ناونیشانی بابەت: شێخ تاھیر شووشی: ئیدریس بارزانی لە ڕووی ھزرەوە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ڕۆژی #31-01-1987#، گەلی کوردستان سەرکردە و خەباتگێڕێکی گەورەی وەک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانیی لەدەست دا، کە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و لە شۆڕشگێڕەکانی بارزان پەروەردە کراوە، لەو دەڤەرەی لە مێژووی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورددا چەندین ڕابەر و سەرکردەی گەورە تێیدا سەریان ھەڵداوە.
ئیدریس بارزانی، لە #شۆڕشی ئەیلوول# لەگەڵ براکەی، #مەسعود بارزانی#، لەژێر ڕێنمایی مامۆستای بیری ئازادیخوازانەی نەتەوەییان کە باوکیان بووە، ڕۆڵێکی کارا و گرنگیان بینیوە و لە دوای نسکۆی شۆڕشیش لە 1975، وێڕای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ھەموو تەحەدییانەی ڕووی لە گەلی کوردستان و پێشمەرگە کرد، سەرکەوتووانە #شۆڕشی گوڵان#یان بەڕێوە برد.
ئیدریس بارزانی، وێڕای مێژووی پڕ لە خەبات و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی، ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە لە ئاساییبوونەوە و بەھێزکردنی پەیوەندیی نێوان لایەن سیاسییەکانی کوردستان، ھەر بۆیە بە ئەندازیاری ئاشتیش ناو دەبرێت. بۆ قسەکردن لەسەر لاپەڕەکانی خەباتی ئەم سەرکردەیە و ھەڵدانەوەی چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پێشمەرگایەتی، ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ #شێخ تاھیر عەبدولغەفوور شووشی#، تێکۆشەر و کەسایەتیی ناسراوی کوردستان کرد:
$ ئیدریس بارزانی، وێڕای ئەوەی کوڕی سەرکردەی مێژوویی #مستەفا بارزانی# بووە، ھاوکات ڕۆڵ و ناوبانگێکی گەورەی لە ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا ھەیە، دەکرێت سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم سەرکردە گەورەیە باس بکەیت؟$
شێخ تاھیر: ئیدریس بارزانی، لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لەدایک بوو، ھەر لەو ڕۆژەوە کەوتووەتە نێو دەریایەکی پڕ مەینەت و کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانی و دەربەدەری، چونکە لەو کاتەدا بارزانیی باوکی، سەرکردایەتیی شۆڕش و بەرخودانی دەکرد و کەوتبوونە نێو کێشمەکێشێکی گەورە لەگەڵ حکوومەتەکانی ئێراق و ئینگلیز، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی میللەتی کورد. لە ئەنجامی شۆڕشی بارزان 1945 و ئاوارەبوونی بارزانییەکان بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە 1946ی بەدوادا ھات، ئەو کاتە تەمەنی کاک ئیدریس 2 ساڵ بوو، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ باشووری کوردستان، ئیدریس بارزانی لەگەڵ چەند کەسانێک و شێخەکانی بارزان و خێزانەکایان بە فەرمانی حکوومەتی ئێراقی دوور خرانەوە بۆ #مووسڵ#. #شێخ ئەحمەد بارزانی# و چەند کەسێکی تریان خستە زیندانی بەسرە. بارزانی لەگەڵ جەنگاوەران سەریان بۆ حکوومەتەکانی ناوچەکە دانەنەواند و ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیەت، تا 1958 گەڕانەوە ئێراق و جارێکی تر کاک ئیدریس لەگەڵ باوکی بەیەک شاد دەبنەوە و لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بەغدا، لەگەڵ کاک #مەسعود بارزانی#ی برای درێژە بە خوێندن دەدەن و لە 1962 ھەردووکیان واز لە خوێندن دەھێنن و دەچنە ڕیزەکانی شۆڕش و کوردایەتی دەکەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەستێرەیان زیاتر دەگەشێتەوە و دەبنە پێشمەرگە و یاریدەدەر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی شۆڕش.
