کۆما وەتەن؛ ئەو گرووپەی داهاتی تاکە ئەلبوومەکەی بەخشییە قوربانیانی کیمیابارانی #هەڵەبجە#
کۆما وەتەن (Koma Wetan)، یەکەمین گرووپی میوزیکیی رۆکی کوردییە، لە ساڵی 1973 لە شاری تبلیسی لە جۆرجیا دامەزرا. سەرەڕای ئەوەی ئەندامانی گرووپەکە چەندین رێگرییان لێکرا، بەڵام توانییان ببنە ئەستێرەیەکی گەش و بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی گەورەدا بکەن.
ئەندامانی ئەم گرووپە لە سێ کوردی ئێزدی و ئەرمەنێک پێکهاتبوون. کەرەم گەردەنزەری، گۆرانیبێژ و رێبەری گرووپەکە، لە ساڵی 1952 لە شاری تبلیسی لە جۆرجیا لەدایکبووە و لە منداڵییەوە لە فێرگەی تایبەتدا فێری ئامێری گیتار بووە. دواتر لە ساڵی 1973دا لەگەڵ سێ هاوڕێی خۆی گرووپی کۆما وەتەنی وەک یەکەمین گرووپی رۆکی کوردیی دامەزراندووە.
گرووپەکە لە ساڵی 1979دا یەکەمین و تاکە ئەلبوومی خۆیان تۆمار دەکەن، بەڵام پاش 10 ساڵ، لە 1989دا هەلومەرجی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بڵاوی بکەنەوە.
ستایلی گۆرانییەکانیان رۆکی کلاسیک بوو کە لەو سەردەمەدا لە جۆرجیا گرنگیی پێ دەدرا. تێکستی گۆرانییەکانیش لەلایەن گەردەنزەرییەوە بە سوودوەرگرتن لە شاعیرانی کوردی قەفقاز ئامادە دەکران، کە باسیان لە خەبات و بەرخۆدان و شوناسی کورد دەکرد. ئەمەش وایکردبوو لەلایەن حکومەتی ئەوسای تورکیاوە رێگری لە کارەکانیان بکرێت و گۆرانییەکانیان لە وڵاتەکەدا قەدەغە بکرێت.
یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانی ئەم گرووپە، سیاسەتمەداری کورد-جۆرجی، کەرەم ئەنقۆسی بوو، کە پارێزەری کولتووری کوردی بوو لە جۆرجیای سەردەمی سۆڤیەت و یارمەتیی کۆما وەتەنی دا بۆ ئەوەی هاوکاریی دارایی لە دەوڵەت وەربگرن و لە چالاکییە هونەرییەکانیان بەردەوام بن.
ئۆزکان ئۆزتاش، نووسەر و ئەنترۆپۆلۆجیست، لە کتێبی هونەری کوردی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا نووسیویەتی: لە ساڵی 1989دا کاتێک گرووپی کۆما وەتەن یەکەم و تاکە ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، هاوکات بوو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و کیمیابارانی هەڵەبجەدا. کۆما وەتەنیش داهاتی تاکە ئەلبوومەکەیان بەخشییە قوربانیانی #کیمیابارانی هەڵەبجە#.
لە ساڵی 1991، ئەندامانی گرووپی کۆما وەتەن هەر یەکەیان بە لایەکدا بڵاودەبنەوە و هەندێکیان بەشێوەی سەربەخۆ سەرقاڵی کاری هونەریی خۆیان دەبن. گەردەنزەریی، رێبەری گرووپەکەش بەرەو مۆسکۆ کۆچ دەکات و بەردەوام دەبێت لە هونەرەکەی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=