ناونیشانی بابەت: ڕووناکبیرانی کورد باس لە هەڵوێستی مستەفا بارزانی لەبارەی کەرکووکەوە دەکەن
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
کەرکووک شارێکى کوردستانییە، بەڵام ڕژێمە داگیرکارەکانى ئێراق هەمیشە نکۆڵییان لێ کردووە، گەلى کوردیش شۆڕش و خەباتی لەو پێناوەدا کردووە و قوربانییەکى زۆری بەخشیوە، چەندین دانووستان و گفتوگۆش لەگەڵ ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئێراق کراون، بەڵام بێ کەڵک بوون و هیچ دەرەنجامێکیان نەبووە
هەمیشە و بەردەوام ئێراق هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئەو شارەى داوە و پڕۆسەى ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و لەم ساڵانەى دواییشدا بە بەعسیکردنى دراوە، ئێستایش جگە لەو هەوڵانەى ئاماژەمان پێ کرد، هەوڵى بەعەرەبکردن و تەشیوعیش دەدرێت، بەڵام هەرگیز کورد دەستبەردارى نەبووە.
#مستەفا بارزانی#، ڕێبەر و سەرکردەی هەرە درەوشاوەی مێژووی بزاڤی ئازادیخوازی کورد و کوردستان، بەردەوام پێداگریی لەسەر کوردستانییبوونى #کەرکووک# کردووە و بە (دڵى کوردستان)ی ناودێر کردووه. چەندین وتەی بەنرخ و سەنگینى لەو ڕوانگەیەوە هەیە و هەڵوێستێکى کوردپەروەرانەى مەزنى نواندووە، تا دەرەنجام، شۆڕشی مەزنى ئەیلوولى بۆ کردە قوربانى. دۆست و دوژمنان گەواهیى ئەو هەقیقەتەى بۆ دەدەن، کە مستەفا بارزانی هەرگیز سازشی لەسەر بستەخاکێکى کوردستان نەکردووە، بەتایبەت لەسەر شارى کەرکووک.
پڕۆفیسۆر د. فوئاد حەمەخورشید-لەبارەى مستەفا بارزانی و جوگرافیا و کەرکووکەوە بۆمان دوا و گوتى: لەو کاتەوە عەرەبی ئێراق چاویان خستبووە سەر ناوچەی کەرکووک، کە بەناوبانگترین ناوچەی ئێراق بوو بۆ کانزا و نەوت و غاز، هەر لەو ساڵەوە لێشاوی کۆچکردنی عەرەبی هاوردە بەرەو کەرکووک بەردەوامە و (بەعەرەبکردن) بە بیانووی جۆراوجۆر هەبووە و هەیە. کاتێ شۆڕشی مەزنى ئەیلوول لە 1961دەستی پێ کرد، کێشەی بەعەرەبکردنکردنی کەرکووک و سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی دوژمنانی کورد و جوگرافیای وڵاتەکەی و پێشگرتن بەو کردەوەیەى دوژمنان، یەکێک لە داواکارى و خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە بوو.“
وتیشی: ”لە گشت دانووستانەکانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و حکوومەتی ئێراق، کوردستانیبوونی کەرکووک لەلایەن بارزانی و نوێنەرانی کورد خاڵی حاشاهەڵنەگر بوو، نەک لەبەر ئەوەی زۆرینەی دانیشتووان کوردن، بەڵکوو جوگرافیا و مێژوو و چیای حەمرین لە دێرزەمانەوە سنووری سرووشتیی وڵاتی کوردان بووە. چەند جارێکیش کێشەی کەرکووک لەنێوان حکوومەتی ئێراق و شاندی کوردستان باس کراوە، جارێکیش سەدام حسێن پێشنیازێکی بۆ جەنابی سەرۆک مستەفا بارزانی کردبوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک، گوتبووی پێویستە کەرکووک دابەش بکرێت، بەشی لای ڕاستەی چەمی خاسە بۆ عەرەب بێت و بەشی لای چەپەی ئەو چەمە بۆ کوردستان بێت، بەڵام بارزانیی نەمر ئەو پێشنیازەی سەدامی ڕەت کردبووەوە و گوتبووی (کەرکووک موڵکی من نییە، خاکی کوردستانە، دەبێت میللەتی کورد بڕیاری لەسەر بدات). بەمەش بارزانی بە سیاسەتی حەکیمانەی خۆی، باشووری کوردستانی لە بەڵایەکی جوگرافیی نوێ لەگەڵ حکوومەتە فێڵبازەکەی بەغدا ڕزگار کرد و هەرگیز دەستبەرداری شاری کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری نەبوو. کەرکووکیشى بە (دڵى کوردستان) ناو برد.