$ ئەو وێستگە و ڕووداوانە لە ژیانی ئیدریس بارزانی، چ ڕۆڵێکی لەسەر درووستبوونی ئەو خەسڵەتانە ھەبووە کە پێی ناسراوە؟$
شێخ تاھیر: ئیدریس بارزانی ھەر لە منداڵییەوە دەرکەوت، کە زۆر زیرەک و ژیر و چالاک بووە و بیرکەرەوەیەکی کارامە بووە و زۆر حەزی لە خوێندن بووە و تێکەڵ بە کەسانی بیرمەند و ئەدیبان دەبوو، تەنانەت لەسەر دەستی شێخ بابۆ و کەسانی تر لە بنەماڵەی شێخەکانی بارزان و کەسانی بەتەمەنی ئەو ناوچەیە بووە خاوەن مێژوویەکی دێرین و پەند و بەسەرھاتەکان، ڕەفتارەکانی ئیدریس بارزانی لە ڕەفتارەکانی شێخەکانی بارزان دەچوو، چونکە خۆی بە موریدیان دەزانی و ھەر لەو ڕێگایەوە بوو بە ئەھلی تەسەوف و خوداناسی. دەڵێن: ئیدریس بارزانی ھەر لە منداڵییەوە کەسێکی ھەستیار و بیرتیژ و چەلەنگ بووە و لە ڕووی ھزر و بیر و ڕەفتارەوە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر بووە، حەزی لە خوێندن بووە، شارەزایی لە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی تا ڕادەیەک ھەبووە). ئیدریس وەک بارزانی باوکی، خاوەن ئیمان و بیر و باوەڕێکی بێ سنوور بوو، زۆر لە ئایەتی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ.)ی لەبەر بووە و لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەیانی پێ دەکرد و لە ھەمان کاتدا ڕێز و پێزانینی بۆ ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکان ھەبووە، وەک کریستیان و ئێزدی و کاکەیی و یەھودی و ئایینەکانی تر.
$ھەڵسوکەوتی لەگەڵ منداڵەکانی و پێشمەرگە و ھەڤاڵانی چۆن بووە؟$
شێخ تاھیر: ئیدریس بارزانی بۆ منداڵەکانی، باوکێکی بەھیمەت و بەسۆز بوو، بە باشترین شێوە پەروەردەی دەکردن، تا لە پاشەڕۆژدا بتوانن خزمەتی کوردستان بکەن، لە ھەمان کاتدا بایەخێکی زۆری بە پێشمەرگە و کەسانی ھەژار و بێ دەرامەت دەدا. خاوەنی دڵێکی فراوان و ھیمەتێکی بێ سنوور بووە و زۆر مرۆڤدۆست بوو، خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەند بووە، وەڵامی بۆ ھەموو پرسیارەکان ھەبووە و بەئاسانی دۆست و دوژمنی خۆی لەیەک جودا دەکردەوە، خاوەنی فەرھەنگێکی قووڵی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو.
$لە مەیدانی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا چۆن بووە، بەتایبەتیی کە سەرپەرشتیی چەند داستانێکی وەک ھەندرێن و زۆزکی کردووە؟$
شێخ تاھیر: چوونی ئیدریس بارزانی بۆ ناو ڕیزەکانی شۆڕش لە 1962، بووبووە جێگای متمانەی بارزانیی باوک و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامودەزگاکانی شۆڕش و ھێزی پێشمەرگە فراوان و قووڵتر دەبوو، ھەروەھا پەیوەندییەکی باش و کارای لەگەڵ ناوداران و سەرۆک ھۆز و خەڵکی لە ھەموو کوردستان پەیدا کردبوو، چونکە خۆی سەرکردەیەکی ژیر و لێھاتوو بوو، لەسەر ھەموو ئاستەکانی سیاسی و سەربازی و حزبی و کۆمەڵایەتی، لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە خاوەنی ئەزموون و خاوەنی بڕیار، بۆ یەکەمین جار بە فەرمانی باوکی، سەرپەرشتیی (داستانی ھەندرێن و زۆزک)ی لە 1966 کرد و ھێرشی دڕندانەی سوپای ئێراقیان تێکشکاند. ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگەی کوردستان و سەدایەکی گەورەی لەناوەوە و دەرەوەدایەوە، حیکمەتی ئیدریس بارزانی چووە نێو دڵ و مێشکی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ، ھەر ئەوەیش وای کرد حکوومەتی عەبدولڕەحمان بەزاز، ملکەچی ئاگربەست بکات بۆ شەڕ ڕاوەستاندن و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش و دەرکردنی بەیانی #29-06-1966# بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێراقدا.
