图书馆 图书馆
搜索

Kurdipedia是世界上最大的为库尔德信息来源!


Search Options





高级搜索      键盘


搜索
高级搜索
图书馆
库尔德人的名字
大事年表
来源
历史
用户集合
活动
搜索帮助吗?
出版
Video
分类
随机项目!
发送
发送文章
发送图片
Survey
你的反馈
联系
我们需要什么样的信息!
标准的属性
条款使用
项目质量
工具
大约
Kurdipedia Archivists
关于我们的文章!
添加到您的网站Kurdipedia
添加/删除电子邮件
访客统计
商品统计
字体转换器
日历转换器
语言和方言的页面
键盘
方便的链接
Kurdipedia extension for Google Chrome
Cookies
语言
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
我的帐户
登录
会员!
忘记密码!
搜索 发送 工具 语言 我的帐户
高级搜索
图书馆
库尔德人的名字
大事年表
来源
历史
用户集合
活动
搜索帮助吗?
出版
Video
分类
随机项目!
发送文章
发送图片
Survey
你的反馈
联系
我们需要什么样的信息!
标准的属性
条款使用
项目质量
大约
Kurdipedia Archivists
关于我们的文章!
添加到您的网站Kurdipedia
添加/删除电子邮件
访客统计
商品统计
字体转换器
日历转换器
语言和方言的页面
键盘
方便的链接
Kurdipedia extension for Google Chrome
Cookies
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
登录
会员!
忘记密码!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 大约
 随机项目!
 条款使用
 Kurdipedia Archivists
 你的反馈
 用户集合
 大事年表
 活动 - Kurdipedia
 帮助
新项目
统计属性
文章 517,441
图片 106,013
书籍 19,160
相关文件 96,492
Video 1,307
传记
塔拉巴尼
的地方
迪亚巴克尔
的地方
埃尔比勒
图像和说明
正在接受割礼的七岁少女,库尔德斯坦
نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران: خەزووری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسی بەشێکی هەواڵگریی [میت] بوو
小组: 文章 | 文章语言: کوردیی ناوەڕاست
Share
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
排名项目
优秀
非常好
平均
添加到我的收藏
关于这个项目,您的评论!
项目历史
Metadata
RSS
所选项目相关的图像搜索在谷歌!
搜索在谷歌选定的项目!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

شێخ عەبدولیلا فرات

شێخ عەبدولیلا فرات
کاوە ئەمین
نەوەیەکی #شێخ سەعیدی پیران# چیرۆکی ژیانی و کار و چالاکیی خۆی و خێزانەکەی دەگێڕێتەوە، دەڵێت: لە ساڵانی 1993 ژیتەم و پەکەکە پێکەوە ستەمیان دەکرد و خەڵکیان ناچارکردبوو کۆچ بکەن. سەبارەت بە ئەردۆغان ڕایگەیاند، کە ئەردۆغان سەرۆکێکی دادپەروەر نییە ئەگەر پشتگیری ئەوان نەبووایە نەدەبوو بە سەرۆکی شارەوانیی و پیاوێکی بێوەفایە.

لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا کە لەلایەن کاوە ئەمینەوە پێشکەش کرا، شێخ عەبدولیلا فرات ، نەوەی شێخ سەعیدی پیران سەرگوزەشتەی ژیانی خۆی و خێزانەکەی و خەبات و چالاکییە سیاسییەکانی گێڕایەوە و لەنێوانیاندا لە وەڵامی پرسیارێکی ڕووداو کە پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چۆن بووە وتی، چەند جارێک بینیومە، کەسێکی بێباوەڕ بوو، جارێک بۆ پیرۆزبایی دامەزراندنی فیدراسیۆنی ڕۆشنبیری لە ئەنقەرە چووینە بارەگەی فیدراسیۆنەکە محەمەد لەوێ بوو کوڕێکی بەڕێز بوو و دانیشتین لەگەڵیدا، دوای گفتوگۆ، کاتی بانگ بوو، پێمان وتن بەرماڵتان هەیە، دەمانەوێت نوێژەکانمان بکەن. بەڵام ئەوان وتیان خۆ ئێمە نوێژکەر نین، کەواتە بەرماڵیشمان نییە. ئێمەش چاکەتەکانی خۆمان ڕاخست و دەستمان بە نوێژی جەماعەت کرد. لەو کاتەدا ئۆجەلان هاتە ژوورەوە و لە محەمەد توڕە بوو، وتی'ئەوە چییە ئەو شەریعەت پەیڕەوانەتان هێناوەتە ئێرە و سەرکردایەتیان دەکەن لە نوێژدا'. خەریک بوو ببێتە شەڕ و لەیەکدی بدەن، بەڵام کەوتنە نێوانیانەوە و نەیانهێشت لەیەکدی بدەن. دواتر میت [دەزگای هەواڵگریی تورکیا] محەمەدیان گرت، زۆریان ئەشکەنجە کردبوو، باشیان لێدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کرد.

شێخ ئەبدولیلا فرات باسی سەردانێکی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەکات بۆ تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو کاتی تورکیا و دەڵێت: کاتێک من بینیمن، داوای لێکردم بچنە نێو پەڕڵەمانی تورکیا و من ئەو کات پەڕڵەمانتار بووم، ئەوانیش هەموویان قیافەیەکی کوردییانەیان هەیە، عەباو جبەی کوردیان لەبەردایە. تورکەکان کاردانەوەی سەیریان بەرانبەر ئەو شتانە هەبوو، وەکوو گورگ وابوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵک. ئەو کاتە حوسامەدین جندرۆک سەرۆکی پەڕڵەمان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و وتم وەفدی پارتێکی تورکمانی ئێراق لێرەن، نەدەکرا بڵێم پارتێکی کوردی! وتی نا! وتم بەڵێ لێرەن و دەیانەوێت پەڕڵەمان ببین، بەڵام لەبەر ئەوەی وەفدێکی فەرمیین با پۆلیس پاسەوانێتیان بکات.

نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران باس لەوە دەکات، کەسەرۆکی پەڕڵەمان ڕێبەری پەڕڵەمانی نارد بەدواماندا کە زمانی عەرەبی دەزانی، کاتێک بەرەو ساڵۆنی خواردنگەی پەڕڵەمان دەچووین، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەو ڕوومان هات، ئێستا ناوی ئەو 'تورکە سەگەم' لەبیر نییە، ڕێگەی لێگرتین و دەستی بەهاوار هاوار کرد، دەینەڕاند، مستەفا کەمال ئەتاتورک تۆ لە کوێی؟ ئەوەتا نەوەکانی شێخ سەعید بوون بە ئەندام پەڕڵەمان و بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون نوێنەرانی پارتی ئیسلامی کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەناو پەڕڵەماندا دەیانگێڕن، شاتەشاتی زۆر کرد، گوێمان نەدایە و بەرەو ساڵۆنەکە ڕۆیشتین.

لە درێژەی گوتەکانی عەبدولیلا فرات دەڵێت: سەیرم کرد ئەرداڵ ئینینۆ کوڕی عیسممەت پاشا هاتە ژوورەوە، وتم ئینجا نۆرەی ئەمەیە، دەبێت ئەم چی بڵێت! وتم ئەگەر قسەیەکی خراپی کرد، چی دەبێت با ببێت، کورسییەک دەکێشم بە تەپڵی سەریدا. هات لە پشت ئێمەوە دانیشت، بانگی کردم بەڕێز فرات دەتوانیت دەقەیەک بێیت بۆلام! کە چووم وتی بیستوومە وەزیری دەرەوە بەرانبەر میوانەکانت کاری نابەجێ و قسەی پیسی کردووە، پێمخۆشە بێم بۆ لای میوانەکانت داوای لێبووردنیان لێبکەم. ئەرداڵ ئەو کاتە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان بوو، بردمە لای خۆمان و لەگەڵمان دانیشت. داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە وەزیری دەرەوە قسەی نابەجێی کردووە و وتی ئێمە هەموو خەڵکی وڵاتێکین و کەسمان غەریبە نین، هیوادارم لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن. شێخ عوسمان شتێکی وت کە لەبیرم ناچێتەوە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکەکان وەکوو برا بین، ئەوە ئەمریکایە کە تەفرەقە دەخاتە نێوانمانەوە.

نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران چیرۆکی سەردانیکردنی بۆ لای سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەڕڵەمانتاری هەدەپ دەکات و ڕایگەیاند، ساڵی 1994، هادەپ 25 ئەندام پەڕڵەمانی هەبوو، کۆبوونەوە و وتیان دەمانەوێت بچینە لای سەرۆککۆمار، ئەو کاتە سڵێمان دیمیڕاڵ سەرۆککۆمار بوو، وتیان، دەچین باسی ئەو ستەم و زۆرەی بۆ دەکەین کە لە ڕۆژهەڵات [باکووری کوردستان] دەکرێت، ئەو کاتە لە خەڵک دەدرا، خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، ستەمێکی بێ ڕادە بەدەریان بەرانبەر کورد دەکرد، من وەکوو کوردێکی ناو پارتی ڕەفا لەگەڵیان چووم، کوردەکانی دیکە نەهاتن، من لە پێش ئەوانەوە گەیشتمە شوێنی دیدارەکە، بەڵام کاتێک چووینە ژوورەوە ئەوان پێش من کەوتن، من لە دوای ئەوانەوە چوومە ژوورەوە، سڵێمان دیمیراڵ بەپێوە وەستابوو، بەخێرهاتنی کردین، کە دانیشتین دمیراڵ وتی کاک فرات فەرموو جەنابتان وەرنە لای منەوە دابنیشن.

هەروەها باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار ڕووی لە ئەندامەکانی هادەپ کرد و وتی، منداڵینە (چوجوقلەر) ، ئێوە هەرگیز نابن بە میللەت، لە تورکیا ئەوەی کە زۆرترین خزمەتی بە کورد کردووە شێخ سەعیدە، من دەبینم نەوەی شێخ سەعید لەگەڵ ئێوەدا هاتووە، خۆتان پێشکەوتن و ئەوتان خستە دوای خۆتانەوە، ئەگەر ئێوە میللەتێکی باش بوونایە دەبوو عەبدولیلاتان بخستایەتە پێش خۆتانەوە، ئەو کاتە من زیاتر خۆشحاڵ دەبووم و دەموت بزانە ئەمانە قەدری گەورەکانی خۆیان دەگرن، ڕێزی ئەوانە دەگرن کە خزمەتی میللەتەکەیانی کردووە، بەڵام دیقەتمدا کەستان سڵاوێکتان لە ئەبدولیلا نەکرد.!

عەبدلولیلا فرات وتی، ئێوە درۆزنن، کورد نین، ئەگەر کورد هەبێت عەبدولیلایە. کەسیان وەڵامیان نەدایەوە. ئینجا باسی مەسەلەی کوردیان کرد. کە تەواو بووین، دیمیراڵ وتی تۆ بمێنەرەوە، پێی وتم ئا ئەمە میللەتەکەی ئێوەیە بۆیە نابن بەهیچ، گرووپێکی بیست کەسیان درووستکردووە، وەختێک مرۆڤ نەبێت بە مرۆڤ، حیزب بەدەردی چی دەخوات! وتی ئەگەر ئەوان تورک بوونایە، تۆیان دەخستە پێش خۆیانەوە.

دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ شێخ ئەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران، بەشی دووەم

ڕووداو: سوپاست دەکەم کە لە گفتوگۆکەمان لەگەڵماندا بەردەوامیت.

شێخ ئەبدولیلا فرات: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم.

ڕووداو: ئێوە لە سوورگون (مەنفا) لەدایک بوون؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، وایە. من لە ژیانی دیلایەتیدا لەدایک بووم، ئازار و ناخۆشییەکی زۆرمان بینی، خێزانەکەمان ڕووبەڕووی برسێتی و هەژاری و دیلێتی بووەوە، پەیوەندییان لەگەڵ کوردستان نەما، لە دۆستەکانیان دابڕان. نەیاندەهێشت کەس قسەیان لەگەڵدا بکات، پەیوەندییەکان بچڕان. کەسوکارمان لەژێر چاودێریی سەربازیدا بوون، نەیاندەهێشت شێخ عەلی ڕەزا سەردانی مزگەوتیش بکات. دواتر من سەردانی ئەو شوێنەم کرد، میدیە دەکەوێتە سەر کەناری دەریای ڕەش، ئەوەش بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری و یاداوەریەکان، لەوێ پێیانوتم سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ شێخ عەلی ڕەزایان هێنایە ئێرە، والی و بەرپرسە سەربازییەکان بە خەڵکەکەیان ڕاگەیاند کە نابێت بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ شێخ عەلی ڕەزا گرێ بدەن. دوای دوو ساڵ ڕێگەیاند، شێخ عەلی ڕەزا سەردانی مزگەوت بکات، نیوەڕۆ و ئێواران دەچووە مزگەوت. خەڵکی تراخێ دەهاتنە بەردەم ماڵەکانیان و تەماشای شێخ عەلی ڕەزیان دەکرد، ئەوان لەوە تێگەیشتبوون کە زانا و پیاوچاکێکی بەناوبانگە، خەڵک خۆشیان دەویست، دوای ئەوە پەیوەندی شێخ عەلی ڕەزا و خەڵک درووست بوو. ماوەیەک دوای ئەوە، نەخۆشی (لەرز و تا) بڵاو دەبێتەوە و چەند کەسێکیان لێ دەمرێت، بۆیە دەیانگوێزنەوە بۆ گوندێک کە دەکەوێتە ناو دارستانێکەوە، گوندێکی خۆشە، من لەو گوندە لە دایک بووم، دایکم دەیوت ئەوەندە فەقیربووین، هیچمان نەبوو تێتەوە بپێچین، مەجبوور کراسەکەی خۆمم دڕی و تێمەوە پێچایت. بەو شێوەیە بەهەژاری و نەداری دەستمان بە ژیان کرد.

ڕووداو: تاوەکوو کەی لەو شوێنە (کرکلەرێلی) مانەوە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: تا ساڵی 1947، دوای ئەوە بەر لێبوردنێک کەوتین، گەڕاینەوە بۆ وڵات، شێخ عەلی ڕەزا قوتابخانەکەی خۆی کردەوە و دەستی بە وانە وتنەوە کرد، بەڵام نەیاندەهێشت شێخ عەلی ڕەزا بەم لاولادا بڕوات، بۆ نموونە نێوان خنووسێ و شارۆچکەکەمان تەنیا چوار کیلۆمەتر بوو، کاتێک بیویستایە بچێت بۆ ئەوێ، دەبوو موختار خەبەر بە قایمقام بدات، ئەگەر ڕازی بوایە دەیتوانی بچێت، ئەگەریش ڕازی نەبوایە نەیدەتوانێت لە گوندەکە دووربکەوێتەوە.

