نووسین: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ڕژێمى بەعسی ئێراق، بۆ سەرکوتکردنى نەتەوەى کورد، پەناى بردووەتە بەر شەڕ و هەڕەشە و پەلاماردان، لەباتیى زمانى لۆژیک و دانووستاندن و پەنابردنە بەر گفتوگۆ، بژارەى زمانى هەڕەشە و شەڕ و هێرشکردنى هەڵبژاردبوو، بۆیە نەتەوەى کوردیش لە درووستبوونى دەوڵەتى ئێراقەوە، پەناى بردووەتە بەر چەک بۆ بەرگریکردن و شۆڕش و ڕاپەڕین لە پێناو دەستەبەرکردنى مافە ڕەواکانی و پاراستنى گەلە بەشمەینەتەکەى.
لەم باسەماندا، یەکێک لەو داستان و نەبەردییانەى #شۆڕشى ئەیلوول# دەخەینە ڕوو، کە هێزى پێشمەرگە بە ڕابەرایەتیى #مستەفا بارزانی#، داستانى هەندرێنى کردە هەوێنى سەرکەوتنى پێشمەرگەى کوردستان و وەک دەگوترا تۆڵەى شەهیدانى #سلێمانی#یان کردەوە و وانەیەکى کەمەرشێنیان دایە سوپا زەبەلاحەکەى ئێراق، کە چیتر نەتوانن لە بەردەم هێزی پێشمەرگەدا خۆیان ڕابگرن.
ڕۆژى #12-05-1966#، پێشمەرگەکانى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول بە ڕابەرایەتیى بارزانی، توانییان شکست بە پیلانێکى مەترسیدارى دوژمن لە باشوورى کوردستان بهێنن و داستانێکى بێ وێنە و سەرکەوتنێکى مەزن بە ناوى (#داستانى هەندرێن#) تۆمار بکەن، کە لە مێژووى شۆڕش و بزاڤى ڕزگاریخوازى کوردستاندا، داستانەکە بە خاڵێکى وەرچەرخان دادەنرێت.
ئەو داستانە لە چیاى هەندرێن، بە بەشداریى پێشمەرگەکانى #پارتى دیموکراتى کوردستان# و حزبی شیوعى تۆمار کرا و توانییان هێرشى سەربازیى پڕ چەک و مەشقپێکراوى ئێراق تێکبشکێنن و خەونى لەنێوبردنى شۆڕشى باشوورى کوردستان پووچەڵ بکەنەوە. سەرکەوتنى پێشمەرگە لەو شەڕەدا، وڵاتانى ناوچەکەى تووشى سەرسووڕمان کرد و دەسەڵاتدارانى ئێراقیشی ناچار بە دانووستاندن کرد.
بۆ کپکردنى شۆڕشى کوردستان، ڕژێمى ئێراق لە شەوى 2 لەسەر #03-05-1966#، بە هێزێکى زەبەلاح، کە پێکهاتبوو لە سەربازى پڕچەک و بە پاڵپشتیی فڕۆکەى شەڕکەر، لە چیاى هەندرێن هێرشیان کردە سەر هێزى پێشمەرگەى کوردستان، دواى 10 ڕۆژ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە، لە دژەهێرشێکدا و لە ماوەیەکى کورتدا، پێشمەرگە توانیی ئەو هێزە زۆرەى ئێراق تێکبشکێنێت و سەرکەوتنى گەورە بەسەر هێرشى فراوانیدا ڕابگەیەنێت. بەمەش گەورەترین سەرکەوتن بۆ شۆڕش و مێژووى گەلى کورد تۆمار کرا، کە ڕژێمى ئێراقى ناچار کرد ڕێککەوتننامەى 29ى حوزەیرانى هەمان ساڵ ئیمزا بکات، وێڕاى کوشتن و بەدیلگرتنى سەدان سەرباز و دەستکەوتى ئێگجار زۆرى کەرەستەى سەربازى. کە سوپای داگیرکەرى ئێراق لە شەڕەکە دووچارى شکستێکى گەورە دەبێت.
ئەو داستانە بەهۆى لێهاتوویى فەرماندەکان و ورەبەرزی و خۆڕاگریى پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتی و شیوعی تۆمار کرا، کە لە ساتەوەختى شۆڕشى ئەیلوودا و لە مێژووى بەرەنگاربوونەوەى سوپاى داگیرکەردا، گەورەترین حەماسەت دەخوڵقێت، کە تاکوو ئەم سەردەمەش هەر شانازیى پێوە دەکرێت.