$ئێستا باسی دانووستاندن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەکرێت، چ پەندێک لە ئیدریس بارزانی وەربگرین، بەتایبەتیی کە خۆی و براکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆڵێکی کارایان لەو گفتوگۆیانەدا گێڕا کە ڕێککەوتننامەی #11-03-1970# ی لێ کەوتەوە؟$
شێخ تاھیر: لە گەرمەی گفتوگۆکانی 1970 لەنێوان بەرپرسانی حکوومەت و سەرکردایەتیی شۆڕش بە سەرپەرشتیی بارزانی، ئیدریس بارزانی لە تەمەنێکی گەنجدا بوو، بەڵام لەبەر ژیری و توانا و دیدی سیاسیی بەھێزی، ڕۆڵێکی سەرەکیی لەو گفتوگۆیانەدا گێڕا و لە کاتی خوێندنەوەی بەیانی 11ی ئاداردا، خۆی و سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێراق لە بەغدا ئامادە بوون، پێشوازییەکی گەرم و بێ وێنەیان لەلایەن خەڵکی کوردستان و ئێراق لێ کرا و لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووەم، لە گۆڕەپانی تەحریر لەگەڵ (ئەحمەد حەسەن بەکر)ی سەرۆک کۆماری ئێراق و چەندین بەرپرس، ئامادەی ڕێپێوانێکی جەماوەریی گەورە و خوێندنەوەی وتاری خۆشحاڵی و پشتگیری بۆ ڕێککەوتنەکە بوون.
$لە مێژوودا باس لەو ڕۆڵەی ئیدریس بارزانی دەکرێت، کە لە 1974 لە کاتی ھێرشی دڕندەی حکوومەتی ئێراق بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەددام حسێن کرایە سەر ناوچە کوردستانییەکان، دەکرێت تیشکی بخەنە سەر؟$
شێخ تاھیر: ڕاستە ئیدریس بارزانی لە کاتی قەیران و ڕۆژە سەختەکاندا توانیی ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە گۆڕینی شکست بۆ سەرکەوتن و وەرچەرخان، کاک ئیدریس سڵی نەدەکردەوە لە خزمەتی دۆزی ڕەوای میللەتی کورد، بەتایبەتیی لە ئاداری 1974، دوای تێکچوونی پەیوەندییەکان، بە سەرپەرشیی ئیدریس بارزانی شاندێکی کورد چوون بۆ بەغدا بۆ وتووێژ لەگەڵ سەدام حسێن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی پەیماننامەی 11ی ئادار، بەڵام بەرپرسانی حکوومەت پێشنیازەکەیان ڕەت کردەوە و ھێرشی سەربازیی دڕندانەیان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل فراوانتر کرد. لە کاتی شەڕ و ھێرشەکاندا لە 1974، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بەڕێوەبردنی بەرەکانی شەڕ و دەستەبەرکردنی ھەموو پێداویستییە سەربازییەکان بۆ تەواوی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەرتاسەری کوردستان، ئەوەش بووە ھۆی تۆمارکردنی سەرکەوتن و داستانێکی گەورە، چ جای دەسبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆری سوپای ئێراقی.
