ناونیشانی بابەت: نامە مێژووییەکەى بارزانى بۆ عەبدولکەریم قاسم
لە سەردەمى حوکمڕانیى ئێراقدا، کە دەسەڵات و سیستەمى پاشایەتى (مەلەکییەت) پەیڕە و دەکرا، ستەمێکى زۆر دەرهەق بە خەڵکى ئێراق بەگشتى و گەلى کورد بەتایبەتى دەکرا و ئازادییەکان بەرتەسک کرابوون، چەندین جار ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرانبەر نەتەوەى کورد و پیاوانى ڕژێمى ئێراقى ئەوسا، بە پاڵپشتیی ئینگلیزەکان ڕووی دا و بۆ سەرکوتکردنى نەتەوەى کورد پەلامارى زۆر شوێنى کوردستان بەگشتى و بەتایبەت دەڤەرى بارزان و بارزانییەکان درا، دەرئەنجام، گەلى کوردیش بە ڕابەرایەتیى بارزانییەکان و لەنێویاندا (#شێخ ئەحمەد بارزانى# و #مستەفا بارزانى#) چەندان جار شۆڕش و ڕاپەڕینیان لە دژى دەسەڵاتدارانى ئەوساى ئێراق بەرپا کرد و ئازایانە لە دژیان وەستانەوە و هیچ کات سازشیان بۆ نەکردن و ملکەچیان نەبوون.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد#، مستەفا بارزانى و شۆڕشگێڕان لە پێناو دۆزى ڕەواى گەلى کورد، ئامادە نەبوون ڕادەست بەو ڕژێمە ببن و هەورازى سەخت و ڕێگاى هاتونەهاتیان گرتە بەر. دوای ڕووبەڕووبوونەوەى سێ دەوڵەتى زلهێزى داگیرکەر و چەند مانگ شەڕ و بەرگریى قارەمانانە و شەهید و قوربانیدان، دواجار ڕوویان کردە وڵاتى یەکێتیى سۆڤیەتى جاران و زیاتر لە 11ساڵ ئاوارە و دەربەدەر بوون و تا بەرپابوونى شۆڕشى 14ى تەمووزى 1958 لەوێ مانەوە.
لە ڕۆژى 14ى گەلاوێژى 1958، بە سەرۆکایەتیى عەبدولکەریم قاسم، ڕژێمى پاشایەتى لە ئێراق ڕووخا و سیستمێکى دیموکراسى هاتە کایەوە و ئێراق بوو بە دەوڵەتێکى کۆمارى و دەسەڵاتدارانى ئەو کات لەو سەروەختەدا ڕایانگەیاند، کە هەردوو نەتەوەى کورد و عەرەب لەم وڵاتەدا هاوبەشن و لە خێروبێرى وڵاتدا وەک یەکن، دەبێت هەموو تاکەکانى ئەم وڵاتە بە یەکسانى ژیان بگوزەرێنن، هەروەها کۆمەڵێک یاساى چاکسازى، بەتایبەت لە بوارى کشتوکاڵ لە بەرژەوەندیى هاووڵاتییانى ئێراقى بە کورد و عەرەبەوە دەرکران.
