ناونیشانی بابەت: ڕێککەوتننامەى جەزائیری 1975 لە یادەوەرییەکانى باڵیۆزى پێشووى ئێران لە ئێراق
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەى جەزائیردا تێدەپەڕێت، ئەو پیلانە گەورە نێودەوڵەتییەى لە #06-03-1975#دا گەلى کورد لە باشوور و شۆڕشى ئەیلوولى تێدا کرایە قوربانى، لە پێناو چارەسەرکردنى کێشەیەکى سنووریى (وشکانى و ئاوى و ئەمنى) کە لەنێوان ئێراق و ئێراندا هەبوو، لەسەر حسابى کورد. ڕەنگە بۆ ماوەیەکى کاتى و تەنیا چوار ساڵ پێى چارەسەر کرا، تا لەو ڕێگەیەوە کورد و شۆڕشەکەى ببێتە قوربانى و لەناوى ببەن. لەگەڵ ئەوەى لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنەکە بۆ بەلاداخستنى ناکۆکییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو، بەڵام زەرەرمەندترین لایەن، کورد و جووڵانەوەکەى بوو لە #باشوورى کوردستان#. دواتریش شەڕى هەشت ساڵەى ئێراق-ئێرانى بەدواى خۆیدا هێنا و هەریەکە لە ئێراق و ئێران، تووشی زیانێکی زۆری ماڵی و مرۆیی بوون.
د. حسێن شەهید زادە، باڵیۆزى پێشووى ئێران لە ئێراق لە ساڵى 1975، بەو پێیەى دیپلۆماتکار بووە و ئاگادارى ڕووداوە گرنگەکان بووە، یا ڕەنگە هەندێک جار کارەکتەریش بووبێ. لە یادەوەرییەکانیدا سەبارەت بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگ و مێژووییەکان دواوە، کە ڕێککەوتننامەکەى جەزائیرە و لاى کورد بە (پیلانى شوومى جەزائیر) بەناوبانگە، لاى نەیارانى کوردیش ناسراو بە (پەیماننامەى بەغدا). ئەو باڵیۆزە بابەتێکى بە زمانى فارسى بڵاو کردووەتەوە، ڕۆژنامەنووسى کورد (محەمەد عەبدوڵڵا) وەریگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى و لە ژمارە (374)ى #13-03-2018#ى هەفتەنامەى (باس) بڵاوى کردووەتەوە. لەبەر گرنگیى بابەتەکە، پێم باش بوو ڕاوبۆچوونى خۆمى لەسەر بدەم و پاشان لە دووتوێى پەرتووکێکدا وەک خۆى بڵاوی بکەینەوە.
د. حسێن شەهیدزادە، لەم نووسینەیدا سەبارەت بە ڕێککەوتننامەى جەزائیر، کۆمەڵێک نهێنی و ڕاستی دەخاتە ڕوو. لە هەمان کاتیشدا گەواهى بۆ قوربانیدان و ئازایەتى و لەخۆبردوویى و گیانبەخشینى پێشمەرگە دەدات کە بە بەراورد لەگەڵ سەربازانى ئێراقیدا زۆر جیاوازن، پێشمەرگە بڕوا و متمانەیان بە کێشەى ڕەواى خۆیان هەیە و بە ئیرادەیەکى تۆکمەوە، تا ڕادەى گیانبەخشین خەباتى بۆ دەکەن. لە هەمان کاتدا، ڕۆڵى سەرکردەی مێژوویی کوردستان #مستەفا بارزانی#یش لەبەرچاو دەگرێت و خەباتەکەى بەرز دەنرخێنێت و بە (هەڵۆى چیاکان) و (نەبەرد)ى دەنرخێنێت و هەڵسەنگاندنى بەرزى بۆ دەکات.
هەرچەندە د. حسێن دان بە کۆمەڵێک ڕاستیدا دەنێت و تا ڕادەیەکى کەم بەویژدانەوە لە کێشەکان دەڕوانێت و خوێندنەوەیەکى درووستى بۆ زۆربەیان هەیە، بەڵام تاوانبارکردن، یا تەنانەت گلەیى و گازندە بەرانبەر بە ڕژێمى شاى ئێران و پشتکردنە کورد و بارزانى و شۆڕشەکەى، بە ڕاست نازانێت و بە نەنگیى دەزانێت.