$ئەی لە شۆڕشی گوڵاندا دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر، ڕۆڵێ ئیدریس بارزانی چوون بوو؟$
شێخ تاھیر: لە 1975، دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و سەدام حسێن، کاک ئیدریس حەکیمانە دژ بەو ڕێککەوتنە پیلانگێڕییە وەستا و بڕیاری دا لەگەڵ مەسعوود بارزانیی برای و سەرکردەکانی تر درێژە بە شۆڕش بدەن و ئەو واقیعە قبووڵ نەکەن. ڕێککەوتننامەکە کاردانەوەی گەورەی خستە سەرشۆڕش و خەڵکی کوردستان و بووە ھۆکارێک بۆ سەرھەڵگرتن و کۆچکردنی ھەزارەھا پێشمەرگە و خێزان بەرەو ئێران و گەڕانەوەی ھەزارەھای تر بۆ ئێراق و بڵاوە پێکردنیان لە ناوەڕاست و خوارووی ئێراقدا، ئەوەش کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، لەو ڕۆژەدا کورد ھیچ دۆستێکی نزیکی لە دەوروبەری خۆی نەبینی. نسکۆی شۆڕش و ئاوارەبوون بۆ ئێران کاردانەوەیەکی نەخوازراوی ھەبوو، بارێکی قورس و گرانتری خستە سەر شانی کاک ئیدریس، بەڵام بە ورەیەکی بەرز و ھەستێکی پۆڵایینەوە بە ئەرکەکانی خۆی ھەستا. دووبارە دەستی بە ڕێکخستنەوەی ڕێزەکانی ھێزی پێشمەرگە کردەوە و لەگەڵ کاک مەسعود خۆیان ئامادە کرد بۆ ھەڵگیرساندنی سەرلەنوێی شۆڕش.
$لەناو ئەو بارودۆخە نەخوازراوەدا، ئەو کۆسپ و ئاستەنگانە زۆر بوون بۆ پێشمەرگە و شۆڕش، لەلایەکی ترەوە نەھامەتیی گەلی کوردستانیش زۆر بوو، ئیدریس بارزانی چۆن توانی شکست بگۆڕێت بە ھەستانەوە و وەرچەرخان بەرانبەر پیلانی نێودەوڵەتی درووست بکات؟$
شێخ تاھیر: با بەشێک لەو ئاستەنگانە باس یکەم کە ھاتنە بەردەم کاک ئیدریس: ئەو دەیدی چۆن بەشێکی میللەتی کورد لە ئەنجامی ڕێککەوتننامەکە تووشی نەھامەتی و بێھیوایی بووە، ھەموو خەم و پەژارەکانی میللەتەکەی لەئەستۆ گرت و بووە کۆڵەکەی ڕاگرتنی ھاوکێشەکان، کە بە چ شێوەیەک بەرەو کەناری ئارامیی ببا و ئەو دڵەڕاوکێ و نەھامەتییە بڕەوێنێتەوە کە خەڵکێک بەدەستییەوە گیری خواردبوو.
زیادبوونی ھەڕەشە و فشارەکان بۆ سەر ئیدریس بارزانی و یاوەر و ھەڤاڵانی، لە ھەموو لایەکەوە دۆستەکانی دوێنێی بووبوونە دوژمنی ئەمڕۆیان بەتایبەت دەزگا ئەمنییەکانی ئێران. ھەموو بەرنامەی ئێران بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی کورد بۆ ئێراق و کوشتنی ڕۆحی کوردایەتی لەنێو دڵ و ناخ و مێشکی ھەر تاکێکی شۆڕشگێڕی کورد.
$ئەندازیاری بەرەی کوردستانی و ئەندازیاری ئاشتی، یەکێک لەو خەسڵەت و دەستکەوتانەی ئیدریس بارزانی بوو، لەو کاتە ھەستیار و نالەبارەدا چۆن ئەو ڕۆڵەی گێڕا؟$
شێخ تاھیر: ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووبن، بەتایبەت لە ساڵی ھەشتاکاندا، دەڵێن: کوردستان بە کات و ساتێکی ھەستیار و نالەباردا گوزەری دەکرد، ئەوانەی چوونە ھەندەران و ئەوانەی لەسەر دەستی ڕژێم دوور خرابوونەوە، ناچار کرابوون ژیانێکی کولەمەرگی لەناو کەمپە زۆرەملێکان بەسەر ببەن، زۆرێکیان تووشی داپڵۆسین و ئەشکەنجە و زیندانی و لەسێدارەدان بوونەوە، ئەو پێشمەرگانەی بەرەنگاری ئەو ڕژێمە بوونەوە لە حاڵەتی ناتەبایی و پەرتەوازەییدا بوون و زۆر جار دژ بەیەک دەجەنگان.
