958.
10 - بەپێی ئیبن خەلدوون: ڕیزانکاس. ئیبن خەلدوون، تاریخولئەعلام – تأریخ الأ‌علام، بەرگی 4، ل 1093 هەروەها بڕونە محەمەد ئەمین زەکی، خلاصة تأریخ الکرد وکردستان ، تأریخ الدول والإمارات الکردیة فی العهد الإسلامی، بەرگی 2، ل 66 - 89.
11 - ڤڵادیمیر مینۆرسکی، ئەننازیدس Annazids، El، چاپی نوێ، (لایدن: ئی. جەی. بریڵ، 1954 - 2003) ، بەرگی 1، ل 512 - 513.
12 - بڕوانە توێژینەوەی کلاسیکی لەسەر شەددادییەکان: ڤڵادیمیر مینۆرسکی، توێژینەوەکان لەسەر مێژووی قەوقاز، ل 33 - 78. هەروەها بڕوانە ئەمین زەکی، خولاصة تأریخ الکرد وکردستان، ل 90 - 94.
13 - لەبارەی بنەماڵەی مەروانییەوە، بڕوانە ئیبن خەلدوون، تأریخ العلامات، بەرگی 4، ل 674 - 686؛ هەروەها ئێج. ئێف. ئامەدرۆز، بنەماڵەی مەروانی لە مەیافارقین لە سەدەکانی دە و یانزەی زاینیدا، ل 123 - 154. هەروەها بڕوانە ئەمین زەکی، خولاصة تأریخ الکرد وکردستان، بەگی 2، ل 95 - 135.
14 - ئامەدڕۆز، بنەماڵەی مەروانی...، ل 131.
15 - عیززەدین ئیبنولئەثیر، الکامل فی التأریخ، بەرگی 9، ل 384 - 386.
16 - هەمان سەرچاوە، ل 598 - 599.
17 - هەمان سەرچاوە، بەرگی 10، ل 65 - 67.
18- هەمان سەرچاوە، ل 144.
19 - هەمان سەرچاوە، ل 604. هەروەها بڕوانە وەرگێڕانی ئینگلیزیی: عیززەدین ئیبنولئەثیر تۆماری مێژووی ئیبنولئەثیر بۆ سەردەمی خاچپەرستی لە ئەلکامیل فی ئەلتاریخ، بەشی 1: ساڵانی 491 - 541ی کۆچی/ 1097 - 1146، هاتنی فرانکییەکان و کاردانەوەی موسڵمانەکان - وەرگێڕانی د. س. ڕیچاردس، ل 240، 307، 367؛ عزالدین إبن الأثیر، تۆماری مێژووی تورکە سەلجووقییەکان: هەڵبژاردە لە الکامل فی التأریخی عزالدین إبن الأثیر، وەرگێڕانی د. س. ڕیچاردس، ل 15، 19، 45، 58، 60 - 62، .....
20 - مینۆرسکی، مێژووی قەوقاز، ل 116 - 136، 146 - 157.
21 - هەمان سەرچاوە، ل 138.
22 - بۆ گفتوگۆیەکی قووڵ لەبارەی دید و بۆچوون و نموونە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و شوناسی کوردییەوە، بڕوانە مارتن ڤان بوونەسن ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان، ل 50 - 132. بۆ قسەکردن لەسەر مەسەلەی ئەو مانایەی لە پشتی بەڵگە و دەلالەتی کوردەوەیەلە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا، بڕوانە ڤان برونەسن، کۆمەڵگەی کوردی، ئیتنیک و نەژاد، ناسیۆنالیزم و کێشەی پەنابەرەکان، ل 33 - 67.