لە و سەروبەندەدا، مستەفا بارزانى، لە چیکۆسلۆفاکیاوە تەلەگرافێک ئاڕاستەى سەرکۆمارى ئێراق (عەبدولکەریم قاسم) دەکات و پشتیوانیى خۆى بۆ دەردەبڕێت. هەر لەو کاتەشدا و لە وەڵامى ئەو تەلەگراف و نامە مێژووییەدا، (عەبدولکەریم قاسم)، داواى گەڕانەوەى بارزانى و یاوەرانى دەکات بۆ ئێراق. لەو ئانووساتەدا، ڕۆژنامەى (ژین) لە سلێمانى، بەخۆشحاڵییەوە دەقى هەردوو نامە و تەلەگرافە مێژووییەکە بڵاو دەکاتەوە و بایەخێکى زۆرى پێ دەدا و لە لاپەڕەى یەکەمى ڕۆژنامەکەدا، بە گرنگییەوە وێنەى (مستەفا بارزانى) و (عەبدولکەریم قاسم)، لەگەڵ دەقى هەردوو نامەکە بڵاو دەکاتەوە، کە بەم شێوەیە نووسراوە:
لە ڕۆژنامەى (ژین) ژمارە (1411)، پێنجشەممە #02-10-1958# لاپەڕە (1)دا، دەقى نامەکەى بارزانى، کە لە ڕێکەوتى #29-08-1958# بۆ عەبدولکەریم قاسم ناردوویەتی، بەم شێوەیە بڵاو کردووەتەوە:
$نامە مێژووییەکەى جەنەراڵ مستەفا بارزانى بۆ عەبدولکەریم قاسم$
سەرۆکى خۆشەویستمان زەعیم ڕوکن عەبدولکەریم قاسم، قارەمانى ڕاپەڕینە پیرۆزەکەى ئێراق،
بە ناوى برا کوردە خەباتکارە ئێراقییەکانەوە، کە پەنایان بردووەتە بەر حکوومەتە ئیشتراکییەکان، سڵاو و پیرۆزبایى شۆڕشە پیرۆزەکەى گەلى ئێراقى خەباتکارتان لێ دەکەم. ئەو شۆڕشەى بە سەرۆکایەتیى ئێوە و هاوڕێ قارەمانەکانتان پێکهات و بە جارێ ئیستعمارى پیس و مەلیکییەتى بۆگەنى لەناو برد و گەلى ئێراقتان بە کورد و عەرەبەوە ئازاد کرد و لە سەرشۆڕى و زۆردارى و ژێردەستیى ڕزگاریان بوو، بەمە لاپەڕەیەکى نەمرتان نووسیوە، بەتایبەتى لە مێژووى خەباتکەرى گەلى ئێراق و لە مێژووى ڕاپەڕین و جووڵانەوەى هەموو گێتیى ئەم سەدەیەدا بەشێوەیەکى گشتى.
بە دامەزراندنی جمهوریەتى ئێراق ئەو ئاواتەتان پێکهێنا کە گەلى ئێراقى تێکۆشەر لە شۆڕشى 1920ەوە، هەوڵى بۆ داوە، تا ئەمڕۆ لە سەردەمى ئێوەدا ئەم سەرکەوتنەمان دەستگیر بوو، ئەو سەرکەوتنەى کە ئازادیخوەهانى کوردى ئێراق، شانبەشانى برا عەرەبە خەباتکەرەکانیان، بۆ بەجێهێنانى ئەم ئامانجە پیرۆزە تێکۆشاون.
ڕاپەڕینى یەک لەدوا یەکى بارزانییەکانیش بەشى هەبووە لەو ڕاپەڕینانەى کە گەلى ئێراق پێکى هێناوە، بۆ بەربەرەکانیى ئیستعمار و مەلیکییەتى بۆگەن لە نیشتمانى خۆشەویستدا.
لە ئەنجامى ئەم خەباتە دوورودرێژ و سەختەدا و لە کاتێکدا کە ئیستعمار دەستێکى باڵاى کێشابوو بەسەر وڵاتەکەمان، کە بەجێی بهێڵێن، لەسەر خەباتى خۆمان بڕۆین بۆ بەربەرەکانى ئیستعمار و نۆکەرەکانى لە دەرەوەى وڵات و لە خاکى وڵاتە ئیشتراکییە ئازادەکاندا، بە بڕوایەکى دەروونییەوە کە ئیستعمار و کلکەکانى هەر نەبێت لە وڵات دەرکرێن، هەروەکوو لە وڵاتە عەرەبییە سەربەستەکانى تردا لە (سووریا و میسڕ و یەمەن) و ئەوانی تردا دەرکران. ڕۆژى 14ى تەمووز ڕۆژێکى تازەى پیرۆز بوو، کە هیوا و ئامانج و ئاواتى ئێمەى هێنایە دى، بۆ گەڕانەوەمان بۆ نیشتمانى خۆشەویست و بۆ خزمەتکردنى گەلەکەمان و پارێزگاریى جمهوریەتە تازەکەمان. بەم ئاواتە شیرینەوە چووینە لاى سەفیرى جمهوریەتى عەرەبى یەکگرتوو لە جمهوریەتى ڕۆمانیا و (چیکۆسلۆڤاکیا)ى شەعبى، لە یەکەم ڕۆژى شۆڕشدا، کە ڕێگەمان بدرێتێ و پاساپۆرتمان بۆ دەربهێنرێ بۆ گەڕانەوەمان بۆ نیشتمانى پیرۆزمان. بەڵام ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووەتەوە.