لەم ڕووەوە د. حسێن دەرفەت نادات و ناتوانێت بۆ تۆمارکردنى مێژوو بێلایەنانە ڕەفتار بکات، یەکسەر پاساوى بێبنەماى، خۆیان گوتەنى بێ ئەرزش، بۆ دەسەڵاتدارانى ئەو سەردەمەى ئێران دێنێتەوە و هەوڵى دەربازکردنیان دەدات، لەو گەلەکۆمەکی و ئەو پیلانە گەورە نێودەوڵتییەى دەرهەق بە گەلى کورد، کە ئەو بەناچاریى دەزانێت کە ئێران وەها کارێکى کردووە، بەرگرییان لێ دەکات و وا پیشانى دەدا، ئێران زۆر خاترى کورد و شۆڕشەکەیى گرتووە و تەنانەت هاوکاریشى کردوون، بە چەند نموونەیەکى بچووک باسى دەکات.
دەڵێت: ”لەگەڵ ئیمزاکردنى ڕێککەوتنەکه، هێشتا ئێران هاوکارى شۆڕشى کورد بوو، بەوەى (140) هەزار ئاوارە و پەنابەریان گرتە خۆ و بەڵێنیان لە ئێراق وەرگرت کە ئەو پەنابارانەى دەگەڕێنەوە ئازار نەدرێن و ڕاوەدوو نەنرێن، ئێران لەوە زیاتر هیچى پێ نەکرا.“
بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پاساوە بە لاى کوردەوە هیچ ئەرزشى نییە. وەک لە دیدارێکى تەلەڤزیۆنیى کەناڵى (m.b.c)ی عەرەبیدا، سەرۆک #مەسعود بارزانی#، ئاماژە بەوە دەکات: کە شاى ئێران لەو سەردەمەدا خەنجەرى لە پشتەوە لە ئێمە دا و خیانەتى لە ئێمە کرد. لەبەر ئەوەش من جدى بووم، هاوکاریى هەر کەسێ بکەم، کە کارێک دژى شاى ئێران بکات.
هەروەها ئەم ڕێککەوتنە سەودایەکى ئێرانى-ئێراقى بوو لەسەر بزووتنەوەى نەتەوەیى کورد. هاوکات لەگەڵ مۆرکردنى ڕێککەوتنەکەدا، حکوومەتى ئێران هەموو یارمەتییەکانى لە کورد بڕى و لەژێر ڕەحمەتى سوپاى ئێراقیدا بەجێى هێشت، هەر ڕۆژێک دواتر #07-03-1975# ئێران چەکە قورسەکانى وەک تۆپ و دژەفڕۆکە و تفاقە سەربازییەکانى سوپاى خۆى کێشایەوە بەرەو ئێران و هەموویان بە بەردەم بارەگاى بارزانیدا تێپەڕین.
نووسەر و لێکۆڵەر حامید گەوهەرى، سەبارەت بەو ڕێککەوتنە دەنووسێت: سەرۆکى هەموو ئەو وڵاتانە لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون کە سەددام و شاى ئێران، لە جەزائیر بە یەک بگەن و لەسەر حیسابى نەتەوەى کورد ڕێک بکەون. شاى ئێران هاوکات لەگەڵ ناردنى تۆپى قورس و مووشەکى دژەفڕۆکە بۆ کوردستان و لە دژیان، چەندان کەمپیشى بۆ خێزانى پێشمەرگەکان و خەڵکى ئاوارەى باشوورى کوردستان، لە قەسرى شیرینەوە تا ورمێ کردەوە کە کوردە ئاوارەکانى وەک بارمتە لەدەستدا بن، کە کۆسپ نەخەنە بەر ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ سەددام.
ڕۆژی #26-02-1975#، بارزانی لەگەڵ د. مەحموود عوسمان و #موحسین دزەیی# بەرەو تاران بەڕێ کەوت، بەڵام نەیتوانی چاوی بە شا بکەوێت و ناچار بوو بۆ بینینی (محەمەد ڕەزا شا) ماوەیەک لە تاران بمێنێتەوە. بارزانی لە تاران بوو کە شا ڕۆژی #04-03-1975# چوو بۆ جەزائیر، تا بە نێوبژیوانیی (هەواری بۆمیدیەن) سەرۆکی جەزائیر، لەگەڵ #سەددام حسێن# پەیمانی بەیەکگەیشتنەکەی واژۆ بکات. دوای واژۆکردنی کە خەنجەرێک بوو بە هاوکاریی ئەمەریکا لە پشتەوە لە پشتی کوردیان دا، ڕۆژی #06-03-1975#، شا گەڕایەوە بۆ ئێران و ڕێککەوتنەکەیان بڵاو کردەوه.
هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕێککەوتنی جەزائیر، سەرکردایەتیی سوپای ئێران، فەرمانی دا بە هێزەکانی تۆپخانە و مووشەک کە لە سنووری دەستکردی ئێراق بکشێنەوە. لەمبارەیەوە کاک ئیدریس بارزانی، لە نامەیەکیدا بە مێژووی 07-03-1975 بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی دەنووسێت: ”برای ئازیز مەسعود بارزانیی هێژا.. دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان شای ئێران و سەدام ڕووی دا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەستاین، دیتمان هەموو تۆپە دژەئاسمانییەکان دەکشێنرێنەوە بۆ خانێ، لێم پرسین، وتیان ئەوان هیچ نازانن، ڕەنگە بیانگۆڕن، بەڵام ئەمە درۆیە. لە محێدینیشم پرسی، ئەویش هیچ زانیارییەکی نەبوو. دەبینین هەموو تۆپەکان دەکشێنرێنەوە و دەبرێنەوە خانێ. لە ڕێگەی محێدینەوە بروسکەنامەم بۆ باوکم و بۆ ناوەندەکەیان ناردووە، داوامان لێ کردوون هۆی ئەو گۆڕانە لەپڕە ڕوون بکەنەوە.“
لە درێژەى نامەکەیدا، کاک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، دەنووسێت: ” (مهام) پێی وتم کە سەیادییان پێی ڕاگەیاندووە، ئەوەم بۆ دووپات بکاتەوە کە ئەوان ئێمە لە مەیدانەکەدا بەتەنیا جێ ناهێڵن، وتم کشانەوە بەم شێوەیە پێچەوانەی بنەمای جێ نەهێشتنمانە بەتەنیا لە مەیدانەکەدا و داخی زۆری خۆمم بۆ دەربڕی و پێم وتن، ئەگەر ژیانێکی کەرامەتمەندمان وەگیر نەکەوت، دەکرێت مەرگ بە شەرافەتمەندانە قبووڵ بکەین.“
هەروەها گەوهەرى دەڵێت: لە #09-03-1975#، موحسین دزەیی، کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی چووبوو بۆ تاران، بە نامەیەکی د. مەحموود عوسمان بۆ سەرکردایەتیی پارتی و بارەگای بارزانی گەڕایەوە بۆ کوردستان، کە سەرکردایەتیی #پارتی دیموکراتى کوردستان# و شۆڕشی کوردستان لە پیلانەکانی دوژمن ئاگادار بکاتەوە و ڕێوشوێنی پێویستیان بۆبگرنە بەر.“
وەک گەوهەرى ئاماژەى پێ دەکات: سەرەنجام (محەمەد ڕەزا شا) ڕۆژی #11-03-1975#، لە پێنجەمین ساڵڕۆژی ڕێککەوتنی ئاداری 1970ی نێوان حکوومەتی #بەعس# و سەرکردایەتیی شۆڕشی کوردستان، چاوی بە بارزانی کەوت.
(ئەسەدوڵڵا عەلەم) سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێران، لە یادداشتەکانیدا ئاماژە بۆ ئەو دیدارەی شا لەگەڵ بارزانی دەکات و دەڵێت: ”ئەو چاوپێککەوتنە لەو ڕۆژەدا دیاری کرا، کە شا تۆڵەی خۆی بەرانبەر ڕێککەوتنی 11-03-1970ی نێوان بارزانی و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر سەرۆککۆماری ئێراق، بکاتەوه.
ئەوەى جێى سەرنجه، شێوەى لەخۆباییانەى شاى ئێران لە کاتى پێڕاگەیاندنى بڕیارەکە، وەک تۆڵەى ئەو زەبرە بێت کە بە ڕێککەوتنى 11ى ئازارى 1970 بە ئێران کەوت، چونکە وەک بە بارزانیى گوتبوو، چۆن ئێوە بەرژەوەندیتان واى خواست لە ڕێککەوتننامەى #11-03-1970# لەگەڵ ئێراق ڕێک بکەون، ئەوا ئیمڕۆش لە بەرژەوەندیى گەلى ئێراندایە، کە لەگەڵیان ڕێک بکەوین. هەروەک نیگەرانییش باڵى بەسەرشۆڕش کێشا، چونکە لە لایەک نەدەزانرا داهاتووى شۆڕش چى دەبێت و لەلایەکیش ئەو کاتە بارزانى لە ئێران بوو و ترسى ئەوە هەبوو ئێران ڕێگەى گەڕانەوەى نەدا بۆ کوردستان.
هەر بۆیە بەلاى کوردەوه، ئەوانەى هاوبەش و هاوکار و بەشدار بوون لەو پیلانە شوومەدا، تاوانبارى بەردەم مێژووى نەتەوەى کوردن، لاى هەموو تاکێکى کورد بە خیانەتکارى پلە یەک دادەنرێن. لە دەرەنجامى ئەو ستەمە گەورەیەى دەرهەق بە کورد کرا، بەشدارانى ئەو پیلانە (سەدام حوسین و هوارى بۆمیدیەن و محەمەد ڕەزا شا) بەو دەردە چوون کە هەمووان بینیمان. [1]