23 - لەبارەی خێڵە کوردەکان و میرنشینە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاق قۆینلوو و قەرە قۆینلوو، بەتایبەتی میرنشینەکانی حەسەنکێف (لەنێوان ئامەد و جزیرەدا) ، هەکاری و چەمشکەزەک (لە ناوچەی دەرسیمی ڕۆژاوای کوردستان و لە تورکیای ئێستادا کراوە بە تونجەلی) ، بڕوانە ڤان برونەسن، ئاغا و شێخ و دەوڵەت، ل 137، 145 - 151. لەبارەی ئاق قۆینلوو، بڕوانە جۆن ی. ودس، خێڵی ئاق قۆینلوو، کۆنفیدراسیۆن، ئیمپراتۆرییەت.
24 - مارتن ڤان برونەسن و هیندریک بۆیسچۆتن، ئەولیا چەلەبی لە ئامەد: بەشی پەیوەندیدار لە شایەتنامە، ل 13 - 15.
25 - ئوێزئۆغڵووو، ناودارانی کورد، ل 50.
26 - جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 23.
27 - مارتن ڤان برونەسن، کوردستان لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا وەک لە شایەتنامەکەی ئەولیا چەلەپیدا ڕەنگدەداتەوە، ل 1 - 11. مارتن ڤان برونەسن و هیندریک بۆیسچۆتن، چەلەبی لە ئامەد؛ ڕۆبەرت دانکۆف، ئەولیا چەلەبی لە بەدلیس؛ ئوێزئۆغڵووو، ناودارانی کورد، ل 33 - 35.
28 - دانکۆف، ئەولیا چەلەبی لە بەدلیس، ل 92 - 107.
29 - هەمان سەرچاوە، ل 283 - 295. ڤان برونەسن، ئاغا و شێخ و دەوڵەت، ل 162 - 170.
30 - شاکەلی، ناسیۆنالیزمی کوردی. بۆ گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر قەسیدەکە، بڕوانە ئەمیر حەسەنپوور، بنیاتنانی شوناسی کوردی، بەتایبەتی ل 106 - 131.
31 - وەک لە حەسەنپوورەوە وەرگێڕدراوە، بنیاتنانی شوناسی کوردی، ل 118 - 119.
32 - وەک لە هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 109.
33 - وەک لەلایەن شاکەلییەوە وەرگێڕدراوە لە ناسیۆنالیزمی کوردی، ل 71.
34 - هەمان سەرچاوە، ل 74.
35 - لەبارەی بەکارهێنانی مەم و زینەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرنی کوردەوە، بڕوانە حەسەنپوور، بنیاتنانی شوناسی کوردی، ل 129 - 142. ڤان برونەسن، مەم و زینی ئەحمەدی خانی، ل 40 - 57.
36 - شرف الدین خان بدلیسی، شرفنامە، فی تأریخ الدول والإمارات الکردیة. هەمان ئەم پەڕتووکەی میر شەرەفخانی بەدلیسی لەلایەن میهردادی ئیزەدییەوە کراوە بە ئینگلیزی، لەژێر ناوی شەرەفنامە، مێژووی نەتەوەی کورد، The Sharafnama، or the History of Kurdish Nation.
37 - مایکڵ ئەپەڵ، لەناوبردنی میرنشینە کوردەکان: کاریگەریی چاکسازییەکانی عوسمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کوردستان لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، ل 244 - 246.
38 - کڵۆدیۆس جەیمس ڕیچ، یاداشتی نیشتەجێیەک لە کوردستاندا Narratives of a Residence in Koordistan ، بەرگی 1.
39 - هەمان سەرچاوە، ل 96 - 97. ت. نیونهیوس، سیاسەت و کۆمەڵگە لە سەرەتاکانی ئێراقی نوێدا: پاشاکانی مەملووک، شێخە خێڵەکییەکان و حوکمی ناوخۆیی لەنێوان ساڵانی 1802 و 1831دا، ل 97.
40 - جەلیلی جەلیل، کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، (بە زمانی ڕووسی) ، ل 96؛ جەیمس بەیڵی فرەیزەر، گەشت لە کوردستان و میزۆپۆتامیا .. لەگەڵ باسێکی چەند بەشێکی ئەو وڵاتانەی تا ئێستا سەردانی نەکراون لەلایەن ئەوروپییەکانەوە، هەروەها هێڵکاریی خەسڵەت و ڕەفتاری خێڵە کورد و عەرەبەکان، ل 64.