ئەو سەرکەوتنەى هێزى پێشمەرگە لەو سات و کاتەدا، هیوا و ئومێدى گەورەى بە گەلى کوردستان بەخشى و نووسەران و شاعیرانى کوردیش بە هۆنراوە و نووسین پاڵپشتى و پشتیوانیى خۆیان دەردەبڕى و هۆنراوەیان بۆ پێشمەرگە نووسیوە. بەتایبەت یەکێکى وەک شاعیر و ڕووناکبیرى #سلێمانى#، (#عەبدولڕەحمان بەگى بابان#)، ناتوانێت لە ئاست ئەو سەرکەوتنە گەورەیەى پێشمەرگە بێدەنگ بێت، هەم لە تووڕەیى هێرشى دوژمن و هەم لە سەرکەوتنى گەورەى پێشمەرگەى کوردستاندا، هەست و سۆزێکى کوردپەروەریى لە ناخیدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە بە هۆنراوەیەک، خۆشحاڵى و خۆشەویستیى بۆ کوردستان و پێشمەرگە و بارزانی دەردەبڕێت و هەڵسەنگاندنێکى سەنگین و بەرز و جوانی لە ڕووى مێژووی ژیانى سیاسیى ڕابردوو و ئەو کاتیان بۆ دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەو داستانە بە تۆڵەى کارەساتى 9ى حوزەیرانى شارى سلێمانى دەناسێنێ، کە ڕژێم لە ڕابردوودا ستەم و ستەم و کۆشتارگەیەکى زۆرى دەرهەق بە خەڵکى کوردپەروەرى سلێمانى کردبوو. شاعیر پێىوایە، تۆڵەى جەماوەرى سلێمانى لەسەر دەستى پێشمەرگەکانی بارزانی کرایەوە.
مەحمود ئەحمەد، دەڵێت: نیسانی 1966 سەردەمێکى ئاسایى نەبوو، چاوەڕوانى هێرشێکى قورسى ڕژێمى بەغدا دەکرا بۆ سەر هێزی پێشمەرگەى کوردستان، دەوروبەرى بنکە و بارەگاى بارزانی بۆ ئەو پەلاماردانە دەستنیشان کرابوون، حکوومەتى ئێراقیش پەیتاپەیتا هێزى پیادە و زرێپۆش و تۆپخانەى ڕەوانەى ناوچەى ڕواندز و دیانا دەکرد و خۆی بۆ شەڕ و هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى ساز دەدا، لە زۆربەى شوێنە ستراتیژییەکاندا هێزى ڕژێم لەنگەرى گرتبوو و سەنگەرى لێ دابوو، نیازى پیس و خەیاڵپڵاوى سەریەک دەنا.
دەزگا ڕاگەیاندنەکانیشى خستبوونە گەڕ، بۆ درۆهەڵبەستن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەى ناڕاست، تەنانەت پڕوپاگەندەکانى ڕژێم ئەوەندە کاریگەر بوون، زۆر لە خەڵکى و لە دوژمنان و ناحەزانیش چاوەڕوانى ئەوە بوون، ئەمڕۆ نا سبەی شۆڕشى کورد لەبەین دەچێت و بارزانى و پێشمەرگەکانى بە دەستگیر کراوى! لە بەغدا پیشان دەدرێن. هەر بەهۆى ئەو پڕوپاگەندەوە، زۆر لە کوردانی نیشتەجێبووی ناوەڕاست و باشوورى ئێراق تووشى نەخۆشیى دەروونى بووبوون، نائومێدى خانووى دڵیانى هاخنیبوو، دەزگا ڕاگەیاندنەکانى جیهانیش هەموو ڕۆژێ دەنگ و سەداى دەهۆڵە شکاوەکەى بەغدایان لێ دەدایەوە.
لەملاشەوە، پێشمەرگەکانى کوردستان بە سەرکردایەتیى بارزانی، خۆیان بۆ بەرگرى لە شەرەف و کەرامەتى میللەتى کورد و خاکى کوردستان ئامادە کردبوو، بۆ شەڕى مان و نەمان خۆى ساز دەدا، هەرچى هەوڵیش درا بۆ ئەوەى ئەو شەڕە نەقەومێ، بەڵام بێ کەڵک بوو!”
