ناونیشانی بابەت: مەهاباد شێخ لەتیف حەفید، سەربردەی ئەم وێنەیە دەگێڕێتەوە کە لە تەمەنی 7 ساڵییدا لەگەڵ بارزانی گرتوویەتی
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
خاتوو مەهاباد، نەوەی شێخ مەحموودی مەلیکی باشووری کوردستان و کچى تێکۆشەری ناسراو و دیاری کوردستان شێخ لەتیفی حەفیدە و پەروەردەی ئەو ماڵباتە تێکۆشەر و کوردپەروەرەیە، لە 24ى11ى1950 لە گوندی سیتەک سەربە شارۆچکەی چوارتا هاتووەتە دنیا، قۆناغی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە و پاشان کۆلێژی ئەندازیاریی لە 1972 خوێندووە و یەکەم کچ بووە لەو سەردەمدا لە بواری ئەندازیاریى شارستانی بڕوانامەی لە زانکۆی سلێمانی وەربگرێت.
ماڵباتی هێژای شێخان و ماڵەباوانی مەهاباد خان، وەک خانەوادە پەیوەندی و دۆستایەتییەکی بەتینیان لەگەڵ سەرکردەی مێژوویی مستەفا بارزانی هەبووە و خۆی و ئەندامانی خانەوادەکەی چەند جارێک لە نزیکەوە بە دیدار بارزانی شاد بوون و ئاگاداری ئەو پەیوەندییە بەهێز بووە و لەگەڵ (شێخ کاوە)ی برایدا، لە تەمەنی منداڵییدا وێنەیان لەگەڵ بارزانیدا گرتووە و یەکێک لەو وێنانە، ئەو وێنەیەیە کە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بڵاوکراوەتەوە، لەو بوارەدا چەند پرسیارێکمان سەبارەت بەو ڕۆژگاره، وەک (باسنیوز) لەگەڵدا وروژاند و بەخۆشحاڵییەوە وەڵامی داینەوە.
=KTML_Bold=دۆستایەتییتان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: دۆستایەتی و پەیوەندیمان لەگەڵ خانەوادەی بەڕێزی بارزانییەکان و جەنابی مەلا مستەفا زۆر کۆن و لەمێژینەیە و بۆ دەمێک ساڵ دەگەڕێتەوە، دەتوانم بڵێم، باووباپیرانمان دۆستایەتی و پەیوەندیی بەتینیان هەبووە، بە حوکمی ئەوەی هەردوو خانەوادەکە شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ و کوردپەروەر بوون و یەک ئامانجیان هەبووە و بۆ مافی نەتەوەى کورد و بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاون و قوربانییشیان داوە و دەربەدەر و ئاوارەیی و ڕاگواستن و زیندانیشیان بینیوە. پەیوەندییەکە زیاتر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە و پەرەی سەندووه.
بۆ لایەنی کۆمەڵایەتییەکەش، لەو ڕووەوە دۆستایەتییەکی توندوتۆڵمان لەسەر بناغەیەکی پتەو هەبووە، بۆیە تا ئێستاش ئەو پەیوەندییە بەشانازییەوە درێژەی هەیە و وەک خزم و کەسوکارمان لێ هاتووە. ئێمەش وەک مام ڕوانیومانەتە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و ئەویش بە چاوی ڕێز و وەک برازاى خۆی لە ئێمەی ڕوانیوە و بەردەوام ڕێزی دەگرتین و خۆشیدەویستین، ئێمەش هەمیشە ڕێز و خۆشەویستیی بێپایانمان بۆ جەنابینا و خانەوادەکەیان هەبووە و هەیە.
