ئاخ و سکاڵا
من و بسکی لە بەژنی بەرزی هاڵاین
وەکوو یەک، دەردەداری بەژن و باڵاین
مەکەن لۆمەی من و کەزیەی بڵاوی
کە ئاوبردەی جوانی و ئاڵوواڵاین
دەموچاوی ئەگەر سوغرا و کوبڕان
لەگەڵ دڵ بۆیە سەرگەرمی موتاڵاین
لەگەڵ بولبول بە جۆش و کوڵ لە باغی
بە ڕۆح وا موشتەری بازاڕی کاڵاین
من و کەزیەی وەکوو ماری بریندار
«ئیمامی» خاوەنی ئاخ و سکاڵاین!
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]