41 - جەلیل، کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، (بە ڕووسی) ، ل 55.
42 - باسێکی گشتیی پەرەسەندنی دەسەڵاتی کۆر محەمەد لە پەڕتووکی جوەیدەدا دەستدەکەوێت بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 55 - 56. بۆ وێنەیەکی وردتر لەو بارەوە بڕوانە فرەیزەر، گەشت...، بەرگی 1، ل 102. هەروەها ئێج. سی. ڕۆڵینسن، سەرنج لەسەر گەشتێک لە تەبرێزەوە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بۆ شوێنەوارەکانی تەختی سولەیمان، ل 32. محەمەد ئەمین زەکی، خلاصة تأریخ الکرد وکردستان، من أقدم العصور حتی الآن، ل 243.
43 - جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 59؛ ئەمین زەکی، خلاصة ...، ل 245.
44 - بۆ باسێکی دوورودرێژ لەبارەی کەوتنی کۆر محەمەدەوە بڕوانە جەلیل، کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، (بە ڕووسی) ، ل 100 - 122.
45- ئە. ب. کەنینگهام، بەرایی نامە و نامەکارییەکانی ڕیچارد ود، 1831 - 1841، ل 97. ئەم هەوڵدانەی ود بۆ ئەوە بووە بگاتە چارەسەڕێک کەوا لێبگەڕێن کۆر محەمەد هەر بە حوکمڕان بمێنیتەوە لە ڕەواندزدا. بەڵام ملکەچبوونی بۆ عوسمانییەکانیش دیسان لەلایەن گەڕیدە دەبڵیو. ئێف. ئەینسوێرثەوە باس کراوە لە پەڕتووکیدا، گەشت و لێکۆڵینەوەکان لە ئاسیای بچووک، میزۆپۆتامیا و کلدۆئەرمینیادا، ل 323.
46 - ئەمین زەکی، خلاصة ...، ل 247؛ فرەیزەر، گەشت...، بەرگی 1، ل 81 - 82؛ جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 60، 319.
47 - ئەینسوێرث، گەشت ... ، بەرگی 1، ل 323. جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 60.
48- چالاکیی مسیۆنێری و تایفەی نەستووری و ڕووداوەکانی لێرەدا خراونەتەروو لە زنجیرەیەک سەرچاوە و توێژینەوەی سەرەتاییدا باس کراون کە ڕەنگدانەوەی دید و بۆچوونی مسیۆنێرەکان و کریستیانەکانی ناوخۆن. بڕوانە کەمال سەلیبی و یوسف ک. خووری، مسیۆنێریی هێراڵد، لە باکووری ئێراقەوە ڕاپۆرت دەدا، 1833- 1847. گێڕانەوەیەکی هاوسەنگ ڕەنگە زیاتر لە پەڕتووکەکانی گەڕیدە و شوێنەوارناسە بەریتانییەکاندا دەستبکەوێت، وەک سێر ئۆستن هێنری لایارد: دۆزراوەکانی شوێنەواری نەینەوا و بابل و لەگەڵ گەشت لە ئەرمینیا و کوردستان و بیاباندا و باسێکی گشتیی دۆزراوەکانی نەینەوا، ل 122 - 170. هەروەها بڕوانە جۆن جۆزێف، نەستوورییەکان و دەراوسێکانیان؛ گۆردن تایلەر، تا و تینوێتی: دکتۆر گرانت و خێڵە کریستیانەکانی کوردستان.
49 - ئی. بی. سۆن، لە میزۆپۆتامیا و کوردستاندا بە نەناسراوی، ل 156. جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 69. ڤان برونەسن، ئاغا و شێخ و دەوڵەت، ل 292.
50 - ئۆستن هێنری لایارد، نەینەوا و شوێنەوارەکانی، بەرگی 1، ل 173. جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 72، 322.
51 - ئەینسوێرث، گەشت ...، ل 271، 281.
