ئەم شوێنەوارە مێژووییە بەدووریی هەشت کیلۆمەتر لە شاری ئەرکەوازەوە، لەسەر دیواری ڕۆژهەڵاتی گەروویەکی بچووک، کە لە دەمی گوندی گوڵ گوڵە هەڵکەوتووە.
ئەم نووسراوە دێرینە مێژووییە بەردییە بە خەتی مێخی و بە زمانی ئاشووری لەسەر دیواری ڕۆژهەڵاتی بەردێک لەسەرووی گوندی گوڵ گوڵی مەلەکشاهی هەڵکەندراوە، کە قەبارەکەی )90 x 135 (سانتیمەترە، بە شێوەی لاکێشەی ئاسۆیی و لەناوەڕاستیدا پادشای ئاشووری بە شێوەی نەخشی هەڵکەنراوی بەرز هەیە، کە شمشێرێکی بەدەستەوەیە و بەرزییەکەی 135 سانتیمەترە. تەواوی ڕووی نووسراوەکە، دوای نەرمکردنی ڕووی نووسراوەکەی تا قووڵایی سێ سانتیمەتر و چەسپاندنی نیشانە و جەستەی پاشا، بە هێڵی نەخشێنراوی مێخیی داپۆشراوە، کە ڕیزەکان بە هێڵی ئاسۆیی جیا دەکرێنەوە.
بەرزیی ئەم نەخشە بڵندە لە زەوییەوە 270 سانتیمەترە. دەقی نووسراوەکە باس لە داگیرکردنی #ئیلام# و لەناوچوونی شارستانیەتی ئیلامی کۆن لەلایەن ئاشوورییەکانەوە دەکات.
$دەقی نووسراوی سەر پارچە بەردینەکە بە ئاشووری نووسراوە و دەڵێت:$
(خوداوەندە (گەورەکان)، کە لەتەنیشت پاشای خۆشەویستەکەیان وەستابوون و سەر کەوت (لەسەر خاکی دوژمنەکانی (...) پاشای جیهان (...) کوڕ (...) ئاشووری باوکی خوداوەندەکان منی بۆ پاشایەتی لە سکی دایکمدا کاندید کرد (...)، (ئێنلیل) بانگی کردم، کە حوکمڕانیی زەوی و خەڵک بکەم. (سین و شەما)ش پێکەوە نیشانەی لەباریان سەبارەت بە بناغەی حوکمڕانیی من پێشکەش کرد. (نەبو و مەردووک) تێڕوانینێکی فراوان و تێگەیشتنێکی قووڵیان پێ دام. خوداوەندە گەورەکان، لە ڕێگەی نیعمەتی خۆیانەوە، منیان لەسەر تەختی باوکم لە کۆڕەکەیاندا دانا. ئەوان حوکمڕانییان بەسەر زەوی پێ دام. شار (...) ئەوان چوونە دەرەوە (...) ستایشی ئەو کارانەی کردوومە بکەن. لەسەری نووسیم، ئەم نووسینەم دانا، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا پاشا و کوڕەکانم هان بدەم، کە شازادەیەک لەنێوان پاشاکانی کوڕەکانمدا دابنێن، کە ئاشوور و خوداوەندە گەورەکان کاندیدی بکەن، بۆ ئەوەی حوکمڕانیی خاک و گەل بکات. با ئەم ستوونە و سەرسامیی خوداوەندە گەورەکان ببینێت و با بینێژێت و قوربانیی بدات، بەڵام با ئاشووری خوداوەندە گەورەکان و ئەوانەی ناویان لەسەر ئەم ستوونە هاتووە، بەتووڕەییەوە سەیری بکەن. لە بەرەکانی شەڕدا لە بەریەککەوتنی چەکدا لە لای ئەو هەڵسن و ڕێنمایی نەکەن. (...) هەروەها دەسەڵاتی پاشایەتییەکەی بڕووخێنن و ناوی و تۆوەکەی لەسەر زەوی لەناو ببەن.)
نەخشی بەرز و بەردینی گوڵ گوڵی مەلەکشاهی، سەر بە شارستانیەتی ئاشووریی کۆنە، دەکەوێتە پارێزگای ئیلام، لەتەنیشت ڕووباری گوڵ گوڵی مەلکشاهی. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!