ڕووداو: باوکت تێکەڵاوی سیاسەت بوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر، خۆی تێکەڵاوی سیاسەت نەکرد. ساڵی 1966 لە ئەرەزرۆم، بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، خانووەکانمان ڕووخان و قوتابخانەکانمان تێکچوو، ناچار ڕوومان لە شاری ئەلعەزیز کرد، ڕۆژێک نەجمەدین ئەربەکان هات، ئەو خۆی نەناساند، وتی، ئەگەر ڕێگام بدەن هاتووم زیارەتی شێخ عەزیز ئەفەندی بکەم! شێخ عەزیز ئەفەندی لێی پرسی تۆ کێیت و بۆچی هاتوویت؟ ئەربەکان وتی من کوڕی سەبری ئەفەندیم کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە ئەرەزرۆم قازی بووە. سەبری ئەفەندی زانایەکی گەورەبووە، قازییەکانی سەردەمی عوسمانی عالم بوون، کاتێک شێخ سەعید ئەفەندی بچووبایەتە ئەرەزرۆم سەردانی دەکرد و گفتوگۆیدان دەکرد. شێخ عەزیز ئەفەندی بەو دیدارە خۆشحاڵ بوو. لە ئەربەکانی پرسی، بەچییەوە مەشغوڵی؟ ئەربەکان وەڵامی دایە کە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ بەشی تەکنیک دەخوێنێت. هەر ئەو کاتە قایمقام هات بۆ لای شێخ. ئەربەکان لە شێخ عەزیز ئەفەندی پرسی، لە ئیسلامدا مافی دارستانە چییە؟ دوای ئەوەی بۆی ڕوونکردەوە، ئەربەکان باسی ڕیفۆرمی زەوی و زاری کرد، پرسی دەربارەی دابەشکردنی (پێدانی) زەوی بەسەر خەڵکدا چی دەڵێت؟

شێخ ئەفەندی وتی، کاتێک عومەری کوڕی خەتاب دەبێت بە خەلیفە، دەوروبەری ڕووباری نیل بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکات، خەڵکی ئەو دەوروبەرە هیچیان نەبوو، زەوی بەسەر جووتیارەکاندا دابەش کرد، کەواتە لە تورکیاش ئەگەر زەوی دەوڵەت هەبێت دەتوانێت بیدا بە خەڵک بەو مەرجەی دادپەروەرانە بێت. موناقەشەکە ئاوا بوو. دواتر شێخ عەزیز ئەفەندی بەهۆی نەخۆشییوە چووە ئەنقەرە، ئەو کاتە نەجمەدین ئاربەکان مامۆستای زانکۆ بوو، ڕۆژێک بەڕێکەوت بینیمان، لێیپرسین هیچ خەبەرێکتان لە جەنابی شێخ هەیە؟ وتمان ئەوە لێرەیە لە ئەنقەرەیە، زۆری پێخۆش بوو، داوای لێکردم بیبەم بۆ خزمەتی. ئێوارەبوو کە بردم بۆ لای شێخ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شێخ کە لە زاناکانی دیکەی تورکیادا نەبوو، زانیارییەکانی بوو لەسەر سیستمە سیاسییەکانی دنیا، لە کاپیتاڵیستەوە بگرە هەتا کۆمۆنیزم و بیروباوەڕە جیاوازەکانی دیکە، وەختی خۆی شێخ سەعید ئەفەندی وەکوو سەرۆکی دەوڵەت پەروەردەی کردبوو. زاکیرەیەکی یەکجار بەهێزیان هەبوو، پەرتووکیان ئەزبەر کردووە. ئەو کاتەی کە لە تەراغە بوو، کەسێک نامەیەکی بۆ دەنێرێت، لەنامەکەدا هەڵبەستێکی جەلالە دینی ڕۆمی بۆ دەنووسێت، کاتێک هەڵبەستەکە دەخوێنێتەوە شێخ عەزیز ئەفەندی دەست بە گریان دەکات! کاتێک لێی دەپرسن بۆچی دەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: وەختی خۆی باوکم وەسێتی بۆ کردم کە پەرتووکی مەسنەوی بخوێنەرەوە کە لە 10 بەرگ پێکدێت، ئەزبەری بکەم، بەڵام ئەوەبوو منیان نەفی کرد و ئەو دەرفەتم بۆ نەڕەخسا ئەو کارە بکەم، ئێستا کە ئەو هەڵبەستەم بینی، شێخ سەعیدم بەیادهاتەوە بۆیە گریام.

ڕووداو: باشە، با بگەڕێنەوە سەر ئەربەکان، ڕاستە دەڵێن ئەربەکان کوردە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: دیارە ئەو خۆی سەربە عەشیرەتێکی کوردە، عەشیرەتی خۆزانییەکان.

ڕووداو: ئەو خۆی دەیوت کە کوردە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: باوکی ئەربەکان گوتبووی کە کوردن، ئەویش دەیوت، بەڵام بە منی وت ستەم و زۆرێکی زۆرمان لێکراوە، کە مردم ئینجا بڵاوی بکەرەوە کە من کورمانجم (کوردم) .

ڕووداو: کەواتە ئەو لەلای تۆ ددانی بەوەداناوە کە کوردە، بەڵام کوردی نەدەزانی؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، وایە، ئەربەکان لە ئیستنەبووڵ گەورە ببوو، باوکیشی قازی بوو لە ئەرەزرۆم. دواتر مستەفا کەمال قانونێکی دەرکرد، شتێک ڕوویدا کە بە یاخیبوونی شەپقە ناوی دەرکرد، نزیکەی 200 بۆ 300 کەسیان کوشت، ئەوەبوو باوکی ئەربەکانیان نەفی کرد بۆ سینۆپ کە لە دەریای ڕەشەوە نزیکە، لەوێ ژنەکەی دەمرێت و ژنێکی گورجی دەهێنێت، ئەربەکان خوشکەزای گورجییانە، دواتر دەچێتە ئیستەنبووڵ و لەوێ گەورە دەبێت.

ئەربەکان زۆر کوردی خۆشدەویست و بەردەوام دەیوت کە بڕۆن زانا و ئاقڵمەندە کوردەکان بهێننە ناو پارتەکەمانەوە، تەنیا کوردەکانن کە دەنگمان پێ دەدەن، ئەگەر کوردەکان دەنگ بە ئێمە نەدەن، ئەوا زەرەرێکی زۆر لەم حکومەتە دەکەن.

ڕووداو: بەڵام یاشێخ، کورد چ خێرێکیان لە ئەربەکان و حیزبەکی بینی؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان، ستەم و زۆری تورکەکانی باس دەکرد، ستەم و زۆری سوپا و ژیتەمی باس دەکرد، ئەو کۆمەڵکوژییانەی دەیانکردن و ماڵ و حاڵی خەڵکیان تاڵان دەکرد. بۆ نموونە کاتێک من لە ساڵی 1992 بوو یان 1993 بوو، ئەو کاتە ژیتەم لە لایەک و پەکەکەش لەلایەکی دیکەوە ستەمیان دەکرد، خەڵک ناچاربوون کۆچ بکات.

ڕووداو: بۆچی دەڵێیت پەکەکە ستەمی دەکرد؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: دەیانوت دەبێت مەیل بدەن بە ئێمە، ئێ دەوڵەتی تورکیا زۆر زاڵمە، مرۆڤ نەیدەتوانێت بە ئاشکرا مەیلداری پەکەکە بێت، دەوڵەت خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، وێرانت دەکات، تاڵانت دەکات، ئەوەی پێی دەگوترێت ئینساف و مەرحەمەت لە دەوڵەتی تورکیادا نییە، ئێ تۆ بێیت مەیلت بۆ خەڵکانێک هەبێت کە ئامۆزا و پورزاتبن و پێشتر پەکەکە بووبێتن یان پێشتر هاوڕێت بوون و پەکەکە بوون، حکومەت دەتگرێت، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە زیندانەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.