لە و سەردەمی منداڵییەی ئێمە، هەستمان دەکرد ئەو دۆستایەتییەى لەگەڵماندا هەیانبوو زۆر بەتین بوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش لە پەرەسەندندا بوو. دواتریش شۆڕ بووەوە بۆ خوارەوە. بەدڵنیاییەوە دۆستایەتییەکەمان زۆر دێرینە و لە سەردەمی شێخ مەحموود و شێخ ئەحمەدی بارزان پەرەی سەندبوو، هەتا هاتووەتە سەر پەیوەندیی باوکم (شێخ لەتیف) و جەنابی (مەلا مستەفا)، دواتریش بۆ نەوەکانیان هەتا بە ئێستاش دەگات، هەر بەردەوامە و درێژەى هەیە.
کاتێک جەنابی شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و خزم و کەسەکانیان لەسەر شۆڕش و کوردایەتى ڕاگوسترابوون بۆ شاری سلێمانی، شێخ لەتیفی باوکم و یاوەرانی، بەردەوام لە بەسەرکردنەوە و هەواڵپرسینیان بوون و هاوکارییان پێشکەش دەکردن و یارمەتییان داون، چونکە ئەوان لەژێر چاودێریدا بوون تا دەربازبوونی مەلا مستەفا کە شێخ لەتیف بە هاوکاریی چەند کەسێک هەوڵى تێدا دا، ئافرەتێکیش بە ناوى (وەنەوش) پێداویستیى بۆ ئامادە کردبوون و لەگەڵیان بووە تا لە سلێمانییەوە بەرەو چیای ئەزمڕ و گۆیژە بەڕێ کەوتوون کە بە ڕێنمایی باوکم بووە. جەنابی مەلا مستەفا هەمیشە ئەو هاوکارییەى شێخ لەتیفی لەبەرچاو بووە و پێزانینی بۆی هەبووە، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بووە، کە هەمیشە خانەوادەکەمان ڕێزی تایبەتى لای ئەو هەبووە.
=KTML_Bold=سەرەتا چۆن ناوى بارزانی و بارزانییەکانت بیست؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: وەک خۆم، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ناوی بارزانییەکانم وەک خانەوادەیەکی دڵسۆز و تێکۆشەرى کوردستان بیستووە، ناوی بارزانییشم وەک کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر بیستبوو، بەردەوام لەناو خانەوادەکەماندا ناوی ئەو زاتە دەهێنرا و باس دەکرا. پێشتریش و پێش ئێمە، کاتێک بارزانی و بارزانییەکان لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی و شۆڕش و ڕاپەڕین ڕاگواسترابوون بۆ شاری سلێمانى، بارزانی سەردانی باوکمی دەکرد و پەیوەندی و دۆستایەتییەکی بەتینیان هەبووە، ساڵانی دواتریش جەنابی بارزانی دەهاتە گوندی سیتەک بۆ سەردانی باوکم، باوکیشم بەردەوام سەردانی بارزانیی دەکرد. هەر بەو هۆیەوە ئێمە لە تەمەنی منداڵییەوە ئاشنای ناوی بارزانی بووین، ئەوەندە ئازیز بوو لە لامان، تەنانەت سوێندمان بە سەری بارزانی دەخوارد، لە هزری هەموواندا ناوی بارزانی و بارزانییەکان چەسپیبوو، کە بۆ کورد خەبات و شۆڕش دەکەن. کاتێک لە 1958 بارزانی گەڕایەوە، هەر لەو ساتەدا بوو لە بەغداوە پەیوەندیی بە شێخ لەتیفەوە کرد و بە بۆنەی کۆچی دوایی شێخ مەحموودى حەفیدەوە چاوی پێی بکەوێت، تا دڵگرانی و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ لەدەستدان و کۆچی دوایی باوکی پێ ڕابگەیەنێت. ئیتر شێخ لەتیف چووە بەغدا بۆ سەردانی.
دوای ماوەیەکیش بارزانی سەردانی سلێمانیی کرد، یەکسەر هاتە ماڵی ئێمە و سەردانی باوکمی کرد.
