لەسەرەتای چاخی برۆنزدا، لەنێوان ساڵانی 3000 تا 2500 بەر لە زایین، بابەتەکانی گڵسازیی دیوی ڕۆژهەڵاتی #چیاکانی زاگرۆس# کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کەلتووری کور-ئاراس، یان ئەوەی بە ناوی کەلتووری ترانس-#قەوقاز#یش ناسراوە. باس لەوە دەکرێ کەلتووری کور-ئاراس لە حەوزی دەورووبەری ڕووباری کورە-ئاراس، دەرکەوتبێ. لەوێوە بە ڕووبەرێکی زۆر فراوانی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەناتۆلیادا بڵاوبووەتەوە.
چۆمی عەباس ئاباد لە بەرزاییەکانی ئەڵوەندەوە دێتە خوار، بە لای ڕۆژاوای تەپە پیسەدا تێدەپەڕێ. ئەو دەشتاییەی دەورەی هەمەدانی ئێستە (ئەکبەتانە) لە زەوییە هەرە بە پیتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو شوێنەاورە لەسەر ڕێگەی بازراگانی و هاتووچوونی نێوان میسۆپۆتامیا و تەختاییەکانی ئێران و ئەفگانستان بووە. هەر لەوێ، ئەکبەتانە پایتەختی مادەکان لەنێوان 728 تا 550 پێش زایین، دامەزراوە.
ماوەیەکی زۆربوو، تەپە پیشە سەرنجی شوێنەوارناسان و نێردەی ئەوروپاییەکانی ڕاکێشابوو، بە تایبەتیش چ. فۆسێی لە ساڵی 1913 وەک نوێنەری فەرەنسا لەو ناوچەیەدا ئەو کاتە بە دوای شوێنەواری ئەکبەتانەدا دەگەڕا، تاکە سەرچاوەی ڕۆژاوا لەو سەردەمەدا نووسراوەکانی هیرۆدۆتسی یۆنانی بوو تێیدا ناوی ئەکبەتانە هاتبوو، جارێ ئاشکرا نەبووبوو کە هەمەدان هەمان ئەکبەتانەی مادەکانە. هەڵبەت فۆسێی نەیتوانی هیچ پاشماوەیەکی ئەکبەتانە بدۆزێتەوە و هەموو گەڕانەکانی بەو شکستەی، ڕاوەستا.
یەکەمین بەڵگەی کاریگەریی کەلتووری کور ئاراس لە ئێران لە شوێنەواری تازەکەند (فارس کردوویانە بە یانیک تەپە) لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ، دۆزراوەتەوە. هەڵکۆڵینەکانی چارلس بێرنێی لەنێوان 1960 تا 1962 بڕێکی زۆری لەو پاشماوانەی کەلتووری کور ئاراس دۆزییەوە. خانووەکان شێوە خڕی تێکخزاو و بچووک بوون، تاق و عەمباری بچووکیان هەبووە. گڵسازییەکانییان بەدەست دەوستکراون و ڕەساسی ڕەشباو و سوورباو بوون، بە نەخشی ئەندازەیی دەرووژووری پێکراوە، ڕازاوەتەوە. هەندێکیان دوای دەرهێنانیان لە ئاگر، پڕ گەچ کراوە.
لە کاتی دۆزینەوەی شوێنەواری تەپە پیسە، جارێ لە جیهاندا کەلتووری کور-ئاراس نەناسراو بوو. لە هیچ کەلتوورێکی دیکەی چاخی برۆنز نەدەچوو. جگەلەوانیش، دۆزراوەکانی سەردەمی دەرکەوتنی مس بۆ ئەوکاتەی شوێنەوارەکانی ئەو ناوچەیە زۆر نوێ بوو، بۆیە بێرنێی پێی وابوو ئەو کەلتوورە لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتەوە سەرچاوەی گرتووە و بۆ تەپە پیسە هاتووە. چونکە ئەو کات وادەزاندرا، لە ڕۆژهەڵات ئەو شوێنەوارانە نین. بە دۆزینەواکانی شوێنەواری گۆدین تەپە لە باشووری تەپە پیسەیە و 80 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، ئەو بیرۆکەیەی یەکێتی سۆڤیەت بە تەواوی ڕووخا.
دوو وەرزی نوێی هەڵکۆڵین لە 2007 و 2008 لە تەپە پیسە بەردەوام بوو، سەرەتا ویستیان چینەکان و کاتی مێژووییان دیاری بکەن. پاشماوەی یەکەمین نیشتەجێ تا بەرزی 280 سانتیمەتر لە زەویەوە بەرزبوو. پارچەی گڵسازییەکانیان ڕەشی سوورکراوە بوون وسەر بە کەلتووری کور-ئاراسن، دوای لە ئاگر دەرهێنانیان پڕ گەچ کراون. زۆربەی نەخشی سەریان لەوانەی تازەکەند و شوێنەواری دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا، دەچوون.
دوو چاڵ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای تەپە پیسە لێدران، هەڵکۆڵین تا گەیشتە زەوی بنی بنەوە بە قووڵایی 8.9 مەتر بەردەوام بوو. لەلای ڕۆژهەڵاتەوە 29 چینی جیاجیای لێ دەسنیشان کرا، چینی بنی بنەوە ژمارە 29ی درایە. چینی 14 تا 29 لە قووڵایی 4.15 مەتردا بوو، پاشماوەکانی بە کەلتووری کور-ئاراس دەسنیشان کرا. بەڵام چینی 13 بۆ 2 لە قووڵایی 3.75 مەتردا بوو. چینی یەکەمیش 1 مەتر ئەستوور بوو، ئەمیان بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان دەگەڕایەوە.
چاڵەکەی لای ڕۆژاوای تەپە پیسە، تەنیا 8 چینی نیشتەجێی لێ دەستنیشان کرا. هەر هەموویان سەر بە کەلتووری کور-ئاراس بوون. بەرزی پاشماوەکانی 3.30 مەتر بوون. ئەو شوێنە نزیکەی 3.2 مەتر لە چۆمەکەی تەنیشتییەوە بەرزبووە. لەبەر ئەوەی قووڵایی پاشماوەکان لەوانەی بەشی ڕۆژهەڵاتی جیایە، دیارە لە کاتی خۆیدا، ئەو دوو بەشەی نیشتەجێیەکە لە یەکتری جیا بوون. [1]