ڕووداو: باشە یاشێخ ئێوە دەڵێن داواتان دەکرد کورد دەنگتان پێ بدات، ئەی ئێوە لە پەڕڵەماندا بە قازانجی کورد چیتان کرد، لەلایەنی فەرهەنگی و زمانەوە، هیچتان کرد؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: زۆرجار لە سیمینارەکاندا کە سێ مانگ جارێک ڕێکی دەخست دەیوت ئەگەر لە کوردستان پیشەسازی پێشبکەوێت، ئەوا دەوڵەت ناتوانێت زۆر ستەم لە خەڵک بکات، خەڵک گرێدراوی دەوڵەت دەبێت، ئەوانەی کە دەچنە بەر خوێندن زۆرتر دەبن.

ڕووداو: بەڵام ئەمەش جۆرێک لە توانەوە (ئاسیمڵاسیۆن) نییە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: جارێک ئەربەکان لە بینگۆڵ لە گردبوونەوەیەکدا بەشداربوو، منیشی لەگەڵ خۆی برد، بە فڕۆکە چووینە ئەلعەزیز لەوێ سواری هەلیکۆپتەرێک بووین، فەرماندەی سوپاشمان لەگەڵدا بوو، بەرپرسی ئیستیخباراتمان لەگەڵدا بوو، فەرماندەی جەندەرمە و ئەمینداری گشتیی وەزیری بەرگریشمان لەگەڵ بوو، هەلیکۆپتەرەکە بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەرۆیشت کە خاکی شێخ سەعید بوو، پالۆ، ئەو شوێنانەم پێشانی ئەربەکان دا کە بە ئاڵای تورکیا داپۆشرابوو، نووسرابوو (خوا تورک ڕزگار بکات) ! کاتێک گەیشتینە بینگۆڵ ئەربەکان لە وتارەکەیدا وتی کاتێک بەرەو ئێرە دەهاتین، ئەبدولیلا ئەو شوێنانەی پێشاندەدام کە هەمووی بە درووشمی (خوا تورک ڕزگار بکات) داپۆشرابوو، داوای کرد شتی وا بەرانبەر کورد مەکەن، لەسەر خاکی ئەوان ئەم شتانە مەنووسن، دەنا ئەوانیش دەڵێن خوا کورد ڕزگار بکات، ئەوە دەبێتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی و نەفرەت لەنێوانماندا درووست دەکات، واز لەو کارانە بهێنن! لەسەر ئەو قسانە ئەوەبوو لە پڕۆسەی کودەتای 28 شوبات 1997، ئەربەکانیان کەنارگیر کرد و پۆستی سەرۆکوەزیرانیان لێوەرگرتەوە.

ڕووداو: باشە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ئەو کاتەی کە خوێندکار بوویت، ئایا کاتێک خوێندکار بوویت، پەیوەندیت لەگەڵ گرووپە ئیسلامی و ڕاستڕەوەکان دا هەبوو؟ کۆمەڵەی خوێندکاران هەبوو؟

شێخ عەبدولیلا فرات: لەو سەردەمەدا ڕێکخراوی تورکەشچییەکان ئەوانەی سەر بە (مەهەپە) هەبوون، زۆر بەهێز بوون، چەپ و سۆسیالدیموکراتەکانیش هەبوون، لە سەرووی ئەمانەشەوە دۆغو پەرینچەک هەبوو، بەڵام ئەو ئەفسەری هەواڵگری بوو، لەبنەچەدا خۆی فەلەیە، سۆسیالیست هەبوون، پارتی کرێکارانی تورکیا هەبوو. هەروەها خوێندکاری ئایینی کوردیش هەبوون، ئەوە ئێمە بووین، تورکیشمان لەنێودا بوو، پێیان دەوتین پەیڕەوانی شەریعەت. ئێمە بەرگریمان لە ئیسلام دەکرد. سیمینار و کۆبوونەوە دەکرا، لەوێدا بیروباوەڕی خۆمان دەهێنایە گۆڕێ، ئەوانیش بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی و دەبوو بە مشتومڕمان.

ڕووداو: هیچ ڕێکخراوێکتان هەبوو؟

عەبدولیلا فرات: ڕێکخراوی خوێندکاران هەبوو، پارتە سیاسییەکانی وەکوو مەهەپە، سۆسیالیست، سۆسیالدیموکراتەکان و لیبراڵەکان هەرەیەکە و لیستی خۆی دیاری دەکرد، هەریەکە کاری بۆ خۆی دەکرد؟

ڕووداو: ئێوە لیستی سەربەخۆتان هەبوو؟

عەبدولیلا فرات: ئێمەش لیستێکمان درووست دەکرد. لە زۆر شوێندا بەقازانجی ئێمە شکایەوە، ئاخر ئەوان بەگژیەکتردا دەچوون و پەرش بڵاودەبوونەوە و ئێمەش کەڵکمان لێوەردەگرت.

ڕووداو: ئێوە ڕێکخستنێکتان بەناوی (چرا) درووستکرد، ئەوە ساڵی چەند بوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ساڵی 1969 بوو، لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی خوێندکاری زۆر بوون. ناڕەزایەتی هەبوو، گردبوونەوە هەبوو، دەستە و تاقم درووست دەبوون. بەهۆی قەدەغەکردنەکانەوە، ناوی ئێمەیان نابوو گرووپی چرا، بە واتایەکی دیکە ڕووناکی. بەو شێوەیە خەباتی خۆمان بەڕێوە دەبرد.

ڕووداو: ڕێکخراوی چرا تەنیا کوردەکان ئەندام بوون تێیدا؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: تورکە شەریعەتچییەکانیشمان لەگەڵ بوو.

ڕووداو: ئێوە لەگەڵ تورکە شەریعەتچییەکاندا چۆن لەسەر مەسەلەی کورد ڕێکدەکەوتن، دانیان بە مافی کورددا دەنا یان تەنیا شەریعەت کۆیدەکردنەوە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: مەیلیان بەلای ئێمەدا هەبوو، کاتێک هەڵبژاردن دەکرا دەنگی خۆیان بە ئێمە دەدا، ئێمەش مەیلمان بەلای ئەواندا هەبوو.

ڕووداو: لەگەڵ سۆسیالیست و چەپەکاندا بەگژیەکتردا دەچوونەوە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ڕووداوی گەورەگەورە ڕوویاندەدا. بۆ نموونە ڕۆژێک لە کار بووین، لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران پێکەوە بووین، وتیان شەڕ قەوماوە. ئێمەش چووین بزانین لە کێ دەدەن، بۆمان دەرکەوت کە خەریکە کەسێک دەکوژن، دڵنیا نەبووین کێیە، بەڵام فریایی کەوتین و ڕزگارمان کرد. ئەو قوتابییە وتی فریام بکەون بمخەنە ناو ئۆتۆمبیلەکەمەوە و بمبەن، مارسیدسێکی وەرزشی ئەخیر مۆدیلی پێبوو، وتمان ئێمە و ئۆتۆمبێل؟ ئێمە شۆفێری نازانین. تەکسییەکمان گرت و سوارمان کرد بۆ نەخۆشخانەمان برد. لەوێ وتی بەو ژمارە تەلەفۆنە کەسوکارم ئاگادار بکەن با بێن بەلامەوە. تەلەفۆنمان کرد، پۆلیس هاتن بۆ ژوورەکە، هەروەها ژنەکەی دەمیراڵ خاتوو نەزمیش هاتبوو، بەلامانەوە سەیر بوو، ئەو لێرە چی دەکات؟ تێگەیشتین کە ئەو خوێندکارە ژن برای سڵێمان دمیراڵ بوو. بە خوشکەکەی گوت، سوپاسی ئەبدولیلا و جەماعەتەکەی بکە کە فریامان کەوتن، ئەو نەبوایە دەیانکوشتم. دوای ئەوە پزیشکەکان کۆبوونەوە و تیماریان کرد و سواری ئەمبوڵانسێکیان کرد، ئێمەشیان لەگەڵ خۆیان برد و چووین بۆ ماڵی دیمیراڵ. ئەو کاتە خوێندکارەکان هەژار بوون، خواردنێکی خۆشیان بۆ ئامادەکردین و خزمەتیان کردین، خۆشحاڵیان کردین.