=KTML_Bold=کاتێک کە بارزانی هات بۆ ماڵى ئێوە، چ شتێکی ئەو سەردەمەت لەبیرە؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: لەبیرمە جارێکیان باوکم، من و (کاوە)ی برامى بانگ کرد و گوتى، ئێستا دەچین بەرەو پیری کەسێک کە بینیتان تەوقەی لەگەڵ بکەن و بڵێن (بژی کورد و کوردستان)، منیش یەکسەر وتم ئەو کەسە مەلا مستەفایە، باوکم بێدەنگی کردم و نەیویست خەڵک بزانێت، بۆ ئەوەى کاتێک مەلا مستەفا گەیشت جارێ بحەوێتەوە. پاشان خەڵک لە هاتنەکەی ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام کە چووین بەرەو پیرى، بینیمان خەڵکێکی زۆر، بەتایبەت خەڵکی سلێمانی لە پێشوازیی بارزانیدا بوون کە لە خۆشەویستیی ئەودا ئەو ڕێگە دوورەیان بۆ بەرەوپیری بڕیبوو.
چیرۆکی ئەو وێنەیەى تۆ و (شێخ کاوە)ی برات لە ئامێزی بارزانیدا، چۆنە و بۆ کەی و بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟
مەهاباد شێخ لەتیف: ئەوە ئەو کاتەیە کە جەنابی بارزانی لە ڕووسیا گەڕایەوە و پاشان لە ڕێکەوتی #23-10-1958# مەلا مستەفا دانی ئێوارە گەیشتە شارى سلێمانی و لە ماڵى ئێمەدا لە گەڕەکی کانێسکان میوان بوو، من و کاوەی برام، کە ئەو کات منداڵ بووین، من 8 ساڵ و کاوە 7 ساڵ تەمەنمان بوو، وەک ڕێزلێنان جگەرەمان دەگێڕا، کە گەیشتینە لاى بارزانی، جەنابینا باوەشی پێدا کردین و توند لەئامێزی گرتین، ئیتر لەو کاتەدا ئەو وێنەیەیان چرکاند، وێنەیەکى زۆر جوانى گرنگ و مێژووییە و شانازیی پێوە دەکەین.
ئەو شەوە هەموو کەسایەتییە ناسراو و بەرزەکان، بە کەسە کومەڵایەتییەکان و بە ڕووناکبیران و ڕۆشنبیرانى شاری سلێمانی، لە خۆشەویستییاندا بۆی، پۆل پۆل لە ماڵى ئێمەدا دەهاتنە سەردانی مەلا مستەفاى بارزانی.
ئەوەى لە یادم بێت، لەو کاتەدا لە خۆشەویستییاندا بۆ بارزانی لەلایەن ئامادەبوانەوە پێشبڕکێ بوو، بۆ سەردان و بەسەرکردنەوە و وێنەگرتنى یادگاری لەگەڵ مەلا مستەفادا، ئەو خەڵکە زۆر تامەزرۆی بینینی بارزانی بوون و زۆر تامەزرۆ بوون وێنەی لەگەڵدا بگرن و خۆشحاڵ بوون بە بینینی بارزانی وەک سەرۆک و ڕابەر.
=KTML_Bold=کاتێ بارزانییت بینی، هەستت کرد کەسێکی چۆنە؟ چیت لێی بینی؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: کاتێک بارزانییم بینی، هەستم کرد سەرکردەیەکی زۆر خاکی و لەخۆبردوو، زۆر بەڕێز و بەنرخە، هەرچەندە زۆر هەیبەت و شکۆی هەبوو، کەچی زۆر میهرەبان و سادە و خاکەڕا دەردەکەوت، لە هەمان کاتیشدا بە چاوی ڕێزەوە لە هەموو خەڵکی دەڕوانی.
