ناوەندی پەڕنووس (Nawendî Pernûs) بریتییە لە ناوەندێکی هۆشیاری و خۆبەخشی، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی تاک و هەروەها بوژاندنەوەی زانستخوازی لەناو کۆمەڵگەی کوردی.
بەر لە زانست و زانیاری، ئەوەی کە گرنگتر و لەپێشترە بریتییە لە حەز و خولیا بۆ فێربوون و زانخوازی. بۆیە، ناوەندی پەڕنووس لە ڕێگەی کار و بەرهەمەکانییەوە هەوڵدەدات کە تاکەکانی کۆمەڵگە – بەتایبەت نەوەی نوێ و لاوی تازەپێگەیشتوو – لەسەر بنەمایەک پەروەدە بکات تا هەمیشە پاڵنەر و هاندەرێکی ناوەکییان بەرەو ڕووی فێربووندا هەبێت و هەروەها بیروهۆشیان کراوەبێت.
ئەو ڕێگە و نەخشانەی کە ناوەندی پەڕنووس دەیگرێتەبەر لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکان، یەکەمینیان بریتییە لە نووسین و بەکارهێنانی هێزی نەمر و دوانەهاتووی پێنووس. ئەم نووسینانەش، دەکرێت هەر یەکێک لە شێواز و جۆرە جیاوازەکانی نووسین بگرێتەوە، ئازادانە بەپێی هونەر و توانستەکانی نووسەر، خۆی. دواتر، دەکرێت هەر ڕێگەیەکی تری شیاو بەکاربهێنرێت کە بتوانێت وەکوو هاندەرێک لەپێناو بڵاوکردنەوەی ئەو نووسینانە و بەرجەستەکردنی کاریگەرییەکانیان کارابێت. بۆ نموونە، پێشکەشکردنێکی دەنگی لەلایەن خوێنەرێکەوە، تاکوو هەر کەسێک کە نەیتوانی بەهەر هۆکارێک نووسینەکە بخوێنێتەوە ئەوا گوێ بۆ ئەو تۆمارە دەنگییە بگرێتەوە. یاخود، گرتەیەکی ناساندن، ڕوونکردنەوە و شیکاری، یان ئەوەتا درێژەدان بە باس و ناوەرۆکەکەی لەپێناو گەیاندنی باشتر و هەروەها زیاتری زانست و زانیاری. هەروەها، جگە لەمانەش، دەکرێت گرتەیەکی ژێرنووسکراوی وەرگێڕدراو هەبێت، کە لەگەڵ باس و ناوەرۆکی نووسینەکەدا گونجاوبێت بێ گوێدانە ئەوەی لە هەر زمانێکەوەبێت. بەڵام، ئەمانە و هەر ڕێگەیەکی تریش لاوەکییە، ئەوەی کە لە هەمووی گرنگترە و بنچینەییە بریتییە لە نووسینێکی جوان و ناوازە و ڕەوان و ڕێکوپێک.
ئەندامانی پەڕنووس، گشتی بریتییە لە لاوی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو کە هەر یەکێکیان خاوەن بەهرە و توانایەکی بێهاوتایە لە بوار و کارامەی خۆی، کە بەکاریدەهێنن و پێشکەشی دەکەن بە هەر یەکێک لەو شێوازانەی کە ناوەندی پەڕنووس دەیگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی. زۆرینە، بریتییە لە نووسەر و لە بواری کارامەی خۆیدا دەنووسێت. ئەوەی تر، وەرگێڕە و هەر بابەتێکی خوازراو کە بە پێویستی دادەنێت و دەزانێت کە کۆمەڵگە سوودی لێدەبینێت، وەریدەگێڕیت. لە هەمان کاتدا، بەشێکی تریان بریتین لە شارەزا لە کاری دیزاین و دەستکاریکردنی گرتەی ڤیدیۆیی و هەروەها کاری ژێرنووسی. جگە لەمانەش، دەکرێت هەر ئەندامێک، هەر کارێکی تر بەهەر شێوازێک ئەنجام بدات تەنیا ئەگەر ڕاستەوخۆ ئەو کارە لەگەڵ ئامانجی ناوەندی پەڕنووسدا هاوگونجاوبێت، یان ئەوەتا بە نا-ڕاستەوخۆ هاوکاری کارەکانی هەر ئەندامەکانی تربێت.
ناوەندی پەڕنووس، هەمیشە دەرگای بەڕووی هەر کەسێکدا کراوەیە کە خوازیارە خۆبەشبێت و لەم ئەرکە پیرۆزەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریدا هاوکارمان بێت. ئەگەر تۆ، خاوەن هەر بەهرە و توانایەکیت کە دەزانیت دەتوانێت سوودمان پێبگەیەنێت، هەروەها خاوەن هەستێکی خۆبەخشی و پاڵنەرێکیت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەو دروشمەی کە ناوەندی پەڕنووس بەرز ڕایدەگرێت، ئەوا هەر کات و ساتێک بێت تۆ دەتوانیت پەیوەندیمان پێوە بکەیت و دەستمان بگریت لەسەر ئەو ڕێگایەی کە گرتوومانەتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەمان و هەروەها خۆشمان بەهەمان شێوە. هیچ کامێک لە ئێمە، نایاب نییە و گشتمان کەموکووڕی خۆمان هەر هەیە، بەڵام لانی کەم، توانای خزمەتکردنمان بەڕێگەیەک هەیە و پڕبەتوانا پشتی یەکتر دەگرین و هەوڵدەدەین بۆ ناوەندی پەڕنووس بە یەکەوە. گشتمان، ئامانجی دیاریکراوی خۆمان لە ژیاندا هەیە، پەیامی تایبەتی خۆمان بۆ کۆمەڵگە پێیە و هەروەها بەهرەی خۆمان هەیە بۆ دەرخستن لەم کۆمەڵگەیە، بۆیە هەموو بە یەکەوە کاردەکەین و گەشە بە ناوەندی پەڕنووس دەدەین بەهیوای ئەوەی کە هاوکارمان بێت لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی کە بۆی دەژین.