ڕووداو: ئەو کاتە دیمیراڵ پۆستی چی هەبوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەو کاتە سەرۆکوەزیران بوو، هەر خۆشی هات بۆلامان سوپاسی کردین. پاشان تەلەفۆنی بۆ وەزیرەکەی خۆی کرد و داوای لێکرد کە سەد لە هاوڕێکانی ئەبدولیلا بکەنە فەرمانبەر، چونکە ئەمانە هەژارن، بەوشێوەیە هاوڕێکانمان بوونە فەرمانبەری حکومی. بەوشێوەیە مەیلیان بۆ ئێمە پەیدابوو، ئێمەش مەیلمان بۆ ئەوان هەبوو، نەماندەزانی ئەوانە کێن، بەڵام نەماندەویست لە زانکۆکەدا ستەم لە کەس بکرێت. کاتێک بمانبینیایە ستەم دەکرێت، یەکسەر خۆمان تێهەڵ دەقورتاند، ئەوان نەیاندەوێرا لەگەڵ ئێمە شەڕ بکەن. بۆ نموونە بوڵند ئارنج ، ماوەیەک پەڕڵەمانتاری ئێمە بوو لە پارتی ڕەفا. ئەو کاتە ئێمە لە کۆلێژی حقوق دەمانخوێند، لە مەرحەلەی یەکەمدا بووین، بوڵند لە مەرحەلە دوو دەیخوێند، ئەو کاتە لایەنگری نوورچییەکان بوو، ڕۆژێکیان قوتابییە سۆسیالیستەکان گرتبوویان تێڕوپڕیان لێدابوو، پەرێشانیان کردبوو، وتی لە مزگەوت دەریان هێنام و زۆریان لێدام و خراپیان بەسەرهێنام.

پێمان وت با بچین تۆڵەیان لێ بکەینەوە، ئەو قوتابییانەی کە لێیاندابوو پێشان داین، ئێمەشە هەڕەشەمان لێکردن و گەڕاینەوە.

ڕووداو: پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک دەبرا؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر چەک بەکارنەدەهێنرا، بە دەست و مەچەکمان شەڕمان دەکرد.

ڕووداو: باسی دیدارێکی خۆت و ئۆجەلانمان بۆ بکە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: کۆمەڵە کوردییەکان خەریکی دامەزراندنی فیدراسیۆنی یانەکانی ڕۆشنبیری بوون. کەسێک هەبوو بە ناوی محەمەد خەڵکی بینگۆل بوو، کوڕێکی زۆر بەڕێز بوو، بڕیار بوو ئەو سەروکاری ئیشەکە بکات. ئێمەش وتمان با بچین پیرۆزبایی لێبکەین. ئۆفیسەکەیان دەکەوتە سەر شەقامی زیا گۆکاڵپ لە ئەنکارا. ئەوەبوو چووین، پیرۆزباییمان لێکردن و دانیشتین. دوای گفتوگۆ، کاتی بانگ بوو، پێمان وتن بەرماڵتان هەیە، دەمانەوێت نوێژەکانمان بکەن. بەڵام ئەوان وتیان خۆ ئێمە نوێژکەر نین، کەواتە بەرماڵیشمان نییە. ئێمەش چاکەتەکانی خۆمان ڕاخست و دەستمان بە نوێژی جەماعەت کرد. لەو کاتەدا ئۆجەلان هاتە ژوورەوە و لە محەمەد توڕە بوو، وتیئەوە چییە ئەو شەریعەت پەیڕەوانەتان هێناوەتە ئێرە و سەرکردایەتیان دەکەن لە نوێژدا. لە مەحەممەد توڕە بوو، خەریک بوو ببێتە شەڕ و لەیەکدی بدەن، بەڵام کەوتنە نێوانیانەوە و نەیانهێشت لەیەکدی بدەن. دواتر میت (دەزگای ئیستخیباراتی تورکیا) محەمەدیان گرت، زۆریان ئەشکەنجە کردبوو، باشیان لێدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کرد.

کە محەمەد گیرا، ئێمە داوامان لە ژنبراکەی دەمیراڵ کە ناوی عەلی شەنەر بوو کرد کە بەدواچوونێک بکات، بەڵکوو محەمەد بدۆزنەوە، ئەوە بوو محەمەدیان لە کونجێکی میت پەیداکرد، بەڵام زۆریان ئەشکەنجەدابوو، پەرێشان بوو، هەرگیز چاک نەبووە، هەر بەو هۆیەشەوە گیانی سپارد. خەزووری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسی بەشێکی دەزگەی ئیستیخبارات بوو.

ڕووداو: لە نزیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلانت دەناسی؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: من تەنیا یەک دوو جار بینیومە.

ڕووداو: ئەو کاتە ئەو چەپ و مارکسیست بوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: کەسێکی بێدین بوو.

ڕووداو: بەڵام دەڵێن پێشتر کەسێکی بڕوادار بووە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: درۆ دەکەن.

ڕووداو: لەسەر پەیوەندی (مەهەپە) یەکان و ئیسلامییەکان بەتایبەتیی لە شارێکی وەکوو بینگۆڵ، دەڵێن پێکەوە کاریان کردووە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: هەندێک مرۆڤی گەمژە و نەزان هەن کە بە تەعەسوبەوە کار دەکەن، وابیردەکەنەوە کە بەو شێوەیە دژایەتیی کۆمۆنیست و بێدینەکان دەکەن، بۆیە دەڵێن هەرچۆنێک بێت ئەگەر (مەهەپە) ییەکان تورکیشبن، تورکێکی موسڵمانن، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ئەوان کاربکەین باشترە، ئەوە خەتایەکە و دەیکەن، ئاخر ئەوانە بێشعورن، میللەتێک کە شعوری نەبێت دەکەوێتە هەڵەوە، میللەتێک کە شعوری نەبوو، ناتوانێت دۆست و دوژمنی خۆی لەیەک جیابکاتەوە، بێگومان دەکەونە هەڵەوە. بۆیە ئەو خەتایانە دەکرێن.

ڕووداو: ئەو کاتەی کە ئێوە خوێندکاربوون و خەریکی شەریعەتچێتی بوون، بەدیوەکەی دیکەدا کوردایەتیتان دەکرد یان نا؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: نکۆڵیمان لە کوردبوونی خۆمان نەدەکرد، لەناوخۆماندا بە کوردی قسەمان دەکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوەی هاوڕێی تورکمان هەبوو، بەڵام بەردەوام کە ئەوانیشی لێبوو بە کوردی قسەمان دەکرد. هیچ کاتێک سازشمان لەسەر زمان و داب و نەریت و عەقیدەی خۆمان نەدەکرد.

ڕووداو: گۆڤار و ڕۆژنامەی خۆتان هەبوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر، نەمانبوو. ئێمە ئەو دەرفەتانەمان بۆ پەیدا نەبوو. دواتر پەرش و بڵاوبووینەوە، کە حیزبەکانیش دامەزران، هەریەکەو پەیوەندیمان بە حیزبێکەوە کرد و بڵاوەمان لێکرد.