=KTML_Bold=چەند جار جەنابی مەلا مستەفا بارزانیت بینیوە؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: پێنج بۆ شەش جار بینیومە، هەموو کاتێکان هەر لە حاجی ئۆمەران بینیومە، جگە لەو جارەی کە ئێمە منداڵ بووین لە 1958 هاتە سلێمانی و لە ماڵی ئێمە میوان بوو. جارەکانی دیکە لە حاجی ئۆمەران بینیومە و دەچووینە ماڵی کاک ئیدریس بارزانیى ڕەحمەتی، لەوێ میوان دەبووین و پاشان چاومان بە جەنابی بارزانی دەکەوت.
کاتێک لەلایەن حکوومەتی ئێراقەوە، لە ڕێگەی چەند مەلایەکەوە هەوڵى کردەوەیەکى تیرۆریستی دەرهەق بە بارزانی درا و بارزانی بە سەلامەتی ڕزگارى بوو، خەڵکی کوردستان لە خەمى بارزانیدا سەردانیان دەکرد، ئێمەش لەو ساتەوەختەدا لە پەرۆشیی سەلامەتیی بەڕێزیان چووین بۆ حاجی ئۆمەران و سەردانمان کرد، ئەویش خۆشحاڵ بوو بەو سەردان و هەواڵپرسین و پشتگیری و پشتیوانییەی خەڵکی کوردستان. ئێمە لە خەمی ئەودا بووین. بارزانی بۆ ئێمە پشتوپەنا بوو، هەمیشە وەکوو منداڵی خۆی سەیری من و خوشکە بێباوک و بێنازەکانمی دەکرد، هەرگیز ئەوەمان لەبیر ناچێت.
=KTML_Bold=خۆتان دەچوونە سەردانی، یان جەنابی بارزانی بەدوایدا دەناردن؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: دوای کۆچى دوایی شێخ لەتیفی باوکم لە، #12-05-1972# جەنابینا یەک دوو جار داوای بینینمانی کرد و خۆشمان چەند جارێک سەردانی بەڕێزیانمان کرد، کە سەردانمان دەکرد بە زووترین کات دەگەیشتە لامان، بە 10 خولەک یان کەمتر دەهاتە سەردانمان، بەتایبەت لە ماڵى
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی. ئیتر بارزانی ئەوەندە ڕووی دەدایبنێت، ئێمە شەرممان لە دڵدا نەدەما، چونکە بارزانی لەگەڵمان زۆر میهرەبان و لەخۆبردوو و سادە بوو.
=KTML_Bold=بارزانی پرسیاری چی لێ دەکردن؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: پرسیارى ژیان و گوزەرانمانی دەکرد و دەیوت چیتان پێویستە و چیتان دەوێ؟ بەردەوام لێی دەپرسینەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا دایکم وای فێر کردبووین، کە هیچ کات داوای شت نەکەین و هیچ وەرنەگرین، ئێمە تەنیا ڕێز و پشتگیریمان دەویست، ئەو ڕێز و پشتگیرییەی جەنابی بارزانی لە ئێمە، گەورەترین شەرەف بوو بۆ ئێمە، چونکە پشتوانێکی گەورەمان بوو، هەمیشە لە خەمی ئێمەدا بوو.
=KTML_Bold=بارزانییەکان وەفا و پێزانینیان چۆن بوو بەرانبەر بە خەڵکی؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: ئەوان بەوەفا بوون، بۆ نموونە، زۆر وەفایان هەبووە بۆ حەمە پیزە، هەمیشە بەبێ ڕێگریکردن حەمە پیزە سەردانی دەکردن و یارمەتییان دەدا و ئاگایان لێى بوو، ئەوەیان لەبەرچاو بوو، کە ئەو پیاوە لە دەربازکردنی بارزانیدا لە سلێمانییەوە بۆ بارزان ڕۆڵى هەبووە و هاوکاری بارزانی بووە.