لە ڕابردوودا، ناوەندی پەڕنووس بە ئاستەنگی و بارودۆخی نالەباردا تێپەڕبووە و بە زۆر حاڵەتی ڕووخێنەردا ڕۆیشتووە. بەڵام، هەمیشە لە ڕێگەی ئەندامانی دڵسۆز و خۆبەخشەوە هەستاوەتەوە سەر پێ و دووبارە دەستی بە کارکردن کردۆتەوە. ئێستاش، ئەمڕۆ، بە بەرگێکی تەواو جیاواز و شێوەیەکی ترەوە ناوەندی پەڕنووس خۆی دەردەخاتەوە. گشت کار و بەرهەمێکی ناوەندی پەڕنووس، لەمەودوا، لە ڕێگەی ئەم وێبسایتەی خۆیەوە بڵاودەکرێتەوە، کە ئەمەش بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش و ناوازەیە تاکوو گشت بابەتێکی نووسراو بۆ هەمیشە بەزیندوویی بهێڵدرێتەوە. هەروەها، ئەو بەشانەش کە کار و بەرهەمی تیادا بڵاودەکرێتەوە، هەروەک لە ڕووکاری وێبسایتەکەدا دەبینرێت، بریتین لە بەشەکانی زانست، فەلسەفە، کۆمەڵایەتی، تەندرووستی، وێژە، هونەر هەروەها ئاشنایی.
بەشی زانست، هەموو لقە هەمەجۆرەکانی زانست دەگرێتەوە، وەک کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی، جیۆلۆجی، شوێنەرناسی، گەردوونناسی، دەروونناسی، هتد. هەر بابەتێک کە سەر بە هەر یەکێک لە لقە زانستییەکان بێت، ئەوا لەم بەشەدا بڵاودەکرێتەوە. دواتر، بەشی فەلسەفە، هەموو بوارەکان و هەروەها جۆر و شێوەکانی فەلسەفە جیاوازەکان دەگرێتەوە لە هەموو ڕووەکانی ژیانەوە. گرنگ نییە کە فەلسەفەکە هی کام فەیلەسوف، کام ژیر و دانا، کام زانا، کام سەدە و سەردەمە، کام خاک و نەتەوە، یاخود کام ئایین و ڕێبازەیە، ئەوەی کە فەلسەفە بێت لەم بەشەدا بڵاودەکرێتەوە. بەشی کۆمەڵایەتی هەر بابەتێک دەگرێتەوە کە پەیوەست بێت بە ژیانی تاک و کۆمەڵگەوە، ئینجا لە هەر چین و ئاستێک یاخود هەر ڕوویەکی ژیانەوە. لە بەشی تەندرووستیشدا، بابەت لەسەر زانیاری گشتی تەندرووستی و هەروەها بەهەمان شێوە ئەو شێواز و ڕاییکارییانەش بڵاودەکرێتەوە کە ڕێنماییمان پێدەدات لەسەر بەکارهێنان و سوودوەرگرتنی ئەو زانیارییانە لە ژیانی ڕۆژانەمانەوە. ئینجا، بەشی وێژە، هەموو بابەتێکی وێژەیی و ئەدەبی بەهەموو شەقڵ و شێوەکانی دەگرێتەوە، لەگەڵ هەموو نووسینێکی تریش لەبارەی زمان و فەرهەنگەوە. هەروەها، هونەر، بە گشت شێوازەکانییەوە ئینجا لەهەر بوارێک، لە بەشەکەی خۆیدا بڵاودەکرێتەوە. بەڵام، ئاشنایی، بەشێکی تازەیە کە ئەگەر هەر بابەتێک کە لەبارەی ناساندن و ئاشناکردنی هەر کەسایەتییەک یاخود لایەنێکی دیاریکراو بێت، ئەوا تیایدا بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتییەکان دەکرێت زانا، دانا و فەیلەسوف، داهێنەر و دۆزەرەوە، هونەرمەند، نووسەر، وێنەکێش، شانۆکار، یاخود هەر شتێکی تر بێت، یان ئەوەتا دەکرێت لایەنێک بێت کە ئەو جۆرە کەسایەتییە هەمەجۆرانە لەخۆبگرێت. هۆکاری جیاکردنەوەی ئەمە بەشە بریتی بوو لەوەی کە کەسایەتی هەیە لە چەندین بواری ژیاندا شارەزا و کارامەیە، ئێمەش ناتوانین کە بابەتەکەیمان بڵاوکردەوە لەخۆمانەوە پەیوەست و سنوورداری بکەین بە هیچ کامێک لە بەشەکانەوە، بۆیە، بەشێکی تایبەتمان دانا بۆ هەر نووسینێک لەبارەی ئەو کەسایەتی و لایەنانەوە. نموونەش بۆ هەر نووسینێک کە ئەم بەشە بگرێتەوە، بریتییە لە خودی ئەم بابەتەی کە نووسراوە بۆ ئاشناکردن و ناساندنی ناوەندی پەڕنووس! ئەم جۆرە نووسینە، بەشی ئاشنایی دەگرێتەوە. [1]