ڕووداو: ئەو کاتە (حەفتاکان) هیچ حیزبێکی ئیسلامی هەبوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان پەیدا بوو، ساڵی 1971 پارتی ڕەفا (ژیانێکی ئاسوودە) ی درووستکرد. هەڵبەت پێش ئەوەش پارتی ڕزگاری نیشتمانی هەبوو، دواتر ئەربەکان سەربەخۆیانە کاری کرد و پارتی ڕەفای درووستکرد.

ڕووداو: کام لە حیزبە تورکییەکان لە کوردستان لایەنگریان زۆرتر بوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان لایەنگری زۆر بوو، سەدی حەفتای لەگەڵ بوو.

بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1986 یان 1989 پارتی ڕەفا زۆرترین دەنگی لە ئامەد [ئامەد] هێنا، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات پەڕڵەمانتارمان هەبوو. دیارە کوردی بەهۆش نەدەهاتنە ناو پارتەکەمانەوە، ئەربەکان دەیوت بڕۆن لەگەڵیان قسە بکەن و قەناعەتیان پێبهێنن کە بێنە ناو (ڕەفاوە) . بەڵام هەرچییەکمان کرد نەهاتن و نەهاتن، خەڵکە عەوامەکە دەنگیان دەداینێ، بەڵام خەڵکە ڕۆشنبیرەکە نەهاتنە ناو ڕەفاوە.

ڕووداو: ساڵی چەند بوویت بە ئەندامی پارتی ڕەفا؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: من لە ئەندامە سەرەتاییەکانی پارتیم، هەر کاتێک ئەربەکان پارتێکی دامەزراند بێت، من بووم بە ئەندام تێیدا، ئەو کاتە من سەرۆکی یەکێتیی لاوان و خوێندکاران بووم. لە کۆنیا کاندیدێکی سەربەخۆمان هەبوو، چووم بوومە هاوکاری و کارم لەگەڵ کرد، پاشان وتیان بچۆرە ئەو شارۆچکە و ناحیانەی کە کوردی لێ دەژی، بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکەن.

ڕووداو: پارتی ڕەفا هیچ بەرنامەیەک یان پڕۆژەیەکی هەبوو لەسەر دۆزی کورد و چارەسەری، یان لەلایەنی فەرهەنگی و زمانەوە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: خوای گەورە کە نەتەوەکانی درووستکردووە بۆ هەریەکەیان عورف و عادات و زمانێکی تایبەتیی پێ بەخشیووە، خۆ ناتوانین بێین زمان و مێشک و سەری خۆمان بگۆڕین، ڕەفا دەیوت ئیسلامییەت چ مافێکی دیاری کردووە بۆ گەلان منیش ئەومافانە قبووڵ دەکەم و دەشیکرد.

ڕووداو: لەگەڵ ئەو کوڕانەی کە ئەندام بوون لە پارتەکانی دیکەدا، هاوکاری یەکدیتان دەکرد؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: لە پەڕڵەمان، دەنگمان بەو پڕۆژە یاسایانە نەدەدا کە دژایەتی کوردی بکردایە، دژی دەوەستاینەوە، ئەربەکان پێوتم کە لەگەڵ مافەکانی کورد بە، بەڵام دەبێت هۆشیاربیت، نابێت نەژادپەرستەکانی ناو پارتەکەمان پێت بزانن، چونکە بزانن دەکەونە دوژمنایەتی کردنت.

ڕووداو: ساڵی 1991 بوویت بە ئەندامی پەڕڵەمان، چۆن توانیت لە ئەرەزرۆم ئەو دەنگە زۆرە بەدەست بهێنیت؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: پێش ئەوەی ڕەفا دابمەزرێت، پارتی ڕزگاری نیشتمانی و نەزمی نەتەوەیی هەبوو. بەرلەوەی ئەرباکان بچێتە ناو سیاسەتەوە یەکترمان بینی بوو. شێخ عەزیز ئەفەندی وتی پشتگیری بکەن، ئەو کوڕی سەبری ئەفەندییە، دۆستی ئێمەیە، گەنجێکی موسڵمان و دیندارە، بەدڵنیاییەوە پشتگیری لێبکەن. ئەو کاتە شێخ عەزیز ئەفەندی گەورەی خێزانەکەمان بوو و هەروەها باوکم و مامم هانیانداین کە پشتگیری ڕەفا بکەین، منیش لە ئەنکار چوومە نێو ڕێکخستنەکانی ڕەفا.

ڕووداو: بۆچی مەلیک فورات دژایەتی ڕەفای کرد؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: مەلیک فورات لەناو دیموکراتەکاندا بوو، سەرەتا لەلای موندەریس بوو بە ئەندام پەڕڵەمان، ئیدی وازی لێنەهێنان.

ڕووداو: کاتێک لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، ئێوە وەکوو پارتی ڕەفا دژیان وەستانەوە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ ئەربەکان بە ئاشکرا دژایەتی کردن، لەناو پەڕڵەماندا قسەی کرد، پێی وتم تۆ قسە نەکەیت باشە، با تووشی سەرئێشە نەبیت، ئێوە بنەماڵەی شێخ سەعیدن ناتوانین پارێزگاریتان لێ بکەین، ئەگەر کاردانەوەی درووست بێت.

ڕووداو: تۆ بۆخۆت دژ بوویت؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: من دژی ستەمکارانم، ناتوانم زاڵمم خۆش بوێت، من دژی هەر کەسێکم کە ستەم بکات.

ڕووداو: مەبەستم ئەوەیە دژی خەباتی چەکداری بوویت؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: من خۆم لەوان نەدەگەیاند و ئەوانیش خۆیان لە ئێمە نەدەگەیاندا. ئەو کاتە قوورسایی ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا لە هیی ئەوان زیاتر بوو.

ڕووداو: ساڵی 1991 شێخ عوسمان عەبدولعەزیز سەردانی تورکیایی کرد و هاتە ناو پەڕڵەمانی تورکیاوە، چیرۆکی ڕووداوەکانی ئەو سەردانە چۆن بوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ڕۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم وتیان ئەربەکان دەڵێت بەپەلە و بێ وەستان بێت بۆلام، منیش چووم بۆ لای سکرتێرە تایبەتییەکەی، پێم وت چی ڕوویداوە؟ پێی وتم وەفدێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان میوانی ئەربەکانن، لەبەر ئەوە بانگی کردوویت، کە چووم بینیم هەموو بە جلی نەتەوەییەوە دانیشتبوون، ئەربەکان زۆر بەگەرمی پێشوازی کردن و زۆری ڕێز لێگرتن، ئەربەکان سەرۆکی حیزبمان بوو. هەستم بە ترسێک لەلایەن ئەربەکانەوە دەکرد، ئاخر سەرۆکی پارتێکی کوردی هاتووە لای. بە ئەربەکانم وتم، خۆجە، میوانەکان با لەگەڵ ئێمە بن و ئێمە لە خزمەتیاندا دەبین. بە مامۆستا مەلا عوسمانیشم گوت، خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەربەکان دەکەن، ڕەنگە تۆ نەتوانیت زۆر کەڵک لە دیدارەکە وەربگریت، ئەگەر جەنابتان پێتان باش بێت، فەرموو ببنە میوانی ئێمە، دواتر ئەربەکانیش بانگ دەکەین بۆلایی خۆمان و بە پشوو قسەی خۆتان بکەن.