بنەماڵەی بارزانی لایەنی عەشیرەتی و مۆرکی ڕەسەنی کوردەوارییان پاراستووە، هۆزی ڕەسەن هەمیشە وەفادارە و پێزانینیان هەیە بۆ لایەنی بەرانبەر، وەک هەموو بنەماڵەیەکی ڕەسەن هەندێک پابەند بوون و خەسڵەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. لەو ڕوانگەیەوە، بنەماڵەی بارزانی وەفایان هەبوو بۆ ئەو کەسانەی، کە دۆستایەتییان کردوون، یا ڕۆژێ لە ڕۆژان هاوکار و پشتیوانیان بوون، لە بەرانبەردا ئەوانیش ئەمەک و وەفا و پێزانینیان بۆ بەرانبەرەکەیان هەبووە.
=KTML_Bold=سەبارەت بە سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو کاک ئیدریس بارزانی چی دەڵێت؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: بە گشتی سێ چوار جار جەنابی کاک مەسعود بارزانییم بینیوە، کەسێکی زۆر بەڕێزە، هەرگیز بڕوا ناکەم هیچ کاتێک کاک مەسعود لە هێڵى کوردایەتی لایدابێت، یا لابدات، ئەوەندە کوردستان و نەتەوەکەی خۆش دەوێت، کە هیچ شتێک نییە کاریگەریی بکاتە سەرى و لەو ڕێبازە نەتەوەییە و لە هەوڵ و هەڵوێستە نەتەوەییانەکەی ساردی بکاتەوه.
لە ڕابردوودا زیاتر پەیوەندیمان لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک ئیدریس بارزانیدا هەبوو. ئەویش بە هەمان شێوە تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەى کوردایەتی بوو، خەمخۆری کوردایەتیى ڕاستەقینە بوو، ئێستاش دێتەوە بیرم، کە چەندە کەسێکی بەڕێز و بەنرخ بوو، خۆشەویست بوو، هەروەک کاک مەسعود، کە لەگەڵ کاک ئیدریس دادەنیشتم وام دەزانی کە چل ساڵە دەیناسم، لەگەڵ ئێمە زۆر ئاشنا و دۆست بوو، بەهۆی نازدارخانی هاوسەریەوە، کە خەڵکی سلێمانی بوو، زۆرمان خۆشدەویست، کە هەر لە سەردەمی شێخ مەحموودەوە دۆستایەتییەکی بەتینمان لەگەڵ ماڵی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغای باوکیدا هەبووە و زۆر تێکەڵ بووین. بنەماڵەیەکی ناسراو و کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگ بوون.
لە ساڵى 2010 سەردانی جەنابی کاک مەسعود بارزانییم کرد، پێشتریش دوو سێ جار لەگەڵ دایکم (تەڵاخان) و هەردوو خوشکەکەم سەردانم کردبوو. کاک مەسعود کەسێکی زۆر هێمن و میهرەبان و لەسەرخۆ و بەڕێزە.
=KTML_Bold=چۆن وەسفی بارزانیی نەمر دەکەیت؟=KTML_End=
مەهاباد شێخ لەتیف: جەنابی مەلا مستەفا سەرکردەیەکی بەهێز بوو، بەڕاستی سەرکردەیەکی خۆڕسک بوو، واتە کەسێک درووستی نەکردووە و نەیکردووەتە سەرکردە، بەڵکوو بە هەوڵ و تێکۆشان و خەبات و قارەمانێتیی خۆی و بنەماڵە شۆڕشگێڕەکەی بووە بە سەرۆک و سەرکردەى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد و کوردایەتى. سەرۆکێکی بە بیروباوەڕ و نەتەوەیی بووە و ئەزموونێکی باشی هەبووە، بە حوکمی ئەوەی کە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە چ وەک خۆی، چ وەک خانەوادەکەی، تەنیا هەڵقوڵاوی بیری نەتەوەیی و کوردایەتی بوون و ئەزموونی لەوانەی پێشتری خانەوادەکەی وەرگرتووە، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە شارەزایی باشی پەیدا کردبوو، یەکێک لە سیمبول و کارێزما هەرە گەورەکانی کورد و کزردستان، مەلا مستەفا بارزانییە.[1]