ناونیشانی بابەت: دڵدار.. ئەو شاعیرەی خۆی و شیعرەکەی لە دڵماندا دەمێننەوە
نووسینی: #ئاراس سەعید#
لەبارەی شاعیرێکی نیشتمانپەرەوە بۆتان دەنووسم، کە بە سروودی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) دەناسرێتەوە، ئەو سروودە بەرزەی وەک دەقێکی پیرۆز و مارشی نیشتمانیی کوردستان سەیری دەکرێ و هێندە پێگەیەکی نەتەوەیی بەهێزی هەیە، هیچ سروودێکی دیکە جێگەی پێ لەق نەکردووە و بە بەرزی و پیرۆزی ماوەتەوە، ئەویش دڵداری شاعیرە.
دڵدار ئەگەرچی تەمەنێکی کەم ژیا و لە تافی لاویدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام بەهۆی ئەو سروودە بەرزە و بەرهەمەکانی دیکەیەوە، وەک شاعیرێکی گەورە و نەمر و پایەدار ماوەتەوە.
دڵدار، ناوی یوسف کوڕی مەلا ڕەئووف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە و لە ڕۆژی 20ی شوباتی 1918 لە شاری #کۆیە# لەدایک بووە. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی #ڕانیە# و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. دڵدار لەبارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بەتایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێ چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لەبن دار بییەکانیش ڕاوەچۆلەکەم دەکرد.»
قۆناغەکانی خوێندنی لە کۆیە و رانیە و #کەرکووک# و بەغدا تەواو کردووە. ساڵی 1945 بڕوانامەی (حقوق) مافی لە زانکۆی بەغدا بەدەست هێناوە و بووە بە پارێزەر.
دڵدار لە کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوودا تێکەڵاوی ژیانی سیاسی بووە و بووە بە ئەندامی حزبی هیوا و بەهۆی چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسییەوە زیندانیی کراوە.
سەرباری خەباتی سیاسی، دڵدار لە مەیدانی ئەدەبیشدا رۆڵی خۆی گێڕاوە و هەر زوو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شیعرەکانی #نالی# و #حاجی قادری کۆیی# و عەونی و وەفایی و #بێکەس# و #پیرەمێرد# و چەندین شیعری جوانی لە رشتە جیاجیاکاندا نووسیوە.
دڵدار خاوەنی چەندین بەرهەمە، لە دیارترینیان دیوانی شیعرەکانی و یاداشتەکانیەتی.
ئەم شاعیرە شۆرشگێڕ و ناودارەی کورد 68 ساڵ لەمەوبەر و لە تافی لاوی و بە جوانەمەرگی و لە تەمەنی 30 ساڵیدا، لە رۆژی #12-11- 1948# بە یەکجاری لە شاری #هەولێر# سەری نایەوە و ماڵئاوایی لە ژیان کرد، بەڵام بۆ هەتا هەتایە ناوی بە نەمری لەلاپەڕە درەوشاوەکانی مێژووی کورد و کوردستاندا دەمێنێتەوە. سڵاوی رێز و وەفا بۆ دڵداری خاوەنی مارشی نیشتمانیی ئەی رەقیب.
$بەرھەمەکانی دڵدار$
دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی 193دا داناوە و لە ژمارەی 2ی ساڵی 1935ی گۆڤاری (ڕووناکی)دا بڵاوی کردووتەوە. لەبارەی سەرەتای خۆ تاقیکردنەوە بە شیعر دەڵێت: «لە 1935دا لە پۆلی یەکی ناوەندیدا بووم، کە دیوانی نالیم زۆر بەوردی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتیی وێژەیی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشمەکێشە دەرگای ھونەریی شاعیری لێ کردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەللەدا بوو، حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستدا دایڕێژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاو بکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقی کردەوە.»
شیعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵداریدا و حاجی قادری کۆیی لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا کارگەرییان لەسەری بووە. لەبارەی خولیای ھۆنراوەیی و چێژ لێ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: «ھێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە زۆربەی دیوانی حاجی قادری کۆییم لەبەر کردبوو، ھەمیشە بەوردی سەرنجم لە ھەڵبەستەکانی عەونی و راجی و عاسی و حوسێنی و ھیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم، ھەڵبەستی ھەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسییەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی ھەڵبەستی وەفایی، کوردی، فایەق بێکەس، پیرەمێردم زۆر لەبەرکردن و ھەر لەو ساڵەدا ھەستم بەوە دەکرد، کە چێژ لە ھەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.»
$بەرھەمە چاپکراوەکانی:$
- في طریقي الی معرفة الحقائق انتقادات الی قلب البھائیین.
- وتارێک دەربارەی عومەری خەییام.
- زمانی کوردی و ئەدەبیيات.
- نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان.
- اقتصادنا الوطنی.
- بیرەوەرییەکانی یونس ڕەئووف دڵدار.
$ئەی ڕەقیب بەناوبانگترین شیعری دڵدار، سروودی نیشتیمانیی کوردستانە$
ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان
نای ڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیری کە خوێناویە ڕابووردومان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین
دینمان ئاینمانە هەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕڕەشێر
بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران
لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە
جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان
لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر
سا بە خوێن نەقشی ئەکەن تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=