کاک ئیدریس خۆی بە خەمخۆری گەلەکەی دەزانی، ھەموو ھەوڵ و تەقەڵایەکی ئەوەبوو بتوانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کارێکی گرنگ و کاریگەر بۆ یەکریزی و یەکگرتنەوەی پارتەکان و پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام بدات، ئەوەبوو لە 1986 ھەوڵ و تەقەڵا و کۆششی خۆی خستە گەڕ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و شۆڕشگێڕان بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانیان سەبارەت بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و تەبایی ھێزەکان و یەکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دژی داگیرکەران. ھەر لەو ڕوانگەیەوە داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و دۆستانی کورد کرد یارمەتیی بدەن بۆ ناوبژیکردن لەنێوان لایەنە کوردییەکان و ھانیان بدەن یەک بگرنەوە و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە بەڕێز (جەلال تاڵەبانی)، ئەویش لەلای خۆیەوە ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی ھەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی تر و بەپیر بانگەوازەکەی کاک ئیدریسەوە ھاتن و لە 1987 بەرەی باشووری کوردستانیان ڕاگەیەند، ھەر ئەو بەرەیە بوو ترس و دڵەڕاوکێی خستە نێو دڵی دوژمنانی کورد و توانی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ، تا سەرھەڵدانی مێژوویی خەڵکی کوردستان و دانانی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن ھاوپەیمانان و دابینکردنی ئەمن و ئاساییش بۆ خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان و ناچارکردنی ڕژێم بە کشانەوەی لە کوردستان و دامەزراندنی پەڕڵەمان و حکوومەت و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵیی کوردستان، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، ئەم دەستکەوتانە تێکڕا بەرھەمی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزیی گشت پارت و خەڵکی کوردستان بوو.
$کاردانەوەی کۆچی دواییەکەی چۆن بوو؟$
شێخ تاھیر: ئەو ڕۆژە یەکێک لە گەورەترین سەرکردەکانی کورد ماڵاوایی لێ کردین، بەڵام بە ڕۆح و بە فیکر نا، بەڵکوو تەنیا بە جەستە، ھەر بۆیە گەلی کوردستان ئەم سەرکردەیە بە ناوی (شەھیدی ھەمیشە زیندوو) ناو دەبەن، ئەوە بوو بە غەم و پەژارەیەکی زۆرەوە لە #31-01-1987# ھەواڵی ماڵاوایی سەرکردەی کورد (ئیدریس بارزانی) بڵاو بووەوە، زۆربەی زۆری خانەوادە کوردەکان لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بە شین و گریانەوە بەرگی ڕەشیان پۆشی. بە لەدەستدانی ئیدریس بارزانی، کوردستانییان تووشی شۆک بوون، ھێشتا میللەتی کورد و شۆڕشەکەی پێویستیان پێی بوو، دەبینین ماڵباتێکی زۆری کوردستانیان ناوی منداڵەکانیان دەنێن (ئیدریس) لە خۆشەویستیی ئەو سەرکردەیە. ھەرچەندە کاک ئیدریس لە تەمەنی 43 ساڵیدا ماڵاوایی لە شۆڕشگێڕان و خەڵکی کوردستان کرد، بەڵام ھەمیشە قسە و بیر و ڕەفتار و چالاکییەکانی لەناو ھزر و بیر و دەروونی ھەزارەھا ھەواداری ئەو ڕێبازە ھەر دەمێنێتەوە.[1]