ناونیشان: قومار لە #شنگال#
نووسەر: هێمن عەبدوڵڵا
ڕۆژی دەرچوون: 29-12-2014
ئەم ڕۆژانە لە شنگال مێژوو دووبارە دەبێتەوە. حیزبەکانی کوردستان لەجیاتی ئەوەی بیر لە کێشە گەورەترەکان بکەنەوە، خەریکی قومارکردنن بە شنگالەوە. دەڵێی لەپاش کارەساتی #هەڵەبجە#وە حیزبەکانمان تۆزقاڵێک نەگۆڕاون. ئەمەش شەرمێکی گەورەیە.
هەفتەی ڕابردوو، لە شنگال و دەوروبەری بووم. بەرلەوەی بچم، وێنەیەکی ڕوونم لەسەر ناوچەکە نەبوو. میدیای #پەکەکە# وای پێشاندەدات کە پێشمەرگە شەڕناکات و ئەگەر ئەوان نەبن #داعش# بەرەو چیای شنگال هەڵدەکشێ. میدیای یەکێتی قایلیان کردووین کە هێزێکی زۆر گەورەیان لەو ناوچەیە هەیە و زۆری نەماوە شنگال بگرن. میدیای پارتیش شەو و ڕۆژ پێداگیریی دەکات کە تەنیا پێشمەرگەی پارتی لەو بەرەیەن و کەسی دیکە فیشەکێکی نەتەقاندووە. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە هیچیان ڕاستناکەن.
جارێ دەبێ بزانین گرتنەوەی شنگال بۆ پێشمەرگە ئیشێکی قوورس نییە و پێویستی بە بازوو دەرپەڕاندنی حیزبەکانیش نییە. ئەو پێشمەرگانەش کە لە هەندێک گەڕەکی شنگال جێگیرکراون و شەڕدەکەن، شەڕی دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر چیای شنگال و ناوچە ئێزدینشینەکانی دیکە دەکەن نەک شەڕی ئازادکردنی شنگال. بۆیە کاتێک پەکەکە دەڵێت خەریکە شنگال کۆنترۆڵ دەکەین، ئەوە نوکتەیە. کاتێک یەکێتیش دەڵێت هێزەکانیان پێشڕەوییان کردووە، ئەوە بزانە ماستەکەیان مووێکی ئەستووری تێدایە. ئەگەر پارتیش گوتی هیچییەک لەو حیزبانە لەنێو شنگالدا فیشەکیان نەتەقاندووە، بزانە خەریکی ڕاستکردنەوەی بارێکە کە پێشتر خوار بووە.
شتەکان بەمشێوەیە دەستپێدەکەن: چوار مانگ پێش ئێستا داعش دێتە شنگال و ئەودیو و ئەودیوی چیای شنگال. بەمەش شنگالییەکان لە هەرێمی کوردستان دادەبڕێن و پێشمەرگە ناتوانن فریایان بکەون. لەو نێوانەدا #شەڕڤان#ان لە ڕۆژاوای کوردستانەوە کە هاوسنوورن لەگەڵ ئەو ناوچەیە، دێن و ئۆپەراسیۆنی قارەمانانە بۆ ڕزگارکردنی کوردی ئێزدی ئەنجامدەدەن. ئەوان تاکە هێز دەبن کە دەتوانن فریای ئێزدیان بکەون. لەنێو ڕۆژاوای کوردستانیش مەشق بە هەندێک لەو کەسە ڕزگاربووانە دەکەن و دەیانکەنە شەڕڤان و دەگەڕێنەوە چیای شنگال. بەڵام ژمارەیان کەم دەبێت.
لەو نێوانەدا ئەو پیاو و ژن و منداڵانەی بەرەو چیای شنگال دەچن، لە هەردوو دیوی چیاکەوە گەمارۆی داعشیان لەسەر دەبێت. پیاوەکان بڕیاردەدەن خۆیان بپارێزن و شەڕ بکەن. لە هەمووشی گرنگتر مەزاری شەرفەدین بپارێزن کە دووەم قیبلەی ئێزدیانی جیهانە. ئەوان دەبنە جەنگاوەرانی ئێزدی.
ماوەیەک دواتر پێشمەرگەش دەچنە سەر چیای شنگال و لە چوار مانگی ڕابردوودا شانبەشانی جەنگاوەران خەڵکی ئەوێ دەپارێزن. ئەو پێشمەرگانە پێشمەرگەی پارتین. پاش ئۆپەراسیۆنی هەفتەی ڕابردووی پێشمەرگە بۆ کردنەوەی ڕێگەی نێوان بادینان و چیای شنگال، گەمارۆکە دەشکێت و هێزێکی گەورەی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا جێگیر دەکرێت. شەڕڤانانیش لەوێ دەمێننەوە.
هەرچەندە بەرپرسانی یەکێتی پێیانگوتم هێزیان لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام بەرپرسانی پارتی و فەرماندەیەکی #یەپەگە#ش دەیانوت یەکێتی ئامادەگییەکی سەربازیی شایانی باسی لەو ناوچەیەدا نییە
شەڕڤانان چەکی سووکیان پێیە، ژمارەشیان زۆر نییە. ئەوان شانبەشانی پێشمەرگە شەڕدەکەن و شەهید و بریندار دەدەن، بەڵام ئەوەی لە میدیای پەکەکەدا لەبارەی قەبارە و ئامادەگیی شەڕڤانان دەگوترێت، پێشاندانی وێنەیەکی درووستی واقیعەکە نییە. مخابن قومارەکەش لێرەوە دەستپێدەکات. قومار لەسەر بەدەستهێنانی دەنگ و پشتیووانیی دارایی و مەعنەویی کوردانی ئێزدی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.
گرنگە بزانین وەکچۆن یەکێتی بە کردەوە لە شەڕی #جەلەولا#دا ڕۆڵی سەرەکیی لەنێو هێزە کوردییەکاندا هەبوو، ئاواش پارتی لە شنگال ڕۆڵی سەرەکیی هەیە. بەڵام نە لە جەلەولا یەکێتی بەتەنیا بوو، نە لە شنگالیش پارتی بەتەنیایە. بۆیە هیچییەک لە حیزبەکان ئیشی باش ناکەن کە قومار بە ناو و دۆزێکی گەورەی وەکوو شنگال و کوردە ئێزدییەکانەوە دەکەن. [1]