دوای سێ ڕۆژ، شێخ عوسمان وتی حەزدەکەم بمبەیت بۆ نێو مەجلیسی تورکیا (پەڕڵەمان) ! ئێ ئەوانیش هەموویان قیافەیەکی کوردییانەیان هەیە، عەباو جبەی کوردیان لەبەردایە. تورکەکان کاردانەوەی سەیریان بەرانبەر ئەو شتانە هەبوو، وەکوو گورگ وابوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵک. ئەو کاتە حوسامەدین جندرۆک سەرۆکی پەڕڵەمان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و وتم وەفدی پارتێکی تورکمانی ئێراق لێرەن، نەدەکرا بڵێم پارتێکی کوردی! وتی نا! وتم بەڵێ لێرەن و دەیانەوێت پەڕڵەمان ببین، بەڵام لەبەر ئەوەی وەفدێکی فەرمیین با پۆلیس پاسەوانێتیان بکات. ئەوەبوو ڕێبەری پەڕڵەمانی نارد بەدواماندا کە زمانی عەرەبی دەزانی، کاتێک بەرەو ساڵۆنی خواردنگەی پەڕڵەمان دەچووین، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەو ڕوومان هات، ئێستا ناوی ئەو تورکە سەگەم لەبیر نییە، ڕێگەی لێگرتین و دەستی بەهاوار هاوار کرد، دەینەڕاند، مەستەفا کەمال ئەتاتورک تۆ لە کوێی؟ ئەوەتا نەوەکانی شێخ سەعید بوون بە ئەندام پەڕڵەمان و بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون نوێنەرانی پارتی ئیسلامی کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەناو پەڕڵەماندا دەیانگێڕن، شاتەشاتی زۆر کرد، گوێمان نەدایە و بەرەو ساڵۆنەکە ڕۆیشتین، سەیرم کرد ئەرداڵ ئینینۆ کوڕی عیسەمت پاشا هاتە ژوورەوە، وتم ئینجا نۆرەی ئەمەیە، دەبێت ئەم چی بڵێت! وتم ئەگەر قسەیەکی خراپی کرد، چی دەبێت با ببێت، کورسییەک دەکێشم بە تەپڵی سەریدا. هات لە پشت ئێمەوە دانیشت، بانگی کردم بەڕێز فرات دەتوانیت دەقەیەک بێیت بۆلام! کە چووم وتی بیستوومە وەزیری دەرەوە بەرانبەر میوانەکانت کاری نابەجێ و قسەی پیسی کردووە، پێمخۆشە بێم بۆ لای میوانەکانت داوای لێبوردنیان لێبکەم. ئەرداڵ ئەو کاتە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان بوو، بردمە لای خۆمان و لەگەڵمان دانیشت. داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە وەزیری دەرەوە قسەی نابەجێی کردووە و وتی ئێمە هەموو خەڵکی وڵاتێکین و کەسمان غەریبە نین، هیوادارم لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن. شێخ عوسمان شتێکی وت کە لەبیرم ناچێتەوە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکەکان وەکوو برا بین، ئەوە ئەمریکایە کە تەفرەقە دەخاتە نێوانمانەوە. ئەرداڵ وتی من فەرق و جیاوازی ناکەم، بەڵام حیزبەکانی دیکە دەیکەن.

سیندۆروک (سەرۆکی پەڕڵەمان) تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی، باشە کاک فرات تۆ چیت بۆ ئێمە هێناوە، ئەو سەگە (وەزیری دەرەوە) هات بۆ لام، بەسەرمدا قیژانی و دەڵێت: حیزبێکی کوردیتان بۆ هێناوینەتە نێو پەڕڵەمانەوە! لەناو تورکەکاندا کەسانی بێ ئەدەبی وا هەبوون کە بووبوون بە وەزیری دەرەوە، کەچی لە بەرانبەر شاندێک کە لە دەرەوە هاتبوون، کارێکی وا بێمانایان کرد و دەیکەن بە ڕۆژی قیامەت.

ڕووداو: ئێوە لەگەڵ تورگۆت ئۆزالیشدا پەیوەندیتان هەبوو، کەسێکی چۆن بوو، ئەویش کورد بوو؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ئۆزال دایکی کورد بوو. پیاوێکی زاڵم نەبوو و ستەمی نەدەکرد، مەیلی بەلای کوردیشدا هەبوو. چاکەی بەسەر مام جەلال و مەسعود بارزانییەوە هەبوو، پاسپۆرتی بۆ دابین دەکردن، لەگەڵ کوردی ئێراقدا باش بوو. پیاوێکی دیموکرات بوو، نەژادپەرست نەبوو، پیاوێکی ئاقڵ و زانا بوو. لە نەتیجەدا میللەت کە خۆی نەبێت بە میللەت، خێری بۆ خەڵکی دیکەش نابێت.
با شتێکت بۆ باس بکەم، ساڵی 1994، هادەپ 25 ئەندام پەڕڵەمانی هەبوو، کۆبوونەوە و وتیان دەمانەوێت بچینە لای سەرۆککۆمار، ئەو کاتە سڵێمان دیمیڕاڵ سەرۆککۆمار بوو، وتیان دەچین باسی ئەو ستەم و زۆرەی بۆ دەکەین کە لە ڕۆژهەڵات (باکووری کوردستان) دەکرێت، ئەو کاتە لە خەڵک دەدرا، خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، ستەمێکی بێڕادە بەدەریان بەرانبەر کورد دەکرد، من وەکوو کوردێکی ناو پارتی ڕەفا لەگەڵیان چووم، کوردەکانی دیکە نەهاتن، من لە پێش ئەوانەوە گەیشتمە شوێنی دیدارەکە، بەڵام کاتێک چووینە ژوورەوە ئەوان پێش من کەوتن، من لە دوای ئەوانەوە چوومە ژوورەوە، سڵێمان دیمیراڵ بەپێوە وەستابوو، بەخێرهاتنی کردین، کە دانیشتین دمیراڵ وتی کاک فرات فەرموو جەنابتان وەرنە لای منەوە دابنیشن!

ڕووی لە ئەندامەکانی هادەپ کرد و وتی، منداڵینە (چوجوقلەر) ، ئێوە هەرگیز نابن بە میللەت، لە تورکیا ئەوەی کە زۆرترین خزمەتی بە کورد کردووە شێخ سەعیدە، من دەبینم نەوەی شێخ سەعید لەگەڵ ئێوەدا هاتووە، خۆتان پێش کەوتن و ئەوتان خستە دوای خۆتانەوە، ئەگەر ئێوە میللەتێکی باش بوونایە دەبوو عەبدولیلاتان بخستایەتە پێش خۆتانەوە، ئەو کاتە من زیاتر خۆشحاڵ دەبووم و دەموت بزانە ئەمانە قەدری گەورەکانی خۆیان دەگرن، ڕێزی ئەوانە دەگرن کە خزمەتی میللەتەکەیانی کردووە، بەڵام دیقەتمدا کەستان سڵاوێکتان لە ئەبدولیلا نەکرد! وتی ئێوە درۆزنن، کورد نین، ئەگەر کورد هەبێت ئەبدولیلایە. کەسیان وەڵامیان نەدایەوە. ئینجا باسی مەسەلی کوردیان کرد. کە تەواو بووین، دیمیراڵ وتی تۆ بمێنەرەوە، پێی وتم ئا ئەمە میللەتەکەی ئێوەیە بۆیە نابن بەهیچ، گرووپێکی بیست کەسیان درووستکردووە، وەختێک مرۆڤ نەبێت بە مرۆڤ، حیزب بەدەردی چی دەخوات! وتی ئەگەر ئەوان تورک بوونایە، تۆیان دەخستە پێش خۆیانەوە.

