ئازارەکەم
کوێ چووە ئەمساڵ برا خەمخوارەکەم؟
سەدهەزار خۆزگەم بە ساڵی پارەکەم!
چۆنی خۆش کەم دڵ، دەوای دەردم نییە
کۆڵەوارە خۆ دڵە زامدارەکەم!
سەد حەکیم چووم و دەوای دەردم نەبوو
بێ دەوا ما کاکی من ئازارەکەم
خەڵفی هیوام بێ لق و پۆپ مایەوە
وشک و بێ ئاوە گوڵ و گوڵزارەکەم
با «ئیمامی» ڕەق هەڵێ، بمرێ لە کێو
با نەمێنێ تەرمەکەم، ئاسارەکەم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]