وەک مەحمود ئەحمەد، ئاماژەى پێدەکات: لەو کاتەدا، دەنگوسەداى ئەم فەتحە مومتازە، بزەى خستە سەر لێوى کوردان و جارێکى دیکە ئاوى ژینى کردەوە ناو جەستەیان و سەرلەنوێ هیواى سەرکەوتن و نەبەزینى پێشمەرگە و بارزانى بە جیهاندا ڕاگەیاندەوە. خۆشى و شادیى خستە ناو دڵانەوە و لە زۆربەى ناوچە ڕزگارکراوەکانى کوردستاندا بوو بە زەمزەمە و شایى، ئەوە بوو، کە ئەم تێکشکاندنەى سوپا زەبەلاحەکەى حکوومەتى ئێراق لە دنیادا دەنگى دایەوە و جیهانى ئەو ڕۆژگارەى هەژاند و سەرلەنوێ ئازایەتى و مەردایەتیى پێشمەرگەکانى بارزانیى بە جیهاندا بڵاو کردەوە. جارێکى دیکە بارزانى سەلماندى و چەسپاندى، کە ڕۆڵەکانى نەبەرد و چاپووکن و پێشمەرگە شێرى مەیدانن، گیانیان دەبەخشنە خاکى پیرۆزى کوردستان. تەنانەت خەڵکى دەیوت: ئەمە تۆڵەى خوێنى بەناهەق ڕژێنراوى کارەساتى 9ى حوزەیرانى 1963ى شارى سلێمانى و شەهیدەکانییەتى، زیندەبەچاڵکردنى ئەو هەموو ڕۆڵە بێتاوانانەى سلێمانییە. هەروەها دەگوترا، بارزانى یەک بە هەزار تۆڵەى سەندن.
هەمووشمان ئەوە دەزانین، کە سەرکەوتنى پێشمەرگە لە شەڕى هەندرێندا و تێکشکاندنى سوپاى ئێراقى بەو شێوە بەرفراوانە، دەنگ و سەدایەکى کاریگەرى هەبوو لە جیهان و لەسەر ئاستى ناوەوەش، ورەى دوژمنى وا ڕووخاند، ناچار بوو تکاى ئاگربەست و وتووێژى لە شۆڕش و لە مستەفا بارزانى کرد.
هەروەها سەرۆک #مەسعود بارزانی#، لە باسى سەرکەوتنى ئەم داستانەدا دەنووسێت: ڕۆژى #12-05-1966# لە داستانێکى کەموێنە، بە درووشمى کوردستان یان نەمان، هێزى پێشمەرگەکانى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول، گورزێکى بەهێزیان لە سوپاى ئەو کاتەى ڕژێمى ئێراق دا. لەو داستانەدا هێزى باڵەک ڕۆڵێکى کارایان بینى، هەروەها بە فەرمانى بارزانیی نەمر، ڕابەرى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول، شەهیدى هەمیشە لەیاد
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، ڕۆڵى گیانفیدایی گێڕا و سەرکردایەتیى شەڕەکانى (هەندرێن و زۆزک)ی کرد. بۆ دوژمن سەلما، کە پێشمەرگە هەمیشە دەتوانێت بەرگرى لە خاکى کوردستان بکات. لە 12ى ئایارى 1966دا هێزى پێشمەرگە سەرکەوتنێکى پرشنگدارى بەسەر هێزى پڕچەکى زەمینى و ئاسمانیى دوژمن لە حەوزى ڕواندز تۆمار کرد. ئەو هێزەى، کە بۆ لەناوبردنى سەرکردایەتیى شۆڕش پەلامارى ناوچەکەى دابوو، لە شەڕێکى دە ڕۆژەدا لە چیاى هەندرێن و زۆزک و #کۆڕەک# و گەرووى هۆمەرئاغا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە بەشداریی پێشمەرگەکانى حزبى شیوعى بەیەکەوە، داستانێکى قارەمانانەیان تۆمار کرد و هێزى دوژمنیان لەبەریەک هەڵوەشاند.
=KTML_Bold=عەبدولڕەحمان بەگى بابان، لە سلێمانییەوە هۆنراوە بۆ ئەو داستانە دەهۆنێتەوە=KTML_End=
عەبدولڕەحمان بەگى بابان، گەلێ هۆنراوەى بۆ داستانەکانى بارزانى و پێشمەرگەکانى نووسیوە و زۆریش بە کەسایەتیی بارزانى سەرسام بووە. ئەم شاعیرە داستانى هەندرێنى بەم پارچە هۆنراوەیە تۆمار کردووە:
=KTML_Bold=شەڕى هەندرێن=KTML_End=
=KTML_Green=لەبەرچى تۆم خۆشئەوێت ئەى نیشتمان: تۆ خاک و خۆڵێکى
کەژ و کێوى چیا زۆر بەرز و هۆزان و شیو و دۆڵێکى
لە ناوچەى شەرقى ناوەندا بە تەنها تۆ کڵۆڵێکى
عەدو وا تێئەگا ئێستا بەشى زللە و چەپۆڵێکى
لە مێژوو لائەدا دوژمن وە یا عەمدەن لەبیرى چوو!