بەداخەوە لەناو کورددا خۆبینەت و غرور و خۆبەگەورەزانین هەیە، ئەندام پەڕڵەمانێتی چییە؟ مرۆڤ نابێت عورف و عاداتی خۆی لە بیربچێتەوە.

ڕاستییەکەی خۆشەویستی لەنێوانماندا نەبوو، سەرپێی سڵاومان لەیەکتری دەکرد. ئەگەر پرسیەکیان هەبوایە دەچووین، بەڵام تێکەڵاویمان نەبوو.

ڕووداو: بۆچی ساڵی 1997 پارتی ڕەفا قەدەغەکرا؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: وەکوو بۆم باس کردیت، لەسەر قسەکانی ئەربەکان کە لە بینگۆڵ کردی.

ڕووداو: لەسەر عەبدوڵڵا گویل، چی دەڵێیت، ئینکاری هەبوونی کوردی دەکرد؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: هەموویان دەیکەن بە عەبدوڵڵا گولیشەوە. لەناو سەرکردە تورکەکاندا کە دڵسۆزانە پشتیووانی کوردی دەکرد تەنیا نەجمەدین ئەربەکان بوو. دیارە ئەویش خۆی دەپاراست و دەترسا.

ڕووداو: بەڵام ئەویش تەنیا لە دڵی خۆیدا و لەلای خەڵکی وەکوو ئێوە بە باشە قسەی لەسەر کورد کردووە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر بەو شێوەیە نییە، لەناو پارتەکەشماندا بە ئاشکرا قسەی دەکرد، بەڵام خۆی لە ڕاگەیاندن دەپاراست. ئەو ڕاشکاوانە دەیوت، ئەگەر بە گوێرەی عەقیدەی خۆم قسە بکەم ئەوا پارتەکە دادەخەن، ئەگەر درۆش بکەم ئەوا لەبەر دەمی خوای گەورەدا خۆم بە بەرپرسیار دەزانم، من لاڵ بووم، نەدەتوانم قسەی ڕاست بکەم، ئێ خۆ ناشکرێت درۆ بکەم، لەنێو دووڕانێکدا بوو.

ڕووداو: باشە ئەوە چ دادپەروەرییەکە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: لەناو تورکدا شتێک نییە بەناوی دادپەروەری، نە هەبووە نە دەشبێت، میللەتێکە هەم ستەم لە خۆی هەم لە خەڵکی دیکە دەکات.

ڕووداو: بە ئیسلامییەکانیشیانەوە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ڕەنگە وەکوو تاک هەبێت، بەڵام سیستمی حوکمڕانی ئەوان لەسەر ستەمە هەڵچنراوە.

ڕووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئەردۆغان چۆنە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: پێشتر باشم دەناسی و کاریشم لەگەڵ کردووە، بەڵام کە بوو بە سەرۆککۆمار خۆی لێمان نەناس کرد و قسەی لەگەڵ نەکردین. خۆ وەختی خۆی ئەگەر ئێمە نەبوینایە نەیدەتوانێت ببێت بە سەرۆکی شارەوانی. سەرۆکێک کە دادپەروەر نەبوو، وەفایشی نابێت. کاتێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان دزی و گەندەڵی بکەن، چاوەڕێ چاکەیان لێناکرێت.

ڕووداو: ئێستا ئەندامی هیچ پارتێک هەیت؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەندامی پارتی سەنەریتم. من لەگەڵ موسڵمان کار دەکەم، هیچ پارتێکی موسڵمانی کوردیش نییە بچمە ناویەوە. سەردەمانێک ویستمان پارتێکی ئیسلامیی کوردی درووست بکەین، بەڵام بۆمان درووست نەکرا؟

ڕووداو: بۆچی ناتوانن؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: پارەی پێویستە، ئێمەش پارەمان نییە. درووستکردنی پارتێک، سەرمایەی دەوێت، ملیۆنان دۆلاری دەوێت.

ڕووداو: ئەو هەموو ستەمەی لە باکووری کوردستان دەکرا، بوو بە ڕۆژەی پارتەکەی ئێوە لە پەڕڵەماندا؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: لەژێر لێوەوە، هەر ئەوەندە بوو. مرۆڤ لەناو پەڕڵەمانی تورکیادا شتێکی وابکات، هەموو لێی دەبن بە دوژمن و هێرشی دەکەنە سەر.

ڕووداو: بەڵام جاربەجارێک پارتی هادەپ دەیکەن؟

شێخ ئەبدولیلا فرات: هادەپ هێزیان هەیە، شەست بۆ حەفتا ئەندام پەڕڵەمانیان هەیە. پەڕڵەمانتاری بۆ ئەوەیە بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە، ئەوان کەڵک لە مەسەلەی کورد وەردەگرن نەک لە دڵەوە بۆ کورد و بیرباوەڕی کوردبوون تێبکۆشن، شتێکی وا لە مەزهەبی هادەپدا نییە.

ڕووداو: ڕەوشی ئیسلامییەکان لە چیدایە؟

شێخ ئەبدولیلا فرات، دەتوانم بڵێم مەحکومی هەرە گەورە لە تورکیا سەرەتا کورد و پاشان موسڵمانەکانن، بۆ کورد و موسڵمانەکان لەم وڵاتەدا، ماف و دادپەروەری و مرۆڤایەتی نییە.

ڕووداو: یاشێخ زۆر سوپاست دەکەم کە تەڤلی بەرنامەی پەنجەمۆر بوویت.

شێخ ئەبدولیلا فرات: شەرەفێکی گەورەیە کە ئێمەتان بەسەرکردەوە، خوای گەورە هەموو باشییەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا ببارێنێت. بەهیوای ئەوەی کە ناکۆکی و دوودڵی لەناو کورددا وەکوو نەخۆشی کۆرۆنا ببڕێتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت دەست لەبەرژوەندی حیزبایەتی بەردەین و یەکێتییەک لەناو نەتەوەکەماندا درووست بکەین کە بتوانین خزمەتی خەڵی خۆمان بکەین. [1]
此项目已被写入(کوردیی ناوەڕاست)的语言,点击图标,以在原来的语言打开的项目!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
此产品已被浏览135
HashTag
来源
[1] | کوردیی ناوەڕاست | rudaw.net 20-01-2024
挂钩项目: 3
小组: 文章
Publication date: 20-01-2024 (0 年份的)
Publication Type: Born-digital
书: 历史
文件类型: 原文
普罗旺斯: 北库尔德斯坦
Technical Metadata
项目质量: 99%
99%
添加( هەژار کامەلا 21-01-2024
本文已被审查并发布( زریان سەرچناری )on21-01-2024
此产品最近更新( زریان سەرچناری ):21-01-2024
URL
此产品根据Kurdipedia的美元尚未敲定!
此产品已被浏览135
Kurdipedia是世界上最大的为库尔德信息来源!
图像和说明
正在接受割礼的七岁少女,库尔德斯坦

Actual
传记
塔拉巴尼
20-10-2013
هاوڕێ باخەوان
塔拉巴尼
的地方
迪亚巴克尔
20-10-2013
هاوڕێ باخەوان
迪亚巴克尔
的地方
埃尔比勒
20-10-2013
هاوڕێ باخەوان
埃尔比勒
图像和说明
正在接受割礼的七岁少女,库尔德斯坦
20-10-2013
هاوڕێ باخەوان
正在接受割礼的七岁少女,库尔德斯坦
新项目
统计属性
文章 517,441
图片 106,013
书籍 19,160
相关文件 96,492
Video 1,307
Kurdipedia是世界上最大的为库尔德信息来源!
图像和说明
正在接受割礼的七岁少女,库尔德斯坦

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| 联系 | CSS3 | HTML5

| 页面生成时间:秒!