ئەوا ئەم هەوڵى هاتنەوەیەمان ئەخەینە پەناى سیادەتتان، تکا دەکەین یارمەتیمان بدەن بگەڕێینەوە، کە بتوانین بەشدار بین لە خزمەتى جمهوریەتەکەماندا، لەگەڵ هاووڵاتییەکانى ترماندا.
لە دواى ئەم نامەیەماندا لە یەزدان دەپاڕێینەوە، کە هەرگیز دەستگرتان بێ بۆ پاککردنەوەى وڵات لە کلکەکانى ئیستعمار و چاککردنەوە و ڕاستکردنەوەى حاڵى شێواوى ئێراقى نەبەز، کە لەدەورى کۆندا بەسەرى هاتووە و پێشخستنى وڵات و سەرکەوتنیان بەسەر دوا پلەى شارستانیدا.
ئیتر هەرگیز نیازى بەرزى و چاکیى خۆت و هاوڕێکانتانمە.
بژى جمهوریەتى ئێراقى.
بژى سەرکردەکانى شۆڕشى ئێراقى قارەمانان زەعیم قاسم و هاوڕێکانى.
بژى برایەتیى کورد و عەرەب لەژێر سایەى یەکێتیى ئێراقدا.
ئەمەوێ ئەوەش بزانن، ئێستا من لە جمهوریەتى چیکۆسلۆفاکیا دەژیم، لە شارى (لیلایس)، لەگەڵ هەردوو هاوڕێکەمدا (میرحاج ئەحمەد و ئەسعەد خۆشەوى).
ناونیشانمان: م. میار: لیدیسى نمرە (9) چیکۆسلۆفاکیا.
براتان و خزمەتکارى گەلى ئێراق.
مستەفا بارزانى
#29-08-1958#
هەروەها لە هەمان ژمارەدا و هەر لەو لاپەڕەیەی ڕۆژنامەی (ژین)دا، بەم شێوەیە وەڵامى عەبدولکەریم قاسم بۆ بارزانی، بڵاوکراوەتەوە:
=KTML_Bold=وەڵامى سەرۆک وەزیران=KTML_End=
تەلەگراف و نامەکەتانمان وەرگرت و ئێمە زۆر پێخۆشحاڵین بە هاتنەوەتان بۆ نیشتمانى خۆشەویست و هەرچى پێویستییەک هەیە بۆمان جێبەجێ کردن بۆ دەرچوونى لێبووردن و هاتنەوەتان، ئێوە و میرحاج ئەحمەد و ئەسعەد خۆشەوى و ئەوانەى لەگەڵتانن لە هاونیشتمانەکانمان.
موراجەعەتى سەفارەتى جمهورییەتى عەرەبیى یەکگرتوو بکەن لە براغ -چیکوسلۆفاکیا-بۆ جێبەجێکردنى هاتنەوەتان.