کە بۆ میسڕ و یەمەن لەم خاکەوە والى و ئەمیرى چوو!
کەژ و کێو و دەر و شیوت کە کوردستان مەشهوورە
بە مێژوو نابێتە یانەى پڵنگانى ڕق ئەستوورە
وەلیعەهدى کە یانە لێدەرى شاهانەى ئاشوورە
بۆ فەخر و ناوى من ئەى نیشتمان شۆرەتت بەسمە
کە شیو و دۆڵەکانت مەقبەرەى سەد دوژمن و خەسمە
لە شەرقى (بەڵخ)ەوە تا قاهیرە تاق و ڕەواقت بوو
عەرەب ناوى نەبوو تۆ سوریە و خاکى ئێراقت هەبوو=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2025/644879/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=0002.JPG=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:left;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2025/644879/0002.JPG=KTML_Photo_End=
لەگەڵ ڕۆما دەمى سوڵح و دەمى جەنگ و شیقاقت بوو
لە هیند و تورکەوە خاوەنى جیهاندارى مەراقت بوو
کەچى ئێستا معێدى بۆق و کیسەڵ خۆر و پێ خاوس
خەریکى هەڵمەتن بۆ شاخەکانى شاهى کەیکاوس
لەسەر ئەم ئەمرە بوو حەسلەى دلێر و شێرى بارزانی
لە جەیش و عەسکەرى عارەب سێ لیواى کرد بە قوربانی
ههرچى چەک و تۆپى بوو کەوتە ژێر دەستت بەئاسانى
هەزاران ئافەرین بۆ تۆ سەندتەوە تۆڵەى سلێمانى
ئیتر هێزى نەما جەیشى معێدى بۆ شەڕى تازە
گەیشتە شەرق و غەرب دەنگ و سەداى ئەم فەتحە مومتازە
جەلالى کوردى ساسانى ئەگەر تۆ نایەتە بیرت
لە تەئریخى دەرێنە قارەمانیى باوک و باپیرت
لە میراتى ئەوان زوو ڕاپەڕە بۆ خەنجەر و شیرت
لەبندا بیبڕە کەللەى معێدى کۆنە نێچیرت
لەبیرى چوو معێدى دەرسى (زولئەکتاف)ى ساسانى
ئەوا دەرسێکى تازەى دا ئەدا ئوستادى بارزانى
لەسەر کورسى لە شۆڕش دایە عارەب هەر لە ناوخۆدا
لە ترسى تۆیش هەمیشە وا لە گریان و ڕۆڕۆدا
کەچى نیازى وەهایە قەومى کوردى تۆ لە باکوردا
معێدى پێپەتى دانێ لە جێگە و مەسکەنى تۆدا
ئەوى چاوى لەجێى تۆیە وەهاى لێدە بەبێ ئامان
لەترسى زەبرى تۆ ڕاکاتەوە بۆ ئوردن و عەممان!
لەسەر دین بەسەر تۆدا کە بۆ دەفعى سەڵیب هاتم
حەقى من چۆن ئەخۆى عالەم ئەزانێ کۆنە ئاغاتم
لە ڕەغمى تۆ ئەبێ بیهێنمە دى ئامال و ئاواتم
ئێراقت هى منە تەئریخى قەومى خۆتە ئیسپاتم
جنووبت کورد و فورسە نەفى بەغدا شارى ئەقوامە
سنوورى تۆ کوێتە تا جنووبى خوتەییى شامە!
لە نۆسەد تێپەڕى ساڵ و شەست و شەش لە نیسانا
سەرۆک و پێشەواى گەورە پلان و سەرخەتى دانا
سلێمانى: دەمێکە وا لە گریان و لە ئەفغانا
ئەبێ تۆڵەى بسێنن یەک بە سەد ئیمڕۆ لە مەیدانا
ئەوا هاتۆتە شاخى هەندرێن عەسکەرى زۆرى
وەهاى لێ دەن: کە ئەو شاخە ببێتە مەقبەرە و گۆڕى!=KTML_End=[1]