ئەمڕۆ سێشەممە #31-01-2017#، سی ساڵ بەسەر شەهیدبوونی
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت.
ئیدریس بارزانی، کوڕی #مەلا مستەفا بارزانی#، ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، لە ساڵی 1944 لە گوندی #بارزان# لەدایک بووە. لەنێو هەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزاندا هاتووەتە دنیاوە. لە ساڵی 1947، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد# لەسەر دەستی ڕژێمی ئەوسای ئێران، لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و 500 کەس لە هەڤاڵانی، ڕوویان لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کردووە. لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووتری ئێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ بۆ باشووری ئێراق دوور خراونەتەوە و لە شارەکانی بەسرە، #بەغدا# و #مووسڵ# لە دەستبەسەریدا دەبن. ئیدریس بارزانی تاوەکوو گەڕانەوەی بارزانی باوکی بۆ ئێراق و کوردستان لە 1958دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات، پاشان بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە.
لەنێو پێشمەرگەکانی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ئیدریس بارزانی بە خەسڵەتی جەماوەریبوون ناسراوە و تاوەکوو ئێستاش، سادەیی و مامەڵەی لەگەڵ پێشمەرگە دەگێڕدرێتەوە.
لەمبارەیەوە هەر ئەمڕۆ، #فازڵ میرانی#، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بڵاوی کردووەتەوە: “ئیدریس بارزانی، پیاوی ورەبەرز و بە دڵێکی پۆڵایین و پڕ لە گەشبینی، بۆ زاڵبوون بەسەر کارەساتی گەورە و سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکار و شارەزای سەربازیی بەتوانا و خاوەن کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی خۆشەویست بووە”. ڕوونیشی کردووەتەوە: “ئیدریس بارزانی یەکێکە لە سیمبولەکانی قوتابخانەی کوردایەتی و قارەمانی چەندین داستان و نەبەردیی بەرگری لە خاک و نیشتمان کە گەلی کورد شانازی پێوە دەکات”.
میرانی دەڵێت: “کاک ئیدریس شانبەشانی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەڤاڵەکانیان، داڕێژەری شۆڕشی گوڵان بوون کە نەیانهێشت گەلی کورد بێئومێد و بێهیوا بمێنێتەوە”. جگە لەوەی دڵسۆزی ئاوارەکان و خەمخۆری ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بووە، لە سیاسەتدا سەرکردە و لەگەڵ پێشمەرگەدا پێشمەرگە، دۆستی هەژاران بووە، بە سادەیی ژیاوە، هەر بۆیە خۆشەویستی هەمووان بووە، ئەندازیاری ئاشتی بووە. پیاوی ڕۆژانی سەخت بووە، لە بەرانبەر گرفتەکان و تەنگ و چەڵەمەکان چیایەکی خۆڕاگر بووە، وەک سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی پێ داوە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە: “لە کاتی بیستنی هەواڵی شەهیدبوونی ئیدریس بارزانیدا، سەرۆک #مەسعود بارزانی# فەرمووی، چیایەک لە پشت من چوو”.
کاتژمێر 6ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی #31-01-1987#، لە گوندی سلیڤانای سەربە شاری #ورمێ#ی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئیدریس بارزانی ماڵاوایی لە ژیان دەکات و لە گۆڕستانی شاری #شنۆ# لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت.
دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری گواستنەوەی ڕووفاتی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانییان دا و لە ڕۆژانی 6 تاوەکوو #08-10-1993# لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ڕووفاتەکانیان لەنێو پێشوازییەکی یەکجار بەرز و گەورەی خەڵکی کوردستاندا گەیەنرایەوە کوردستانی باشوور و لە گوندی بارزان نێژران. [1]