52 - سەلیبی و خووری، مسیۆنێریی هێراڵد...، ل 474، 483.
53 - لایارد، دۆزینەوەکان ...، ل 122.
54 - نەزان، کوردەکان لە بندەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، لە پەڕتووکی گەلێکی بێ وڵات: کورد و کوردستان، جی. کەیلاند، ل24. هەرچەندە خانەوادەی بەدرخان تێکەڵی دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، بەڵام ئەندامانی خێزانەکە بەردەوام بوون لەسەر هەوڵ و کۆششیان بۆ زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی میرنشینی بۆتان و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە ڕۆڵێکی سەنتراڵیان گێڕا بۆ گەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. عوسمان پاشای بەدرخان لە ساڵی 1879دا هەوڵیدا ژیاندنەوەی میرنشینی بۆتان و یەکگرتنی کورد لەژێر سەرکردایەتیی خۆیدا. کەسانی تری سەر بەو خانەوادەیە ویستیان ئۆتۆنۆمیی کورد پێشبخەن لە پاش شۆڕشی تورکە لاوەکان لە ساڵی 1908وە تا سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەم. لە ساڵی 1909دا عەبدوڕەزاق بەدرخان هەوڵیدا قەناعەت بە ڕووسیا بکات کە پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکات. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، عەبدوڕەزاق و کامیل بەدرخان هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ ڕووسیادا دەکرد. بڕوانە دێڤید ماکدواڵ، مێژووی هاوچەرخی کورد، ل 99 - 100. جوەیدە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، ل 121.
55 - یاخیبوونەکەی یەزدانشێر زۆر بەدەگمەن توێژینەوەی لەسەر کراوە. تەنیا پەڕتووکی کەندان بادەم، کە لەسەر جەنگی کەریمیایە ڕووماڵێکی تێدایە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەو پەیوەندییانە دەدوێت کە لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەڕیتانیادا بووە لەبارەی جەنگی کەریمیاوە، بڕوانە جەنگی کەریمیای عوسمانی (1853 - 1856) ، ل 360 - 377. سەرچاوەیەکی گرنگ کە باسی جەنگی تێدایە لە تێڕوانینی ڕووسیاوە، پەڕتووکێکە لەلایەن ئەفسەڕێکی هەواڵگرییەوە نووسراوە کە لە ئەرکانی جەنگی سوپای ڕووسیا بووە لە قەوقاز، ئەویش کاپتن ئێڵ. ئای. ئەڤێریانۆڤە، کورد لە جەنگەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیا لە سەدەی نۆزدەدا، (کە بە زمانی ڕووسییە) . ئەم پەڕتووکە بەڵگەنامەی گرنگی لەخۆگرتووە و پێداچوونەوەیەکی مێژووییە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کورد بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم.
56 - بادەم، جەنگی کەریمیای عوسمانی، ل 366؛ ئەڤێریانۆڤ، کورد لە جەنگەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیا لە سەدەی نۆزدەدا، ل 93.
57 - بادەم، جەنگی کەریمیای عوسمانی، ل 373.
58 - وردەکاریی تێکەڵبوونی بەڕیتانیا بەم مەسەلەیە لە یاداشتەکانی دکتۆری بەریتانی هامفرەی ساندویثدا باس کراوە کە بەرپرسی کەتیبەی پزیشکیی بەریتانی بووە لە هێزەکانی عوسمانیی ئەو ناوچەیەدا. ساندویث، یاداشت (گێڕانەوە) : گەمارۆدانی قارس، ل 212 - 215.
59 - فەرهاد شاکەلی، حاجی قادری کۆیی، ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب Kurdish Globe، هەولێر، 7ی شوباتی 2010.
60 - ئەسڵان، شەڕ و ململانێکان، ل 311، هەروەها لە بەشی دووی توێژینەوەکەیدا بە نموونە هێناویەتیەوە، ل 101 - 103، 150 - 159.
