ناونیشان: ڕێککەوتنی ستراتیژی لەسەر کەرکووک
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #25-11-2015#
وەک چۆن کەرکووکی بەر لە هاتنی #داعش# بۆ کورد جیاواز بوو لە کەرکووکی پاش هاتنی داعش، ئاواش کەرکووکی پاش نەمانی هەڕەشەی داعش جیاواز دەبێت لەوەی ئێستا. کورد زیادەڕەوی و نادووربینی دەکات لە دژایەتیکردنی #حەشدی شەعبی# لە دەوروبەری کەرکووک، بەڵام نابێ وا بێ پلان بێت بۆ قۆناغی پۆست داعش و مانەوەی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە.
هێشتاش وێنەی فەرماندە ناقۆڵاکەی سوپای ئێراقمان لەپێشچاوە کە لە دەوروبەری کەرکووکەوە هەڕەشەی لە پێشمەرگە دەکرد و لوولەی تانکەکانی بە فەرمانی مالیکی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکرد. عەبدولئەمیر زەیدی ئەفسەرێکی عەرەبی سوننە بوو، بە ڕیمۆت کۆنترۆڵێک کوردی نیگەران دەکرد کە لە باخەڵی نووری مالیکی-ی عەرەبی شیعەدا بوو. کاتێک سوپاکەی زەیدی لەترسی داعش قووچاندی، پێشمەرگە زۆربەی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە جاران دەمانوت خاکی باشووری کوردستانن، بەڵام تازە بە خەونیش دەستمانناکەونەوە. نووسەری ئەم دێڕانە زۆرجار لە نووسینەکانییدا لەجیاتی دەستەواژەی ناوچە دابڕاوەکان کە لە ڕووداو وەکوو ستاندارد بەکاردەهات، دەستەواژەی ناوچە لەدەستچووەکانی بەکاردەهێنا، بەڵام پاش چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان، گەشبینی شوێنی بۆ ڕەشبینی کردەوە.
ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی #خورماتوو# پیشانیدا گەشبینییەکە واقیعبینانە نەبووە. چونکە ئەم جارە لەجیاتی ئەوەی کورد دەست و پەنجە لەگەڵ کۆنە ئەفسەرێکی سەردەمی بەعسدا نەرم بکات، حەشدی شەعبیی خۆفیداکار بۆ فەرمانڕەوایی شیعە لە بەغدا هاتووەتە ناوچەکە. حەشدێک کە بەناوی پاراستنی شیعەکانی پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەددین هاتوون، بەڵام لە قۆناغی پۆست داعشدا دەکرێ بۆ پاراستنی یەکپارچەیی ئێراق و ڕێگەگرتن لە لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە بەکاربهێنرێن.
#هەولێر# و بەغدا لەسەر زۆر دۆسیە ناکۆکییان هەیە، یەکێکیان دۆسیەی نەوتە کە ناکرێ بەبێ باسکردنی نەوتی کەرکووک، تێپەڕێت. ئەگەر بێت و لە قۆناغی پۆست داعشدا ئەو ناکۆکییانە هەر بەردەوام بن، هیچ ڕێگرییەکی یاسایی و کردەییش نییە بۆ ئەوەی بەغدا فەرمان بە حەشدی شەعبیی جێگیرکراو لە دەوروبەری کەرکووک بکات پێشمەرگە لە بیرە نەوتەکان و شوێنە ستراتیژییەکانی دیکە دەربکات. دەبێ ئەوەمان لەبیربێت کە حەشد هێزێکی یاسایی سەر بە دەوڵەتی ئێراقە و ئەو دەوڵەتە بۆ پاراستنی یاسا بەرکارەکانی بەغدا دەتوانێت بەکاریانبهێنێ.
کورد لەوەدا لە دژایەتیی حەشدی شەعبیدا زیادەڕەوی دەکات کە بیری چووە دوو گرووپەکەی حەشدی شەعبی لە یەکدی جیابکاتەوە. یەکێکیان ئەوانەن کە ڕۆڵەکانی ناوچەکەن و دەبێ کورد لەگەڵیان ڕێککەوێت، یەکێکیشیان ئەوانەن کە لە دوورەوە هێنراون و دەبێ بڕۆن. ئەو تێنەگەیشتنە لە پێکهاتەی حەشد وادەکات لەبیرمان بچێت کە هەر ئەو حەشدە لە ئاییندەدا دەتوانێت بە پاساوی پاراستنی تورکمانە شیعەکانی ناو کەرکووکیش تەدەخول بکات. یان دەتوانێت بە فەرمانی بەغدا یان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێرانی و پاراستنی هەژموونی ئەو دەوڵەتە لە کەرکووک، یان تەنانەت بۆ پاراستنی عەرەب و تورکمانەکانی نێو کەرکووک لەدەست کورد بێتە مەیدان.
ئێستا هەست دەکرێت پارتی و یەکێتی بەرەو ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ دەڕۆن. زۆر گرنگە لە ڕێککەوتنی ئەمجارەدا لەسەر چارەنووسی کەرکووک و شێوازی کارکردنی هەردوولایان لەو پارێزگایە و ناوچەکانی دەوروبەریشی ڕێککەوتنی ستراتیژی بکرێت. گرنگە ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە جگە لە یەکخستنی هێز و توانای کورد لەنێوەوەی کەرکووک، وابکات پێکهاتەکانی دیکەی وەک تورکمانی شیعە و سوننە و عەرەبی شیعە و سوننەی ناوچەکەش هەست بە دڵنیایی بکەن کە مافەکانیان لە چوارچێوەی کوردستاندا پارێزراون. ئەوکات هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی حەشدی شەعبی نامێنێتەوە و کورد کەمێک ئاسوودەتر خۆی بۆ قۆناغی پۆست داعش ئامادە دەکات. [1]