قائید میرۆ
ئەمڕۆ 36 (#31-01-2023# ) ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شەھید #ئیدریس بارزانی# تێپەڕ دەبێت، کە ھاوڕێیانی و خەڵکی کوردستان بە ئەندازیاری ئاشتی و دۆستی ھەژاران ناوی دەبەن، ھاوڕێیەکی ئیدریس بارزانی دەڵێت: چەندین جار ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە لە پێناو میللەتەکەیدا.
د.ناسیح غەفوور، ھاوڕێی شەھید ئیدریس بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەڵێت: بەر لەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکەم، لە #کەرکووک# بووم و ناوی شەھید ئیدریسم بیستبوو، چونکە شەھید ئیدریس بارزانی ھەر زوو ناوی لەنێو شۆڕش دەرکرد، بە تایبەتیی لە شەڕی بەناوبانگی ھەندرێن ڕۆڵی شەھید ئیدریس بارزانی دیار بوو، دواتر کە بوومە مامۆستا لەناو شۆڕش شەھید ئیدریس بارزانیم ناسی.
لای خۆشییەوە، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شوکری نێروەیی، ھاوڕێی شەھید ئیدریس بارزانی وتی: لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول ئاشنایەتیم لەگەڵ شەھید ئیدریس بارزانی پەیدا کرد و تا ئەو ڕۆژەی وەفاتی کرد لە سلێڤانا ھاوڕێ بووین، بە درێژایی ئەو ساڵانەی لەناو شۆڕش لە نزیکەوە ناسیم و زانیاریی وردم لەسەر پەیدا کرد، ئەوەی لە شەھید ئیدریس بارزانی بینیم لە سەرکردەی دیکەی کوردم نەدیت، یەکێک لە سیفاتە ھەرە باشەکانی شەھید ئیدریس تێکەڵاوی و ئاشنایەتی بوو لەگەڵ خەڵک، بەردەوام لە کێشە و گرفتی ھاووڵاتییانی دەکۆڵییەوە و ھەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەدان، ئیدریس نێوبانگی لە ھاوکاری و بەھانەوەچوونی بۆ میللەت دەرکردبوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی 31ی کانوونی دووەمی ساڵی 1987 لە ناوچەی سلێڤانای ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ئیدریس بارزانی لە تەمەنی 44 ساڵیدا ماڵاوایی کرد و سەرۆک بارزانی لە پەرتووکی بۆ مێژوو باس لە وەفاتی شەھید ئیدریس دەکات و دەڵێت: (کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و ھەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، ھەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە).
د. ناسیح غەفوور، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: شەھید ئیدریس بارزانی کەسێکی لێبووردە و ئاشتیخواز بوو، ھەتا لەگەڵ نەیارانی کەسێکی لێبووردە بوو، لەگەڵ ئێمەیش وەک کادیرانی حزب و خەڵکی بە گشتی کەسێکی کراوە و میھرەبان بوو، لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی ساڵی 1986 شەھید ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو، ھەر ئەوەش وای کرد ناسناوی ئەندازیاری ئاشتیی پێبدرێت، چەندی دەربارەی ڕۆڵ و پێگە و کەسایەتیی ئەو سەرکردە بلیمەتەی کورد بدوێین، تەواو نابێت، چونکە ئیدریسی جوانەمەرگە لە تەمەنێکی کەمدا خزمەتێکی زۆری گەلەکەی کرد.
شوکری نێروەیی دەڵێت: شەھید ئیدریس بارزانی ھەمیشە ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ میللەتەکەی، ڕۆژانە قەت ھەستی بە ماندوویەتی نەدەکرد لە خزمەتکردن ھەر لە ھاوکاری و پاڵپشتیی پێشمەرگە و کادیر و ھاووڵاتی ئاسایی بگرە تا ئاوارەیی، زۆر خزمەتی بەھەمووان کرد، دوای ڕێککەوتنی#11-03-1970# شەھید ئیدریس چووە بەغدا لە پێناو مافی گەلەکەی ھەر لەوێ پیلانی کوشتنیان دانا، بەڵام ئەو کات ڕزگاری بوو و شەھید نەبوو.[1]