ناونیشانی پەڕتووک: تاسەبار
ناوی نووسەر: #حەسەن شافێعی#
شوێنی چاپ: سوید
چاپخانە: 49 کتێب
چاپی یەکەم : 03-2022
چاپی دووەم 10-2022 [1]
تاسەبار
هەڵوەدام و کەیلە دڵ بۆ دیتنی کوێستانەکەم
تاسەبارم، تاسەباری خاکی کوردستانەکەم
وا پەڕیوەی بێپەڕوپۆی هەندەرانم داخەکەم
هەرچی دەڕوانم دەبینم دووره، دوورە ژوانەکەم
کۆڵەوارێکم ڕەبەن، ڕێبواری ڕێگەی سەخڵەتم
شۆرەکات و دڕک و داڵ و بەردە ڕێگە و بانەکەم
کۆچەرێکم هەڵگری سەر، وا لەپێناوی وڵات
ئەو مەلەم ئاکامی کۆچم، دێمەوە هێلانەکەم
بەرزە هەنگاوم بەرەو ئامانجی سەرکەوتن ئەڕۆم
تۆف و ڕێبەندان و زریان، ناتەزێنی گیانەکەم
دێم و بۆ ژوانێ دەچم تاپۆی شەو ئەدڕێنێ وزەم
ژوانی من ژوانی هەتاوه، ژوانگە، کوردستانەکەم
حەسەن شافێعی
حەسەن شافێعی لەبارەى شیعری تاسەبار بۆ خۆی ئاوا باسی دەکات: شیعری هەلۆەدا یان تاسەبار لە ساڵی 1992دا لە شاری تۆرەنتۆی کەنەدا، تازە ساڵێک بوو هاتبوومە کەنەدا شەوێکی هاوین بوو تەنیا لە هۆڵی ماڵەکەمدا دانیشتبووم، زۆر دڵتەنگبووم و بیرم لە زۆر شت دەکردەوه. بۆ وابوو ، بۆ واچوو بۆ وامان لێهات و زۆر دڵتەنگی کوردستان بووم.
کوتوپڕ کۆمەڵێک هەنگی وشەی جوان پوورەیان بەست و خێرا پێنووس و کاغەزێکم هەڵگرت و چوومە هەیوانەکی ماڵەکەم دەستم کرد بە نووسین. [2]