سەرچاوە: ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالێزمی نوێی کوردی: پاشخانی مێژوویی (توێژینەوەیەکە لە دووتوێی پەڕتووکێکی ئۆفرا بینگیۆ بە ناونیشانی ڕابوونی کوردەکان، چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی تەکساس، ئۆستن، 2014) .
‌Historical Setting: The Roots of Modern Kurdish Nationalism
In Ofra Bengio (editor) ، Kurdish Awakening (Austin، Texas University Press، 2014) .
A Research by: Michael Eppel
University of Haifa، Department of Middle Eastern History
(Historian، Middle Eastern Affairs Analyst، International Relations analyst)
مایکڵ ئەپەڵMichael Eppel
پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا / سەرۆکی بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە پەڕتووکە بڵاوکراوە گرنگەکانی:
گەلێکی بێدەوڵەت: کورد لە سەرهەڵدانی ئیسلامەوە بۆ بەرەبەیانی ناسیۆنالیزم (2016) .
ئێراق لە پاشایەتییەوە بۆ ملهوڕی: لە سەردەمی هاشمییەوە بۆ سەرهەڵدانی سەددام (2004) .
ململانێی فەلەستین لە مێژووی نوێی ئێراقدا: دینامیکییەتی تێوەگلان، 1928 - 1948.
دەستەبژێر و ئەفەندی و گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و پان - عەرەبیزم لە ئێراقی هاشمیدا، 1921 - 1958.
بێجگە لە دەیان باس و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر کورد و عەرەب و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.[1]
ئەم بابەتە 507 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | www.awene.com
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 2
ژیاننامە
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 25-12-2022 (2 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: دۆزی کورد
پۆلێنی ناوەڕۆک: کۆمەڵناسی
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
پۆلێنی ناوەڕۆک: ڕەخنەی سیاسی
جۆری دۆکومێنت: وەرگێڕدراو
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: کوردستان
وەرگێڕدراو لە زمانی: ئینگلیزی
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 92%
92%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 25-01-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 27-01-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 27-01-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 507 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
ژیاننامە
شەرمین وەلی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
کورتەباس
هەرگیز ئەو دەم و چاوەم لە یاد ناچێت
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
کورتەباس
پەیامی کافکا
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
کورتەباس
سایکۆلۆژیەتی داهێنان
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
وێنە و پێناس
پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زاخۆ ساڵی 1927
پەرتووکخانە
نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
وێنە و پێناس
چەند کەسایەتییەکی شاری مەهاباد ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
دڵە بێ بەشەکان
وێنە و پێناس
پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
ژیاننامە
مهناز کاوانی
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
کورتەباس
فەلسەفە لە کوێ لە دایک بووە

ڕۆژەڤ
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
30-08-2010
هاوڕێ باخەوان
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
20-12-2023
ڕۆژگار کەرکووکی
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
هاووڵاتییەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان هی من نییە هی عەرەبە و جەژن ناکەم
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
فەرهاد پیرباڵ؛ میز بە هەموو شتێکی تورکیا داکەن
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
22-04-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
22-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
21-04-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
ڤیدیۆ
لاواندنەوەی شێرکۆ بێکەس بۆ ئەنفال
20-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 517,128
وێنە 105,486
پەرتووک PDF 19,117
فایلی پەیوەندیدار 96,136
ڤیدیۆ 1,290
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
ژیاننامە
شەرمین وەلی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
کورتەباس
هەرگیز ئەو دەم و چاوەم لە یاد ناچێت
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
کورتەباس
پەیامی کافکا
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
کورتەباس
سایکۆلۆژیەتی داهێنان
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
وێنە و پێناس
پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زاخۆ ساڵی 1927
پەرتووکخانە
نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
وێنە و پێناس
چەند کەسایەتییەکی شاری مەهاباد ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
دڵە بێ بەشەکان
وێنە و پێناس
پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
ژیاننامە
مهناز کاوانی
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
کورتەباس
فەلسەفە لە کوێ لە دایک بووە

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 1.141 چرکە!