ناونیشانی بابەت: ئیدریس بارزانی یادێک لە دڵی شۆڕشگێڕانی بزووتنەوەی کوردایەتی
نووسینی: #بەهرە حەمەڕەش#
کاتێک باسی خواستی ئاشتی و ئاشتەوایی و بەرەی کوردستانی دەکرێت، ناوی
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی لەگەڵ دەهێنرێت. هاوخەباتەکانی دەڵێن، ناکرێت ڕۆڵی ئەو لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورددا فەرامۆش بکرێت.
ئیدریس بارزانی، کوڕی گەورەی #مەلا مستەفا# بارزانییە، لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبووە. لەنێو بارودۆخی شۆڕشی سێیەمی بارزان (1943 -1945) ھاتۆتە دنیا.
ساڵی 1947 مەلا مستەفای باوکی لەگەڵ 500کەس لە هەڤاڵانی ڕوویانکردە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد#، ئیدریس بارزانی تاکوو گەڕانەوەی بارزانی باوکی بۆ ئێراق و کوردستان لە ساڵی 1985دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات. قۆناخی ناوەندی لە بەغدا تەواوکردووە. جگە لە زمانی دایک هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی بە باشی زانیوە.
سەرۆک #مەسعودبارزانی# لە وەسفی ئیدریس بارزانیدا دەڵێت کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتوی ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی پێ بەخشرا.
لە ساڵی 1961کە شۆڕشی ئەیلول بەرپا دەبێت، بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی و لەناو #پارتی دیموکراتی کوردستان#، ئیدریس بارزانی وەکوو پێشمەرگەیەکی ئەو شۆڕشە، دەست بە خەباتکردن دەکات.
بە ھۆی لێھاتوویی و ئەو توانایەی ھەیبووە ھەر زوو لەنێو شۆڕش و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەرکێکی زۆری بۆ دێننە ئارا و ئەویش بۆیرانە دەچێتە پێش. مەلا مستەفا تێکەڵی کاروبارەکانی دەکات و زۆر ئەرکی قورسی پێ دەسپێری کە سەرکەوتویی لە جێبەجێ کردنیاندا بەدیار دەکەوێت ئیتر دەبێتە جێی متمانەی زیاتری مەلا مستەفا بارزانی و یەکێک لەو کەسانەی کە پڕ بە دڵی دەبن.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یادی شەهید ئیدریس بارزانیدا دەڵێت دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی، بوو.
ڕۆڵی ئیدریس بارزانی، لە ڕێککەوتنامەی 11ی ئادار و گفتوگۆکانی ساڵی 1974 لەگەڵ حکومەتی ئێراق و لە دوای ساڵی 1975 لە بەردەوامیدان بە شۆڕش و پێکهێنانی (بەرەی جودا) و دواتر بەرەی کوردستانی چەند بەرھەمێکن کە ڕۆڵی گرنگی تیایاندا ھەبووە.
سەبارەت بە ھێڵی جەماوەری پارتی و توانای دیپلۆماسییانەی دوای ساڵی 1975 بە شێوەیەکی سەرەکی بناغە درووستکەری بووە، چونکە شارەزا و کارزان و جددی و بەپەرۆش بووە لە درووستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تر. تێکۆشان و ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی بە تایبەتیی لە دوای ساڵی 1975 لە ئاستێکدا بووە، کە بناغەیەکی پتەوی درووستکردووە و لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گوڵاندا داینە مۆی ڕێکخستنەوە و ھەڵیگرساندنەوەی شۆڕش بووە.
ئیدریس بارزانی، ھەوڵ و ململانێ لەگەڵ ئەو ھەلو مەرجەکەدا و مێرخاسانە شان دەداتە بەر ئەرکی ڕێکخستنەوە و شۆڕش و زیندە بە چاڵکردنی پیلان و گرفتەکان بکات. ھەر دوای ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی و پێشکەوتنخوازدا کە لە ساڵی 1978 بەرپا بووە و دەبێتە سەرپەرشتیاری ئاوارەکانی دوای نسکۆی 1975 لە ئێران.
ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەکان جیا نەکردووتەوە بە سادەیی ژیاوە و ھەر شەوە لە بن ئەشکەوت و بن بەردێک بەبێ جیاوازی ھەڵیکردووە. لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا ھاورێ بووە و لە داڕشتن دا توانای زۆری ھەبوە بە ھەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی خوێندوویەتییەوە و نووسیویەتی. بایەخی بە بوارەکانی نەتەوایەتی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە زۆربەی هۆنراوەەکانی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و وەفایی لە بەربووە.
#فەلەکەدین کاکەیی#، هاوخەباتی ئیدریس بارزانی نووسیویەتی: ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی خوێندەوار و تێگەیشتوو بوو و باکگراوندێکی باشی هەبوو، زۆریش بایەخی بە فەلسەفە و هۆنراوەی دونیا و جووڵانەوەی سیاسی لە دونیادا دەدا. مرۆڤێکی لەخۆ بردوو بوو، ئەوەندی تێبینیم دەکرد، نەمبینی هیچ شتێکی بۆ خۆی بووێت، هەمیشە یەک شتی دەگوتەوە، کە شۆڕش دوای 1975 ئەمانەتێکە لەسەر ئێمە ئەو خەڵکە ببەینە جێگەی خۆی، واتە خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە جێگەی خۆی، ئەوەی لە باشوورە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەوەی لە دەرەوەیە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەو شوێنانە ئاوەدان بکرێنەوە، وەکوو بڵێی ئەو ئاواتانەی لە دوای ڕاپەڕین هاتنەدی، ئەوە ئاواتی ئەو بوو، دەیوت ئەوە ئاواتی ئێمەیە.
لە کاتژمێر 6ی سەر لە بەیانی ڕۆژی #31-01-1987# لە شارەدێی (سلیڤانا)ی سەربە شاری #ورمێ#ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ماڵاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشتی باوکی دەنێژرێت.
پاش نزیکەی 10 ساڵ و دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی ھەردوو نەمر مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی دەدات. لە ساڵی 1993 لە مەراسیمێکی تایبەت دەگوازرێنەوە خاکی ئازادی کوردستان و لە گوندی بارزان دەنێژرێن.[1]