زەعیم ڕوکن عەبدولکەریم قاسم
ئەمەش دەقى ئەو وتارەیە، کە بە ناوى (مژدە)، (63) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، ڕۆژنامەى (ژین)، لە لاپەڕە (9)، لە ژمارە (1407)ى ڕێکەوتى #04-09-1958# ، بڵاوکراوەتەوە. کە سەروتارى ئەو ڕۆژەیە و بە پێنووسى سەرنووسەر (ئەحمەد زرنگ)-نەوەى پیرەمێردى شاعیر-نووسراوە. بەم شێوەیە:
=KTML_Bold=مژدە=KTML_End=
گەڕانەوەى قارەمانان و شێرانى بارزانمان
تەلەگراف و نامەى جەنەراڵ مستەفا بارزانى∗ لە ڕۆمانیاوە
وەرامى پێشەواى سوپاى ئازا و قارەمانى شۆڕش، زەعیم ڕوکن عەبدولکەریم قاسم
لە کاتی چاپکردنی ئەم لاپەڕەیەدا، لە ئێستگەى ڕادیۆی جمهوریەتەکەمانەوە (لە بەشی کوردی و عەرەبییەوە) دەنگێکی زوڵاڵ هەواڵی برا بارزانییەکانمان و مژدەى گەڕانەوەى ئەو قارەمانە ئازادیخوایانەى گەیاند.
ئەو نامە و تەلگرافەى خوێندەوە، کە جەنەڕاڵ مستەفا بارزانیی قارەمان، بەناوى خۆی و هەموو ئەو قارەمانانەى کە لەگەڵیدان، بەتایبەتیی خۆی و میرحاج و ئەسعەد خۆشەوی کە لە ڕۆمانیاوە ناردوویانە بۆ سەرۆکی وەزارەتی جمهورییەتەکەمان کە دواى باس و گێڕانەوەى خەباتی کوردان شانبەشانی برادەرەکانیان لە ڕێی ئازادیخوازیدا، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی جووڵانەوەى بیرنەچووى سوپای ئازاد و ڕاپەڕینی گەلی نەبەز و دامەزراندن و پێکهێنانی جمهوریەتە خۆشەویستەکەمان دەکەن و داواى هاتنەوەیان دەکەن بۆ نیشتمانی خۆشەویست، ئەو نیشتمانەى کە دامودەزگاى ئیستعمار و زۆردارى ڕابردوو لێی ئاوارە کردن و ئەیانەوێ بێنەوە، کە لەم نیشتمانەدا، لە ڕێی خەبات و ئیشکردندا بۆ پارێزگاریى جمهوریەتی خۆشەویستمان، بە برایەتیی کورد و عەرەبەوە و بە یەکییەتیی ڕاست و درووستی ئێراقەوە، هەمیشە لە خەباتدا بن، هەروەکوو بوون.
هەرواش وەڵامی شیرین و مژدەبەخشی قارەمان و پێشەواى هەمووان عەبدولکەریم قاسمیشی خوێندەوە، کە بۆی ناردوون و لە کانگای دڵەوە، دواى سوپاسگوزارى و مژدەى هەڵاتنی ڕۆژی ئازادی، وەڵامیان دەداتەوە، کە دەرگایان بۆ خراوەتە سەر پشت و ڕێگاى ئەزەلیی نیشتمانی خۆشەویستیان بۆ کراوەتەوە و هیچ کەند و کۆسپێکی لەبەردا نەماوە و پێیان ڕادەگەیەنێ، کە چاوەڕوانیی هاتنەوەیان دەکرێ.
ئیتر بە بۆنەى ئەم مژدە خۆشەوە، سڵاو بۆ گیانی هەموو ئەوانەى خۆیان لە ڕێی نیشتماندا بەخت کرد، سڵاو بۆ گیانی پاکی چوار قارەمانە نەبەردەکە (مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز و خێروڵڵا عەبدولکەریم).
سڵاو بۆ گیانی هەموو شەهیدانی ڕێی ئازادی.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەى جمهوریەتی ئێراق، تەلەگرافێکی ناردووە بۆ سەفیری جمهوریەتی یەکگرتووی عەرەبی لە پراگ، کە هەرچی پێویستە بۆ ئاسانکردنی گەڕانەوەیان بیکات.[1]