پ. د. عەبدولوەهاب چروستانى، پێوەند بە هەمان بابەت گوتى: بارزانیى نەمر بە جۆرێک بڕوای بە کوردستانیبوونى کەرکووک هەبوو، کە نەک هەر بە شارێکى کوردستانی زانیبێت، بەڵکوو هەمیشە بە دڵى کوردستانی دەزانى، بۆیە هەرگیز لەگەڵ دوژمنانی کورددا سازشى نەدەکرد و دەستبەردارى ئەو شارە نەدەبوو. هەر لە پێناو کەرکووکیشدا بوو، کە شۆڕشی ئەیلوولی کردە قوربانى و بەهۆى پیلانێکى نێودەوڵەتییەوە بۆ ماوەیەکى کەم پاشەکشەى کرد.
بارزانی بڕواى بە سەرژمێرییەکانى دەسەڵاتى بەغدا نەبوو، دەیزانی پیلانگێڕی و فێڵ و گزیى تێدا دەکەن، ئەو پێىوابوو، ئەگەر سەرژمێرییەکى ڕاستەقینە بکرێت، نەتەوەى کورد یەکەم و زۆرینەیە، نەک زیندووەکان، گۆڕى مردووەکانیش بەڵگەی کوردستانیبوونى شارى کەرکووکن. بۆیە بڕواى بە سەرژمێریى ئەوان نەبوو، چونکە ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانى ئێراق، بەردەوام لە ڕێگەى بەعەرەبکردن و ڕاگواستنەوە کاریان لەسەر گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئەو شارە دەکرد، بارزانی بە هیچ جۆرێک متمانەى بە سەرژمێریى ئەوان نەدەکرد و سوور بوو لەسەر کوردستانیبوونى کەرکووک، شۆڕش و خەباتێکى زۆرى بۆ کرد و هەڵوێستێکى بەرزى هەبوو. یەکێکی دیکە لە ئەدەبییاتی بارزانی، پێداگرتن بوو لەسەر مافی ڕەوای کورد، کاتێک مشتومڕ لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک ئەکرا، شاندی حکوومەتی ئێراق زۆر پێداگریی دەکرد لەسەر بەرپەرچدانەوەی ئەو داوایەی کورد، بەو پێیەی شاری کەرکووک سێ نەتەوەی تێدایە و وەکوو یەک لەو شارەدا هاوبەشن، بارزانی کەرکووکی بە دڵی کوردستان زانیوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ، کە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک ناکات.“
موحسن دزەیى، سیاسەتمەداری دێرینی کورد و یەکێک لە یاوەرانی بارزانی، دەڵێت: لە 1970، پێش مۆرکردنى ڕێککەوتننامەکە، یەکێک لە ئەندامانى شاندى حکوومەتى ئێراقى (سامەرائی) بوو، لە سەرکردایەتیى حزبی بەعس بوو، لە دانیشتنێکدا قەڵەمەکەى دا لە مێزەکە و بە عەرەبی گوتى، کێ دەڵێت کەرکووک شارێکى کوردییە؟ بارزانى وەڵامى دایەوە و گوتى (کەرکووک کوردستانە، پارچەیەکە لە خاکى کوردستان و کەس ناتوانێ، نە تۆ و نە من و نە هیچ کەسێکى دیکە ئەو مافە لە میللەتى کورد وەربگرێتەوە. غەسبی دەکەن قەیناکە، بەڵام بڵێیت کوردستانی نییە، ئەوە مومکین نییە). بەڵێ کەرکووک یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە بوو، کە بەهۆیەوە نەگەیشتنە ڕێککەوتن و شەڕ دەستى پێکردەوە. بە هیچ جۆرێک بارزانیى نەمر ئامادە نەبوو هیچ سازشێک لەسەر کوردستانیبوونى کەرکووک بکات. بەعس دەیویست سەرکردایەتیى شۆڕشی کورد دەستبەرداربوونی تەواو بکات و هیچ پەیوەندییان بە کەرکووکەوە نەبێت، تا بە کوردستان حیساب نەکرێت، ئەمە بەلاى بارزانییەوە قبووڵ نەدەکرا.“
مامۆستا و گەڕیدە و مێژووناس #کەریم زەند#، لەوبارەیەوە دەنووسێت: دواى تێکچوونى دانووستانەکانى سەرکردایەتیى شۆڕشی کورد و ڕژێمى ئێراق، گەڕەکی جمهووری لە کەرکووک بە شۆفەڵ تەخت کرا، دەیان کارى قێزەون دەرهەق بە کورد کران، ئەمانەش دەرەنجامی ئەوەی، کە دانووستانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی مەزنى ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی ژەنەراڵ بارزانی لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک نەگەیشتە ئەنجام و هەر وازی لێ نەدەهێنا و لەسەری سوور بوو. پاشان جەنگ دەستی پێ کردەوە و لە پێناو کەرکووکدا شۆڕشى مەزنى ئەیلوول کرایە قوربانى.
پ. د. کەمال خەیات، سەرۆکی پێشووتری زانکۆی #سلێمانی#، دەڵێت: بارزانی لە هەموو دانیشتنەکاندا لەگەڵ کەسانی بیانی و ڕۆژنامەنووسان، کە گفتوگۆی دەست پێدەکرد، بەرانبەر هەڵوێستی حکوومەتی بەغدا و کێشەی کەرکووک بە ڕاشکاوی دەیوت (ئەگەر کەرکووک نەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ئەوا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراقدا ناچێتە سەر). باش بیرم دێ، کە لە بارەگای خۆی لە (دیلمان) ئەمەی بەتوندی بۆ ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی ڕاگەیاند، کە ئێمە دانیشتبووین، کە دەڵێم بەتوندی، هۆیەکەی ئەوە بوو، کابرای (ڕۆژنامەنووس) دەیویست بڵێت کەوا کەرکووک سیفەتێکی تایبەتیی هەیە، ئەمەش لای بارزانی پەسەند نەکرا و لەو کاتەشدا دڵتەنگ بوو، کە وەڵامی کابرای دایەوە، دارجگەرەکەی دەدا بە دەستی ئەو کابرایەی، کە قسە نالەبارەکەی دەکرد، هەر لەوێدا بیستم، کە کاتێک (سەدام حسێن) چوو بۆ لاى لە ناوپردان، بارزانی هەمان دارجگەرەی دابوو لە دەستی (سەدام)دا، کە قسەیەکی نالەباری کردبوو، ئەو دیکتاتۆرەی، کە هەموو ئێراقی تێک دابوو.
بارزانی هەرگیز سازشى بۆ ڕژێم نەکرد، هەرچەندە ڕژێم زۆر هەوڵی دا، بەڵام بێسوود بوو. هەرگیز سازشی لەسەر کەرکووک نەدەکرد و لەسەر کوردستانییەتی کەرکووک سوور بوو. جگە لەوەش، بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر مافی نەتەوەکەی نەکردووە، کێشەی کەرکووک یەکێک بوو لەو کێشە سەرەکییانەی و هەموو هەوڵێکی بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان ئەدا.
پ. د. عەلی تۆفیق، دەڵێت: ئەم هەلومەرجەی ئێستای کوردستان جێپەنجەی بارزانیی نەمرى پێوەیە، گەلی کوردی ئەمڕۆ و نەوەی داهاتووش شانازیی پێوە دەکەن، مستەفا بارزانی داڕێژەری داواکارییەکانی شۆڕشەکانی گەلەکەمان، هیچ کاتێک سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی کورد و ئامانجە بنەڕەتی و ستراتیژییەکانی نەدەکرد، دوای ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ و جیهان و بە گوێرەی ڕێبازێک، کە ناسراوە بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، کە ئەمڕۆش سەرۆک مەسعود بارزانی، هەر ئەو ڕێبازەی گرتووە و بەوپەڕی دڵسۆزی و کارامەیی و لێهاتووییەوە پەیڕەوی دەکات.
پ. د. عەزیز ئەحمەد ئەمین، سەبارەت بە کوردستانیبوونی کەرکووک و هەڵوێستی مستەفا بارزانی دەڵێت: سەرۆک مستەفا بارزانی ڕۆڵەیەکی دڵسۆزی میللەتی کورد بوو، لە مێژووی گەلەکەماندا لاپەڕەیەکی گەشاوە و پیرۆزی گرتووە و ئاواتە پیرۆزەکانی، بەتایبەتیی دەربارەی شاری کەرکووک و دەوروبەری بووەتە بنەمایەک، کە نەوە لە دوای نەوە لە بیریان ناچێتەوە، وشەیەکی زۆر جوانی بۆ کوردستانیبوونی ئەو شارە هەیە، بەوەی کە وتی (کەرکووک دڵی کوردستانە)، بارزانی ئەم وشە جوان و پیرۆزەی خستووەتە دڵی گەورە و بچووکی ئەم کوردستانە.
دکتۆر محەمەد ساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل) لە زانکۆی تاران، لە وتارێکیدا دەڵێت: هەرچەند ڕژێمی بەغدا لەبەر فێڵ بوو، تەنانەت لە ڕێکەوتی 29-09-1971 ویستی بە گزی و فزی بارزانی شەهید بکات و نەی دەویست سەرژمێریی بکات و کەرکووک و ئەو ناوچانەی، کە کانی نەوتن، بیانخاتەوە سەر کوردستان، ئەوەبوو مستەفا بارزانی لە وتوێژێکدا دەڵێت (کوردستان، دوو قەلبی هەیە، یەک کەرکووک، ئەوی دی ورمێیە، من ناتوانم واز لە کەرکووک بێنم، کەرکووک بەشی جیانەبووەوەی خاکی کوردستانە). جا ئەوە بوو بەغدا شەڕی هەڵایساند و لە مایسی 1974 هێرشی هێنایە سەر کورد و کوردستان.
د. ناسیح غەفوور ڕەمەزان، دەڵێت: من خۆم چەندین جار لە شەهید کاک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، سەرکردەی هەمیشە زیندووم بیستووە، کە چۆن بارزانیی نەمر ئامادە نەبووە دەست لە کەرکووک هەڵبگرێت و هەمیشە لە کاتی گفتوگۆکاندا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندى، پێی لەسەر ئەوە داگرتووە، کەرکووک هیی کورد بووە و ئێستاش هیی کوردە و هەر بە هیی کوردیش دەمێنێتەوە، چونکە شارێکی دێرینی کوردستانه.”
شاعیرى میللى ناسراو، قادر برسی، لەوبارەوە دەڵێت: چۆن ئێستا دەڵێن هەموو دنیا کۆ بووەتەوە و بووەتە گوندێک، لای بارزانی هەموو دنیا لە کەرکووک کۆ بووبووەوە، هەڵوێستەکەشی دیار بوو، ئەو هەموو شەڕ وشۆڕ و دانووستان و ڕێککەوتننامە و دیسان شەڕ هەڵگیرساندنەوەیە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک بوو، مێژوو شاهیدە، بارزانیی نەمر بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ئەو شارە و ناوچە دابڕاوەکانی ئێستای کوردستان نەکرد، ئەو کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناو برد و هەتا ئێستاش هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە. بارزانیی نەمر جوانترین پێناسەی بۆ کەرکووک داناوە، ئەویش ئەوەیە (کەرکووک دڵی کوردستانە)، مێژوو شاهیدە مستەفا بارزانی چۆن هەڵوێستێکی بەرانبەر بە شاری کەرکووک هەبووە. بارزانی مەبەستی بوو شاری کەرکووک بۆ هەموو نەتەوەکانی کە تێیدا دەژین کەرکووکێکی ئارام و ئاسوودە بێت، بەڵام لەسەر خاکی کوردستان بێت.
هەر لەمبارەوە، عەبدوڵڵا سۆفی کەریم سەڕاج، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان دەڵێت: ئەوەندەی من بیرم بێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان بارزانی، کەمتەرخەمی یا سازشی لەسەر مافی ڕەوای گەلەکەی نەکردووە، بەتایبەتیی لەسەر کێشەی کوردستانیبوونی کەرکووک هەمیشە سوور بوو. ئەو لە سەرەتاوە و لە درووستبوونیانەوە کوردایەتی ئامانجی سەرەکییان بووە و سەراپای ژیانی خۆی تەرخات کردووە بۆ نەتەوەکەی، ئیدی بۆیە باکی نەبووە و سازشی لەگەڵ هیچ دوژمنێکدا نەکردووە.
* بۆ بەشێکى ئەم بابەتە سوودم وەرگرتووە لە پەرتووکی: (کەسایەتیی مستەفا بارزانی لە هزرى ڕووناکبیرانى شاری سلێمانیدا)، 2018، لە نووسین و ئامادەکردنى: زانیار سەردار قڕگەیی.[1]